
تێڕامانێکی هەشت خاڵی لەسەر دادپەروەریی هەبوونی دۆزەخ
بیرۆکەی دۆزەخێکی هەمیشەیی بۆ زۆر کەس لەم سەردەمەی ئێمەدا قورسە کە بە تەواوی قبوڵی بکەن. جا چ لە ئەمریکا بێت یان لێرە لە کوردستان، زۆر کەس پێیان وایە کە هەبوونی دۆزەخ نادادپەروەرانەیە. بەڵام ئەمە هەمیشە بەم شێوەیە نەبووە، گەلێک کۆمەڵگا بە درێژایی مێژوو هەبوونە وەک کۆمەڵگاکانی سەدەی ناوەڕاست کە بیرۆکەی دۆزەخیان بە لۆژیکی و تەنانەت دڵنەواییکەریش زانیوە. بەڵام بۆ زۆربەی ئێمە لە ئێستادا، شتێک گۆڕاوە. زۆر باوەڕداری دڵسۆز کێشەیان هەیە لە باوەڕهێنان و هەستکردن بەوەی کە هەبوونی دۆزەخ دادپەروەرانەیە، تەنانەت ئەگەر لە مێشک و وتەکانیشیاندا جەختی لەسەر بکەنەوە.
ئەمە بە دڵنیاییەوە بۆ منیش ڕاست بووە. هەروەها بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ کوردەکانیشم بەم شێوەیە بووە بۆ چەندین ساڵ. لەم ڕووەوە، قووڵبوونەوە لەو وردەکارییانەی کە دەربارەی دۆزەخ لە کتێبی پیرۆزدا ئاشکرا کراون، سوودبەخش بووە. بە تایبەتی، ئەم هەوڵە یارمەتی دابووم کە هەم باوەڕ بهێنم و هەم بە قووڵی هەست بەوە بکەم کە هەبوونی دۆزەخ دادپەروەرانەیە.
کتێبی پیرۆز لە بەشی دواوتار بەشی ٢٩ ئایەتی ٢٩ پێمان دەفەرمووێت:
“نهێنییەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارمانە و ئەو شتانەی کە خودا بۆی ئاشکرا کردین بۆ ئێمە و نەوەکانمانە هەتاهەتایە.”
زۆر شت دەربارەی دۆزەخ هەن کە ئاشکرا نەکراون. ئێمە بۆ ئەو پرسیارانەی کە لەم ژیانەدا وەڵامیان بۆ نادۆزینەوە، پشت بە سروشتی خۆشەویستی و دادپەروەری خودا دەبەستین. بەڵام کاتێک باس دێتە سەر ئەوەی کە ئاشکرا کراوە، لێرەدا دەبێت سەرنج بدەینە ئەوەی کە نوسراوە پیرۆزەکان دەیڵێن یان ئاماژەی بۆ دەکەن سەبارەت بە ڕاستیی دۆزەخ.
ئەمەش هەشت خاڵ لەو خاڵانەن کە زۆر جار لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە حوکمدانی هەتاهەتایی دەگەڕێمەوە بۆیان:
یەکەم: سزای خودا بۆ گوناه لە سەرەتاوە بە یەک شێوە بووە و تاهەتایە بە هەمان شێوە دەبێت.
ئەو یاسایەی کە لە باخچەی عەدەن درا هێشتا ڕاستە. گوناه شایستەی مردنە ( پەیدابوون ١٧:٢، ڕۆما ٢٣:٦). خودا بە دادپەروەرییەوە ئەم یاسایە بۆ هەموو بوونەوەرێک دەپارێزێت کە تا ئێستا دروستی کردوون. باجی گوناهەکەیان بە دادپەروەرییەوە بە مردن دەدرێت، ئەمەش بە مەرگی خۆیان دەبێت.
بەڵام بۆ باوەڕداران باجەکەی تەنها مەرگی جێگرەوەیەکی قبووڵکراو، واتە عیسای مەسیحی بەرخەکەی خودا دەبێت. خودا تاهەتایە بە دادپەروەرییەوە ئەم یاسایە بەسەر هەموو تاکێکدا پیادە دەکات، ئەو لەمەدا بە تەواوی جێگیرە.
دووەم: دۆزەخ شێوەی کۆتایی مردنە.
