14ئیلول2026
  • About

In Socials

Facebook-f Youtube Instagram
Get in Touch
  • English
  • کوردی
  • بەھدینی
  • Kurmanji
  • English
  • کوردی
  • بەھدینی
  • Kurmanji
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • وتارەکان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
    • کڵێسا و خزمەتکردن
    • گەشەی ڕۆحی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • کتێبی پیرۆز
  • کتێبخانە
  • بابەتی زیاتر
  • په‌یوه‌ندی
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • وتارەکان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
    • کڵێسا و خزمەتکردن
    • گەشەی ڕۆحی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • کتێبی پیرۆز
  • کتێبخانە
  • بابەتی زیاتر
  • په‌یوه‌ندی
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • وتارەکان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
    • کڵێسا و خزمەتکردن
    • گەشەی ڕۆحی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • کتێبی پیرۆز
  • کتێبخانە
  • بابەتی زیاتر
  • په‌یوه‌ندی
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • وتارەکان
    • کەنیسە و خزمەت
    • گەشەکرنا گیانی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
  • کتێبخانە
  • بابەتی زیاتر
  • په‌یوه‌ندی
  • English
  • کوردی
  • بەھدینی
  • Kurmanji
Blog
Home کڵێسا و خزمەتکردن ئەندامیێتی کڵێسا دەبێت پەیوەندی نێوان باوەڕدار و کڵێسا چۆن بێت؟
ئەندامیێتی کڵێساکڵێسا و خزمەتکردن
-+=

دەبێت پەیوەندی نێوان باوەڕدار و کڵێسا چۆن بێت؟

یوسف کارۆل ئەیلوول 13, 2026 1 min read 0
0

پێشەکی

خوێنەرانی خۆشەویستم، ئەم نامیلکەیە بۆ باوەڕدارانی مەسیح نووسراوە. بۆ ئەوانەی کە لەدایک بوونەتەوە، بۆ ئەوانەی کە باوەڕیان بە عیسای مەسیح هێناوە وەک پەروەردگار و ڕزگارکەر و تۆبەیان کردووە لە گوناهەکانیان. ئەم بابەتە بۆ ئێوە نووسراوە تا بزانن کە دەبێت پەیوەندی نێوان تۆ و کڵێسایەک چۆن بێت بەگوێرەی کتێبی پیرۆز؟

گوێم لە هەندێک کەس بووە دەڵێن: «من کتێبی پیرۆز و ڕۆحی پیرۆزم هەیە، تەنها دەمەوێ کتێبی پیرۆز لە ماڵەوە بخوێنمەوە و عیسای مەسیحم خۆشبوێت. بۆچی پێویستم بە کڵێسایەکە وەک شوێنکەوتوێکی عیسای مەسیح؟ باوەڕەکەم لە دڵمدایە، ئەوە بەس نییە؟» ئەوانەی ئەمە دەڵێن پێیان وایە پەیوەست بوون بە کڵێسایەک زۆر گرنگ نییە، بەڵکو چوونە کڵێسا لەلای ئەوان تەنها بژاردەیەکە، واتە دەتوانن بچن یان نەچن. بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟ کتێبی پیرۆز چی دەڵێت دەربارەی ئەمە؟

لەبەرامبەردا هەندێک باوەڕداری تر دەزانن کڵێسا گرنگە، بەڵام دەڵێن، «دۆخەکەم زۆر قورسە و خزمەکانم توندن، ئەگەر بزانن سەردانی کڵێسا دەکەم کێشەم بۆ درووست دەکەن، بۆیە ناتوانم بێم.» هەندێکی تریش دەڵێن، «من بە بەردەوامی دەچمە کڵێسا، هەندێک هاوڕێیەتیشم هەیە لەوێ، ئەوەندە بەس نییە؟ خۆم نامەوێ زۆر تێکەڵ بم لەگەڵیان.» دیسان دەبێت بپرسین؛ کتێبی پیرۆز چی دەڵێت لەم بارەیەوە؟

ڕەنگە گوێت لە کەسانێک بووبێت کە باسی ئەندامێتی کڵێسا دەکەن و سەرت سووڕ دەمێنێ پرسیارت بۆ درووست دەبێت و دەڵێی، «ئەوە چییە؟ ئایا کڵێسا وەک حیزبێکی سیاسی وایە؟ مانای ئەندامێتی کڵێسا چییە؟ ئایا ئەوە لە کتێبی پیرۆزەوە هاتووە؟»

ئەم نامیلکە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە بە شیکردنەوەی ئەو ئایەتانەی کە فێرمان دەکەن لەبارەی پەیوەندی نێوان باوەڕدار و کڵێسا. لە کۆتاییدا چەند دەرئەنجامێک سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم فێرکارییە ئینجیلییە لەسەر ژیانت دەخەمەڕوو. خوێنەری بەڕێز، یەکێک لە گەورەترین نیعمەتەکانی ژیانی باوەڕدار ئەوەیە کە بە شێوەیەکی مانادار پەیوەست بێت بە کڵێسایەکەوە. بەڕاستی نامەوێت ئەو نیعمەتە لەدەست بدەیت. با بزانین کتێبی پیرۆز فێری چیمان دەکات.

کڵێسا چییە؟

پێش ئەوەی کە باسی چۆنیەتی پەیوەستبوونی باوەڕدارێک بە کڵێسایەک بکەین، دەبێت بزانین کڵێسا چییە. بۆیە با بە کورتی و بە پوختی باسی کڵێسا بکەین. بە ڕای تۆ، کڵێسا چییە؟ ڕاستە، ئەو بینایەی کە باوەڕداران تێیدا کۆ دەبنەوە بۆ پەرستنی خودا بە کڵێسا ناو دەبرێت. بەڵام بەپێی ئینجیل، کڵێسا بینا نییە بەڵکو کۆمەڵگەی باوەڕدارانە لەسەر بنەمای چەند مەرجێکی ئینجیلی. 

وشەی کڵێسا بە گشتی بە دوو شێوە بەکار دەهێنرێت. یەکەمیان کڵێسای گشتی جیهانییە، واتە هەموو باوەڕدارانی جیهان بە درێژایی مێژوو. کاتێک کەسێک ڕزگار دەبێت لەلایەن مەسیح، یەکسەر بە ڕۆح دەبێتە ئەندامی کڵێسای گشتی جیهانی. بەڵام چۆن کڵێسای گشتی جیهانی دەبینرێت؟ هەموو باوەڕداران لەم جیهانەدا لە یەک شوێندا کۆنابنەوە. هیچ ڕابەرێک نییە (جگە لە مەسیح) کە قەشایەتی لەسەر هەموو باوەڕداران بکات لە جیهاندا. کەوایە کڵێسای گشتی جیهانی چۆن دەبینرێت؟ وەڵامەکە ئەمەیە: لە ڕێگەی کڵێسا ناوخۆییەکان. 

کڵێسا بریتیە لە کۆمەڵێک باوەڕداری لەئاوهەڵکێشراو کە بە خۆشەویستیەوە پێکەوە پەیمانیان بەستووە لە باوەڕ و هاوبەشیدا بۆ پەرستنی خودا، ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بەڕێوەبردنی لەئاوهەڵكێشان و نانلەتکردن، جێبەجێکردنێکی دڵسۆزانەی لێپرسینەوە و راستکردنەوەی کڵێسایی بەسەر ئەندامەکانیدا.

بۆ ئەوەی کۆمەڵێک باوەڕادار ببنە کڵێسا، دەبێت چەند مەرجێک لە خۆ بگرێت بەپێێ ئینجیل. کتێبی پیرۆز دەسەڵاتی ئێمەیە. بۆیە بەپێی ئینجیل، کڵێسایەک دەبێت چ بکات؟ کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە کڵێسا دەبێت:

بەردەوام کۆببێتەوە بۆ پەرستنی خودا لە ژێر دەسەڵاتی کتێبی پیرۆز و رابەرایەتی و ئاگاداری پیران (عیبرانییەکان ٢٤:١٠-٢٥) 

پەیامی خودا لە کتێبی پیرۆز ڕابگەیەنێت (دووەم تیمۆساوس ١:٤-٢)

ڕێوڕەسمی لەئاوهەڵکێشان و نان لەتکردن ئەنجام بدات (مەتا ١٩:٢٨؛ یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢٣ – ٢٦) 

گۆرانی ڕۆحی بڵێت (کۆلۆسی ١٥:٣-١٦)

نوێژ بکات (یەکەم تیمۆساوس ١:٢)

ئەندامەکانی هاوکاری ماددی کڵێسا بکەن (کردار ٢: ٤٤ – ٤٥) 

ئەندامەکانی گرنگی بە یەکتری بدەن و یەکتریان خۆش بوێ (یۆحەنا ١٣: ٣٤ – ٣٥)

بە خۆشەویستییەوە ئەو ئەندامانەی کە کەوتوونەتە ناو گوناهەوە ڕاست بکاتەوە، هەروەها ئەندامیەتی کڵێسا لەو ئەندامانە بسێنێنەوە کە تۆبە ناکەن دوای چەند جار ئاگادارکرنەوەیان (مەتا ١٨: ١٥ – ١٧).

ئەم خاڵانەی سەرەوە مەرجەکانی ئینجیلن بۆ کردنی کۆمەڵگەی باوەڕداران بە کڵێسایەکی ناوخۆیی ئینجیلی. 

