پێنج هەنگاو بۆ تۆبەکردن
گرنگی تۆبەکردن شایەنی بەردەوام باسکردنە. بۆیە یەکەم ئامۆژگاری گشتی مەسیح بریتیبوو لە “تۆبە بکەن” (مەرقۆس ١٥:١)— ئەگەر تۆبەکردن بەلای مەسیحەوە هێندە گرنگ بووبێت، ئەوا پێویستە ئێمەش گرنگی پێ بدەین.
بەڵام چۆن پێویستە بە باشی تۆبە بکەین؟ زەبوورەکان ٣٢ شوێنێکی زۆر ناوازەیە کە تێیدا دەتوانین سروشت و پرۆسەی تۆبەکردنی قووڵ بدۆزینەوە.
ئەمانە ٥ هەنگاوی گرنگن بۆ تۆبەکردن:
١. ڕاستگۆبە دەربارەی ئەوەی کە پێویستت بە تۆبەکردنە
“خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە” (زەبوورەکان ٢:٣٢)
تۆبەکردن پێوستی بە ڕاستگۆیی هەیە. هیچ کەس بە تۆبەکردنێکی ڕاستەقینەوە نایەت بۆلای خودا هەتا یەکەمجار دان بە پێویستی خۆی بۆ لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودادا نەنێت. تەنها ئەو کەسانەی کە وازیان لە هەوڵ و تێکۆشان هێناوە بۆ پەردەپۆشکردنی گوناهەکانیان بەفێڵکردن لە خۆیان و دانانی خۆیان بە کەسێکی ڕاستودروست دەتوانن ئەو گۆڕانکارییە قووڵ و هەتاهەتاییە ئەزموون بکەن کە تەنیا لە ڕێگەی تۆبەکردنەوە دێت.
٢. دان بنێ بە مەترسی گوناه و زیانی تاواندا
“کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا، ئێسقانەکانم پووکانەوە، لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ. لەبەر ئەوەی بە شەو و بە ڕۆژ، دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو، تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.” (زەبوورەکان ٣:٣٢-٤)
با تەماشای بکەین: تۆ بەدوای تۆبەکردندا دەگەڕێیت لەبەر ئەوەی ڕۆحی خودا گوناهەکانتی پیشانداویت. ئێمە هەندێک کات لۆمەی ئەوانی تر دەکەین بۆ ئەو فشار ودڵتەنگیانەی هەمانە، بەڵام زۆربەی کات ئێمە هەست بە خراپە دەکەین لەبەرئەوەی کاری خراپمان ئەنجامداوە. داود نیشانە جەستەیی و سۆزدارییەکانی پەیوەست بە ویژدانێکی تاوانبار وەسف دەکات. ئێمە دەبێت بە ڕاستگۆییەوە دەرئەنجامەکانی گوناهەکانمان هەڵبسەنگێنین، واتە هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامە کەسییەکان و هەروەها ئەو کاریگەرییەی کە هەیبووە و— بەردەوامیش دەیبێت لەسەر کەسانی تر.
٣. بەتەواوی دان بنێ بە گوناهەکانتدا.
“ئینجا لەلای تۆدا دان دەنێم بە گوناهم و تاوانم ناشارمەوە. گوتم: <<لەلای یەزدان دان دەنێم بە یاخیبوونم.” (زەبوورەکان ٥:٣٢)
تۆبەکردنی قووڵ پێویستی بەدانپێدانانی ڕاستەقینە هەیە. هەرچەندە وا دیارە کە ڕێی تێناچێت ئاشکراکردنی گوناهەکانمان ببێتە هۆی شاردنەوەیان، بەڵام تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی بە ڕاستی لە لایەن مەسیحەوە ڕزگاربکرێیت، ئەوەیە کە گوناهەکانتت بە تەواوی دەربخەیت بۆی. لە پرۆسەی تۆبەکردندا، پێویستە بجەنگین بۆ ئەوەی بەتەواوی ڕوون بین لەبەردەم خودادا دەربارەی قوڵی و فراوانی گوناهەکانمان. تەنها ڕاستگۆیی ڕاستەقینە بەس دەبێت و دەبێتە هۆی ئازادی و شادی لە ژیانماندا.