کتێبی پیرۆز ئەوە دەخاتەڕوو کە مردن تەنها ڕووداوێکی جەستەیی یەکجاری نییە. بەڵکو مەرگ دۆخێکی ڕۆحییە کە بریتییە لە دابڕان لە خودا، سزادان و تێکچوون و وێرانبوونی بەردەوام. لەو ڕۆژەدا کە لە بەری دارەکەیان خوارد، ئادەم و حەوا بە شێوەیەکی ڕۆحی مردن بەهۆی دابڕانیان لە خودا، کە سەرچاوەی ژیانە ڕاستەقینەکەیان بوو. ئەمەش هەرچەندە مردنی جەستەییان تا سەدان ساڵ دوای ئەوە ڕووی نەدا (پەیدابوون ١٧:٢، ٥:٥). لەبەر ئەم هۆکارە، کتێبی پیرۆز دەفەرموێت کە هەموو مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان بە شێوەیەکی ڕۆحی مردوون، تەنانەت لەو کاتەشدا کە بە جەستە دەژین (ئەفەسۆس ١:٢). ئەمە تەنها کاتێک دەگۆڕێت کە تۆبە بکەن و باوەڕ بهێنن.
ئەم ڕەهەندە ڕۆحییەی مەرگ تەنها بە مرۆڤەکانەوە سنووردار نییە. خودا لە زەبووری ٨٢ بە فریشتە کەوتووەکان دەفەرمووێت کە وایان لێدەکات «وەک مرۆڤ» بمرن، هەرچەندە ئەوان مرۆڤ نیین کە بتوانن مەرگی جەستەیی ئەزموون بکەن. کتێبی “ئاشکراکردن” باس لەم دۆزەخە کۆتاییە دەکات بۆ مرۆڤ و فریشتە کەوتووەکان، و ناوی دەنێت «مەرگی دووەم»، ئەو مەرگەی کە تا هەتایە بەردەوام دەبێت (ئاشکراکردن ١٠:٢٠-١٥).
هەموو ئەمانە ئەوە روون دەکەنەوە کە بەپێی کتێبی پیرۆز، مەرگ شتێکە زۆر گەورەتر و زۆر خراپترە لە ڕووداوێکی جەستەیی یەکجاری کە ژیان کۆتایی پێدەهێنێت و بەرەو نەبوون دەروات. بەڵکو دۆزەخ شێوەی باڵای مەرگە. دۆزەخ ئەو مەرگەیە کە بە تەواوی گەیشتووەتە قۆناغی پێگەیشتن. مردنە جەستەیییەکانمان لە ئێستادا وەک نیشانە و سێبەری ئەو مەرگە هەتاهەتایی و بەردەوامە کار دەکەن کە چارەنووسی هەموو کەسێکە کە لە دژی خودا یاخی دەبێت (دانیال ٢:١٢، مەتا ٤٦:٢٥، ٢ سالۆنیکی ٩:١، ئاشکراکردن ١٤:٢٠-١٥).
دووبارە، خودا دادپەروەرە و ئەم یاسایە بۆ هەموو کەسێک بەجێگیریی جێبەجێ دەکات. بۆ باوەڕداران، مەرگی قوربانیدەرانە و دابڕانی عیسا لە باوک لەسەر خاچ مانای ئەوەیە کە ئەو مەرگە ڕۆحییەی ئێمەی خستووەتە سەر خۆی. بەم شێوەیە، یاسا و دادپەروەری خودا پڕ دەبنەوە و ئێستا دەتوانین ژیانی هەتاهەتاییمان هەبێت (یۆحەنا ١٦:٣، ڕۆما ٢٥:٣، ٢٦). تەنانەت مەرگە جەستەیییەکانمان، هەرچەندە هێشتا ناسرووشتیشە، بەڵام دەگۆڕدرێن بۆ دەرفەتێک بۆ شکۆمەندکردنی خودا و پێشوازیلێکردنمان لە ئامادەبوونی ئەودا. مردن، بۆ باوەڕدار، ئێستا قازانجە (فلیپی ٢١:١).
بەڵام، بەبێ مەسیح، هەمووان گوناهیان کردووە و شایستەی مەرگن. دۆزەخیش شێوەی کۆتایی ئەم مەرگەیە.
سێیەم: هەموو مرۆڤێک بەرەو دۆزەخ دەڕوات لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی کەسی ئەو ڕووناکییەیان کپ کردووە کە پێیان دراوە.