هەندێک کەس دەڵێن، «ئەگەر من لە پارکێک باوەڕدارێکی دی ببینم، ئەوە کڵێسایە چونکە عیسای مەسیح لە مەتا ٢٠:١٨ دەفەرمووێت «لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.»»

بەڵام زانینی سیاقی ئەو ئایەتە گرنگە. سیاقی ئەم ئایەتە باسی هەموو مەرجەکانی کڵێسا ناکات، بەڵکو سیاقی ئایەتەکە باسی دەسەڵاتی کڵێسا دەکات لە دەرکردنی ئەندامێکی ناپەبەند لە کڵێسا. بۆیە مەبەستی مەسیح لەم ئایەتەی سەرەوە ئەوە نییە کە هەموو کۆبوونەوەی دوو یان سێ باوەڕدار بە مانای کڵێسا دێت. نەخێر، ئەگەر تەواوی ئینجیل لەبەرچاوبگیرێت، هەبوونی کڵێسایەک چەندین مەرج لە خۆی دەگرێت.

بۆ نموونە، ئەگەر هاوڕێیەکت دەعوەتت بکات بۆ نانی ئێوارە لە ماڵەکەی، بەڵام تەنها چەرەزات و میوەت پێشکەش بکات. ئەوە نانی ئێوارەیە؟ نەخێر. چونکە بە گشتی لە نەریتی کوردی وایە کە کەسێک دەعوەتت دەکات بۆ نانی ئێوارە لە ماڵەوە، گرنگترین و باوترین جۆری خواردن کە پێشکەشی بکات، برنج و گۆشت و مەرگەیە. 

ئەگەر چوویتە دەعوەتەکە و تەنها چەرەزات و میوەت خوارد، مانای وایە نانی ئێوارەت نەخواردووە. ئەوە ڕاستە کە تۆ و هاوڕێکەت پێکەوە بوون و پێکەوە شتێکتان خوارد، بەڵام روونە کە ئەمە نانی ئێوارە نییە. بۆ نموونە لایەنی کەم دەبێت برنج و گۆشت و مەرەگە لەسەر سفرەکە بێت. با ئەم نموونە کلتوورییە لەسەر کڵێسا جێبەجێ بکەین.

ئەگەر سێ باوەڕدار کۆببنەوە، بەڵام هیچ کەسێک ئینجیلی پیرۆز شی نەکاتەوە، ئەوە کڵێسایە؟ نەخێر. ئەوە وەک هەبوونی نانی ئێوارە وایە بەبێ برنج. 

یان ئەگەر سێ باوەڕدار جار جار کۆببنەوە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو کۆبوونەوەیە، گرنگی بە یەکتری نەدەن و یەکتریان خۆش نەوێ و هانی یەکتری نەدەن لە شوێنکەوتنی مەسیح، ئەوە کڵێسایە؟ نەخێر. ئەوە وەک نانی ئێوارە وایە بەبێ گۆشت. یان ئەگەر کۆمەڵگەی باوەڕداران کۆ ببنەوە بەڵام نان لەت نەکەن وەک عیسای مەسیح خۆی فەرمانی پێ کردووین، ئەوە کڵێسایە؟ نەخێر، ئەوە وەک نانی ئێوارە وایە بەبێ مەرگە. 

واتە، دیارە کە کۆبوونەوەی باوەڕداران دەبێت ئەو مەرجانەی تێدا بێتە دی کە ئینجیل باسیان دەکات بۆ ئەوەی بە ڕاستی ببێتە کڵێسا. 

پوختە

کڵێسا بینا نییە. هەروەها زیاترە لە کۆبوونەوەی دوو سێ باوەڕداریش لە شوێنێک. بەڵکو کڵێسا بریتییە لە کۆمەڵگەی باوەڕداران لەسەر بنەمای چەندین مەرجی ئینجیلی. 

باسی ئەوەمان کرد کە کڵێسا چییە، بۆیە با ئێستا سەیری کتێبی پیرۆز بکەین تا بزانین پەیوەندی نێوان باوەڕدار و کڵێسا چۆنە لەسەر بنەمای ئینجیل.

حەوت خاڵ لە کتێبی پیرۆزەوە

١. ڕزگاربوون دەبێتە هۆی پەیوەست بوون بە کڵێسایەکەوە بە شێوەیەکی مانادار

کردار ٤١:٢

«ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.» 

دوای ئەوەی عیسای مەسیح مرد و زیندوو بووەوە بە قوتابییەکانی فەرموو لە ئۆرشەلیم چاوەڕێ بکەن تا ڕۆحی پیرۆزتان بۆ دەنێرم. ئەو کاتەی کە چاوەڕێیان دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵ زۆرێک لە باوەڕدارانی تر پێکەوە نوێژیان دەکرد بە بەردەوامی. کردار ١: ١٥ پێمان دەڵێت کە ئەو کۆمەڵە باوەڕدارە نزیکەی ١٢٠ کەس بوون. پاشان ڕۆحی پیرۆز هات و باوەڕدارانی پڕ کرد و هێزی پێبەخشین بۆ راگەیاندنی مزگێنی.

دوای وەرگرتنی ڕۆحی پیرۆز، پەترۆس کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی عیسای مەسیح، مزگێنی بە زۆرێک لە جولەکەکان دا لە نەتەوەی جیاواز لە شاری ئۆرشەلیم. ڕۆحی پیرۆز دڵی خەڵکی کردەوە و زۆرێک لەوانەی گوێیان لە مزگێنیدانەکەی پەترۆس بوو تۆبەیان لە گوناهەکانیان کرد و باوەڕیان بە مزگێنییەکەی عیسای مەسیح هێنا و ڕزگاریان بوو. کردار ٢: ٤١ پێمان دەڵێت کە لەو ڕۆژەدا، قوتابییەکان ئەوانەیان لەئاوهەڵکێشا کە باوەڕیان بە مزگێنیەکەی مەسیح کرد.

بەڵام بابپرسین، دوای ئەوەی باوەڕدارە نوێیەکان لەئاوهەڵکێشران، چییان کرد؟ ئەنجامی ڕزگاربوون و لەئاوهەڵکێشانیان چی بوو وەک نیشانەی رزگاربوونیان؟ ئایا تەنها بەردەوام بوون لە ژیانیان بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان هەبێت لەگەڵ باوەڕدارانی تردا؟ نەخێر. کردار ٢: ٤١ دەڵێت: «ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.»

سەرنج بدەن کە کردار ٢: ٤١ دەڵێت « نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.» ئەمەش مانای وایە ئەوان پەیوەندییان بەو یەکەم کڵێسایەوە کرد کە لە  ئۆرشەلیم دامەزرابوو، واتە ئەو کۆمەڵە باوەڕدارەی کە لە ١٢٠ کەس پێکهاتبوون و بە بەردەوامی کۆدەبوونەوە بۆ پەرستنی خودا و نوێژکردن. لەئاوهەڵکێشانی باوەڕدارە نوێیەکانی ئەوکات ڕێگایەک بوو بۆ زیادکردنی ئەندامانی کڵێساکە. کەواتە دەبینین کە بەپێی کردار بەشی ٢، خەڵک گوێیان لە مزگێنیدان گرتووە، باوەڕیان هێناوە، لەئاوهەڵکێشراون، و هاتنە ریزی باوەڕدارانەوە، واتە پەیوەست بوون بە کڵێسا. بەڵام با بپرسین، پەیوەندییان بە کڵێساوە چۆن بووە؟

کردار ٢: ٤٢-٤٧ وەسفی ژیانی پێکەوەییان دەکات: 

٤٢ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی، لەتکردنی نان و نوێژکردن. ٤٣هەموو لە ناخەوە سام دایگرتبوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. ٤٤باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. ٤٥ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. ٤٦ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، ٤٧ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.

ئەم بڕگەیە باس لە چۆنیەتی ژیانی یەکەم کڵێسا دەکات لە ئۆرشەلیم. باوەڕدارانی ئەو کڵێسایە بە بەردەوامی پێکەوە کۆدەبوونەوە. رابەریان هەبوو، رابەرەکان ئەندامانیان فێری پەیامی خودا دەکرد. ئەندامانیش پابەند دەبوون بە فێرکاری رابەرەکانیان، واتە گوێیان دەگرت و هەوڵیان دەدا گوێڕایەڵ بن و فێرکارییەکان جێبەجێ بکەن. هەروەها خۆیان بۆ هاوڕێیەتی یەکتریش تەرخان دەکرد. واتە کاتیان پێکەوە بەسەر دەبرد و هاوڕێیەتییەکی نزیکیان لەگەڵ یەکتردا هەبوو. یەکتریان خۆشدەویست و گرنگییان بە یەکتر دەدا. سەردانی ماڵی یەکتریان دەکرد. لە کاتی پێویستیدا یارمەتی یەکتریان دەدا. پێکەوە نانیان دەخوارد. بەڕوونی دیارە کە ژیانی پێکەوەیی باوەڕداران لە یەکەم کڵێسادا زۆر قووڵ و مانادارە.

لە کردار ٢، ڕوونە کە پەیوەندی باوەڕدارێک بە کڵێسایەکەوە زۆر زیاتر بووە لە تەنها بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکدا جارجارە بەبێ ئەوەی هاوڕێیەتی قووڵی لەگەڵ ئەندامانی دیکە هەبێت و خزمەتیان بکات. پەیوەست بوون بە کڵێسایەکەوە بە شێوەیەکی ئینجیلی زیاترە لە تەنها بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کڵێسایەکدا هەفتەی جارێک. بەڵکو پەیوەستبوون بە کڵێسا واتە پابەندبوون بە یارمەتیدانی ئەندامەکانی تریش بۆ ئەوەی بەردەوام شوێنی مەسیح بکەون و لە باوەڕیاندا زیاتر گەشە بکەن و پێکەوەش خودا بپەرستن.

