
پاسەوانێک بۆ دەمت دابنێ
«قسە کە کەوتە زارێ، ئاگر دەدات لە شارێ.»
ئەم پەندە کوردییە ئاماژە بەو خێراییە سەرسوڕهێنەرە دەکات کە قسەوباس و غەیبەت دەربارەی کەسانی تر تێیدا بڵاودەبێتەوە. ناوەرۆکی ئەم پەندە ئەوەیە کە ئەگەر تەنانەت یەک کەس زانیاری دەربارەی کەسێک لەگەڵ کەسێکی تردا بەش بکات، ئەوا ئەگەرێکی زۆر هەیە کە بەم زووانە هەموو شارەکە پێی بزانن. ئەم پەندە لایەنێکی ڕەوشتی کوردیمان پێ دەڵێت؛ کە ڕەوشتی کوردی پڕە لە قسەکردن دەربارەی خەڵکی تر، پڕە لە غەیبەت.
بەڵام کولتووری کوردی تەنیا نییە لە ململانێ لەگەڵ گوناهەکانی زماندا. مرۆڤ بە گشتی هەمیشە بە شێوەیەکی گوناهبارانە چێژی لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە شەرمەزارکەر و نەرێنییەکان دەربارەی کەسانی تر بینیوە. پەندەکانی سلێمان شایەتی ئەوە دەدات کە چۆن ئەمە لە ئیسرائیلی کۆندا نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بوونی هەبووە. پەندەکانی سلێمان ٨:١٨ دەفەرموێت: «قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.».
بەهۆی سروشتی گوناهبارمانەوە، مرۆڤەکان لە هەموو کولتوورەکاندا، تەنانەت ئەوانەی لەناو گەلی هەڵبژێردراوی خوداشدا بوون، بە غەیبەت تاقی کراونەتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە غەیبەت لە سەرەتادا تامێکی شیرینی هەیە. بەڵام دوای ئەوەی گوێمان لە غەیبەت گرت یان باسمان کرد، لە ڕاستیدا هیچ ئەنجامێکی باشی لێ ناکەوێتەوە؛ بەڵکو دەبێتە هۆی وێرانکاری و لێکترازان.
پەندەکانی سلێمان ٢٨:١٦ دەفەرموێت: «کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.» ئەم ئایەتە دەڵێت کە ئەوە کەسی چەوتە ئاژاوە دەنێتەوە بە قسەکردن دەربارەی کەسانی تر. دەڵێت ئەم جۆرە کەسە تەنانەت نزیکترین هاوڕێکان لە یەکدی جیا دەکاتەوە لە ڕێگەی هێزی زیانبەخشی وشەکانیەوە. لە ڕاستیدا، وشەکانمان ئەوەندە بەهێزن کە سیپارەی یاقوب دەڵێت: «زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.» (یاقوب ٣:٦)
هاوڕێیان، ئایا دەتانەوێت تەواوی لەشتان گڵاو بێت؟ ئایا حەز دەکەن تەواوی ڕەوتی ژیانتان بسووتێت؟ یان زمانتان لە دۆزەخەوە بە ئاگر بسوتێندرێت؟ وشەی خودا دەڵێت ئەم ئەنجام و سزایانە بەسەر ئەو کەسانەدا دێن کە ئاگایان لە زمانیان نییە و قسەوباسی خراپ لە پاشملە دەکەن.
خوشک و برایانی خۆشەویست، ئەمە یەکێکە لە گرنگترینی ئەو بوارانەی کە باوەڕدارانی کورد پێویستە کولتور و شێوازی ژیانیانی تێدا بگۆڕن.
