
تێگەیشتن لە ئەرکە مەزنەکە
“دەرگا بە دەرگا بڕۆن ئەوە رابگەیەنن کە عیسا مەسیحەکەیە، و بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لەئاویان هەڵبکێشن.” هەموو ڕۆژێک بیری خۆم و هاوڕێکانی تیمەکەمم دەخستەوە لەکاتی کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی پێشووم کە کاری خزمەتەکەم لە رێگەیەوە دەکرد. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە من لە تورکیا بووم و دواتریش هاتمە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە یەکەم نیگامدا ئەمەم وەک ئەو ئەرکە مەزنە دەبینی کە پەروەردگارمان بانگەوازی هەموو باوەڕدارەکان دەکات بۆ جێبەجێکردنی. ئەو ئەرکە مەزنە ئەوەیە کە مەسیح لە مەتا ٢٨: ١٨-٢٠ باسی دەکات:
“هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن، فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.”
کاتێک قوڵتر لەو ئەرکە مەزنە و کڵێسای تەندرووست تێگەیشتم بەپێی کتێبی پیرۆز و بیرم لە ئەزموونی خۆم لە خزمەتکردن دەکردەوە، زانیم کە ئارەزووی مرۆڤ چەندە دەتوانێت کاریگەری لەسەر خزمەتکردن و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەرکە مەزنەکە هەبێت. مەبەستم لە کڵێسای تەندرووست بەپێی کتێبی پیرۆز بریتییە لەو کڵێسایانەی کە لەلایەن پیرەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن و لەلایەن خزمەتکارانیشەوە خزمەت دەکرێن، و نانلەتکردن و لە ئاوهەڵکێشانی تێدا بەڕێوە دەچێت و ڕاستکردنەوەی کڵێساییان هەیە و بەها بە ئەندامێتی دەدەن.
لە ئەزموونی خۆمەوە بۆ کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە مەزنەکە، زۆر شێوازی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە مەزنەم بینیوە کە زیاتر بە دانایی مرۆڤەوە جێبەجێ دەکرێ نەک بە دانایی خوداوە. هەروەها ئەو پلانانەشم بینیوە کە لە خواست و ویستی خودا لایانداوە. من شایەتحاڵی تێنەگەیشتنێکی بەربڵاوم سەبارەت بە ئەرکی کڵێسا و خودی کڵێسا و تەنانەت خودی مەسیحیش. ئامانجی ئەم وتارە ڕوونکردنەوەی تێگەیشتنێکی ئینجیلییە لە ئەرکە مەزنەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر کارکردنی کڵێسای ناوخۆیی.
هەموو دەسەڵاتێک
لە سەرەتدا، دەبێت لەوە تێبگەین کە دەسەڵاتی مژدەبەر لە کوێوەوە دێت. دەبێت راستییەک لە کتێبی پیرۆزەوە وەبیر هەموو کڵێسا و باوەڕداران بخرێتەوە کە کاتێک کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک وەک مژدەبەر دەنێرن، ئەوان بە دەسەڵاتی خۆیان ناچن، بەڵکو بە دەسەڵاتی کڵێسایەکی ناوخۆییەوە دەچن. بەڵام کڵێسای ناوخۆیی لە کوێ ئەو دەسەڵاتەی وەرگرتووە؟ لە خودی عیسای مەسیحەوە. لە مەتا ١٦ کاتێک عیسا قسەی لەگەڵ قوتابییەکانی دەکرد، پێناسەیەکی ڕوونی بۆ کڵێسا خستەڕوو. کڵێسایەکی ناوخۆیی کە دەسەڵاتی لە مەسیح وەرگرتووە دەتوانێت کلیلی شانشینی خودا بەکار بهێنێت بۆ داخستن و کردنەوە.
