
ئایە باوەڕدار دەتوانێت مەشروب بخواتەوە؟
پەندێکی کوردی هەیە کە دەڵێت:
“هەمووشت بە خوێ و خوێش بە مانا”
دانایی ئەم پەندە پێمان دەڵێت کە چۆن دەکرێت شتێکی باش (وەک خوێ) ببێتە شتێکی خراپ ئەگەر بە شێوەیەک یان ڕێگایەکی باش بەکارنەهێندرێت.
ئەمەش پەندێکی باشە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە کتێبی پیرۆز چیمان فێردەکات لەسەر خواردنەوەی کحولی. لە کتێبی پیرۆز هیچ یاسایەکی روون نییە سەبارەت بەوەی کە باوەڕدار مەشروب بخواتەوە یان نا. لەجیاتی ئەوە، کتێبی پیرۆز سێ بنەمای دانایانەمان دەداتێ کە لەرێگەیەوە باوەڕدار دەتوانێت بڕیار بدات چۆن خودا شکۆدار بکات کاتێک دێتە سەر پرسی خواردنەوە یان نەخواردنەوەی مەشروب.
١) دیارییەکی چاک
بنەمای یەکەم ئەوەیە کە کحول دیارییەکی چاکە لە خوداوە. کتێبی پیرۆز ئەوە دەڵێت کە خودا مەی بە مرۆڤ بەخشی بۆ ئەوەی دڵی خۆش بکات. کتێبی پیرۆز دەڵێت کە دەبێت کەسی دانا چێژ لەو دیارییە چاکە ببینێت.
زەبووری ١٠٤: ١٤ – ١٥ دەڵێت:
“گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت،
سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ،
بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی،
ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی،
نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ”
هەروەها ژیرمەندی ٩: ٧ دەڵێت: “بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە.”
زۆر ئایەتی کتێبی پیرۆز مەی بەکارهێناوە وەک سیمبووڵی بەرەکەت، بەخشندەیی، دڵسۆزی خودا بۆ بەڵێنەکانی (ئیشایا ٦:٢٥). لەبەرئەوە، دەبینین کە یەکەم پەرجووی عیسا لە ئینجیلی یۆحەنا بەشی ٢ مەسیح ئاوەکە دەگۆڕێت بۆ شەرابێکی زۆر خۆش. هەروەها عیسا شەرابی هەڵبژارد تاکو ببێتە سیمبووڵی دوا شێو کە کڵێسا بۆ یادکردنەوەی لەخاچدانی بەکاریدەهێنێت. هەروەها بەڵێنیدا کە دووبارە لە پاشایەتی ئاسمان لەگەڵمان دەیخواتەوە (مەتا ٢٦: ٢٦-٢٩).
هەندێک لە مامۆستایانی مەسیحی دەڵێن کە مەی لەو سەردەمە دێرینەی ئیسرائیلدا بەبێ کحول بووە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. چونکە پڕۆسەی چۆنیەتی دروستکردنی شەربەتی ترێ بەبێ کحول تاکو ساڵی ١٨٦٩ نەدۆزرابووەوە. کەوایە ئەو شەرابەی کە خەڵک لە سەردەمی پەیمانی کۆن و پەیمانی نوێ دەیانخواردەوە کحولی تێدابووە، هەرچەندە ئەو شەرابەی ڕۆژانە خواردراوەتەوە بەزۆری لەگەڵ ئاو تێکەڵ کراوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە هێندەی شەرابی ئەمڕۆ بەهێز نەبووە، بەڵام ئەوەندەش کحولی تێدابووە کە کەسێک سەرخۆش بکات، بەتایبەت ئەگەر زۆریان بخواردباوە. چونکە ئەوکات هەر شەرابێک ئەگەر بەڕێژەی ٪٣ تا ٥ کحولی تێدابوایە و زۆر بخوراباوە، دەکرا کەسەکە سەرخۆش بکات. لەڕاستیدا، زۆر ئایەت هەیە لە کتێبی پیرۆزدا ڕوونی دەکاتەوە کە کەسێکی جولەکە دەکرێت سەرخۆش بێت ئەگەر لە ڕادەبەدەر شەراب بخواتەوە (پەندەکانی سلێمان ٣٠:٢٣).