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر، لە کڵێسایەکی ماڵان لە کوردستان خەریکی پێشکەشکردنی وتارێک بووم لەسەر “وتاری سەر چیا.” ئەو ڕۆژە سەرنجمان لەسەر ئەو بەشە بوو کە عیسا بە قوتابییەکانی دەفەرموێت سوێند بە هیچ شتێک مەخۆن، بەڵکو با «بەڵێ»تان هەر «بەڵێ» بێت و «نەخێر»تان هەر «نەخێر» بێت. دوای وتارەکە، ژن و مێردێکی باوەڕدار پێیان گوتم: «ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە زمانێکی تەواو نوێیە! ئێمە نازانین چۆن بە کوردی قسە بکەین بەبێ سوێندخواردن. بە گشتی لە هەموو ڕستەیەکدا سوێند دەخۆین!»
بەڵێ، کاتێک دوای عیسا دەکەوین، هەموو شتێک دەگۆڕێت. یەکێک لە ڕوونترین گۆڕانکارییەکانیش دەبێت شێوازی قسەکردنمان بێت. هەرچەندە ئێمە هێشتا بە زمانی دایکی خۆمان قسە دەکەین، بەڵام شێوازی قسەکردنمان لەوانەیە هێندە جیاواز بێت کە رەنگە وەک زمانێکی نوێ دەربکەوێت. هاوڕێیان، خزم و دراوسێ بێباوەڕەکان لەوانەیە تووشی شۆک یان سەرلێشێواوی ببن کاتێک باوەڕدارێکی کورد دەست هەڵدەگرێت لە قسەوباس دەربارەی خەڵک. بەڵام ئەمە ئەوەیە کە عیسا داوای دەکات؛ ئەو داوای شێوازێکی قسەکردن دەکات کە شایستەی ئەو بێت، بەتایبەتی کاتێک دێتە سەر ئەوەی کە باوەڕداران چۆن دەربارەی یەکتر قسە دەکەن.
ئەفەسۆس ٢٩:٤ دەفەرموێت: «وشەی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو هەرچییەکی باشە بۆ بنیادنان، بەگوێرەی پێویستی، تاکو نیعمەت بداتە گوێگران.» ئەم ئایەتە پێوەر بۆ هەموو باوەڕدارێک دیاری دەکات. هەموو وشەکانمان دەبێت سوودبەخش بن بۆ بنیاتنانی کەسانی تر و هێنانی سوود بۆ ئەوانەی گوێ دەگرن. ئەگەر هەر وشەیەک یان جۆرە قسەیەک وا نەبێت، ئەوا نابێت بیڵێین. زەم و غەیبەت یان قسەی شەرمەزارکەر دەربارەی باوەڕدارانی تر هەمیشە لەم تاقیکردنەوەیەدا شکست دەهێنێت. شکست دەهێنێت چونکە سوودبەخش نییە بەڵکو ئازاربەخشە بۆ جەستەی مەسیح. شکست دەهێنێت چونکە نابێتە هۆی گەشەکردنی کەسێکی تر؛ لەبری ئەوە دەیانڕووخێنێت و شکست دەهێنێت، چونکە هیچ سوودێک ناهێنێت؛ بەڵکو دەبێتە هۆی دووبەرەکی و ئاژاوە .
هاوڕێیان، لەمەودوا دەتوانن ئەم ئایەتە، ئەفەسۆس ٢٩:٤ وەک فلتەرێک بۆ هەموو ئەو شتانەی دەیڵێن بەکاربهێنن. دەتوانن هەموو وشەیەک، هەموو ڕستەیەک، بەگوێرەی ئەم پێوەرە تاقی بکەنەوە، و تەنها کاتێک بیڵێن کە بۆ گەشەکردنی کەسانی تر سوودبەخش بێت.