پوختە

ئەم نموونەیە لە کردار ٢ نیشانمان دەدات کە باوەڕداران دەبێ لەئاوهەڵبکێشرێن و پەیوەست بن بە کڵێسایەک کە تێیدا لەگەڵ باوەڕدارانی تر لە پەیوەندییەکی راستەقینە دابن و بۆ مەسیحی رزگارکەریان بژین.

٢. ئێمە ڕزگارکراوین تا ببین بە ئەندامی بنەماڵەی خودا

ئەفەسۆس ٢: ١٩

«بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا.»

لە کتێبی پیرۆزدا، لە ئەفەسۆس ٢، پۆڵس باس لەوە دەکات کە چۆن خودا بە نیعمەتەکەی گوناهباران ڕزگار دەکات لە ڕێگەی باوەڕهێنان بە مەسیحەوە، نەک بەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن. کاتێک مرۆڤەکان ڕزگاردەکرێن، دەبنە رۆڵەی خودا. بۆیە لەگەڵ باوەڕدارانی تریشدا دەبنە خوشک و برای ڕۆحی. ئەفەسۆس ٢: ١٤-١٦ باس لەوە دەکات کە چۆن خودا لە ڕێگەی مزگێنی مەسیحەوە مرۆڤەکان لەگەڵ خۆیدا ئاشت دەکاتەوە، هەروەها چۆن رۆڵەکانیشی لەگەڵ یەکتردا ئاشت دەکاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە جەستەیەکی نوێ پێکبهێنێت.

ئەفەسۆس ٢: ١٤-١٦ دەڵێت: 

١٤لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە‏ یەک‏، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند، ١٥بە جەستەی خۆی شەریعەتی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت، ١٦تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد.

دەبینیت، ئاشتیمان لەگەڵ مەسیح، بەو مانایەیە کە دەبێت ئاشتیمان لەگەڵ باوەڕدارانی تریشدا هەبێت. عیسای مەسیح دوژمنایەتی نێوان ئێمە و خودا و نێوان ئێمەی باوەڕدارانیش دەشکێنێت. بەڵام بۆ چ مەبەستێک؟ ئایەتی ١٥ دەڵێت «بە جەستەی خۆی شەریعەتی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت.» ویستی خودا لە ڕزگارکردنماندا ئەوەیە کە هەموو باوەڕداران پێکەوە یەکبخات تا ئەو ئاشتییەی کە پێی بەخشیوین نیشانی یەکتری و جیهانیشی بدەین.

بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: چۆن ئەو یەکڕیزی و ئاشتییەی هەمانە نیشانی بدەین؟  لە ڕێگەی یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح و یەکتری لە کڵێسایەکی ناوخۆییدا کە باوەڕداران تێیدا لە نزیکەوە یەکتر دەناسن و بە ئاشتی پێکەوە دەژین. هەبوونی ئاشتی لەگەڵ باوەڕدارانی دیکەدا تەنها شتێکی ڕۆحی نییە. کاتێک عیسای مەسیح باوەڕداران لە ئاشتیدا یەکدەخات، ئەو ئاشتییە لە پەیوەندییەکانی نێوان باوەڕدارانی ناو کڵێسایەکدا بە ڕوونی ڕەنگدەداتەوە و دەبینرێت.

هەروەها لە ئەفەسۆس بەشی ٢، ئایەتی ١٩دا، پۆڵس زیاتر وەسفی دەرئەنجامی ئەو ئاشتەواییە دەکات کە خودا لە نێوان خۆی و باوەڕداران، و لە نێوان باوەڕداران خۆشیاندا دروستی کردووە. لە ئایەتی ١٩دا، پۆڵس کڵێسا وەک بنەماڵەی خودا وەسف دەکات. ئەو دەڵێت: «بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا.» 

دەبینیت، خودا گەلەکەی خۆی بەو پلانەوە ڕزگار دەکات کە بیانکاتە یەک بۆ ئەوەی ببنە بنەماڵەیەکی نوێ. کڵێسا خۆجێیەکان (واتە کڵێسا ناوخۆییەکان) ماڵ و بنەماڵەی خودان لەسەر زەوی. کڵێسا ناوخۆییەکان کۆمەڵەی باوەڕدارانن کە رۆڵەکانی خودا تێیدا وەک خێزانێک بەیەکەوە دەژین و هەفتانە پێکەوە خودا دەپەرستن و بە قوڵی گرێدراوی یەکترن.

بیر بکەوە کە چۆن ئەندامانی بنەماڵەیەک پێکەوە دەژین. کاتێک کەسێک ئەندامی خێزانێکە، وەک تەواوی ئەندامانی خێزانەکە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ، وانییە؟ ئەوان لە یەک ماڵدا پێکەوە دەژین. بۆ یەکتر چێشت لێدەنێن. خزمەتی یەکتر دەکەن. بەرپرسیارێتییان لەسەرە کە یارمەتی یەکتر بدەن. پێکەوە دەچنە سەیران. کاتێک کێشەیەکیان لەگەڵ ئەندامێکی خێزانەکەدا دەبێت، ماڵەکە بەجێناهێڵن و بڕۆن، بەڵکو هەوڵدەدەن چارەسەری بکەن.

کەواتە، کاتێک کەسێک دەبێتە ئەندامی بنەماڵەی خودا، دەبێت بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئەندامانی دیکەی ئەو بنەماڵەیە هەبێت. پابەندبوونت بە کڵێسایەکی ناوخۆییەوە، ڕێگایەکە بۆ گرتنە ئەستۆی ئەو بەرپرسیارێتییەت کە لە کتێبی پیرۆزەوە هاتووە لەبەرامبەر باوەڕدارانی دیکەدا. ئەندامانی کڵێسا دەبێت خەمی یەکتر بخۆن و یارمەتی یەکتر بدەن لە شوێنکەوتنی عیسای مەسیح. وەک خێزانێک، پێویستە لە کاتە خۆش و ناخۆشەکاندا لەگەڵ یەکتردا بن. پەیوەست نەبوون و پابەندنەبوون بە کڵیسایەکەوە، نیشانەی پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتییەکانتە بەرامبەر خوشک و برایانی رۆحیت لە بنەماڵەی خودا.

بیستوومە خەڵک دەڵێن: «من نامەوێت پەیوەست بم بەم کڵێسایەوە، چونکە هەندێک لە ئەندامەکانی دووڕوون و کەموکوڕی زۆریان هەیە.» بەڵام بیر لە خێزانەکەی خۆت بکەوە. ئەی ئەگەر خوشکەکەت کێشەی هەبێت؟ ئایا پەرچەکرداری ڕاست ئەوەیە ماڵەکە بەجێبهێڵیت و لێی دوور بکەویتەوە؟ نەخێر! وەک ئەندامێکی خێزانەکە، پێویستە یارمەتی برا یان خوشکەکەت بدەیت بۆ راستکردنەوەیان و چارەسەرکردنی کێشەکە.

بە هەمان شێوە، وەک ئەندامانی بنەماڵەی خودا، چی بکەین کاتێک کێشە لە کڵێسادا دەبینین؟ نابێت لێی دووربکەوینەوە، بەڵکو دەبێت لێی نزیک ببینەوە بۆ یارمەتیدانی. ئێمە لەلایەن خوداوە فەرمانمان پێکراوە بۆ ئەوەی بەرگەی خوشک و برا ڕۆحییەکانمان بگرین لە پێناو بەهێزکردنی کڵێسادا. گەلاتیا بەشی ٦، ئایەتی ١-٢ دەڵێت: «خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە، نەوەک تۆش تاقی بکرێیتەوە. باری یەکتری هەڵبگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی.»

پوختە

خودا گوناهباران لەگەڵ خۆی و لەگەڵ یەکتردا ئاشت دەکاتەوە بۆ ئەوەی ببنە بنەماڵەی ئەو. کەواتە باوەڕداران، وەک ئەندامانی بنەماڵەی خودا، دەبێت خەمی یەکتر بخۆن و وەک ئەندامانی خێزانێک گرێدراوی یەکتر بن.

٣. ئێمە ڕزگارکراوین تا ببینە ئەندامێک لە جەستەی مەسیحدا

یەکەم کۆرنسۆس ١٢:١٢

«هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە.»

پۆڵس، کە نووسەری یەکەم کۆرنسۆسە لە کتێبی پیرۆزدا، نموونەی جەستەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان باوەڕدارانمان بۆ ڕوون بکاتەوە. با پێکەوە یەکەم کۆرنسۆس ١٢: ١٢-٢٧ بخوێنینەوە:

«١٢هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، ١٣چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە. ١٤ لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.

١٥ئەگەر قاچ بڵێت: «لەبەر ئەوەی دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ ١٦ئەگەر گوێ بڵێت: «لەبەر ئەوەی چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ ١٧ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی گوێ بووایە، ئەی کوا بۆنکردن؟ ١٨بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی. ١٩ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟ ٢٠ جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.