دواتر لە مەتا ١٨دا پرۆسەی راستکردنەوەی کڵێسایی دەبینین، کە بریتییە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی کڵێسا ناوخۆییەکان کە لەلایەن مەسیحەوە پێیاندراوە. بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کە عیسای مەسیح بە کڵێسا ناوخۆییەکانی داوە تەنها بۆ ڕاستکردنەوەی کڵێسایی نییە، بەڵکو بۆ جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی ئەرکە مەزنەکەشە. دەستەواژەی “هەموو دەسەڵات” لە مەتا ٢٨: ١٨ کرۆکی ئەرکە مەزنەکەیە، ئەمەش تێگەیشتنی کڵێسا دادەمەزرێنێت لەبارەی دەسەڵاتەکەی و بەڕێوەبردنی ئەرکە مەزنەکە. کاتێک عیسا ڕایدەگەیەنێت، “هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ.” بەمە مەسیح بانگەشەی حوکمڕانییەکەی دەکات لەسەر هەموو نەتەوەکان.
ئەم دەسەڵاتە بە زۆر دەستی بەسەردا نەگیراوە، لەلایەن مرۆڤەکانیشەوە نەبەخشراوە، بەڵکو لەلایەن خودای باوکەوە دوای مردن و زیندووبوونەوەی مەسیح دراوە بە مەسیح. واتە هیچ کایەیەکی وەک کایەی ڕۆحی و سیاسی و کولتووری یان کەسی لە دەرەوەی حوکمڕانی مەسیح نییە. بۆ کڵێساکانی ئەمڕۆ، ئەم ڕاستییە هەم دڵنەواییان دەکاتەوە و هەمیش راستیان دەکاتەوە. دڵنەوایی بە باوەڕداران دەدات چونکە سەرکەوتووبوونی ئەرکی بە قوتابیکردن ناوەستێتە سەر مرۆڤێک یان زۆری ژمارەی ئەندامانی کڵێسا یان شارەزایی کەلتوری ئەو ناوچەیە، بەڵکو دەکەوێتە سەر دەسەڵاتی مەسیح.
لە هەمان کاتدا ئەم ڕاستییە کڵێسا راستدەکاتەوە کاتێک ئەو دەسەڵاتە بۆ قۆرخکاری دەهێنێت. ئەم دەسەڵاتەی کە مەسیح بە کڵێسای داوە نابێت بەکاربهێنرێت قۆرخکاری و بەرژوەندیی تەسکی کڵێساکە. ئەم دەسەڵاتە داوا لە کڵێسا دەکات بە دڵسۆزی و بێفیزییەوە خزمەت بکات و خەڵک فێر بکات و لەئاویان هەڵبکێشێت.
هەروەها “هەموو دەسەڵات” کڵێسا لە ترس دەپارێزێت. گۆڕینی حکومەتەکان و دابەزینی پێگەی کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردن دەسەڵاتی مەسیح پووچەڵ ناکەنەوە. لەبەرئەوەی دەسەڵاتی کڵێسا هی خودی کڵێسا نییە، بەڵکو هی مەسیحە، بۆیە کڵێسا تەنها دەسەڵاتی مەسیح رادەگەیەنێت. لە هەموو سەردەمێکدا، کڵێسا بە متمانەوە دەژی و قسە دەکات و ئازار دەچێژێت، چونکە مەسیح حوکمڕانی گەلەکەی دەکات و هەرگیز وازیان لێ ناهێنێت.
بڕۆن
لە مەتا ٢٨: ١٨-٢٠، وشەی “بڕۆن” ڕۆڵێکی بەهێزی هەبووە لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەرکە مەزنەکە. بۆ زۆرێک لە باوەڕداران ئەم تاکە وشەیە بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن و مزگێنی مەسیح ببەنە ناو نەتەوەیەکی تر. بە دڵنیاییەوە بەرەوپێشچوونی ئەرکە مەزنەکە پەیوەستە بە بەردەوام ناردنی پیاوان و ژنانی باوەڕدار بۆ نەتەوەکانی جیهان تا مزگێنی بدەن و باوەڕدارانی نوێ لەئاوهەڵبکێشن.