ڕۆما ١-٣ بە ڕوونی دەڵێت، تەواوی ڕەگەزی مرۆڤ ئەو ڕووناکییەی خودا کە هەیانبووە کپیان کردووە. پۆڵس دەفەرموێت: «١٨ لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، ١٩ چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون» (ڕۆما ١٨:١-١٩).
ئەمە ڕاستە، جا ئەم ڕووناکییە پەیامە ئاشکرا و نووسراوەکەی خودا بێت، یان تەنها ئەو ڕاستییانەی کە لە ویژدانی مرۆڤدا نووسراون و لە سروشتدا دەبینرێن. هەموومان ئەم ڕووناکییەمان کپ کردووە و لە شوێنەکەی ڕوومان کردووەتە پەرستنی شتەکانی تر. ئەمە بۆ هەموو مرۆڤایەتی ڕاستە. «هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان جوولەکە و نا جولەکە. لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا کەوتن» (ڕۆما ٢٣:٣).
جارێک هەندێک کوڕە شوان لێیان پرسیم کە ئایا من موسڵمانم یان کافر. کەمێک سەرسام بووم بە تیژیی پرسیارەکەیان، منیش بە سادەیی پێمگوتن کە مەسیحیم. بەڵام دواتر زیاتر بیرم لەوە کردەوە کە چۆن دەبوو وەڵامم دابانەوە. لەبەر ئەوەی هەموومان بە یەکسانی هەر ڕووناکییەکی خودایی کە پێماندراوە کپمان کردووە، و لەمەدا بە ئارەزووی خۆمان بووینەتە دوژمنی، کەواتە لە ڕاستیدا هەموومان کافرین، یەک بە یەکمان. ئەمە خاڵێکی دەستپێکی باشە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چۆن مرۆڤە دابڕاوەکان یان تەنانەت ئەو کەسانەی کە بە ڕووکەش باش دەردەکەون، هێشتا شایستەی ئەوەن بچنە دۆزەخەوە.
چوارەم: دۆزەخ بە دادپەروەرییەوە ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو ڕووناکییە دەبێت کە ڕەتمانکردووەتەوە.
هەرچەندە هەموو ئەوانەی کە باوەڕ ناهێنێن لە دۆزەخدا کۆتاییان پێدێت، بەڵام دۆزەخ بۆ هەموو کەسێک وەک یەک نابێت. نوسراوە پیرۆزەکان پێمان دەڵێن کە بۆ هەمووان ترسناک دەبێت، هەروەها ئەوەشمان پێدەڵێن کە دۆزەخ بۆ هەندێک لە هەندێکی تر خراپتر دەبێت. عیسا ئەمە ئاشکرا دەکات کاتێک باس لە شارۆچکەکانی جەلیل دەکات کە تۆبەیان نەکرد کاتێک هەلیان هەبوو خزمەتکاری کوڕی خودا ڕووبەڕوو ببینن (مەتا ٢٠:١١-٢٤). ئەوان دەستیان گەیشتبوو بە ئاستێکی سەرسووڕهێنەر لە ڕووناکی خودا ، کەچی ڕەتیانکردەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، حوکمەکەیان لەوەی سەدۆم و عەمۆڕا خراپتر دەبێت، کە ئەوان تەنها دەستیان بە ئاستێکی زۆر کەمتر لە ڕووناکی خودا گەیشتبوو. (دانتێ)ی نووسەر بە تەواوەتی هەڵە نییه کاتێک پێشنیاری ئەوە دەکات کە پلەی جیاواز لە دۆزەخدا هەن. لە کاتێکدا ئێمە وردەکارییەکانی نازانین، بەڵام عیسا پێمان دەڵێت کە دادپەروەری خودا بە وردی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاددەیە دەبێت کە کەسێک دەستی بە ڕووناکیی خودا گەیشتووە. زیاتر ڕەتکردنەوەی ڕووناکی یەکسانە بە زیاتر سزادان لە هەتاهەتاییدا.
ئێمە بە شێوازێکی سروشتی هەست بەوە دەکەین کە ئەوانەی هەرگیز مزگێنییان نەبیستووە لە دۆخێکی جیاوازدان بەراورد بەو کەسانەی کە لە خێزانێکی مەسیحیدا گەورە دەبن و مزگێنییەکە ڕەت دەکەنەوە. هەرچەندە هەردووکیان بەهۆی ڕەتکردنەوەی ڕووناکی سزا دراون، بەڵام دادپەروەریی وردی خودا بە شێوازێک لە شێوازەکان ڕەنگدانەوەی ئەو جیاوازییانە دەبێت کە لەوێدا هەن.
