نموونەی پەیماننامەیەکی کڵێسا
ئێمە کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە تۆبەمان کردووە و باوەڕمان بە عیسای مەسیحی پەروەردگار هێناوە و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە خۆمان بەو بەخشیوە، ئێستا بە خۆشحاڵییەوە پەیمان لەگەڵ یەکتری دەبەستین.
ئێمە تێدەکۆشین و نوێژ دەکەین بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی. (ئەفەسۆس ٤: ٣)
بە خۆشەویستی برایانە لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت دەکەین، گرنگی بە یەکتر دەدەین و چاودێری یەکتر دەکەین و لە کاتی پێویستدا دڵسۆزانە یەکتر هان دەدەین و ئاگادار و سەرزەنشتی یەکتر دەکەین. (یۆحەنا ١٣: ٣٤- ٣٥، ڕۆما ١٢: ١٠، عیبرانییەکان ٣: ١٢ – ١٣، یەکەم سالۆنیکی ٥: ١١، لۆقا ١٧: ٣، کۆلۆسی ٣: ١٦)
کۆبوونەوەی بەردەوام لە دەوری یەکتر پشتگوێ ناخەین. (عیبرانییەکان ١٠: ٢٥)
نوێژ و نزاکردن بۆ خۆمان و کەسانی دیکە پشتگوێ ناخەین. (کۆلۆسی ٤: ٢، یاقوب ٥: ١٦)
بە دڵگەرمییەوە لە ڕێگەی ڕاهێنان و فێرکردنی ڕێنماییەکانی پەروەردگارەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو کەسێک پەروەردە بکەین کە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بێت، هەروەها بە بوون بە نموونەیەک بۆ خۆشەویستی و ڕاگەیاندنی مزگێنی مەسیح، هەوڵی ڕزگارکردنی خێزان و هاوڕێ و دراوسێکانمان دەدەین. (تیتۆس ٢: ١- ٦؛ دواوتار ٦: ٤- ٧؛ مەتا ٥: ١٦؛ یەکەم پەترۆس ٣: ١٥؛ لۆقا ٥: ١٩)
لەگەڵ دڵشادان دڵشاد دەبین و لەگەڵ ئەوانەدا دەگرین کە دەگریێن، بە هەستیاری و هاوخەمییەوە تێدەکۆشین کە بار و خەمی یەکتری هەڵبگرین. (گەلاتیا ٦: ٢؛ یاقوب ٢: ١٤- ١٧)
بە یارمەتی خودا هەوڵ دەدەین کە بە وریاییەوە لەم جیهانەدا بژین، نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان دەکەین. ئەوە وەبیر خۆمان دێنینەوە کە ئێمە ناوی مەسیحمان هەڵگرتووە و ئێستا ئەرکێکی نوێمان لەسەر شانە کە بریتییە لە ژیانێکی نوێ و پیرۆز. (ئەفەسۆس ٥: ١٥- ٢١؛ تیتۆس ٢: ١٢؛ یەکەم پەترۆس ٢: ١١- ١٢؛ یەکەم یۆحەنا ٢: ١٥- ١٧)
پێکەوە کار دەکەین بە مەبەستی بەدەستهێنانی خزمەتێک لەم کڵێسایەدا کە وەفادار بێت بەرامبەر وشەی خودا، مزگێنی مەسیح، ڕاگەیاندنی وشەی خودا، بەڕێوەبردنی لە ئاوهەڵکێشان، خوانی پەروەردگار و ئەنجامدانی لێپرسینەوەی کڵێسایی. (فیلیپی ١: ٢٧؛ دووەم تیمۆساوس ٤: ٢؛ کرداری نێردراوان ٢: ٣٨؛ یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢٦؛ مەتا ١٨: ١٧؛ یەکەم کۆرنسۆس ٥: ١٣)
بە خۆشییەوە بەردەوام بەشدار دەبین لە پشتگیری خزمەتەکە، خەرجییەکانی ئەم کڵێسایە، هاوکاریکردنی هەژاران و بڵاوکردنەوەی مزگێنی مەسیح بۆ هەموو جیهان. (مەتا ٢٨: ١٩؛ لۆقا ١٢: ٣٣؛ دووەم کۆرنسۆس ٩: ٧)
ئەگەر لەم کڵێسایە ڕۆیشتین، ئەوا بە زووترین کات لەگەڵ کڵێسایەکی دیکە یەکدەگرین کە بەپێی وشەی یەزدان دەڕوات بەڕێوە. (عیبرانییەکان ١٠: ٢٥)
با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین. (دووەم کۆرنسۆس ١٣: ١٤)