بەڵام دەبێت وریا بین کە لاهوتی خۆمان بۆ ئەرکە مەزنەکە لەسەر لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەم وشەیە بنیات نەنێین. ئینجیلی مەتا بە زمانی یۆنانی نووسراوە نەک بە زمانی عیبری. کاتێک لەم زمانە دەکۆڵینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە وشەی “بڕۆن” (poreuthentes) لە زمانی یۆنانیدا فەرمان نییە و بە مانای”بڕۆن” نایەت بە تەنیا، بەڵکو ئەگەر لە ئەسڵی وشە یۆنانییەکەوە وەریبگێڕین بە مانای ئەوە دێت “کاتێک دەڕۆن” یان “لە کاتی رۆیشتندا.” بۆیە فەرمانە سەرەکییەکە لەم ئایەتە “بڕۆن” نییە، بەڵکو ئەمەیە “کاتێک دەڕۆن، بەدەم رۆیشتنەوە خەڵک بکەنە قوتابی.”
بۆیە ئەم ئایەتە تەنها تەرکیز لەسەر ڕۆشتن ناکاتەوە، بەڵکو تەرکیزی لەسەر بە قوتابیکردنە لە چوارچێوەی ڕۆشتندا. ئەم جیاکارییە گرنگە چونکە زۆرێک لە ڕێکخراو و دەزگاکانی مزگێنیدان و باوەڕدارانی دڵسۆز زیاتر جەختیان لەسەر فەرمانی “بڕۆن” کردووەتەوە، کەمتر گرنگی بە بڕگەکانی دیکەی ناو بەشەکە دەدەن وەک کردنی خەڵک بە قوتابی مەسیح و فێرکردنیان و لەئاوهەڵکێشانیان. ئەم تێنەگەیشتنە کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەرکە مەزنەکە، چونکە موژدەبەرەکان بە تەواوی لە هەموو رەهەندەکانی ئەرکە مەزنەکە تێنەگەیشتوون. رۆیشتن تەنها رەهەندێکی ئەرکە مەزنەکەیە نەک هەمووی.
خەڵک بکە قوتابی
تێگەیشتن لەم فەرمانە، واتە رۆیشتن و کردنی خەڵک بە قوتابی، پرسی ناردنی موژدەبەر و ژیانی کڵێسا سەرلەنوێ لە قاڵب دەداتەوە. ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەرکەکە تەنها بۆ ئەو کەسانە نییە کە سنوورەکان دەبڕن، بەڵکو بۆ هەموو باوەڕدارێکە لە هەموو شوێنێکدا. دەبێت باوەڕداران لەو شوێنانەی خۆیان کە تێیدا دەژین و کاردەکەن و ئازار دەچێژن و خزمەت دەکەن خەڵک بکەنە قوتابی. سەرکەوتنی ئەرکە مەزنەکە بە مەودای ڕۆیشتن یان ژمارەی نێردراوان ناپێورێت، بەڵکو بە جێبەجێکردنی دڵسۆزانەی هەموو رەهەندەکانی ئەرکە مەزنەکەوە دەپێورێت.
هەموو باوەڕدارێک وەک پۆڵسی نێردراوی خودا بانگ نەکراوە بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام هەموو باوەڕدارێک بانگ کراوە بۆ ئەوەی لەم ئەرکەدا بژی. فەرمانی عیسا لە مەتا ٢٨ بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت هەموو باوەڕدارێک لە ژیانی رۆژانەیاندا (واتا لە کاتی ڕۆیشتندا) خەڵک بکەنە قوتابی. کەوایە ئەو شارەی خۆم کە تێیدا دەژیم جێگایەکی لاوەکی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، بەڵکو ئەویش سەرەکی و گرنگە.
جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە لەو شارانەی کە تێیدا دەژین پەیوەستە بە ژیانی دڵسۆزانەمان بۆ مەسیح و مزگێنیدان بە نزیکەکانمان. باوەڕداران ئینجیل دەڕازێننەوە بە ژیانی پیرۆزی خۆیان لە شوێنی کار و لە قوتابخانە و لە نێوان دراوسێکان و لەناو خێزان و خزم و کەسیاندا. مزگێنیدان بە شێوەیەکی سروشتی لە پەیوەندییەکانەوە گەشە دەکات کە بە خۆشەویستی و دەستپاکی و خزمەتکردنەوە تایبەتمەندن. میوانداری و گوێگرتن و ژیان بە ئارامگرییەوە لەگەڵ خەڵکدا، پراکتیزەیەکی بەهێزی ئەرکە مەزنەکەیە بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ مزگێنیدان.