پێنجەم: هیچ تۆبە کردنێک لە دۆزەخدا بوونی نییە.
هەندێک کەس لەوانەیە وا بیر بکەنەوە کە کاتێک کەسێک دەچێتە دۆزەخ، چاوەکانی کرابنەوە و بە ڕاستگۆییەوە داوای لێبووردن لە خودا بکات، خوداش بە دڵڕەقییەوە ئەو گۆڕانەی دڵیان پشتگوێ دەخات. بەڵام بەڵگەی ئەمە لە کتێبی پیرۆزدا چییە؟ کتێبی پیرۆز پیشانمان دەدات کە دۆزەخ پڕ دەبێت لە خەمێکی جیهانی، نەک خەمی خودایی. لە نمونەی لەعازەر و دەوڵەمەندەکەدا (لۆقا ١٩:١٦-٣١)، هیچ هەستێک بەوە ناکرێت کە دەوڵەمەندەکە بە ڕاستی ملکەچ بووبێت. بەڵێ، ئەو حەز ناکات لە ئازاردا بێت و نایەوێت براکانیشی ئازاری دۆزەخ ئەزموون بکەن. بەڵام ئەوە نموونەیەکی خەمی جیهانییە – «من نیگەرانم لە گوناهەکەم چونکە لێکەوتەکانی وام لێدەکات هەست بە خراپی بکەم، کەچی خەمەکە نابێتە هۆی تۆبەکردن» (٢ کۆرنسۆس ٩:٧-١٢). دەوڵەمەندەکە هێشتا بە لەخۆباییەوە فەرمان بە لەعازەر (و تەنانەت ئیبراهیمیش!) دەکات، کە ئەمەش پیشانی دەدات کە خەمی خودایی تۆبەکردنی ڕاستەقینەی ئەزموون نەکردووە. زمانی پەیمانی نوێ سەبارەت بە گریان و جیڕەی ددانەکان، وێنەی خەمی جیهانی و پەشیمانین (مەتا ٤٢:١٣). ئەوانە وێنەی تۆبە کردن نیین. نەخێر، ئەوانەی لە دۆزەخدان هەرگیز تۆبە ناکەن، بەڵکو تاهەتایە بەردەوام دەبن لە گوناهکردن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەوان ڕۆژ بە ڕۆژ گوناهەکانیان زیاد دەکەن، لە هەمان کاتدا شایستەیی دادپەروەریی سزاکەشیان زیاد دەکەن.
شەشەم: سروشتی هەتاهەتایی هەبوونی دۆزەخ دادپەروەرانەیە لەبەر ئەوەی گوناه لە دژی خودایەکی ئەزەلی و ئەبەدی دەکرێت.
نموونەیەکی بەسوود هەیە کە دەڵێت هەبوونی دۆزەخێکی هەتاهەتایی سزایەکی ڕاستە بۆ گوناه لە دژی خودا، خودایەک کە هەتاهەتایی و بێسنوورە. سزا دەبێت لەگەڵ تاوانەکەدا بگونجێت، بەڵام هەروەها دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە گوناه لە دژی کێ کراوە. بۆ نموونە، ئەگەر من لە براکەم بدەم، لەوانەیە ئەویش لێم بداتەوە. ئەگەر لە دراوسێکەم بدەم، دەیباتە دادگا. ئەگەر لە سەرۆک بدەم، لەوانەیە لەلایەن پاسەوانەکانیەوە بە چەک بریندار بکرێم، یان بەلای کەمەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن زیندانی بکرێم. پێگەی ئەو کەسەی کە گوناهی بەرامبەر کراوە دەبێتە هۆی دەرئەنجامی جیاواز بۆ هەمان جۆر گوناه. ئێمە دەزانین کە ئەمە لەم جیهانەدا ڕاستە. کەواتە، چی دەبێت ئەگەر پەلاماری پاشا و دروستکەری گەردوون بدەین، ئەو کەسەی کە بێسنوورە؟ لەو کاتەدا ئێمە باجێکی هەتاهەتایی وەردەگرین کە لەگەڵ ئەو تاوانەدا دەگونجێت. ئەمەش خاڵێکی ترە کە لەگەڵ نەبوونی تۆبە لە دۆزەخدا، یارمەتیمان دەدات دەست بکەین بە هەستکردن بەوەی کە چۆن هەتاهەتایبوونی دۆزەخ دەکرێت دادپەروەرانە بێت.