٢١چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.» ٢٢بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە، ٢٣ ئەو ئەندامەی لەش کە وا دەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین، ٢٤بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز، ٢٥ تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان وەکو یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. ٢٦ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن. ٢٧ ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون.»

لەم ئایەتانەدا، کڵێسا وەک جەستەیەک وەسف کراوە، کە جەستەی عیسای مەسیحە. باوەڕدارانیش وەک ئەندامانی ئەم جەستەیە وەسف کراون، وەک دەست یان پێ. ئەم نموونەیە ڕوون و بەهێزە. ڕێک وەک چۆن دەست، پێ، چاو، گوێ و ئەندامەکانی تری جەستەمان بە یەکەوە بەستراونەتەوە، باوەڕدارانیش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی ڕۆحی مەسیحەوە بە یەکەوە بەستراونەتەوە.

بەڵام ئەم پەیوەندییە تەنها پەیوەندییەکی ڕۆحی نییە لە نێوان کۆمەڵێک باوەڕداردا کە یەکتری ناناسن و یەکتری نابینن. ئەم ئایەتانە تەنها لە چوارچێوەی کڵێسایەکی ناوخۆییدا (کۆبوونەوەی ناوخۆیی باوەڕداران) مانایان دەبێت، کە تێیدا ئەندامەکان یەکتری دەناسن و بە بەردەوامی یەکتری دەبینن.

بۆ نموونە، ئەم ئایەتانە پێمان دەڵێن کاتێک ئەندامێک ئازار دەچێژێت، دەبێت ئەندامەکانی تریش لەگەڵیدا ئازار بچێژن. کاتێکیش ئەندامێک دڵخۆش دەبێت، پێویستە ئەندامەکانی تریش لەگەڵیدا دڵخۆش بن. بەڵام ئەگەر ئێمە لەگەڵ کەسێکدا لە پەیوەندییەکی راستەقینەی هاوڕێیەتیدا نەبین، پەیوەندییەک کە تێیدا زوو زوو یەکتری نەبینین، چۆن دەتوانین بە ڕاستی لەگەڵ یەکتردا بگریین کاتێک ئازار دەچێژین؟

هەروەها، ئەم ئایەتانە فێرمان دەکەن کە ئەندامەکان پێویستیان بە یەکتری هەیە. چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت «من پێویستم پێت نییە.» بە هەمان شێوە، باوەڕداران پێویستیان بە یارمەتی یەکتری هەیە بۆ ئەوەی بە ڕاستی شوێنی مەسیح بکەون. ئایا دەست تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەندامێکە لە جەستەدا؟ نەخێر، دەست لەگەڵ ئەندامەکانی تری جەستەدا پێکەوە کار دەکات بۆ چاکەی هەموو جەستەکە. بە هەمان شێوە، باوەڕدار دەبێت خۆی گرێدراوی کڵێسایەک بکات، نەک تەنها بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، بەڵکو بۆ خزمەتکردن و بنیاتنانی باوەڕدارانی تریش. ئەگەر باوەڕدارێک پەیوەندی بە کڵێسایەکەوە نەکات، وەک ئەوە وایە دەستێک بە جەستە بڵێت «تۆ بەبێ منیش زۆر باش دەبیت.» بەڵام بە دڵنیاییەوە جەستە پێویستی بە دەست هەیە، و دەستیش پێویستی بە جەستە هەیە.

ئەم ئایەتانە بە ڕوونی فێرمان دەکەن کە پلانی خودا ئەوەیە؛ باوەڕداران بە شێوازێکی ڕاستەقینە و مانادار لە کڵێسایەکی ناوخۆییدا گرێدراوی یەکتر ببن تاکو وەک یەک جەستە بۆ شکۆمەندی مەسیح پێکەوە کار بکەن. ئەگەر دەستێک لە قۆڵ ببڕدرێتەوە، ئایا دەتوانێت کار بکات؟ نەخێر. ئایا لۆژیکییە پێیەک بڵێت من پێویستم بە جەستە نییە؟ نەخێر. بە هەمان شێوە، نابێت هیچ باوەڕدارێک لە کڵێسایەکی ناوخۆیی داببڕێت و بە تەنیا بێت.

باوەڕدارێکی تەنیا، ئەوەی کە ئەندامی هیچ کڵێسایەک نییە، ناتوانێت جوانی و شکۆمەندی مزگێنییەکە بە تەواوی نیشانی دەوروبەرەکەی بدات. ئێمە ئەو کاتە دەتوانین مزگێنییەکە نیشانی دەوروبەرمان بدەین کە خۆمان تەرخان بکەین بۆ خۆشویستن و گرنگیدان بە باوەڕدارانی هەمان کڵێسا، هەرچەندە لە ئێمەش جیاواز بن. کاتێک خەڵک دەبینن کوردەکان لە هۆز و ناوچە و شوێنە جیاوازەکانەوە، بە خێزاندار و سەڵتەکانەوە، لە ژنان و پیاوان، لە دەوڵەمەند و هەژاران، هەفتانە پێکەوە کۆدەبنەوە و یەکتریان خۆشدەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزی مزگێنییەکەی مەسیح بە ڕوونی ببینرێت.

پوختە

کڵێسا وەک جەستەیەک وایە. پێویستە ئەندامەکان لە ڕێگەی باوەڕ و هاوڕێیەتییەکی راستەقینەوە گرێدراوی یەکتر بن. ئەندامێک تەنها بۆ بەرژەوەندی کەسیی خۆی بە جەستەکەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بۆ چاکەی هەموو جەستەکەشە. ئەندامەکان وەک یەک پێکەوە بۆ شکۆمەندی خودا کار دەکەن.

٤. کتێبی پیرۆز فەرمانمان پێ دەکات کە کۆبوونەوەی کڵێسا پشتگوێ نەخەین

عیبرانییەکان ١٠: ٢٤-٢٥

«٢٤هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. ٢٥با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.»

لە عیبرانییەکان ١٠: ٢٥، خودا لە ڕێگەی نووسەری عیبرانییەکانەوە پێمان دەڵێت کە واز لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکتری نەهێنین و پشتگوێی نەخەین. کاتێک دەڵێت نابێت کۆبوونەوە پشتگوێ بخەین، مەبەستی نووسەرەکە لە وشەی «کۆبوونەوە» تەنها بینین و کۆبوونەوەی دوو هاوڕێ نییە لە پارکێک یان چایخانەیەک. نا، مەبەستەکەی زۆر قوڵترە. ئەو باسی کۆبوونەوەی بەردەوامی هەفتانەی کڵێسا دەکات کە تێیدا ئەندامان بەیەکەوە خودا دەپەرستن. هەندێک جار ڕەنگە نەتوانیت بچیتە کڵێسا بەهۆی ئەوەی نەخۆشیت یان لە دەرەوەی شاریت، ئەوە ئاساییە. بەڵام ئەم ئایەتە دەڵێت پێویستە باوەڕداران گرنگی بدەن بە کۆبوونەوە لەگەڵ باوەڕدارانی تردا بۆ پەرستنی خودا و هاندانی یەکتری لە پێناو هەبوونی خۆشەویستی و ئەنجامدانی کردەوەی چاک.

مرۆڤەکان ئەو شتانە پشتگوێ ناخەن کە لەلایان گرنگە. هاوڕێیەکم هەبوو، هەموو ئێوارانی پێنجشەممەیەک دەچوو لەگەڵ هاوڕێکانی یاری تۆپی پێی دەکرد. بەڵام تەنها دوو یان سێ مانگ جارێک دەهاتە کڵێسا.

لێم پرسی بۆچی زوو زوو نایەیت بۆ کڵێسا؟ گوتی بەهۆی ئیشەوە ماندووم، میوانم هەیە، سترێسم هەیە…هتد. زۆر بیانووی تری هێنایەوە. بەڵام بۆ بابەتی تۆپی پێ، هیچ بیانوویەکی نەبوو. هەموو هەفتەیەک یاری دەکرد. ڕوون بوو کە تۆپی پێ لەلای ئەم کەسە زۆر گرنگتر بوو لە پەرستنی خودا و خۆشویستنی باوەڕدارانی تر.

کۆبوونەوە لەگەڵ باوەڕدارانی تردا بۆ پەرستنی خودا، بۆ بیستنی پەیامی خودا و هاندان و دەربڕینی خۆشەویستی بۆ یەکتری، دەبێت ببێتە یەکێک لە لەپێشینەترین کارەکانی ژیانی هەموو باوەڕدارێک. ئەگەر باوەڕدارێک بیەوێت بە ڕاستی هاوڕێیەتییەکی بەهێز لە کڵێسادا دروست بکات و لەلایەن باوەڕدارانی ترەوە بناسرێت و بیانناسێت و باوەڕدارانی خۆشبوێت و لە تێگەیشتنی کتێبی پیرۆزیشدا گەشە بکات، دەبێت بەردەوام هاتن بۆ کڵێسا بکاتە کارێکی لە پێشینەی خۆی. 

کاتێک هاتنی هەفتانە بۆ کڵێسا ناکەیتە کارێکی لە پێشینەت، چۆن دەتوانیت رێز و خۆشەویستی خۆت نیشانی ئەوانی تر بدەیت لە کڵێسا؟ ناکرێ. بۆیە بزانە کە نەهاتنی بەردەوامت بۆ کڵێسا نیشانەی خۆشنەویستن و ڕێزنەگرتنە لەوانی تر. بۆیە نەهاتنی بەردەوامت بۆ کڵێسا شتێکی گچکە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە گوناه. 