هەرچەندە مەترسی سەرخۆش بوون هەیە بەڵام کتێبی پیرۆز بە ڕوونی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە خودا کحولی بە مرۆڤایەتی داوە وەک دیارییەکی چاک. وەک هەر دیارییەکی دیکەی وەک خواردن، خەو، سێکس، دیاری کحولیش دەکرێت بە شێوەیەکی خراپ بەکاربهێندرێت بۆ گوناه. بەڵام ئەمە لە خودی خۆیدا نایکاتە شتێکی خراپ. پۆڵس پێمان دەڵێت کە ئەگەر خودا شتێکی بە چاک ناو بردبێت، گەلی خودا نابێت بە خراپ ناوی ببەن (ڕۆما ١٦:١٤). ئەو شتانەی کە خودا بە باشی ناویان دەبات، دەبێت ئێمەش ئەو شتانە بە باش ناو ببەین. بە هەمان شێوە، ئەو شتانەش کە خودا بە خراپ ناویان دەبات، دەبێت ئێمەش ئەو شتانە بە خراپ ناو ببەین. بەڕاستی خودا کحول بە دیارییەکی چاک ناو دەبات.
٢) سەرخۆشی گوناهە
بنەمای دووەم ئەوەیە کە سەرخۆشی لە هەموو دۆخێکدا گوناهە. کتێبی پیرۆز بەردەوام ئاگادارمان دەکاتەوە لەسەر مەترسی و گوناهی بەکارهێنانی کحول بەشێوەیەکی خراپ. پۆڵس لە ئەفەسۆس ١٨:٥ دەفەرمووێت: “بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز. هەروەها یەکەم کۆرنسۆس ١٠:٦ دەفەرمووێت “سەرخۆش نابێتە میراتگری شانشینی خودا.” ڕابەرەکانی کڵێسا دەبێت نموونەی دڵسۆزی بن بۆ باوەڕداران. بۆیە یەکێک لە لێهاتووییەکانی ڕابەری کڵێسا ئەوەیە کە ئاڵوودەی شەراب نەبێت (یەکەم تیمۆساوس ٨:٣).
واتای چییە کە ئاڵوودەی شەراب (یان هەرشتێکی تر) بیت؟ ئاڵوودەیی ڕەفتارێکە کە بەردەوام ڕووی تێدەکەین بۆ دڵنەواییکردنی خۆمان یان هەڵاتن لە دۆخێک یانیش دۆزینەوەی مانای ژیانمان تێیدا، لە جیاتی ئەوەی لە ڕوو بکەینە خودا یان رەفتار و پەیوەندییە تەندرووستەکانی تر. بەتێپەڕبوونی کات، ئاڵوودەبوونمان داوای زیاتر و زیاتری کردنی ئەو شتەمان لێ دەکات کە بە کردنی هەمان چێژ دەبینینەوە. کاتێک لەناو ئاڵوودەبوونیداین، دەبینین کە بە تەڵەوە بووین و توانامان نییە خۆمان رزگار بکەین هەرچەندە بشمانەوێت لێی رزگار بین.
کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی کحول کە بەرەو سەرخۆشیمان ببات گوناهە. بەڵام بۆچی خودی سەرخۆشی گوناهە؟ زۆربەمان لە ژیانمان بینیومانە کە چۆن زۆربەی جار سەرخۆشی بەرەو توندوتیژی دژی ئەندامانی خێزان و دراوسێ و ئەوانی دیکەمان دەبات. هەروەها کتێبی پیرۆز نموونەی دیکەش لە خۆدەگرێت کە پیشانی دەدات چۆن سەرخۆشی دەرگایەکە بۆ گوناهی دیکە. نموونەکانی وەک ڕووتی نوح یان داوێنپیسی لوت لەگەڵ کچەکانی خۆی ئەوەمان پیشان دەدات (پەیدابوون ٩-١٩).