حەوتەم: ئەوانەی لە دۆزەخدان وەک ئەوە دەرناکەون کە لێرە لەسەر زەوی دەردەکەوتن، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕیشەیی دەگۆڕدرێن بۆ شێوەیەک کە سروشتی ڕاستەقینەیان دەخاتەڕوو و لەگەڵ ژینگەی هەتاهەتاییان دەگونجێت.
یەکێک لە دڵتەنگییەکانمان ئەوەیە کاتێک کە وێنای ئەندامێکی خێزانەکەمان دەکەین یان هاوڕێیەک کە بێباوەرە و لە دۆزەخە. ئەو دڵتەنگیەشمان لەجێی خۆیدایە چونکە هەموو مرۆڤێک لەسەر وێنەی خودا درووست بووە (پەیدابوون ٦:٩).
سەرباری شکاوی وێنەی خودا لە ئێمەدا، هەموو مرۆڤێک شایەنی رێزلێگرتن و پێدانی سۆزە، سەرەڕای ئەوەی کە بە سرووشت گوناهبارن. بەڵام ئەم سەردەمەی کە تیایدا گوناه و بەهای مرۆڤایەتی تێکەڵ بە یەکدی بوون، کاتییە. کاتێک دێت کە هەموو یەکێک لە ئێمە دەگۆڕدرێین (یەکەم کۆرنسۆس ٥٢:١٥).
ئەم گۆڕانکارییە، سروشتی ڕاستەقینەی ئێمە دەخاتەڕوو، کە ئێمە بە ڕاستی کوڕی کێین، نەوەی خودا یان نەوەی شەیتان. وا دەردەکەوێت کە ئەم گۆرانکاریانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی تا رادەیەک بە نیوەیی لە دوای مردن دەبێت، دواتر بە شیوازێکی تەواو لە هەستانەوەی داهاتوومان کاتێک باوەردار و بێباوەر بە جەستەی نوێ هەڵدەستێنرێنەوە. (دانیال ٢:١٢، یۆحەنا ٢٨:٥-٢٩، کردار ١٥:٢٤، ئاشکراکردن ٥:٢٠).
ئایا تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە کە خودا چ جۆرە جەستەیەک دەداتە ئەوانەی بۆ سزای هەتاهەتایی هەڵدەستێنرێنەوە؟ هەستانەوە لە زمانە ڕەسەنەکانی نووسراوە پیرۆزەکاندا هەمیشە بە مانای جەستەداربوون دێت. وا دەردەکەوێت کە خودا، وەک هەمیشە، جەستەیەک دەداتە دانیشتووانی دۆزەخ کە بۆ ژینگەکەیان گونجاو بێت. کەڕوبەکان و سەرافیم بۆ هۆڵی پاشایەتی ئاسمان دروستکراون، بۆیە جەستەیان ڕەنگدانەوەی ئەمەیە، بە باڵ و چاو و ئاگر داپۆشراون کە گونجاوە لە ئامادەیی خودا. ماسییەکان بە پەڕ و پولەکانیانەوە بۆ ئەوە درووستکراون کە بتوانن لە دەریادا بژین. باڵندەکان بە باڵەکانیانەوە بۆ ئەوە درووستکراون کە بتوانن بە ئاسماندا بفڕن. مرۆڤەکان دروستکراون بۆ ئەوەی ببنە باخەوان، پەرستشکار، پاشا، ئەمەش بە روونی لە جەستە و رۆحماندا رەنگدەداتەوە. ئەم بنەمایەی کە بەسەر دۆزەخدا جێبەجێ دەکرێت ئەوە دەگەیەنێت کە جەستە بەخشراوەکانی دوای هەستانەوەی ئەوانەی لە دۆزەخدان هەر شێوەیەکیان هەبێت، ئەگەر بتوانین بیبینین، ئەوا پشتڕاستی دەکەینەوە کە چەندە گونجاون بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە خەیاڵی ئەوە دەکەین کە ئەوانەی لە دۆزەخدان جەستەیان وەکو ئەوەی سەر زەوی دەبێت، ئەمەش وا لە ئێمە دەکات هەست بکەین کە شتەکان لەم وێنەیەدا ناگونجێن پێکەوە. ئەمەش ڕاستە، لەبەر ئەوەی ئەو جەستەیەی کە هەریەکەمان هەمانە بۆ ئەم زەوییە گونجاوە، نەک بۆ ئاسمان یان دۆزەخ.