پوختە

بەپێی عیبرانییەکان ١٠: ٢٥، باوەڕدار دەبێت بە جۆرێک بە کڵێساوە بەسترابێتەوە کە یەکێک لە لەپێشینەترین کارەکانی ژیانی، کۆبوونەوەی هەفتانە بێت لەگەڵ خوشک و براکانی بۆ پەرستنی خودا و خۆشەویستانی خودا.

٥. پێویستە کڵێسا ناوەوە و دەرەوەی هەبێت

یەکەم کۆرنسۆس ٥: ١٢-١٣

«١٢ هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، ١٣ چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە.»

لە یەکەم کۆرنسۆس بەشی ٥دا، پۆڵس سەرزەنشتی کڵێسای کۆرنسۆس دەکات لەسەر ئەوەی ڕێگەیان داوە ئەندامێکی کڵێساکەیان لەناو گوناهێکی گەورەدا بژیێت. لە یەکەم کۆرنسۆس ٥: ١-٢دا دەڵێت: «لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە داوێنپیسی لەنێو ئێوەدا هەیە، جۆرە داوێنپیسییەک کە لەنێو بتپەرستەکانیشدا نییە: پیاو لەگەڵ باوەژنی دەژیێت! ئێوەش لووتبەرزن! باشتر نەبوو ماتەمدار بن و ئەو کەسەش کە ئەم کارەی کردووە لە خۆتانی دووربخەنەوە؟»

پۆڵس ئاگاداری دەداتە کڵێسای کۆرنسۆس کە ڕێگەدان بە باوەڕدارێکی ناو کڵێسا بۆ بەردەوامبوون لە گوناه و تۆبە نەکردن، مەترسیدارە بۆ کڵێساکە. ئەمە دەکرێت تەواوی کڵێساکە گەندەڵ بکات، ڕێک وەک چۆن کەمێک شێرپەنجە دەتوانێت گەشە بکات و تەواوی جەستەیەک بکوژێت. بۆیە فەرمانیان پێ دەکات کە ئەو کەسە لە نێوان خۆیان دەربکەن بۆ پاراستنی پاکیەتی کڵێساکە، هەروەها دەبێت ئەو کەسەش ئاگادار بکەنەوە داوای تۆبەی لێ بکەن تا لە لایەن شەیتانەوە لەناو نەچێت.

پاشان لە یەکەم کۆرنسۆس ٥: ١١-١٣دا پۆڵس دەڵێت: 

«١١ بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن. ١٢ بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ ١٣ ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. ﴿خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.﴾» 

سەرنج بدەن، پۆڵس باسی ئەوانە دەکات کە لە ناوەوەی کڵێسادان و ئەوانەی لە دەرەوەی کڵێساشدان. ئەو بە ڕوونی فێرمان دەکات کە پێویستە ئەندامانی کڵێسایەکی ناوخۆیی (وەک کڵێسای کۆرنسۆس بە نموونە) حوکم لەسەر ئەوانە بدەن کە لە ناوەوەی کڵێسادان و تەنانەت ئەو کەسانەش دەربکەن کە لە ناوەوەن و بەپێی مزگێنییەکەی عیسای مەسیح ناژین. بەڵام پۆڵس دەڵێت کڵێسا هەمان بەرپرسیارێتی نییە بەرامبەر بەوانەی کە لە دەرەوەی کڵێسادان. کڵێسای کۆرنسۆس دەیزانی کێ لە ناوەوەیە و کێ لە دەرەوەیە.

بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە، کڵێسایەک چۆن دەتوانێت بزانێت کێ لە ناوەوە و کێ لە دەرەوەی کڵێساکەیەتی؟ ئایا دەتوانین تەنها بڵێین هەرکەسێک دێتە کۆبوونەوەکە، ئەوا ئەو کەسە لە ناوەوەی کڵێسایە؟ نەخێر، چونکە کەسانی بێباوەڕیش دەتوانن هەموو هەفتەیەک بێنە کۆبوونەوەی کڵێسا، و زۆرجاریش وا دەکەن. بەڵام بێگومان ناتوانین کەسانی بێباوەڕ وەک ئەو کەسانە سەیر بکەین کە لە ناوەوەی کڵێسادان. ئاشکرایە ئەوانەی لە ناوەوەی کڵێسادان زۆر زیاترن لەوانەی تەنها ئامادەی کۆبوونەوەکانی کڵێسا دەبن.

ڕەنگە بڵێیت، ئەوانەی لە ناوەوەی کڵێسادان ئەو کەسانەن کە بانگەشەی باوەڕەکەیان دەکەن، و ئەوانەی لە دەرەوەشن بێباوەڕانن؟ ئایا کڵێسایەک بە ڕاستی دەتوانێت بڵێت هەرکەسێک بانگەشەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بکات، لە ناوەوەی کڵێساکەیەتی؟ نەخێر. زۆر کەس هەن بانگەشەی باوەڕ بە مەسیح دەکەن، بەڵام لە بنەمای مزگێنییەکە تێناگەن و بەپێی فەرمانەکانی عیسای مەسیح ناژین. پێش ئەوەی کڵێسایەک پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە کەسێک لە ناوەوەی کڵێساکەیەتی، پێویستە ئەو کەسە بناسێت و ببێنێت ئایا دانپێدانانی باوەڕەکەی بەپێی کتێبی پیرۆزە یان نا. پێویستە تەماشا بکەن بزانن ئایا ئەو کەسە هەوڵ دەدات بەپێی فەرمانەکانی مەسیح بژیت یان نا.

کڵێسا کۆمەڵگەیەکە لە باوەڕداران. بۆیە پێویستە کڵێسا ڕێگەیەکی هەبێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کێ لە ناوەوەی کۆمەڵگەکەیە و کێ لە دەرەوەیە. بۆچی؟ چونکە بەپێی یەکەم کۆرنسۆس بەشی ٥، کڵێسا بەرپرسیارێتی چاودێریکردن و لێپرسینەوەی لەئەستۆیە بەرامبەر بەوانەی «لە ناوەوەی کڵێسادان» بۆ ئەوەی بەپێی مزگێنییەکە بژین. ئەگەر کڵێسایەک نەزانێت کێ لە ناوەوەیەتی، ناتوانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە چاودێریکردن و حوکمدانی ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا جێبەجێ بکات کاتێک دەکەونە ناو گوناهەوە. هەموو باوەڕداران پێویستیان بەم چاودێریکردنە هەیە لە ژیانیاندا بۆ ئەوەی لە شەیتان بپارێزرێن.

پوختە

یەکەم کۆرنسۆس بەشی ٥ فێرمان دەکات کە کەسانێک هەن لە ناوەوەی کڵێسادان و کەسانێکیش لە دەرەوەن. هەروەها فێرمان دەکات کە کڵێسا بەرپرسیارێتی لەئەستۆدایە بۆ لێپرسینەوە لەوانەی لە ناوەوەی کڵێسادان تاوەکو بەپێی فەرمانەکانی مەسیح بژین. بۆیە، پەیوەندی نێوان باوەڕدارێک و کڵێسایەک دەبێت بە شێوازێک بێت کە باوەڕدارەکە و کڵێساکەش بە ڕوونی بزانن کە بەرپرسیارن بەرامبەر بە یەکتری. 

٦. پێویستە باوەڕداران ملکەچی ڕابەران بن و ڕابەرانیش دەبێت لێپرسینەوە لە ئەندامەکان بکەن

عیبرانییەکان ١٣: ١٧

«گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە ئێشکتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.»

ئەم ئایەتە فەرمان بە باوەڕداران دەکات کە متمانەیان بە ڕابەرەکانیان هەبێت و ملکەچی دەسەڵاتیان بن. لێرەدا باسی دەسەڵاتدارانی حکومەت ناکات، بەڵکو باسی ڕابەران یان پیرانی کڵێسا دەکات. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئەگەر باوەڕدارێک تەنها ئامادەی کۆبوونەوەی کڵێسا ببێت، بەڵام خۆی تەسلیمی چاودێری و سەرپەرشتی کڵێساکە نەکات، ئەوا چۆن دەتوانێت گوێڕایەڵی ئەم ئایەتە بێت؟ چۆن دەتوانێت «متمانەی بە ڕابەرەکانی هەبێت و ملکەچی دەسەڵاتیان بێت؟» ئەگەر باوەڕدارێک بە شێوازێکی مانادار خۆی تەرخان نەکات بۆ کڵێسایەک، ملکەچی کام ڕابەری کڵێسا دەبێت؟ بۆیە، بەپێی کتێبی پیرۆز، باوەڕدار دەبێت بە شێوازێک گرێدراوی کڵێسا بێت کە تێیدا ملکەچی دەسەڵات و چاودێری پیرانی کڵێساکەی بێت.

ئەوە بزانە کە مەبەست لە ملکەچبوون بۆ ڕابەرانی کڵێسا بەو مانایە نایەت کە لەلایەن ڕابەرەکانەوە کۆنترۆڵ بکرێیت. نەخێر، ملکەچبوون بۆ دەسەڵاتی پیرانی کڵێسا دەبێت ببێتە بەرەکەت بۆ باوەڕداران. پیرەکان فەرمانیان پێکراوە بۆ هەڵگرتنی چەندین بەرپرسیارێتی وەک خزمەتکردنی کڵێسا، فێرکردنی خەڵک لەبارەی کتێبی پیرۆز، هەروەها گرنگیدان و نوێژکردن بۆ ئەندامەکان. پیرەکان ئەندامەکان ئاڕاستەی شوانە گەورەکەی رۆحمان دەکەن، کە عیسای مەسیحە. هەبوونی شوانێک کە چاودێری رۆحت دەکات، بەرەکەتێکە لە ژیانتدا و لە شەیتان دەتپارێزێت و یارمەتیت دەدات لەگەڵ مەسیحدا گەشە بکەیت.

