
ڕۆژی ١٤
خودا لەگەڵمانە
مەتا ١: ٢٣
ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل. واتە: خودا لەگەڵمانە.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: مەتا ١٨:١-٢٥
“خوات لەگەڵ”! لە هەفتەیەک چەند جار گوێت لەمە دەبێ یان دەیڵێی کاتێک شوێنێک بەجێدەهێلێی یان تەلەفۆنێک دادەخەی؟ دەستەواژەیەکی هێندە باوە، هێندە بەکاری دەهێنین، بۆیە بە ئاسانی مانای قوڵی دەستەواژەکە لەبیر دەکەین. با ئەوە بپرسین کە مانای “خودا لەگەڵمانە” چییە؟ چۆن دڵنیابین کە ئەو لەگەڵمانە؟ کتێبی پیرۆز چی دەڵێ دەربارەی ئەمە؟ با سەیری گفتوگۆی نێوان یوسف و فریشتەی یەزدان بکەین بۆ ئەوەی بەرچاومان روونتر بێت.
پاش ٤٠٠ ساڵی بێدەنگی لە نێوان پێغەمبەرەکانی پەیمانی کۆن تا سەرەتای پەیمانی نوێ، مزگێنی مەتا بەو ڕاگەیاندنە سەرسوڕهێنەرە دەست پێدەکات کە ئیمانوێڵ «واتە: خودا لەگەڵمانە» لە دایک دەبێت. جگە لە ئاشکراکردنی خودا بۆ زەکەریا دەربارەی یەحیا، لەناکاو خودا قسەی لەگەڵ دوو گەنجی جولەکە کرد، یوسف و مەریەم سەبارەت بە لەدایکبوونی عیسا. مەسیح کە لەمێژبوو چاوەڕوانی هاتنی دەکرا لە پەیمانی کۆندا، خەریک بوو بێت!
مەریەم لە یوسف مارە کرابوو و چاوەڕێی گواستنەوە بوو. لەم ماوەیەدا دەرکەوت کە مەریەم دووگیانە. بەڵام ئەوە چۆن دەبوو؟ لەوانەیە یوسف وای بیری کردبێتەوە کە مەریەم خیانەتی لێکردبێت. بەڵام خودا بە یوسفی گوت کە ئەوە وا نییە، بەڵکو بە گوێرەی پلانی خودا و بۆ هێنانەدی پێشبینی خۆی لە ئیشایا ٧٠٠ ساڵ پێش ئەوکات، موعجیزەیەک ڕوویدا. مەریەمی پاکیزە دووگیان بوو و منداڵەکەی لە دایک بوو واتە ئیمانوێڵ ئەوەی کە بە مانای «خودا لەگەڵمانە» دێت (ئیشایا ٧: ١٤).
زۆرجار ناوەکان مانایان هەیە و لە کتێبی پیرۆزدا ئەو ناوانەی کە خودا داویەتی گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. فریشتەکە دوو ناوی هێنا: عیسا و ئیمانوێل. پەیوەندی ئەم دوو ناوە چییە؟ ناوی عیسا لە ناوێکی عیبرییەوە هاتووە کە بە واتای «خودا ڕزگار دەکات» یان «خودا ڕزگارکەرە». لەگەڵ ناوی «خودا لەگەڵمانە» دێت، فێر دەبین کە منداڵەکە کێیە و ڕۆڵەی چییە، و چی دەکات.
عیسا کە کوڕی هەمیشەیی خودایە، بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو – خودا لەگەڵمانە! تەنها خودا دەیتوانی بە تەواوی بێ گوناه بێت بۆ ئەوەی قوربانی کۆتایی لە پێناوی گوناهی ئەوانی دیکە بکات – خودا ڕزگارمان دەکات! گوناهبار نەیدەتوانی کەفارەتی گوناهی ئەوانی دیکە بدات. عیسا وەک مرۆڤ توانی ئازار بچێژێ و بمرێ. ئاشتکەرەوەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە لە نێوان خودا و مرۆڤ (یەکەم تیمۆساوس ٢: ٥). زۆرێک لە ئایینەکانی دیکە باسی ئەوە دەکەن کە مرۆڤ دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی لە خودا نزیک ببێتەوە؛ تەنها ئینجیل باسی ئەوە دەکات کە چۆن خودای ڕاستەقینە هاتە لای ئێمە تاوەکو مرۆڤ لە هەموو نەتەوەیەک ڕزگار بکات بۆ شکۆمەندی خۆی (ئاشکراکردن ٥: ٩). ئەوە چەند سەرسوڕهێنەرە!