نووسەر سی. ئێس. لويس لە وتارەکەیدا بە ناوی قورسایی شکۆ (The Weight of Glory)، تیشک دەخاتە سەر ئەم گۆڕانکارییەی داهاتوو کە دەبێتە هۆی ئەوەی باوەڕداران و بێباوەڕان ببنە ئەو کەسەی کە بە ڕاستی هەن:
“بیرت نەچێت کە سادەترین و بێزارکەرترین ئەو کەسەی کە قسەی لەگەڵ دەکەیت لەوانەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە بونەوەرێک کە ئەگەر ئێستا بینیت، زۆر حەزت لێدەبێت بیپەرستیت، یان ئەوەتا ترس و تێکچوونێک دەبێت کە ئێستا، ئەگەر لە هەر شوێنێکیش بێت، تەنها لە خەوێکی ناخۆشدا دەبینرێت. بە درێژایی ڕۆژ، هەمومان بە ڕادەیەک، یارمەتی یەکدی دەدەین بۆ یەکێک لەم دوو چارەنووسە… ئەوانەی ئێمە گاڵتەیان لەگەڵ دەکەین، کاریان لەگەڵ دەکەین، هاوسەرگیرییان لەگەڵ دەکەین، پشتگوێیان دەخەین و بەکاریان دەهێنین، هەموویان نەمرن – نەمرێکی ترسناک یان خاوەن شکۆیەکی هەتا هەتایی…”
لێکۆڵەر ئانتۆنی هووکەما (Anthony Hoekema) بەهەمان شێوە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چی رودەدات بەسەر وێنەی خودا لە باوەڕداران، لەم کتێبەیدا بە ناوی «دروستکراو لەسەر وێنەی خودا» (Created in God’s Image). هووکەما لە نوسراوە پیرۆزەکانەوە دەریدەخات کە چۆن ڕۆژێک لە ڕۆژان وێنەی خودا لە باوەڕداراندا کامڵ دەبێت، و پاشان بە شێوەیەک دەگاتە ئەوپەڕی تەواوەتی کە تەنانەت تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەوەشدا کە ئادەم هەیبوو. وەک ئۆگەستین بە زمانی لاتینی نووسیویەتی Non posse peccare، کە بە مانای «ئیتر توانای گوناهکردنی تێدا نییە» دێت. مرۆڤایەتی شکۆمەندکراو بە تەواوی دەچێتە ناو «سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.» (ڕۆما ٢١:٨).
بەڵام دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین کە باوەڕداران و بێباوەڕان لە درێژەی کتێبی پیرۆزدا لەسەر دوو ڕێڕەوی پێچەوانەن. ئەوەی لەنێو رزگاربووەکاندا لە مێژووی ڕزگاریدا ڕوودەدات، هەمیشە بە شێوەیەکی نەرێنی لەنێو ونبووەکاندا ڕەنگدانەوەی دەبێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کە شتێک هەیە بەسەر ونبووەکاندا دێت کە پێچەوانەی شکۆمەندکردنە. ئەمە بیرۆکەیەکی ترسناکە. پێدەچێت وێنە شکاوەکەی خودا لەنێو بێباوەڕاندا لەو ڕۆژەدا بە تەواویی لەدەست بچێت، و بە تەواویی جێگەی بگیرێتەوە بە وێنەی شەیتان، ڕۆح و جەستەشیان ئەمە پیشان دەدەن، هەروەک چۆن ڕۆح و جەستەی ئێمە بە وێنە شکۆمەندکراوەکەی خودا وەک ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە تا هەتاهەتایە. “چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.” (مەتا ١٢:١٣). لە دۆزەخدا هیچ شتێکی باش بوونی نابێت. لەبەرئەمە، سروشتی مرۆڤ لە دۆزەخدا هیچ شتێکی باشی تێدا نامێنێت.
ئەگەر بمانتونیبوایە بێباوەڕان ببینین کە ئێستا لە دۆزەخدان، یان ببینین لەو شێوەیەی کە لە دۆزەخدان لە ئاسمان و زەویی نوێدا، ئەوا هەستمان دەکرد کە ئەوان لەو شوێنەن کە بە ڕاستی هی ئەوانە. هەموو شتێکیان رەنگدانەوەی ئەمەیە. هەروەک چۆن رۆحە پیسەکان بە ئاشکرا هی دۆزەخن، فریشتەکانیش بە ئاشکرا هی ئاسمانن. باوەڕدارە شکۆمەندکراوەکانیش بە شێوەیەکی تەواو لە زەوییە نوێیەکەدا دەگونجێندرێن.