بۆچی خودی سەرخۆشی گوناهە؟ چونکە دەمانکاتە کۆیلەی شتێک کە لە بنەڕەتدا گەورەمان نییە. پۆڵس لە پەیمانی نوێ، ڕوونی دەکاتەوە کە سەرخۆشی پێچەوانەی پڕبوون و دەستەڵاتداری ڕۆحی پیرۆزی خودایە. کەسێکی سەرخۆش لەشوێنی ئەوەی لەژێر ڕابەرایەتی ڕۆحی پیرۆز بژی کەچی لەژێر کۆنترۆڵی کحولە (ئەفەسۆس ١٨:٥). کاتێک کەسێک سەرخۆشە، چیتر بەسەر کردارەکانیدا زاڵ نییە، بەڵام بە کاریگەری کحول بوونەتە کۆیلە. پۆڵس بەڕوونی ئەوەمان فێردەکات کە هەر دیارییەکی چاک دەکرێت ببێتە گوناه ئەگەر گەورایەتیمان بەسەر بکات، لەو دۆخەش ئەو دیارییە چاکەی کە بووەتە گوناه چیتر ڕێگەپێدراو یان سوودبەخش نییە.
“«هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت” (یەکەم کۆرنسۆس ١٢:٦).
سەرخۆشی هەمیشە گوناهە. لەبەرئەوە نابێت باوەڕدار هەرگیز کتێبی پیرۆز بە بیانووی ئەوە بەکاربهێنێت کە کحول دیارییەکی چاکە دەتوانێت زۆر بخواتەوە تا ئاستی سەرخۆشبوون. لەجیاتی ئەوە، ئەو باوەڕدارانەی کە کحول دەخۆنەوە پێویستە گەشەکردووبن و بەسەرخۆدا زاڵبوونیان هەبێت بۆ چێژ بینین لێی، نابێت لەسنوور لابدەن و سەرخۆش بن.
ئەی چی دەبێت ئەگەر باوەڕدارێک بە مەسیح سەرخۆش ببێت؟ لەم حاڵەتەدا، پێویستە تۆبە بکەن و هەنگاوی پراکتیکی بنێن بۆئەوەی ئەوە دووبارە ڕوونەداتەوە. بەپێی کات و بەرپرسیارێتی، ئەو باوەڕدارە دەکرێت فێربێت کە چۆن بەڕێگایەکی تەندروست و بەسەرخۆدا زاڵبوونانە چێژ لە کحول ببینێت. هەرچەندە ئەگەر باوەڕدارێک بەردەوام سەرخۆش ببێت، ئەوا دەبێت بە تەواوی کحول لە خۆیان دوور بخەنەوە (مەتا ٣٠:٥). هەروەها بە زووترین کات، دەبێت قسە لەگەڵ پیرەکانی کڵێساکەی بکات تا بزانێت چۆن زاڵ بێت بەسەر ئەو گوناهەدا و چاک ببێتەوە.
زۆرجار، ئاڵوودەیی کحولی نیشانەی ئەوەیە کە باوەڕدارەکە مەشروب بەشێوەیەکی هەڵە بەکاردەهێنێت وەک کارادانەوەیەک بەرامبەر ئازار و قورسییەکانی ژیانی و راکردن لەو دۆخانەی کە دڵتەنگی دەکات. کحول ناتوانێت ئازارمان لاببات، بەڵکو ئەوە تەنها عیسایە کە دەتوانێت لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز و کڵێسا ئازارەکانمان لاببات (یاقوب ١٦:٥). هەروەها هەندێکی تریش هەن لەبەرئەوە مەشرووب دەخۆنەوە تا لەلای هاوڕێکانیانەوە قبوڵکراو بن. بەڵام بە گشتی مەی لەبەرئەوە دەخورێتەوە گوایە ژیان بێ واتایە و لێی رادەکەن. بەڵام کاتێک لە ناوەوە هەست بە بێ واتایی ژیان دەکەیت، ئەوا بزانە کە تەنها بە یەکگرتوویی لەگەڵ مەسیح دەتوانیت ئەو ویستە قوڵە رۆحیەت بۆ دۆزینەوەی مانا لە ژیاندا پڕ بکەیتەوە نەک لە رێگەی راکردن لە بەرپرسیارێتی و خواردنەوەی مەی.
