
ڕۆژی ١٧
ڕووخاندنی دیواری ناوبڕ
ئەفەسۆس ١٣:٢-١٦
١٣بەڵام ئێوە ئێستا لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، هەرچەندە پێشتر دوور بوون، بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە. ١٤ لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە یەک، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند، ١٥بە جەستەی خۆی شەریعەتی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت، ١٦تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: ئەفەسۆس ١١:٢-٢٢
لەم دواییانەدا ستیکەرێکی زۆر بەناوبانگ دەبینرێ لەسەر زۆرێک ئۆتۆمبێڵ و تیشێرت و پەیجەکانی سۆشیال مێدیا و کەڤەری مۆبایل لە نێو کوردەکان کە نووسراوە: “٢+٢=١” راستە کە ئەمە لە رووی بیرکارییەوە هەڵەیە، بەڵام پەیامێکی پڕ لە هیوایە بۆ کورد، مەبەست لێی ئەوەیە کە هەر چوار پارچەکەی کوردستان یەکە نەک چوار. ئەمە پەیامێکە بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە کوردەکان یەک گەلن، بە هیواوەن کە رۆژێک هەر چوار پارچەکەی کوردستان رزگار ببن و ببنەوە بە یەک و وەک هەر گەلێکی تر ببنە خاوەن وڵاتی خۆیان.
ئەوە راستە کە کوردەکان لە دڵیانەوە کوردستان یەک کوردستانە نەک چوار، بەڵام بە داخەوە لە واقیعدا سنووری سیاسی لە نێوان هەر چوار پارچەکەی کوردستان هەیە، کە وایکردووە کوردستان ببێتە چوار بەش و گەلی کوردیش نەبن بە یەک گەل لە نێو یەک وڵات کە کوردستانی گەورەیە. ئەو سنوورانەی ئێران و تورکیا و عێڕاق و سووریا وایکردووە کە “٢+٢=٤”. بەڵام جگە لەوە، لە نێو خودی کوردەکانیش دیواری دابەشکەر و ناوبڕ هەیە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و کێشەی نێوان هەندێک لە عەشیرەتە کوردەکان، ئەمەش وای کردووە کە ئەم دیوارانە ببنە هۆکار بۆ نایەکگرتوویی کوردەکان.
ئەو دیوارە ناوبڕ و دابەشکەرانەی نێوان کوردەکان نموونەیەکی بچووکن بۆ ئەو دیوارە ناوبڕ و دابەشکەرانەی کە لە نێوان جولەکە و ناجولەکەکان هەبوو لەسەردەمی مەسیحدا. لە سەردەمی مەسیحدا، جولەکە و ناجولەکەکان کەیفیان بە یەکتر نەدەهات. نەیاندەویست هاوکار و هەماهەنگی یەکتر بن. دیواری کولتوری و سیاسی و زمانەوانی و ئایینی ئەوانی دابەشکردبوو، ئەستەم بوو ئەم دیوارانە لە نێوان خۆیان بڕوخێنن. بەڵام کە مەسیح هاتە ئەم جیهانە، ئەم دیوارە دابەشکەرانەی لەناو برد. ئەو تەنها رزگارکەر نەبوو بۆ جولەکەکان، بەڵکو رزگارکەری هەموو خەڵک بوو لە هەموو نەتەوە جیاوازەکان. بە باوەڕهێنان بە قوربانییەکەی مەسیح، خەڵک لە هەموو نەتەوەکان دەتوانن لە خودا نزیک ببنەوە و بە ئاشتی لەگەڵی بژین. بەڵام با بپرسین جگە لەمە، قوربانییەکەی ئەو چ کاریگەرییەکی تری هەیە؟
یەکگرتووییمان لەگەڵ مەسیح بە مانای یەکگرتوویمان دێت لەگەڵ باوەڕدارانی تر وەک یەک خێزان، کە یەک گەلی پیرۆزی خودایە. باوەڕدارە یەکەمینەکانی یەکەم سەدەی زایینی دوو کڵێسایان درووست نەکرد، یەک بۆ جولەکە و یەکیش بۆ ناجولەکە لەبەرئەوەی کە جیاوازییەکی زۆری کولتوری و رقێکی زۆر لە نێوانیان هەیە. خودا داوا لە باوەڕداران دەکات کە جیاوازییەکانیان بخەنە لاوە و بە ئاشتی لەگەل یەکتری بژین لە هەمان کڵێسادا. لە رێگەی مەسیحەوە، جولەکە و ناجولەکە بوونە یەک خێزانیی رۆحی. هەر بۆیە یەکگرتوویی کڵێسا دەرخەری شکۆ و هێزی مزگێنییەکەی مەسیحە.