هەروەها، سەیری ئەم ئایەتە بکە لە ڕوانگەی ڕابەرانی کڵێساوە. عیبرانییەکان ١٣: ١٧ دەڵێت کە ڕابەرانی کڵێسا لە ڕۆژی دواییدا حیساب لەسەر گەلەکەیان دەدەن. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورەیە.

کاتێک من قەشەیەکی نوێ بووم، ئەم ئایەتەم خوێندەوە و ئەم پرسیارەم بۆ دروست بوو: «ئەو خەڵکە کێن کە من بەرپرسیارم لێیان؟ کێن ئەوانەی کە دەبێت لەبەردەم خودادا وەڵامیان لەسەر بدەمەوە؟» ئایا هەموو باوەڕدارانی ناو شارەکەیە؟ نەخێر. ئایا هەر کەسێکە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت؟ پێم وانییە. زۆر کەس جار جارە دێنە کڵێسا بەڵام نایانەوێت لەژێر چاودێری کڵێساکەدا بژین. ئەی کەواتە پیرەکان بەرپرسیارن لە کێ؟ بەرپرسیارن لەو باوەڕدارانەی کە خۆیان تەرخان کردووە بۆ لێپرسینەوە و چاودێری کڵێساکە.

بۆ نموونە، زۆر منداڵ هەن لەو کۆڵانەی من لێی دەژیم. ئەوان هاوسێی منن. من ئەوان دەناسم و ئەوانیش من دەناسن. کاتێک لە کۆڵانم، چاودێرییان دەکەم کاتێک یاری دەکەن. بەڵام من ٤ منداڵم هەیە. ئەم چوار منداڵە بۆ من تایبەتن. من زۆر قووڵتر گرنگی بە منداڵەکانی خۆم دەدەم وەک لە منداڵانی هاوسێکانم. ئەگەر من هەوڵ بدەم بە هەمان شێوەی منداڵەکانی خۆم، خواردن و جلی نوێ بۆ هەموو منداڵانی کۆڵانەکە بکڕم و بیانپارێزم، ئەوە کارێکی مەحاڵ دەبێت. ئەگەر ئەوە بکەم، کاتم نامێنێت گرنگی بە منداڵەکانی خۆم بدەم. 

بە هەمان شێوە، پێویستە شوانی کڵێسا سەرنجی لەسەر ئەندامەکانی خۆی بێت بۆ ئەوەی بەو شێوازەی خودا لێی دەوێت بە ڕاستی گرنگییان پێبدات. کاتێک تۆ دەبیتە ئەندام لە کڵێسایەکدا، بەهۆی چاودێرییەکی خۆشەویستانە و نزیکی ڕابەرانی کڵێساکەتەوە بەرەکەتدار دەبیت. بەڵام ئەگەر نەبیتە ئەندام لە کڵێسا، ناتوانیت چاوەڕوانی ئەوە بیت ڕابەرانی کڵێساکە بە هەمان ئەو شێوازە گرنگیت پێبدەن کە بە ئەندامەکانی خۆیانی دەدەن.

پوختە

پێویستە باوەڕدار بە شێوازێک وابەستەی کڵێسایەک بێت کە ملکەچی ڕابەرانی ئەو کڵێسایە بێت، و ڕابەرەکانیش بزانن کە پێویستە چاودێری و گرنگی بەو باوەڕدارە بدەن.

٧. پێویستە باوەڕداران بە شێوازێکی ڕاستەقینە یەکتریان خۆشبێت

یۆحەنا ١٣: ٣٤-٣٥

٣٤«من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. ٣٥ بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»

لەسەر بنەمای ئەو فەرمانەی مەسیح پێی داوین، خەڵک چۆن دەزانن کە ئێمە سەر بە عیسای مەسیحین؟ ئایا بە لەملکردنی ملوانکەی خاچ؟ ئایا بەوەیە کە هەموو هەفتەیەک بچینە کڵێسا؟ یان بەوەیە کە زۆر چاڵاک بین لە ڕاگەیاندنی مزگێنیدا؟ بەگوێرەی فەرمانەکەی عیسای مەسیح، ئەوان ئەوکاتە دەزانن کە ئێمە شوێنکەوتووی مەسیحین کە یەکتریمان خۆشبوێ. 

ئەو خۆشەویستییەی کە لە باوەڕداران داواکراوە بۆ یەکتری هەیانبێت، تەنها هەستێک نییە. تەنها بە وشەش نییە. بەڵکو خۆشەویستییەکە کە خۆی لە ڕێگەی کردەوەوە نیشان دەدات. سەیری ئەو شێوازە جیاوازانە بکە کە پەیمانی نوێ باسی دەکات کە چۆن پێویستە باوەڕدارەکان یەکتریان خۆشبوێت:

لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن (ڕۆما ١٢: ١٥)

بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن (ئەفەسۆس ٤: ٢)

لەگەڵ یەکتری نەرمونیان و بە بەزەیی بن، لە یەکتری خۆشبن، هەروەک چۆن خودا بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح لێتان خۆشبوو (ئەفەسۆس ٤: ٣٢)

یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن (یەکەم سالۆنیکی ٥: ١١)

با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک (عیبرانییەکان ١٠: ٢٤)

بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە (یاقوب ٥: ١٦)

بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن. هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن (یەکەم پەترۆس ٤: ٩-١٠)

زۆر ئایەتی تری وەک ئەمانە لە پەیمانی نوێدا هەن. هەموو ئەم کردەوانە پێویستیان بە پەیوەندی هەیە. تۆ ناتوانیت هاندەر بیت و ئەوانی تر ڕابکێشیت بەرەو خۆشەویستی و کردەوەی چاک، ئەگەر تەنها هەفتەی جارێک لە کڵێسادا سڵاوێکی سادەیان لێ بکەیت بەبێ ئەوەی بە ڕاستی بیانناسیت. بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بەم شێوازە یەکتریان خۆشبێت، دەبێت لە یەکترییەوە نزیک بن و خۆیان تەرخان بکەن بۆ خۆشویستنی یەکتری.

خۆشویستنی خودا و خۆشویستنی گەلی خودا لە یەکتری جیا ناکرێنەوە. بەڵێ، ڕاگەیاندنی خۆشەویستی مەسیح لە ڕێگەی مزگێنیدان بە خێزان، هاوڕێ و هاوسێکانمان کارێکی بنەڕەتییە. بەڵام دەبێت ئەو خۆشەویستییەش لە ڕێگەی شێوازی ژیانمانەوە بە ئەوانی تر نیشان بدەین. ژیانی پێکەوەییمان لە کڵێسایەکدا، نیشانی ئەوانی تری دەدات کە پەیامی پڕ لە خۆشەویستی مەسیح ڕاستەقینەیە. کاتێک تۆ هاوڕێیەتییەکی راستەقینە و مانادارت لەگەڵ ئەندامانی تری کڵێساکە هەیە، و لە ئەگەری کردنی گوناهیش لەبەرامبەرت دەیانبەخشی، مانای وایە تۆ مزگێنییەکەی مەسیح نیشانی جیهان دەدەیت.

پوختە

کتێبی پیرۆز فەرمان بە باوەڕداران دەکات کە بە شێوازێکی ڕاستەقینە و مانادار یەکتریان خۆشبێت، لە یەکتری خۆش بن و خزمەتی یەکتری بکەن. بۆیە، پێویستە باوەڕدار بە شێوازێک بە کڵێسایەکەوە گرێدراو بێت کە بتوانێت گوێڕایەڵی ئەم فەرمانانە بێت سەبارەت بە خۆشویستن و هاندانی یەکتری لەناو کڵێسادا.

دەرئەنجامی ئەم حەفت خاڵە 

دوای خوێندنەوەی هەموو ئەم دەقانەی کتێبی پیرۆز لەم نامیلکەیەوە، ئێستا چۆن بیر دەکەیتەوە؟ هیوادارم بۆت ڕوون بووبێتەوە کە کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە پێویستە باوەڕداران بە شێوازێکی ڕاستەقینە و مانادار بە کڵێسایەکەوە پەیوەست بن. پەیوەست بوون بە کڵێسایەکەوە بەم شێوە ئینجیلییە ئاسان نییە، کاری دەوێت، بەڵام ئەوە ڕێگایەکی ئینجیلییە کە تێیدا باوەڕدار و کڵێسایەک لەگەڵ مەسیحدا گەشە دەکەن و لە شەیتان و جیهان پارێزراو دەبن.

ئاسان دەبێت بۆ کڵێسایەک کە خەڵکی زۆر لەئاوهەڵبکێشێت بەبێ ئەوەی پشکنین بۆ باوەڕەکەیان بکات یانیش فێری بنەماکانی کتێبی پیرۆزیان بکات. کڵێسا دەتوانێت بە خێرایی خەڵک لەئاوهەڵبکێشێت و بڵێت پیرۆزە، و پاشانیش بە ڕاست و درووستی بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەکات لە یارمەتیدانیان تاکو وەک قوتابی مەسیح گەشە بکەن. ئەگەر کڵێسایەک ئاوا بکات، مانای وایە دڵسۆزی خودا و پەیامەکەی نییە.