٣) لە پێناو خۆشەویستی و دانایی
ئەی چی ئەگەر باوەڕدارێک لەگەڵ سەرخۆشی بەربەرەکانێی نەبێت؟ ئەمە دەمانبات بۆ بنەمای سێیەم، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە خواردنەوە بە خۆشەویستی و دانایی کۆنترۆڵ کرابێت. ئازادی باوەڕداری مەسیحی مەبەست لێی ئەوە نییە کە ئازادین لە گوناه کردن، یان تەنها لەپێناو ئازادی کەسیدا نییە. نەخێر، بەڵکو ئازادی باوەڕداری مەسیحی هەموو کاتێک لەپێناو خۆشەویستی خودا و ئەوانی دیکەدایە. ئەگەر من ئازادبم کە چێژ لەشتێک ببینم وەک باوەڕدارێکی مەسیحی، بەڵام چێژ بینین لەو شتانە ببێتە هۆکارێک بۆ ئازاردان یان دڵتەنگکردنی ئەوانی تر، ئەوا پێویستە نەیکەم، چونکە ئەمە وەک خۆشنەویستنی ئەوانی تر وایە. بە هەمان شێوە، ئەگەر من ئازادبم کە چێژ لە شتێک ببینم وەک باوەڕدارێک بە مەسیح، بەڵام ئەم چێژ بینینە ژیرانە نەبێت، ئەوا پێویستە نەیکەم.
“ئەی خوشک و برایانم، ئێوە بۆ ئازادی بانگکراون، بەڵام ئازادی مەقۆزنەوە بۆ ڕازیکردنی سروشتی دنیایی، بەڵکو بە خۆشەویستی خزمەتی یەکتری بکەن” (گەلاتیا ١٣:٥).
ئەمەش هەندێک نموونەی یارمەتیدەرە. لەگەڵ خێزانەکەم کە کاتی کریسمس سەردانی ڕێستۆرانتێکمان کرد. خاوەن ڕێستۆرانتەکە زۆر دڵخۆش بوو کە ئێمە چووبووینە ئەوێ، بەبێ ئەوەی پرس بە ئێمە بکات، هەندێک شەرابی بۆ هێناین بۆ نیشاندانی ڕێز و میواندارێتییەکەی. لەبەرئەوەی کە من و ژنەکەم لەگەڵ سەرخۆشبوون بەربەرەکانێمان نییە، لەو بارودۆخەدا بۆ پیشاندانی ڕێز و خۆشەویستی هەندێک لەو شەرابەی کە بۆی هێنابووین خواردمانەوە تاکو میوانێکی ڕۆحسووک بین و دڵی کەسەکە نەشکێنین. لەلایەکی دیکەشەوە، هەندێک شوێن هەیە، وەک هەندێک گوند لە کوردستان، پێیان وایە کەسی باش هەرگیز هیچ ماددەیەکی کحولی ناخواتەوە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ئەو باوەڕدارە مەسیحییەی کە بەوە ناسراوە مەشرووب دەخواتەوە، بەمە زیان بە ناوبانگی خۆی و تواناکەی دەگەیەنێت لە ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی مەسیح بە شێوەیەکی کاریگەر.
بە هەمانشێوە، کاتیش هەیە کە ژیرانەیە بۆ ئەوەی کحول بخۆیتەوە. لەبەر هەندێک جۆر نەخۆشی و ئاوی پیس، پۆڵس ئامۆژگاری تیمۆساوس دەکات کە هەندێک مەی لەگەڵ ئاودا تێکەڵ بکات و بیخواتەوە بۆ تەندروستی (یەکەم تیمۆساوس ٢٣:٥). یان باوەڕدارانی هەندێک وڵات، وەک نموونە فەڕەنسا زۆرجار خواردنەوە و پێشکەش کردنی مەی بە میوان بەشێکی گرنگی پێشاندانی خزمەتکردنیانە. لەهەمانکاتدا، بۆ کەسێک کە بە پشتاوپشت کێشەیان لەگەڵ سەرخۆشی هەبووە، زۆرجار باش نییە بۆی کە بخواتەوە. لەشوێنی ئەوە بۆ ئەو جۆرە کەسانە باشە کە ئازادیان لە مەسیح بەکاربهێنن بۆ نەخواردنەوەی ماددە کحولییەکان.