خوشک و برایان، لە کرسیمسدا ئێمە ئاهەنگ بۆ ئەو راستییە دەگێڕین کە مەسیح هات بۆ ئەوەی بمانگەڕێنێتەوە لای خودا. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە بیر بێت کە لە رێگەی مەسیحەوە خودا دیواری دابەشکەری نێوان تۆ و باوەڕدارانی تری لەناوبردووە. کەواتە پێویستە چی بکەیت؟ هەر باوەڕدارێک پێویستە پەیوەندی بە کڵێسایەکەوە بکات بۆ خزمەتکردن و خۆشویستنی خوشک و براکانی لە مەسیحدا. بەڵام ڕەنگە بیانوویەکت هەبێت و بڵێیت، “بەڵام ئەوانی دیکە لە کڵێساکەدا وەک ئێمە نین، لە هەمان عەشیرەت نین.” یان، “متمانەم پێیان نییە، نایانناسم، ئەوان کێشەمان بۆ دروست دەکەن” یان بڵێیت: “من خەڵکی هەولێرم و ئەوان خەڵکی ڕۆژهەڵاتن.” بەڵام هاوڕێیانی باوەڕدارم، ئەگەر مەسیح پێشوازی لێکردبن بۆ ناو خێزانەکەی خۆی، تۆ کێیت کە ڕەتیان بکەیتەوە؟ کاتێک ئێمە پەیوەندی بە کڵێسایەکی ناوخۆییەوە دەکەین و هەوڵدەدەین ئەو باوەڕدارانە بناسین و بە یەکگرتوویی لەگەڵ یەکتری بژین سەرەڕای جیاوازییەکانی نێوانمان، بەمە شکۆمەندی خودا لە جیهانێکی تاریکدا پیشان دەدەین.
بۆ ئەو کوردانەی کە بە باوەڕ بە مەسیح لە خودا نزیک بوونەتەوە ٢+٢=١. واتە باوەڕدارانی کورد بە دەوڵەمەند و هەژار و نانەوا و کرێکار و مامۆستا و ڕۆژهەڵاتی و باوکووری و باشووری پێکەوە ئەندامی شانشینی ئاسمانن. لە کڵێساکەماندا کوردانی ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵات و باشوور هەن، هەموویان وەک ئەندامی یەک خێزان یەکتریان خۆشدەوێ. بەڵام ئەم یەکێتی و یەکگرتووییەی نێوانمان لەبەر ئەوە نییە کە هەموو ئەندامانی کڵێساکە کوردن، یان لەبەر ئەوەی هەموویان لایەنگری حیزبێکن. نەخێر، لەبەر ئەوەیە کە هەموومان لەگەڵ مەسیحدا یەکگرتووین. لەم جەژنی کریسمسەدا، ستایشی خودا بکە کە عیسا دیواری دابەشکەری دوژمنایەتی لەناوبردووە و کڵێساکەی دروستکردووە بۆ ئەوەی خۆشەویستی خۆی بۆ جیهان پیشان بدات.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
لەم کریسمسەدا، چۆن دەتوانیت باوەڕدارانی ترت خۆش بوێ و جیاوازییەکانت لەگەڵی بخەیتە لاوە تا تا هێزی مەسیح دەربخەن بە یەکگرتووییتان؟
نوێژ
ئەی خودایە گیان، سوپاس و شکۆ بۆ ناوی پیرۆزت، سوپاست دەکەین بۆ خوێنی کوڕە تاقانەکەت کە رێگەیە بۆ ئاشتی نێوانمان. یارمەتیمان بدە تاکو فەرمانەکانی تۆ جێبەجێ بکەین و بە ئاشتی بژین. یارمەتی کڵێساکان بدە بە یەکگرتوویی بژین، بە تایبەت کڵێسا کوردییەکان. وایان لێبکە کە هیچ شتێکی ئەم دونیایە نەتوانێ ئاشتی نێوانیان تێک بدات و لە یەکتر دووریان بخاتەوە. با کڵێساکان پاک و پیرۆز بن و بە پێی وشەکانی تۆ خزمەتی مەسیح بکەن. بە ناوی عیسای مەسیح، ئامین.