لە کڵێسای ناوخۆییدا، ئەرکەکە ئەو کاتە جێبەجێ دەبێت کە کڵێسا پرسی بە قوتابیکردن لە پێشینەدا دابنێت. ئامانجی سەرەکیمان فێرکردنی باوەڕدارانە کە گوێڕایەڵی مەسیح بن، دەبێت ئامادەیان بکەین و هانیان بدەین تا بە دڵسۆزی بمێننەوە. ئەم ئەرکە مەزنە تەنها بە بڕینی سنووری وڵاتان جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو بەو جۆرە جێبەجێ دەبێت کە باوەڕدارەکان بە دڵسۆزی بمێننەوە و بەردەوام بن لەو شوێنەی کە بۆی دەچن.
لە ئاو هەڵکێشان بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز
لە ئاو هەڵکێشان بریتییە لە نیشانەیەک کە لە رێگەیەوە باوەڕدارێک دان بەوەدا دەنێت کە بەڕاستی باوەڕی بە چی هەیە. لە ڕێگەی تۆبە و باوەڕهێنان بە عیسا مەسیح، مرۆڤ دەبێتە برا یان خوشک لەگەڵ یەکتری لە خێزانی خودادا. ئێمە ئەمە بە فێرکاری لە کردار ٢ دەبینین. دوای وتاری ڕووبەڕووبوونەوەی پەترۆس بۆ جولەکەکان، خەڵکەکە پرسیاریان کرد: “چی بکەین؟” پەترۆسیش وەڵامی دایەوە: “تۆبە بکەن و با لە ئاوهەڵبکێشرێن.” پاشان کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت: “ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی، لەتکردنی نان و نوێژکردن” (کردار ٢: ٤٢).
باوەڕدارێکی نوێ جا لە واشنتۆن دی سی، یان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بێت، لەئاوهەڵکێشان دانپێدانانی بینراوی باوەڕەکەیەتی. بە درێژایی سیپارەی کردار دەبینین کە لەئاوهەڵکێشان یەکەم کردەوەی گوێڕایەڵی بووە بۆ باوەڕداران و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. نوقم بوون لە ئاودا بەناوی سێیانەی پیرۆزەوە پەیامێکی بەهێز ڕادەگەیەنێت. ئەم گوێڕایەڵییە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە خودای باوک پلانی ڕزگاربوونی داناوە، کوڕی خودا کاری ئەم ڕزگارییەی تەواو کرد لە ڕێگەی خوێنی ڕژاوی خۆیەوە و ڕۆحی پیرۆزیش ئەمڕۆ بەردەوام ئەم رزگارییە بە دیاری بە خەڵک دەبەخشێت بۆ شکۆمەندی خودا.
فێرکاری
کاتێک مرۆڤ دان بە گوناهەکەیدا دەنێت و باوەڕ بە مەسیح دەهێنێت و لەئاوهەڵدەکێشرێ، دەبێت فێریش بکرێت. عیسا فەرمان بە کڵێسا دەکات کە بیانکاتە قوتابی بە فێرکردنیان “کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە رامسپاردوون.” فێرکردن بەردی بناغەی بە قوتابیبوونە، چونکە تەنها کتێبی پیرۆز دەسەڵاتی کۆتاییە بۆ باوەڕ و کرداری باوەڕداران.
فێرکردن تەنها گواستنەوەی نەریتی ئایینی نییە، بەڵکو لێکدانەوەی دڵسۆزانەیە بۆ وشەی خودا بە ئامانجی گوێڕایەڵی و گۆڕانکاری. لەوانەیە لە شێوەی بانگەشەی گشتی بێت، وەک ڕاگەیاندنی پەترۆس بۆ خەڵک لە ڕۆژی پەنجایەمین، یان ڕێنمایی کەسی، وەک لە خزمەتکردنی ئاکویلا و پریسکیلادا دەبینرێت.