یەکێک لەو بارودۆخانەی کە خواردنەوەی مەشروب تێیا شتێکی دانایانە و جوان نییە ئەوەیە کە باوەڕدارێک لەبەردەم باوەڕداری دیکەدا نەخواتەوە کە بەربەرەکانێی لەگەڵ سەرخۆشبوون هەیە. ئەگەر ئەو باوەڕدارە لەو بارودۆخەدا ئازادییەکەی بەکاربهێنێت بۆ خواردنەوەی مەشروب، ئەوا ڕەنگە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە برا باوەڕدارەکەی دیکەی کە بەربەرەکانێ دەکات لەگەڵ سەرخۆشی بکەوێتە ناو گوناهی سەرخۆشییەوە. وەک پۆڵس لە ڕۆما ١٣:١٤ دەفەرمووێت: “لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم خوشک یان برا دانەنرێت.” ئەگەر تۆ خواردنەوەی کحول لە پێشینە دادەنێیت، ئەوا هانت دەدەم سەیری سەرەوە و دەورووبەری خۆت بکە. بزانە هیچ باوەڕدارێک هەیە لە دەورت کە ڕەنگە بکەوێتە گوناهی سەرخۆشی لەبەر خواردنەوەی تۆ؟ ئەگەر هەیە، دەستبەرداری ئەو ئازادییەت ببە لەپێناو خۆشەویستی. چاوەڕوانی کاتێکی گونجاوی دیکە بکە بۆ خواردنەوە کە نەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک بەهۆی تۆوە بکەوێتە گوناهەوە.
ئایە دەکرێت باوەڕدار بخواتەوە بەبێ ئەوەی کە بکەوێتە گوناه و سەرخۆش بێت؟ چی دڵنیاییەک هەیە کە باوەڕدار بەخراپی ئەو ئازادییە بەکارنەهێنێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەمان وەڵامە کە هەموو ژیانی باوەڕی مەسیحی دەگرێتەوە. کاتێک مەسیح ڕزگارمان دەکات، تەنها پاکمان ناکاتەوە، بەڵکو نوێشمان دەکاتەوە. ئەو دڵە نوێ و ڕۆحە نوێیەی کە خودا دەیدات بە هەموو باوەڕدارێکی ڕاستەقینە بەو مانایەیە کە ئێستا لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە بەهێزکراوین بۆ ئەوەی ژیانێکی پیرۆز بژین، ژیانێک کە لە سروشتی نوێوە گوێڕایەڵی خودا بین. لەم ژیانە نوێیە، گوناه سروشتی نییە، بەڵکو گوێڕایەڵی خودا سروشتییە. ئەمە ڕاستە تەنانەت کە دێتە سەر بابەتی ماددە کحولییەکانیش.
ئازادی لە خواردنەوە یان نەخواردنەوە
هەر باوەڕدارێک پێویستە بڕیار بدات کە خواردنەوەی مەشروب بەگوێرەی خۆشەویستی یان داناییەکەیەتی بۆ دەوروبەرەکەی یان نا. لێرەدا باوەڕدارەکانی دیکە یان قەشەی کڵێسا خۆجێییەکان دەتوانن یارمەتی باوەڕدار بدەن بە هاوبەشیکردنی ئامۆژگارییان یانیش ئەزموونیان. باوەڕداری دڵسۆز هەڵبژاردنی جیاوازی دەبێت بۆ ئەم بابەتە، گرنگە کاتێک هەریەکەیان هەوڵی ئەوە دەدەن ئەوە بکەن کە بەگوێرەی دانایی و خۆشەویستیتە بۆ ئەوانی تر، نەک سووکایەتیکردن بە یەکتر و حوکمدانی یەکتری. ڕۆما ١٠:١٤ دەفەرمووێت: “ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین.” لەڕاستیدا، باوەڕدارێک بە مەسیح لەوانەیە ئەوە ببینێت کە چی بە گوێرەی دانایی و خۆشەویستیە بۆ ئەوانی لە وڵاتێک یان قۆناغێکی ژیان، بەڵام رەنگە هەمان باوەڕدار چیتر ئەمە بەگوێرەی دانایی و خۆشەویستی لێک نەداتەوە بۆ ئەوانی تر لە وڵاتێکی تر یان قۆناغێکی تری جیاواز لە ژیان.