لێرەدا، لەوانەیە هەندێک کەس پرسیار بکەن دەربارەی بارودۆخێک کە باوەڕدارێکی تر بە ڕاستی هەڵە و لادان دەکات یان زیان بە کڵێسا دەگەیەنێت. ئایا نابێت باوەڕدارانی تر لەو کەسە ئاگادار بکەینەوە؟ وەڵامەکە بە کورتی نەخێرە. لەبری قسەکردن دەربارەیان، سەرەتا، باوەڕداران دەبێت بچنە لای ئەو کەسە و بە نەرمی هەڵە و لادانەکەی ڕووبەڕوو پێ بڵێن (گەلاتیا ١:٦، مەتا ١٥:١٨-١٧)، کاتێکیش ئەمە دەکەن، بە هیچ کەسێکی تری مەڵێن. تەنها ئەو کاتە، ئەگەر ئەو کەسە تۆبە نەکات، دەبێت بە یەک یان دوو باوەڕداری تر بڵێن دەربارەی هەڵە و لادانەکەی. ئەمەش تەنها بۆ ئەوەیە کە بتوانن لەگەڵت بێن بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسە دەربارەی گوناهەکەی. جارێکی تر، لەم قۆناغەدا، بە هیچ کەسێکی تری مەڵێن جگە لەم یەک یان دوو کەسە. ئەگەر دوای ئەم هەنگاوە، واتە هەنگاوی دووەم، ئەو باوەڕدارەی هەڵە و لادان دەکات هێشتا تۆبەی نەکردبێت، ئەوا دەبێت بچن و لەگەڵ شوانەکانی کڵێساکەتان قسە بکەن دەربارەی گوناهی ئەو کەسە. پاشان شوانەکان دەبێت بڕیار بدەن ئەگەر پێویست بێت بە شێوەیەکی گونجاو کڵێساکە ئاگادار بکرێتەوە، بەپێی مەتا ١٨.
لە هەر یەکێک لەم هەنگاوانەدا، قسەکانت دەربارەی ئەو باوەڕدارە هەڵەکارە سنووردار بکە، واتە تەنها ئەوەندە بڵێ کە پێویستە. گفتوگۆکانت دەربارەی هەڵە و لادانەکانیان بە کورتی و وریایی بهێڵەوە، و ئاگاداری تاقیکردنەوەی تەسلیمبوون بە زەم و غەیبەت و قسەوباس یان تەنانەت وردەکارییە ڕاستەقینەکان بە. وەک پەندەکانی سلێمان ١٩:١٠ دەفەرموێت: «قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.»
بۆ نموونە، لەوانەیە باوەڕدارێکی تر ببینی کە درۆ لەگەڵ کەسانی تر دەکات دەربارەی بوارێکی ژیانی خۆی. بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەم بارەیەوە بە کەس بڵێیت، خۆت بڕۆ لای ئەو باوەڕدارە و بە نەرمونیانی دەربارەی درۆکردنەکەی قسەی لەگەڵ بکە. ئەگەر ڕەتی کردەوە گوێت لێ بگرێت و ڕەتی کردەوە تۆبە بکات، تەنها ئەوکاتە دەبێت لەگەڵ یەک یان دوو باوەڕداری تر دەربارەی گوناهەکەی قسە بکەیت تاوەکو بتوانن پێکەوە پلانێک دابنێن بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەو باوەڕدارە. ئەگەر باوەڕدارە گوناهبارەکە هێشتا ئامۆژگاری ئەم گرووپە بچووکەی باوەڕدارانی ڕەت کردەوە، ئەوا بە نهێنی بارودۆخەکە لەگەڵ شوانێکی کڵێساکەت باس بکە تاوەکو ئەگەر پێویست بوو، بەرەو قۆناغی داهاتووی پرۆسەی ڕاستکردنەوەی کڵێسایی هەنگاو بنێت.