بەڵام دەبێت ڕوون بین دەربارەی بەرجەستەبوونی عیسا. بە تایبەتی مانای ئەوە نییە کە عیسا بەس نیوەی خودا و نیوەی مرۆڤ بوو. مانای ئەوە نییە کە بەس بە ڕووخسار بە مرۆڤ دەچوو بەڵام سروشتی مرۆڤی نەبوو. زۆر کەسیش دەڵێن کە عیسا بەس پێغەمبەر بوو یان بەس مامۆستایەکی باش بوو. نەخێر. عیسا بە تەواوی خودایە و بە تەواوی مرۆڤیشە. پێویستیش بوو بەو شێوەیە بێت.
تەنانەت دوای مردن و زیندووبوونەوە و بەرزبوونەوەکەشی، هەرگیز لە “ئیمانوێڵبوون” ڕانەوەستاوە. پاش بەرزبوونەوەی عیسا بۆ لای باوک لە ئاسمان، عیسا ڕۆحی خۆی ڕشتە سەر گەلەکەی، کە کڵێسایە. مانای ئەوە چییە ئێستا لەبۆ ئێمە؟ هەبوونی عیسا لەگەڵمانە بە بەخشینی هێز و ئازایەتی خۆیەتی بە ئێمە بۆ خزمەتکردنی شکۆ و ناوەکەی. ئەنجامی هەبوونی عیسا لەگەڵمان ئەوەیە کە لە ترس ئازاد بووین. زۆرجار کاتێک وشەی خودا دەڵێ کە یەزدان لەگەڵ خەڵکەکەیەتی، ئامۆژگارییەکە ئەوەیە: «مەترسە». داودی پاشا بە یەزدانی گوت، «لە هیچ خراپەیەک ناترسم، لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای» (زەبوورەکان ٢٣:٤).
ئێمە لە چ دەترسین؟ کۆنتڕۆڵنەکردنی بارودۆخەکەمان؟ بڕیاردانێکی خراپ؟ بەدەست نەهێنانی ئەو کارەی کە دەمانەوێ؟ نەبوونی پارەی پێویست بۆ بژێوی خۆمان یان خێزانەکەمان؟ لەدەستدانی هاوڕێکانمان یان خێزانەکەمان بەهۆی باوەڕمان بە مەسیح؟
گەورەترین شت کە دەبێت لێی بترسین تووڕەیی خودایە، کە لەلایەن عیساوە لەسەرمان لابراوە. بۆیە دەتوانین دڵنیا بین لە خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە. لەگەڵی بۆ هەتاهەتایە دەژین. عیسا دەیەوێ بۆ هەمیشە لەگەڵیدا بین.
هەروەکو چۆن مزگێنی مەتا بەم ڕاگەیاندنە گەورەیە دەست پێدەکات کە عیسا دێت و خودا لەگەڵمان دەبێت، بە هەمان شێوە لە کۆتاییدا مەتا قسەیەکی هاوشێوەی عیسا بۆ قوتابیەکانی باس دەکات. عیسا ئەرکیان دەداتێ – ئەرکێکی مەزن و زەحمەت – تا هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی. بەڵام عیسا دڵنەواییان دەکاتەوە لە دەسەلاتی خۆی و هەبوونی خۆی لەگەڵیان. “دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.”
خوێنەری ئازیز، ئەگەر لە گوناهەکانت تۆبەت کردووە و متمانەت بە عیسا کردووە وەکو پەروەردگار و ڕزگارکەر، با دڵت ئارام بێت کە ئێستا و بۆ هەمیشەش لەگەڵتە. با ئێستا پێکەوە بە دوعا ڕوومان لەو بکەین.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
پەیوەندی نێوان ناوی «عیسا» و «ئیمانوێل» چییە؟ چۆن مانای ئەم دوو ناوە کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانت؟
نوێژ
ئەی باوکە گیان، سوپاست دەکەین کە عیسات نارد و تۆ لەگەڵمانیت. لەبەر ئەوەی عیسا گەورەترین بەربەستی ئێمەی لە پەیوەندی لەگەڵ تۆدا لابرد، دەتوانین چێژ لە پێکەوەژیان وەربگرین و لە نوێژدا لێت نزیک ببینەوە. دەشتوانین متمانە بەوە بکەین کە تۆ لەگەڵمانیت، تەنانەت لە ئێستا و لە داهاتووشدا. یارمەتیمان بدە بۆ ئەوەی دڵخۆش بین بە ئامادەبوونت لەگەڵمان، وەک داود دەفەرموێ «ڕێگای ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە، خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.» ڕۆژ بە ڕۆژ بەڵێنی عیسامان بیر بخەرەوە، «هەرگیز پشتگوێت ناخەم، هەرگیز وازت لێ ناهێنم.» سوپاسگوزارین کە هەرگیز بە تەنها نین. ئەی یەزدان خۆشمان دەوێیت و ستایشت دەکەین. بە ناوی عیسای مەسیح، ئامین.