وەک پۆڵس لە یەکەم کۆرنسۆس ٩: ١٩-٢٣ دەفەرمووێت:
“هەرچەندە سەربەستم و سەر بە هیچ کەسێک نیم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زۆر کەس بۆ مەسیح بەدەستبهێنم. بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە بەدەستبهێنم. بۆ ئەوانەی لەژێر سایەی شەریعەتن، خۆم وەک کەسێک لێکرد کە لەژێر سایەی شەریعەتدا بێت، هەرچەندە لەژێر سایەی شەریعەتدا نیم، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە لەژێر سایەی شەریعەتن. بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، خۆم وەک بێ شەریعەت لێکرد، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر سایەی شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانە بەدەستبهێنم کە بێ شەریعەتن. بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان بەدەستبهێنم. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک بێت هەندێک ڕزگار بکەم. هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار بم.”
عیسا ئەوەشمان پێدەڵێت کە خۆی مەی خواردۆتەوە، بەڵام یەحیای لەئاوهەڵکێش نەیخواردۆتەوە (مەتا ١١: ١٨-١٩). لەکاتێکدا هەردووکیشیان کەسی دڵسۆز بوون و بەدڵسۆزییەوە خزمەتیان کردووە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەتوانین متمانە بە خودا بکەین، کاتێک کە دێتە ژیانی کەسیمان جا چی مەشروب بخۆینەوە یان نا. ئەگەر لە دۆخێکدا بڕیار بدەیت مەشروب بخۆیتەوە بەلەبەرچاوگرتنی دانایی و خۆشەویستییەکەت، ئەوا دەکرێت خودا ئەمە بۆ شکۆ و بڵاوبوونەوەی پاشایەتییەکەی خۆی بەکاربهێنێت. ئەگەر بڕیایشتدا نەخۆیتەوە لەبەر دانایی و خۆشەویستیەکەت بۆ دەوروبەر، ئەوا دەکرێ خودا ئەمەش بۆ شکۆ و بڵاوبوونەوەی پاشایەتییەکەی بەکاردەهێنێت.
زۆرێک لەو دیارییە چاکانەی کە خودا پێمانی داوە وەک ئاگر وان. بۆ نموونە بڕوانە ئاگری ئاگردانی ناو ماڵەکەت، شتێکی ناوازەیە کە گەرمی و جوانی بۆ ماڵەکە دەهێنێت، بەڵام ئەگەر ئاگرەکە لە شوێنی ئاگردانەکە لابدەین، ئەوا دەکرێت هەموو ماڵەکە بسووتێنێت. رێک کحولیش بەم شێوەیەیە، دەکرێ چێژت پێبدات و گەرمت بکاتەوە، بەڵام ئەگەر رێژەیەکی زۆر یان لە دۆخێکی نەگونجاودا بیخۆیتەوە دەتسووتێنێت! هەروەک ئەو پەندە کوردییەی لەسەر خوێیە، شتێکی چاک ئەکرێت زۆر بەخێرایی ببێتە شتێکی خراپ، ئەگەر بە شێوەیەک یان ڕێگایەکی باش بەکارنەهێندرێت.
ئەم سێ بنەمایە یارمەتی باوەڕداران دەدەن کە مەی بخەنە شوێنی خۆی و بە ئازادی و دڵسۆزی و بەسەرخۆدا زاڵبوونەوە بژین. کحول دیارییەکی چاکە لە خوداوە. سەرخۆشیش هەمیشە گوناهە. خواردنەوە یان نەخواردنەوە پێویستە بە گوێرەی دانایی و خۆشەوسیتیت بێت بۆ دەوروبەر. ستایش بۆ خودا کە لە کتێبی پیرۆزەوە بنەمای باشی بە گەلەکەی بەخشیوە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات ئەم بڕیارە بدەن. لەمەوە بەهێزی و دانایی کرداری خودا دەبینین. کاتێک بەپێی ئەم داناییە دەژین، ئەوا خودا شکۆدار دەکەین.
“بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن” (یەکەم کۆرنسۆس ٣١:١٠).