فێرکردن خۆی پرۆسەیەکە و کاتێک بیر لەوە دەکەینەوە کە فێرکردنی هەموو ئەو شتانەی کە پەروەردگار فەرمانی پێکردووین مانای چییە، تێدەگەین کە ئەوە کارێکە دەبێت تا کۆتایی ژیان لەگەڵمان بێت. بیهێنە بەرچاوت قوتابییەکی پۆلی پێنجەم کە نەتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت. رەنگە ئەو قوتابییە تەمبەڵ بێت. بەڵام لەهەمان کاتدا دەکرێ لاوازی ئەم قوتابییە پەیوەست بێت بە لاوازی ئاستی فێرکاری قوتابخانەکە. کڵێسا بەرپرسیارێتی فێرکردنی باوەڕدارانی نوێ لە ئەستۆ دەگرێت. لەگەڵ گەشەکردنی خۆشەویستییان بۆ خودا و گەلەکەی و فێربوونی کتێبی پیرۆز و پێگەیشتن لە باوەڕدا، باوەڕداران قووڵتر و قووڵتر بەرەو راستییەکان ئاڕاستە دەکرێن. پێویستە وەک پۆڵس نوێژ بکەین، کە باوەڕداران لەرووی رۆحییەوە بەهێز ببن، مەسیح لە ڕێگەی باوەڕەوە لە دڵیاندا نیشتەجێ بێت، خۆشەویستی مەسیح بناسن کە لە زانست تێدەپەڕێت و پڕ بن لە هەموو پڕیی خودا. ئەمە ئەو ئەرکە بەردەوامەیە کە مەسیح بە کڵێساکەی سپاردووە.
تا کۆتایی جیهان
عیسا بە بەڵێنێک کۆتایی بە ئەرکە مەزنەکە دەهێنێت و دەفەرموێت: “دڵنیابن من هەموو رۆژێک لەگەڵتان، هەتا کۆتایی زەمان.” ئەم دڵنیاییە ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی خوایی و زیندووبوونەوەی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەو کەسەی قوتابییەکانی دەنێرێت دوور نییە لێیان، بەڵکو بە ڕۆحی خۆی لەگەڵیان ئامادەیە. بوونی مەسیح بەند نییە بە هێزی مرۆڤ یان کولتوور یانیش بارودۆخەوە، بەڵکو بەندە بە دڵسۆزییە نەگۆڕەکەی خۆیەوە.
لە تەواوی کتێبی پیرۆزدا، کاری ڕزگاری خودا پەیوەستە بەو بەڵێنەی کە بە گەلەکەی داوە. لە مەسیحدا ئەم بەڵێنە دەگاتە تەواوی ئاستی خۆی – ئیمانوێل، “خودا لەگەڵمانە”. بۆ کڵێسا ئەمە بەو مانایەیە کە گوێڕایەڵی فەرمانی مەسیح هەرگیز بە تەنیا ئەنجام نادرێت. بوونی مەسیح باوەڕداران دەپارێزێت و بەهێزیان دەکات و ڕاستیان دەکاتەوە و لەگەڵیانە کاتێک مزگێنییەکەی رادەگەیەنن تا ئەو رۆژەی کە بە شکۆوە دەگەڕێتەوە.
دەرئەنجام
ئەرکە مەزنەکە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەرکی کڵێسا لە دەسەڵاتی مەسیحەوە سەرچاوە دەگرێت و بە بوونی ئەو بەردەوام دەبێت. ئێمە بانگهێشت نەکراوین بە سادەیی بڕۆین، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بەڕاستی مزگێنی بدەین و خەڵک بکەینە قوتابی مەسیح و باوەڕدارانی نوێ لەئاوهەڵبکێشین و فێریان بکەین کە چۆن گوێڕایەڵی فەرمانەکانی مەسیح بن.
ئەم ئەرکە مەزنە بە هێزی مرۆڤ یان ستراتیژی زیرەکانە کار ناکات، بەڵکو بە گوێڕایەڵی بێفیزانە و متمانەمانە بە پەروەردگاری زیندووبووەوە لە گۆڕ. جا ئێمە ئەگەر بنێردرێین بۆ وڵاتێکی تر یان لە وڵات و کۆمەڵگاکانی خۆمان بمێنینەوە دەبێت دڵسۆزانە ئەم ئەرکە ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەش مەسیح لەگەڵمانە. بەم دڵنیاییەوە کڵێسا بە متمانە و کۆڵنەدان و هیواوە بەردەوامە لە ئەرکە مەزنەکە تا مەسیح بە شکۆمەندی خۆیەوە دەگەڕێتەوە.


