
ڕۆژی ٢١
لە دایکبوونێکی پیرۆز و بێفیزانە
لۆقا ١ :٤٦-٤٩
٤٦مریەمیش گوتی: «گیانم ستایشی یەزدان دەکات، ٤٧ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە، ٤٨چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد. ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن، ٤٩چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: لۆقا ١ :٣٩-٥٦
هەتا ئێستا هەوڵتداوە لەناو بارودۆخێکی مەحاڵدا خۆشی بدۆزیتەوە؟ هەرگیز ئەوەندە متمانەت بە خودا هەبووە کە لەڕێگەی تۆوە ژیانی کەسانیتر پڕبکات لە خۆشی؟ ڕووداوەکانی لۆقا ١ پیشانمان دەدات چۆن خودا دڵی مریەم و ئەلیساباتی پڕکرد لەخۆشی سەرەڕای ئەوەی کە مریەم رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبووە، چونکە لەبەر دووگیانبوونەکەی کۆمەڵگا بە چاوی سووک سەیری دەکرد.
ئێمەی مرۆڤ هەمیشە هەوڵدەدەین خۆشی لە شتە دونیاییەکاندا بدۆزینەوە، کاتێکیش ڕووبەڕووی سەختی دەبینەوە دەترسین یان بێ هیوا دەبین، بەڵام وەک باوەڕدار بە عیسای مەسیح دەتوانین بە باوەڕەوە بەسەر کێشەکانی جیهاندا زاڵ بین. خۆشی ناسینی یەزدان دەمانحەسێنێتەوە و دڵمان پڕدەکات لە خۆشی لەکاتی ڕوودانی کێشەکان. خودا دەتوانێت ئازارەکانمان بگۆڕێت بۆ خۆشییەکی تەواو ئەو کاتەی کە پشتی پێدەبەستین و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی دەبین تەنانەت ئەگەر ئەرکەکە مەحاڵیش دیار بێت.
یاخود هەندێک کات پێمان وایە ئێمە زۆر لەوە لاوازترین خودا بەکارمان بهێنێت بۆ کارێکی گەورە، بەڵام کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە خودا زۆربەی کات هەژار و لاواز و بچوکەکان بەکاردەهێنێت بۆ دەرخستنی شکۆی خۆی. بینیمان کە مریەم کچێکی ئاسایی بوو، بەڵام بە دڵ لە خودا نزیک بوو و متمانەی بە خودا هەبوو. ئەمە پیشانمان دەدات کە خودا سەیری دڵمان دەکات نەک ڕواڵەتمان. ئێمە هەر کێیەک بین لە کۆمەڵگا، دەکرێت پلانی خودا لە ڕێگەی من و تۆوە بەدیبێت و خۆشییەکی ڕاستەقینە و تەواو لە رێگەی ئێمەوە بۆ ئەو کۆمەڵگایە بهێنێت وەک چۆن خودا لە رێی مریەمەوە خۆشی و رزگاری هێنا بۆ گەلەکەی. تەنها پێویستە ئامادە بین و نەترسین و متمانە بە خودا بکەین کاتێک بانگمان دەکات بۆ کردنی کارێکی گەورە، چونکە هیچ شتێک بە هێزی ئێمە جێبەجێ نابێت، بەڵکو ئەوە خودایە کە لە ئێمەدا کاردەکات و ناوی خۆی دەدرەوشێنێتەوە.
لەم ئایەتانەدا دەبینین کە مریەم لەلایەن خوداوە بەرەکەتدارکراوە. مریەم نوێژی کرد و ستایشی خودای کرد لەسەر هەڵبژاردنی ئەو بۆ ئەوەی ببێتە دایکی ڕزگارکەرەکە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە ئەم ئەرکە، واتە بوون بە دایکی مەسیح ئەرکێکی ئاسان نەبووە. بۆ نموونە لەبەر دووگیانبوونی پێش هاوسەرگیری کۆمەڵگا بە چاوی سووک سەیری دەکرد. بەڵام مریەم پێدانی ئەم ئەرکە قورسە لەلایەن خودا و گوێڕایەڵەبوونی وەک خۆشی دەبینی. لە ئایەتی ٤٩ هاتووە کە مریەم نوێژی کرد و وتی “توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجامدا، پیرۆزە ناوی ئەو.”
خوشک و برا خۆشەویستەکانم، ئەوە بێنە بەرچاوت کە خودا چی لە پێناوت ئەنجامداوە، میهرەبانییەکەی یەزدان بۆ خۆت لەبیر مەکە. تەنانەت ئەگەر بە کاتی ناخۆشیشدا تێبپەڕیت لەبەر گوێڕایەڵبوونی فەرمانەکانی خودا، وەک مریەم ستایشی خودا بکە، چونکە خودا کوڕەکەی بۆ تۆ ناردووە تا ژیانی هەتاهەتاییت هەبێت لەگەڵی. ئەوە لەبیر مەکە کە خودا بایەخت پێ دەدات.
ڕەنگە خۆشی هەبوونی ئاشتی لەگەڵ یەزدان بۆ ئەو کەسانە ڕوون نەبێت کە باوەڕیان بە عیسا نەهێناوە وەک پەروەردگاریان، بەڵام بۆ باوەڕدارێک بە عیسای مەسیح، وەک چۆن ترێ لە دارەکەیەوە گەشەدەکات بە شێوەیەکی سرووشتی، خۆشی یەزدانیش بەهەمان شێوە لەودا گەشەدەکات. ئەگەر ئێمە لە مەسیحدا بمێنینەوە و متمانەمان بە خودا و پلانەکانی هەبێت ئەوا پڕدەبین لە هێز و زیندووێتی و خۆشی لەناخماندا هەڵدەقوڵێت.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
بە گوێرەی کتێبی پیرۆز، تۆ وەک مریەم، چۆن و لەبەرچی ستایشی خودا دەکەیت لە کاتە سەختەکانی ژیانتدا؟
نوێژ
ئەی باوکی ئاسمانی، هەندێک جار لە کاتە سەختەکاندا ترسم لێدەنیشێت کە نەتوانم ڕووبەڕووی بارودۆخەکەم ببمەوە، یاخود هەندێک کات کە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە دەبمەوە لەلایەن ئەوانی ترەوە بەهۆی باوەڕەکەمەوە، یارمەتیم بدە دەست بەو خۆشییەوە بگرم کە لە تۆوە سەرچاوەی گرتووە. یارمەتیم بدە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت بم و بە خۆشییەوە گوێ لە بانگکردنەکانت بگرم تەنانەت کاتێک ئەرکەکەش مەحاڵ دیار بێت. بەناوی عیسای مەسیح، ئامین.