ئەگەر باوەڕدارێک لە ناو کڵێسادا بکەوێتە ناو گوناهێکی گەورەوە یان هێدی هێدی لە خودا و باوەڕدارانی تر دوور بکەوێتەوە، زۆر ئاسان دەبێت پشتگوێ بخرێ. بەڵام خودا داوا لە کڵێساکان دەکات چاودێری ئەندامەکانیان بکەن، ڕاستیان بکەنەوە و داوای تۆبەیان لێبکەن. ئەگەر کەسێک تۆبە نەکات، وەک ئەوەی لە یەکەم کۆرنسۆس بەشی ٥دا هاتووە، فەرمانمان پێکراوە کە تەنانەت لە کڵێساکەش دەریانبکەین بۆ پاراستنی تەندرووستی و پاکیەتی جەستەی مەسیح.

بۆ کڵێسا ئاسانتر دەبوو ئەگەر تەنها هەفتەی جارێک کۆبوونەوەی کردبا و جاروباریش چووبا بۆ سەیران، لە هەمان کاتدا هیچ بەرپرسیارێتییەکیشی نەبوایە بۆ خۆشویستن و خزمەتکردنی یەکتری لە کاتە سەختەکاندا. ئامانجی کڵێسا نابێت ئەوە بێت کە ژمارەیەکی زۆری هەبێت و لە دەرەوە باش و قەرەباڵغ دەربکەوێت، بەڵکو ئامانجی کڵێسا دەبێت ئەوە بێت کە دڵسۆزی فەرمانەکانی مەسیح بێت وەک ئەوەی کە لە کتێبی پیرۆزدا بۆمان ئاشکرا کراوە.

بۆیە، لەپێناو هەوڵدان بۆ دڵسۆزبوون بۆ کتێبی پیرۆز، زۆرێک لە کڵێساکان پرۆسەیەکیان هەیە بۆ بوونە ئەندام تێیاندا. بەمە دەگوترێت «ئەندامێتی کڵێسا» چونکە کتێبی پیرۆز وەک ئەندامی بنەماڵەی خودا و ئەندامی جەستەی مەسیح باسی باوەڕداران دەکات.

ئەندامێتی کڵێسا چییە؟

ئەندامێتی کڵێسا هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە. چوونە ناو کڵێسا وەک ئەندامێک، وەک چوونە ناو پارتێکی سیاسی نییە. بەڵکو ئەندامێتی کڵێسا تەنها شێوازێکە بۆ وەسفکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوان باوەڕداران و کڵێسا کە کتێبی پیرۆز داوامان لێدەکات هەمانبێت.

بەپێی کتێبی پیرۆز، ئەندامێتی کڵێسا پەیوەندییەکی فەرمییە لە نێوان کڵێسا و باوەڕدارێکدا، کە تێیدا کڵێساکە پشتڕاستی باوەڕی باوەڕدارەکە دەکاتەوە بە مەسیح و یارمەتی دەدات بۆ شوێنکەوتنی مەسیح. ئەو باوەڕدارەش خۆی تەرخان دەکات بۆ کڵێساکە بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری کڵێساکەدا بژیت و کڵێساکەی خۆش بوێت و خزمەتی بکات.

سەرنج بدە کە چەند تایبەتمەندییەک ئاماژەیان پێکراوە:

کڵێسا بە فەرمی پشتڕاستی باوەڕی کەسەکە دەکاتەوە. 

کڵێسا بەڵێن دەدات چاودێری ئەو باوەڕدارە بکات و یارمەتی بدات لەگەڵ مەسیحدا گەشە بکات.

ئەم باوەڕدارە بە فەرمی خۆی دەسپێرێت بە خزمەت و دەسەڵاتی ئەندامانی کڵێساکە و ڕابەرەکانی.

بە قبوڵکردنی باوەڕدارێک وەک ئەندامێکی کڵێسا، کڵێساکە بەو باوەڕدارە دەڵێت: «ئێمە باوەڕ و ئەندامێتیت پشتڕاست دەکەینەوە لە شانشینی ئاسماندا. چاودێریت دەکەین و یارمەتیت دەدەین شوێنی مەسیح بکەویت و ڕاستت دەکەینەوە ئەگەر لە ڕێگای ڕاست لابدەیت.» لە هەمان کاتدا، باوەڕدارەکە بە فەرمی بە کڵێساکە دەڵێت: «من خۆم دەسپێرمە دەست خۆشەویستی و چاودێری ئێوە، و بەڵێن دەدەم بە دڵسۆزی خزمەتی کڵێساکە بکەم و یارمەتی ئەندامەکانی تریش بدەم لە مەسیحدا گەشە بکەن.»

بۆیە، مەبەستمان لە ئەندامێتی کڵێسا وەک ئەندامێتی پارتێکی سیاسی نییە. بەڵکو تەنها مەبەستمان ئەوەیە کە تۆ خۆت تەرخان دەکەیت بۆ کڵێساکە بۆ ئەوەی یارمەتی بدرێیت لە بوون بە قوتابییەکی دڵسۆزی مەسیح، هەروەها تۆش خۆت تەرخان بکەیت بۆ یارمەتیدانی ئەندامەکانی تر تاوەکو ئەوانیش ببنە قوتابی دڵسۆزی مەسیح.

بەرەکەتی پەیوەست بوون کڵێسا

ئازیزم، دەمەوێت ئەم نامیلکەیە کۆتایی پێ بهێنم بە خستنەڕووی چوار هۆکار کە بۆچی پێویستە ببیتە ئەندامی کڵێسایەک:

١. بۆ چاکەی خۆت ببە ئەندامی کڵێسایەک

بە پەیوەستبوون بە کڵێسایەک بە شێوەیەکی فەرمی، تۆ بە ئەندامەکانی تر دەڵێیت: «من دەمەوێت شوێنی مەسیح بکەوم، تکایە یارمەتیم بدەن لەمەدا.» بۆ باوەڕدارانی کورد ئاسان نییە شوێنی مەسیح بکەون و لەناو کۆمەڵگەکەیاندا وەک قوتابی مەسیح بناسرێن. ئەوان زۆرجار بەهۆی باوەڕەکەیان بە مەسیح، هاوڕێ و کەسە نزیکەکانیان لەدەست دەدەن. بۆیە ئەمە بۆ چاکەی خۆتە کە خێزانێکی نوێ بەدەست بهێنیت. چونکە خوشک و براکانت لە کڵێسادا لە کاتە سەختەکاندا یارمەتیت دەدەن. بۆ نموونە، ئەگەر خێزانەکەت یان هاوڕێکانت سووکایەتیت پێبکەن بەهۆی باوەڕت بە مەسیح، خوشک و براکانت لە کڵێسادا دەتوانن هانت بدەن و یارمەتیت بدەن تاوەکو لە باوەڕەکەتدا بە بەهێزی بمێنیتەوە.

هەروەها پەیوەستبوون بە کڵێسایەک هاوڕێیەتیت لەگەڵ باوەڕدارانی تردا پێدەبەخشێت. ئەم هاوڕێیەتییە لەسەر بنەمای ئەوە نییە کە چەندە پارەت هەیە یان چەندە ناسراویت، بەڵکو لەسەر بنەمای یەکبوونتە لەگەڵ مەسیحدا. ئەمە بەرەکەتێکی گەورەیە کە کڵێسایەکت هەبێت تا پێکەوە چێژ لە ژیان وەربگرن، بچن بۆ سەیران و کات پێکەوە بەسەر ببەن لەگەڵ خێزانێکی ڕۆحیت لە کڵێسادا. هەروەها، بوونە ئەندام لە کڵێسایەک دەتبەستێتەوە بە باوەڕدارانی پێگەیشتووەوە کە ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە شوێنکەوتنی مەسیحدا. ئەم باوەڕدارە پێگەیشتووانە نموونەیەکی باش دەبن بۆ تۆ تا چاو لە باوەڕ و ژیانیان بکەیت کاتێک هەوڵ دەدەیت بۆ مەسیح بژیت.

٢. بۆ چاکەی ئەوانی تر ببە ئەندامی کڵێسایەک

کاتێک کەسێک دەچێتە ناو کڵێسایەکەوە، تەنها بە ئەندامەکانی تر ناڵێت «من پێویستم بە یارمەتی ئێوە هەیە لە شوێنکەوتنی مەسیح و چەسپاو بوون لە باوەڕەکەمدا»، بەڵکو ئەوەشیان پێ دەڵێت «منیش دەمەوێت یارمەتی ئێوە بدەم لە شوێنکەوتنی مەسیح و چەسپاوبوون لە باوەڕتاندا.» بۆیە کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە بە فەرمی ببیتە ئەندامی کڵێساک یان نا، تەنها بیر لە خۆت و ئەو سوودانە مەکەوە کە بە دەستت دەکەوێت. ئەوە خۆپەرستییە. بەڵکو پێویستە بیر لەوەش بکەیتەوە کە چۆن دەتوانیت کڵێساکە بەهێز بکەیت و یارمەتی ئەوانی تر بدەیت لە کڵێساکەدا تا لە باوەڕیاندا گەشە بکەن. ئەمە بەرەکەتێکی گەورەیە کاتێک خودا تۆ بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدانی ئەوانی تر تاوەکو تێیدا گەشە بکەن. ئەمە ئەرکێکی پیرۆزە کە لەلایەن مەسیحەوە پێمان دراوە.