٤.خۆت بشارەوە لەناو بەزەیی خودادا.
“تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت. بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە لەکاتی خۆی بتدۆزێتەوە، بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ. تۆ پەناگەی منیت، لە تەنگانە دەمپارێزی و بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.” (زەبوورەکان ٣٢: ٥ب-٧).
ئادەم و حەوا خۆیان بە ڕوپۆشێکی دەستکرد و ناتەواو داپۆشی ئەویش گەڵای دار بوو. ئێمەش زۆربەی جار لەپشت ڕاستودرووستی دەستکردی خۆمانەوە خۆمان دەشارینەوە بۆ ئەوەی وا لەخۆمان بکەین کە پەسەندتر دەربکەوەین وەک لەوەی لەڕاستیدا هەین. ئەگەر دەتەوێت بگۆڕدرێیت، گۆڕانێکی ڕاستەقینە، ئەوا تەنها پێویستە لەناو بەزەیی خودادا خۆت بشاریتەوە، کە ئەمەش هێمای تۆبەکردنی ڕاستەقینەیە.
تەنها تۆبەکردن لە گوناهە ئاشکراکانمان بەس نییە. تەنها بەس نییە کە بڵێی “دان بە ڕەفتارە هەڵەکانمدا دەنێم.” هەموو جۆرە خەڵکێک بەم شێوەیە تۆبە دەکەن، بەتایبەتی کەسانی ئاینی بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە و ناوبانگیان لەدەست نەدەن.
مەسیحییەک تەنها تۆبە ناکات لەو گوناهانەی لە دەرەوەی خۆی دەیانکات، بەڵکو تۆبە لە هەوڵەکانیشی بۆ خۆشاردنەوە لە پشتی ڕاستودرووستی دەستکردی خۆشی دەکات. بوەستە لە خۆشاردنەوە لەناو هەوڵەکانی خۆتدا. لەناو بەزەیی و خۆشەویستی خودادا خۆت بشارەوە.
٥.ئەو تاکە هیوایەی کە هەیە بیقۆزەوە.
“بەدکارەکان ئازاریان زۆرە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات” (زەبوورەکان ١٠:٣٢)
چۆن دڵنیا دەبیت کە خودا لێت خۆشدەبێت؟ بەهۆی خۆشەویستییە بەردەوامەکەی. بەبیرهاتنەوە و دۆزینەوەی دڵنیایی لەو بەڵێنە گەورانەی کە بەدرێژایی مێژوو داویەتی، هەروەها چۆن بەڵێنەکانی بەدیهێنراون لە عیسای مەسیحدا:
- بەڵێنەکەی بە ئادەم و حەوا بۆ تێکشکاندنی دوژمنەکەیان.
- بەڵێنەکەی بە ئیبراهیم بۆ ڕاگەیاندن و پاراستنی گەلەکەی.
- بەڵێنەکەی بە موسا کە ڕێگایەک بۆ مرۆڤی گوناهبار دابین بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی مانادارلەگەڵ خودای پیرۆز پەیوەندیان هەبێت.
- بەڵێنەکەی بە داود بۆ ئەوەی پاشایەکی یەکجاری و هەتاهەتایی بۆ گەلەکەی دابین بکات.
بەدرێژایی مێژوو تا ئەو ساتەی تۆبە دەکەیت خودا بەردەوام فەرموویەتی و دەفەرمووێت “خۆشمدەوێیت. من بەجێتناهێڵم. تەنها من بەسم بۆ ژیانی تۆ.
تەماشای بەڵێنەکانی خودا بکە، ئەو هیوایەی کە هەیە بیقۆزەوە، هەرەوەها “ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆشبن، ئەی هەموو دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!” (زەبوورەکان ١١:٣٢)
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.