هەشتەم: هەستکردنمان بە ناداپەروەری هەبوونی دۆزەخ، دەرخەری ئەوەیە کە چەند بە بچووکی لە جددیەتی گوناه تێدەگەین.
ئێمە هەست بەوە ناکەین کە دۆزەخ دادپەروەرە، چونکە ئێمە گەلێکین کە چاومان کوێر بووە لەوەی بزانین گوناه بە ڕاستی چەندە خراپە. یان، لە سۆنگەی باوەڕدارانەوە، ئێمە کەسانێکین کە خەریکە لەو کوێربوونە چاک دەبینەوە. ئەگەر خودا ڕێگەی بدایە بە تەواوی تاریکی گوناه لە سروشتەکەماندا و لە کردارەکانماندا ببینین، ئەوا بە هەمان شێوە کێشەمان لەگەڵ دادپەروەری هەبوونی دۆزەخدا نابێت. لە ڕاستیدا، لەوانەیە زیاتر کێشەمان لەگەڵ سروشتی سەرسوڕهێنەری لێبووردەیی خودادا هەبێت. بۆ من سەیرە کە نەوەکانی پێشوو کە زیاتر بەر ئازار و ستەم کەوتبوون، کێشەی کەمتریان هەبوو لەگەڵ بیرۆکەی دۆزەخێکی هەتاهەتاییدا. وەک ئەوەی دەرفەتیان هەبووبێت بە ڕووناکی زیاتر ببینن کە گوناه بە ڕاستی چەندە خراپە. بۆیە هەستەکانیان سەبارەت بە دادپەروەری و دۆزەخ باشتر لەگەڵ ئەوەی کە لە وشەی خودادا ئاشکرا کراوە ڕێکخرابوون.
گوناه ئەوەندە خراپە کە کە وامان لێدەکات شایستەی ئەوە نەبین لە ئامادەبوونی خودادا بین، بەڵام لەوە زیاتر، ناگونجاویمان تێدا درووست دەکات. خودی بوونی ئێمە وەک بوونەوەرێکی گوناهبار ناتوانێت نزیک ببێتەوە لە بوونی خودا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی مەرگی هەتاهەتایی ببێتەوە. ئەو خودایەکی پیرۆزە، ئاگرێکی لوشدەر و بەتینە (ئیشایا ١٤:٣٣، عیبرانییەکان ٢٩:١٢). ئەمە سروشتی خودایە. دادپەروەرییەکەی بەپێی سروشتی خۆی بۆ هەتاهەتایە گوناه دەسووتێنێت و ئازاری دەدات. واتە، مەگەر ئەوەی بگۆڕدرێین بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ ئەو ئاگرەدا بگونجێین.
ئەمەیە ئەوەی کە لە مزگێنییەکە بەڵێنی پێدراوە، نەک تەنها لێبووردن بەڵکو گۆڕانکاریش. ئێمە دەگۆڕدرێین بۆ ئەوەی ئاگرە پیرۆزەکەی سروشتی خودا بۆ هەتاهەتایە ئازارمان نەدات و ئەشکەنجەمان نەدات، بەڵکو لە جیاتی ئەوە بە جوانییەکەی دڵخۆشمان بکات و هێزمان پێ ببەخشێت (ئیشایا ١٥:٣٣-١٧، ١ یۆحەنا ٢:٣). ئێمە تا هەتایە ستایشی دەکەین، چونكە لە کۆتاییدا بە ڕوونی دۆزەخ دەبینین بۆ ئەو دادپەروەرییە گونجاو و وردەی کە بە ڕاستی هەیەتی.
بەڵێ، ڕۆژێک دێت کە سەبارەت بە دادپەروەری خودا لەسەر خراپەکاران لە دۆزەخدا دەڵێین: «هەلیلویا! دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە!» (ئاشکراکردن ٣:١٩). کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئەوا لەبەر ئەوە دەبێت کە چاوەکانمان لە کۆتاییدا بە تەواوی کراونەتەوە. ئێمە دادپەروەری ورد و گونجاوی خودا دەبینین. دەزانین و هەست دەکەین کە ئەوە چەند باشە.