٣. بۆ دڵنیایی خۆت

خودا دەیەوێت رۆڵەکانی بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەوان هی ئەون. ئەو نایەوێت تۆ گومانت هەبێت لەوەی کە ئایا سەر بە ئەویت یان نا. بەڵام شەیتان دەیەوێت بتخاتە گومانەوە لەوەی کە باوەڕەکەت ڕاستەقینەیە. پەیوەستبوون بە کڵێسایەک دیارییەکە لەلایەن خوداوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی باوەڕت و وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە تۆ بەڕاستی هی ئەویت.

بەڵام ئەوە بزانە کە ئەندامبوون لە کڵێسایەک ڕزگارت ناکات. کڵێسا دەسەڵاتی ئەوەی نییە تۆ بکاتە رۆڵەی خودا. تەنها عیسای مەسیح بە نیعمەتی خۆی ڕزگارت دەکات کاتێک تۆبە لە گوناهەکانت دەکەیت و باوەڕی پێدەهێنیت. بەڵام عیسای مەسیح کلیلەکانی شانشینی خودای دا بە کڵێسا (مەتا ١٦ و ١٨). بۆیە کڵێسایەک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە باوەڕی تۆ پشتڕاست بکاتەوە. کڵێساکان چۆن ئەمە دەکەن؟ ئەوان گوێ لە چیرۆکی تۆ دەگرن کە چۆن و بۆچی بوویتە باوەڕدار. گوێ لە تێگەیشتنی تۆ بۆ مزگێنی مەسیح دەگرن. کات تەرخان دەکەن بۆ بینینی بەرهەمی تۆبەکردن لە ژیانتدا. لەسەر بنەمای ئەم شتانە بڕیار دەدەن کە ئایا وەک ئەندامێک وەرتبگرن یان نا. بۆیە، قبوڵکردنت وەک ئەندام لە کڵێسایەکدا یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی متمانەت بەوەی کە باوەڕەکەت ڕاستەقینەیە و تۆ بە ڕاستی سەر بە مەسیحیت. ئەمە دیارییەکی گەورەیە لەلایەن خوداوە کە دڵنیات دەکاتەوە و گومانەکانت ناهێڵێت.

بەڵام پشتڕاستکردنەوەی کڵێسا شتێک نییە کە تەنها یەکجار ڕووبدات، واتە کە دەبیتە ئەندام لە کڵێسایەک و پاشان کۆتایی بێت. نەخێر، کڵێسا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنت و پشتڕاستکردنەوەی باوەڕەکەت کاتێک وەک ئەندامێکی کڵێسا دەژیت. نیشانەی سەرەکی ئەوەی کە کەسێک یەکیگرتووە لەگەڵ مەسیحدا، ئەوەیە کە بەردەوام بێت لە تۆبەکردن و خۆڕاگری لە ژیانکردن بۆ ئەو، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، مانگ لە دوای مانگ، و ساڵ لە دوای ساڵ، تا دوا ڕۆژ. بۆیە ژیانکردن لەژێر لێپرسینەوەی بەردەوامی ئەندامەکاندا، یارمەتیمان دەدات دڵنیا بین لەوەی لەسەر ڕێگای ڕاست دەمێنینەوە کاتێک پێکەوە لەگەڵ گەلی خودادا بەرەو ئاسمان هەنگاودەنێین. 

٤. بۆ شکۆمەندی خودا

تۆ بە دڵنیاییەوە سوودێکی زۆر دەبینیت بەبوونت بە ئەندام لە کڵێسادا. بەڵام لە سەرووی هەموو شتێکەوە، گەورەترین هۆکار کە وات لێبکات ببیتە ئەندام لە کڵێسادا، شکۆمەندی خودایە. عیسای مەسیح کڵێسای خۆشدەوێت و خۆی وەک قوربانییەک لە پێناوی کڵێسادا بەخت کرد. خودا بانگت دەکات کڵێسات خۆشبوێت چونکە مەسیح تۆی خۆشویستووە. بۆیە پێویستە بچیتە ناو کڵێسایەکەوە بۆ دەرخستنی شکۆمەندی خودا، چونکە کڵێسا بەهادارترین شتە لەدڵی مەسیحدا.

ئەی ئێستا چی بکەیت؟

خوێنەری ئازیز، هەنگاوێکت لەبەردەمە. ئەگەر باوەڕداریت و ئەندامی هیچ کڵێسایەک نیت، داوات لێ دەکەم کە هەنگاو بنێیت و ببیتە ئەندامی کڵێسایەک. هیوادارم ئەمە شتێک بێت کە لە ناخی دڵتەوە بڕیاری لەسەر بدەیت چونکە دەبینیت کە ئەمە بەپێی ویستی خودایە بۆ هەر باوەڕدارێک کە وەک ئەندامێک بچێتە ناو کڵێسایەکی ناوخۆییەوە.

کەوایە هەنگاوی داهاتوو چییە؟ قسە لەگەڵ یەکێک لە پیرانی ئەو کڵێسایە بکە کە دەتەوێت ببیتە ئەندام تێیدا. پێیان بڵێ کە دەتەوێت زیاتر بزانیت لەبارەی بوونە ئەندامی کڵێساکە. ئەوان بە خۆشحاڵییەوە پرۆسەکەت بۆ ڕوون دەکەنەوە، بەڵام تکایە ئارامگربە چونکە کاتیان پێویستە تا باشتر بتناسن و ئامادەت بکەن بۆ بوونە ئەندام لە کڵێساکەیاندا. 

تەنانەت ئەگەر لەو کاتەدا دوودڵیش بوویت سەبارەت بەبوونە ئەندام یان نا لەبەرئەوەی کە زۆر پرسیاری وەڵامنەدراوەت هەیە سەبارەت بە ئەندامبوون و لەئاهەڵکێشان و چەندین پرسی تر، تکایە هیچ نیگەران مەبە و پەیوەندی بە پیری کڵێساکەوە بکە. ئەو بە خۆشحاڵییەوە دەتوانێت یارمەتیت بدات لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەت. هیوادارم بڕیار بدەیت شوێنی خودا بکەویت و پەیوەست بیت بە کڵێسایەکەوە بە شێوەیەکی فەرمی.

لە خوا دەپاڕێمەوە کە نیعمەتی عیسای مەسیحی پەروەردگار، و خۆشەویستی خودا، و هاوڕێیەتی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەموومان بێت (دووەم کۆرنسۆس ١٤:١٣).

Author

  • یوسف کارۆل
    یوسف کارۆل
    View all posts
Read this article in English
Facebook
ڤایرۆسی کڕۆنا و مەسیحڤایرۆسی کڕۆنا و مەسیحئاب 23, 2026

Related PostsBest

بەقوتابیبوونکڵێسا و خزمەتکردنگەشەی ڕۆحی

چۆنیەتی کردنی یەکتری بە قوتابی مەسیح لە ڕێگەی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز لەگەڵ هاوڕێیەک

Joe Carroll تشرینی یەکەم 29, 2025
پێکەوە ژیانکڵێسا و خزمەتکردنکولتور

نەخشەڕێگایەک بۆ گەڕان بە دوای ئاشتی

admin کانوونی دووەم 21, 2026

وەڵامێک بنووسە هەڵوەشاندنەوەی وەڵام

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پۆلەکانی بابەت
  • ئافرەتان 1
  • ئەندامیێتی کڵێسا 5
  • بابەتی زیاتر 2
  • بەقوتابیبوون 7
  • پەرستشی خێزانیی 2
  • پۆرنۆگرافی 1
  • پیاوان 1
  • پیاوێتی 1
  • پێکەوە ژیان 5
  • تۆبەکردن 1
  • خواناسی 10
  • خوێندنی کتێبی پیرۆز 1
  • خێزان 6
  • دایکوباوکایەتی 1
  • ڕابەرایەتی 5
  • ڕاستکردنەوەی کڵێسایی 1
  • ژنێتی و کچێتی 1
  • سۆرانی 43
  • سیفەتی خودا 1
  • کاروباری ژیان 4
  • کتێب 41
  • کتێبی پیرۆز 3
  • کڵێسا و خزمەتکردن 23
  • کڵێساناسی 1
  • کولتور 2
  • گەشەی ڕۆحی 14
  • گۆڕان 3
  • لەئاوهەڵکێشان 1
  • لێبووردەیی 2
  • مامۆستا درۆزنەکان 1
  • مزگێنی 2
  • مزگێنیدان 1
  • مزگێنیدان 1
  • هاوسەرگیری 3
  • وتاردان 1
  • یادی لە دایکبوونی مەسیح 26

ئێمە هەوڵدەدەین باوەڕداران و رابەرانی کڵێسا بە سەرچاوەی ئینجیلی ئامادە بکەین بۆ یارمەتیدان لە پێناو ژیانێکی دڵسۆزانە و بنیاتنانی کڵێسای تەندروست.

بەستەر و پۆلەکان

دەربارە

بەیاننامەی باوەڕ

وتارەکان

کتێبخانە

خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز

په‌یوه‌ندی

هاوبەشەکان

Pertukekem.com

پرسیارت هەیە

    Copyright © 2026 Dlsozi by Pixosite. All Rights Reserved.