
کۆمەڵە پرسیارێک کە دەبێت هەموو وتاربێژێک لەبارەی وتارەکەیەوە بیکات
١. ئایا بابەتی سەرەکی دەقەکە ڕوونە؟
ئایا هەموو خاڵ و نموونەکانت پشتگیری لە بابەتی سەرەکی دەقەکە دەکات؟ ئایا لە وتارەکەدا بابەتی ئەوهای تێدایە کە پێویست نەبێت، وا بکات گوێگرەکانت لە خاڵی سەرەکی و پەیامی ئایەتەکان و لایەنی جێبەجێکردنەکان دوور بکەونەوە؟ وتاردان جیاوازە لە وانەیەکی زانستیی ورد لە زانکۆ کە تەنها تێیدا زانیاری دەخاتە بەردەست. ئامانجی ئێمە لە وتاردان ڕوونکردنەوەی تەواوی دەقەکە نییە. ئامانج و مەبەستی ئێمە ڕاگەیاندنی پەیامی سەرەکی دەقەکە و چۆنیەتی نیشاندانی مەسیح و مزگێنیەکەیەتی. هەروەها چ نموونە و ڕێگایەکمان پێ دەبەخشێت کە چۆن دڵ و ژیانمان بگۆڕین و گوێڕایەڵی ئایەتەکانی خودا بین.
٢. ئایا مزگێنی مەسیح لە وتارەکەدا بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت؟
مزگێنی مەسیح هێزی خودایە بۆ ڕزگاربوون. کەواتە وتارەکەی ئێمە دەبێت خەڵک هان بدات بەرەو گەورەیی خاچی مەسیح ببات. دەبێت وتارەکەت وا لە خەڵک بکات زیاتر مەسیحیان خۆشبوێت. پەیامی ئینجیل تەنها بۆ گوێلێگرتن و ڕزگاربوونی بێباوەڕان گرنگ نییە. بەڵکو مزگێنی مەسیح لەوە زیاترە؛ گرنگە کە هەموو باوەڕدارێکیش لە پەیامی ئینجیلدا ڕۆ بچێت کاتێک کە لە ڕێگەی هێز و توانای ڕۆحی پیرۆزەوە ژیانیان بەڕێدەکەن.
٣. ئایا ئەم وتارە داوا لە بێباوەڕان دەکات کە تۆبە بکەن و باوەڕ بە مەسیح بهێنن؟
تەنها وتاردان لەبارەی ژیانی عیسای مەسیحەوە بەس نییە. دەبێت داوا لە خەڵكی بکەین کە تۆبە بکەن و واز لەوە بهێنن کە تەنها پشت بە کارە باشەکانیان ببەستن، چونکە کارە باشەکان بەس نین بۆ ئەوەی کە لە خودا نزیکمان بکەنەوە. دەبێت داوا لە خەڵكی بکەین کە بڕیار بدەن تەنها متمانە بە عیسا بکەن بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکات. بیرت بێت کە کاتێک داوا لە خەڵكی دەکەیت بۆ ئەوەی خۆیان بە مەسیح بسپێرن، دەبێت ئاگاداریان بکەیتەوە لەو باجەی کە دەبێت لەپێناو شوێنکەوتنی عیسادا بیبەخشن؛ هەروەها باسی ئەوەشیان بۆ بکەیت کە بەدەستهێنانی مەسیح شایانی ئەوەیە کە هەموو شتێکی لەپێناودا ببەخشی.
٤. ئایا ئەم وتارە بانگی باوەڕداران دەکات بەردەوام تۆبە بکەن و ژیانێکی پیرۆزانە بژین؟
لەبەر ئەوەی کە خودا ڕۆحی پیرۆزی خۆی بە باوەڕداران بەخشیوە بۆ ئەوەی لە ناخیاندا نیشتەجێ بێت، باوەڕداری ڕاستەقینە دەبێت بەردەوام لە ژیانیاندا دژی گوناه بوەستنەوە و هەوڵ بدەن گەشە بکەن، و لە باوەر و لە سیفەتەکانی مەسیحدا بتوێنەوە. کەواتە وتارەکەمان دەبێت بانگی باوەڕداران بکات کە لەڕێگەی هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە لە گوناه دوور بکەونەوە. مەترسە لەوەی کە باسی گوناهێکی تایبەت و دیاریکراو بکەیت. تەنانەت باسی گوناهەکانی خۆشت بکە کە پێویستە تۆبەیان لێ بکەیت. بە باوەڕداران ڕابگەیەنە کە ڕۆحی پیرۆز لەگەڵمانە بۆ ئەوەی بەسەر گوناهەکانماندا زاڵ بین. هەروەها هانی ئەندامەکانی کڵێسا بدە تاکو لە شەڕکردن دژی گوناهەکانیان یارمەتی یەکتر بدەن.
٥. ئایا بەڕوونی ئاماژەم بەو ڕێگایانە کردووە کە گوێگرەکان بتوانن بابەتە سەرەکییەکانی ئەم دەقە لە ژیانیاندا جێبەجێ بکەن؟
چل خولەک لە ڕوونکردنەوەی تەواوی دەقەکەدا بەسەر مەبە، ئینجا بە پێنج خولەک بۆ باوەڕدارانی ڕوون بکەیتەوە کە چۆن دەتوانن لە ژیانیاندا جێبەجێی بکەن. یەكێک لە کارە سەرەکییەکانی وتاربێژ ئەوەیە کە یارمەتی گوێگرەکانی بدات بۆ ئەوەی ئەمە بزانن: “چۆن ئایەتەکانی خودا لە ژیانی ڕۆژانەمدا جێبەجێ بکەم؟” هەروەها کارێک بکە کە جێبەجێکردنەکان پەیوەندییان هەبێت بە خاڵەکانی دەقەکەوە. بیر لەوە بکەوە کە چۆن باوەڕداران بە چین و توێژی جیاوازەوە بتوانن ئایەتەکانی خودا جێبەجێ بکەن. بۆ نموونە، جێبەجێکردنی تایبەت بە دایکان، ژن و مێردەکان، کەسانی بێ هاوسەر و باوەڕدارێک کە خێزانەکەی بێباوەڕ بێت. لە کۆتاییدا، باوەڕداران فێری ئەوە بکە کە ئایەتەکانی خودا بە تەنها لەسەر خۆی جێبەجێ نەکات، بەڵكو بەسەر کۆمەڵی کڵێساش جێبەجێی بکات لەڕێگەی خۆشویستنی یەکتریەوە وەک چۆن مەسیح ئێمەی خۆشویستووە.