خوشک و برایان، تەنانەت ئەگەر کەسێک بە ڕاستی هەڵە بکات ، هێشتا زەم و غەیبەت و گوناهە کە لەگەڵ کەسانی تر دەربارەی ئەو باوەڕدارە قسە بکەیت، مەگەر بە وردی شوێن ڕێگای مەتا ١٨ بکەویت کە ڕێز لە شانازی و تایبەتمەندی باوەڕداران دەگرێت. کتێبی پیرۆز بانگمان دەکات بۆ ئەوەی «بە خۆشەویستییەوە ڕاستی بڵێین.» گوتنی گوناهی سەلمێنراو لە ژیانی باوەڕدارێکی تردا لەلای کەسانی تر، لەوانەیە گوتنی شتێکی ڕاست بێت، بەڵام سەرپێچیکردنی ئەم فەرمانەیە چونکە ئەو ڕاستییە بە شێوەیەکی جوان و برایانە ناگوترێت. خۆشویستنی باوەڕدارانی تر بەو مانایەیە کە ئێمە هەوڵدەدەین گوناحەکانیان تا دەکرێت بە نهێنی بهێڵینەوە، تەنانەت کاتێک یارمەتیشیان دەدەین بۆ تۆبەکردن. ئەمەیە مانای خۆشویستنی ڕاستەقینەی ئەوان. بەپێی یەکەم پەترۆس ٨:٤، «لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بەهێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت.»
ئایا لە شێوازی قسەکردنت دەربارەی باوەڕدارانی تر گوناهت کردووە؟ هاوڕێیان، هەموومان کردوومانە. بەڵام سوپاس بۆ خودا، دەتوانین پەشیمان ببینەوە و تۆبە بکەین لە هەر وشەیەکی نادروست کە گوتوومانە. دەتوانین لای خودا تۆبە بکەین و ئەگەر پێویست بوو، دەتوانین ڕاستەوخۆ لای ئەو کەسانەش تۆبە بکەین کە غەیبتمان کردوون. دەتوانین وەکو ئیشایای پێغەمبەر بڵێین: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم.» کاتێک بەم شێوەیە تۆبە دەکەین، دەزانین کە خوێنی عیسا بەهێزە بۆ پاککردنەوەمان لە گوناهەکانمان.
ئایا بە ڕاستی دەکرێت واز لە غەیبەتکردن بهێنرێت؟ ئایا کەسێک کە بەردەوام غەیبەتی خەڵک دەکات، بە ڕاستی دەتوانێت شێوازێکی نوێی قسەکردن فێر بێت کە چیتر ئەمە نەکات؟ بەڵێ، لە ڕێگەی هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە، هەر باوەڕدارێک دەتوانێت شێوازێکی نوێی قسەکردنی هەبێت کە ببێتە شایەتێکی بەهێز بۆ کەسانی تر کە خودا بە ڕاستی دەتوانێت بمانگۆڕێت.
باوەڕداران دەتوانن فێر بن پشت بە هێزی خودا ببەستن لەم بوارەدا بە نوێژکردنی بەردەوام بە زەبووری ٣:١٤١ کە دەڵێت: «ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم، دەرگای لێوەکانم بپارێزە.»
بۆ زۆرێک لە باوەڕدارانی کورد کە لە کولتورێکدا گەورە بوون کە غەیبەت تێیدا زۆر ئاسایی وەرگیراوە، ئەم نوێژه لەوانەیە پێویست بێت چەندین جار لە رۆژێکدا بیکەن. بەڵام هیوامان هەیە کە بگۆڕدرێین لەلایەن خوداوە، چونکە خودا دڵسۆزە و ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزی خۆیەوە دەتوانێت پاسەوانی دەممان بکات و ئاگاداری لێوەکانمان بێت.
قسەوباسی باوەڕداران دەربارەی باوەڕدارانی تر یەکێکە لە گەورەترین ئەو مەترسییانەی کە هاوڕێیەتی و کڵێساکان لە کوردستان وێران دەکات. بەڵام کاتێک باوەڕداران فێر دەبن بەم شێوازە نوێیە قسە بکەن، قسەکانیان دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین شایەتیەکان بۆ ڕاستی مزگێنییەکەی عیسای مەسیح.
بەڵێ، لەبری ئەوەی زمانێکمان هەبێت کە قسە بۆ تەواوی شارێک بڵاو بکاتەوە یان تەواوی ژیانمان بسووتێنێت، دەتوانین زمانێکمان هەبێت کە وەک دارێکی ژیان وابێت و ژیانمان پڕ بکات لە دانایی و ڕووناکی خودا.


