
ڕۆژی ١٣
یەکەم جار مەسیح خۆشیویستووین
یەکەم یۆحەنا ٤: ١٩
خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: یەکەم یۆحەنا ٧:٤-٢١
لە ئایەتی سەرەکییەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوە ئێمە نەبووین کە یەکەم جار خودامان خۆش ویست، بەڵکو ئەو یەکەم جار خۆشیویستووین، لەکاتێکدا ئەومان نەدەناسی و گوناهباربووین و لە دژی بووین. کەواتە خۆشویستن و قوربانیەکەی لە ئەنجامی ئەوە نەبووە کە ئێمە خۆشمان ویستووە. پەندێکی کوردیمان هەیە دەڵێت، “پێت ئەڵێم مامە، چونکە چۆڵەکەم بۆ ئەگریت.” بەڵام خۆشەویستی خودا پێچەوانەی ئەم پەندەیە، بێ بەرامبەرە. بەڵام بەپێچەوانەوە خۆشەویستی ئێمە بۆ خودا و خەڵکی تر ڕەنگدانەوەی خۆشەویستیەکەی ئەوە بۆ ئێمە.
ئێمە کە ئەو خۆشەویستیە مەزنە دەبینین کە هەموو سنورێک تێ دەپەڕێنێت و هەموو یاساکانی جیهان ئاوەژوو دەکاتەوە، ئێمەش فێر دەبین لێیەوە کە خۆشەویستی ڕاستەقینە چییە. لەجیهاندا خۆشویستن بەندە بە مەرج و بەرژەوەندییەوە، واتە دەبێت باش بیت بۆم ئینجا من دەتوانم خۆشم بوێیت. بەڵام خۆشەویستی خودا جیاوازە، وەک خۆشەویستی دایک و باوک وایە بۆ منداڵەکەی. دایک و باوکێک منداڵ دەخەنەوە لەبەرئەوەی خۆشیان دەوێت. سەرنج بدەن، دایک و باوکەکە پێش ئەوەی مناڵەکە ببینن، خۆشیان دەوێت و جلوبەرگ و بێشکە و شیر و هەموو شتێکی بۆ ئامادە دەکەن. خوداش بەم شێوەیە مرۆڤی خۆش ویست. زەوی و ئاسمانی لە پێناوی مرۆڤدا بەدیهێنا. ئینجا لەسەر شێوەی خۆی مرۆڤی بەدیهێنا و دەسەڵاتی پێدا.
سەرەڕای خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە، مرۆڤ یاخی بوو لە خودا، بەڵام وێڕای یاخیبوونمان لە خودا، خودا بەردەوام بوو لە خۆشویستنی ئێمە و هاتە خوارەوە بۆ ئەم جیهانە تێکشکاوە بە لەدایکبوونی عیسای مەسیح. مەسیح هات و ئازاری چەشت بە دەستی ئەو مرۆڤەی کە خۆی درووستی کردووە. مەسیح هات بۆ بەدیهێنانی بەڵێنی خودا بۆ کڕینەوەی گوناهباران و نزیککردنەوەیان لە خۆی. مەسیح بووە قوربانی لەپێناومان تا ژیانی هەتهەتاییمان پێ ببەخشێت و بمانگەڕێنێتەوە بۆ لای خۆی بە نیعمەتەکەی.
ئازیزم، ئەگەر تۆبەت کردبێت لە گوناهەکانتەوە و باوەڕت هێنابێت بە عیسای مەسیح وەک پەروەردگارەکەت، بزانە کە ڕزگاربوونت و پەیوەندیەکەت لەگەڵ خودا لەسەر بناغەی خۆشەویستیەکەی مەسیحە بۆ تۆ، نەک لەسەر خۆشەویستیەکەی خۆت بۆ ئەو. مزگێنیدان و خزمەتکردنت بۆ خودا شتانێک نین بۆ ئەوەی خۆشەویستی خودا بەدەست بهێنیت. بە بەخشندەییەکەی و خواست و ویستی خۆی ئێمەی خۆش دەوێ. خۆشەویستی ئێمە بۆ خودا زیاد و کەم دەبێت، هەندێک جار بەهێزە، هەندێکجاریش لاواز. بەڵام خۆشەویستی خودا بۆ ئێمە هەرگیز کەم نابێتەوە، تەنانەت ئەگەر بکەوینە ناو گوناهیشەوە. بێگومان گوناهەکانمان ڕۆحی خودا خەمبار دەکات. ڕاستە کە خودا ڕاستمان دەکاتەوە، بەڵام ئەم راستکردنەوەیە لەبەر خۆشەویستیەکەیەتی، بۆ مەبەستی هێنانەوەی ئێمەیە بۆ لای خۆی، نەک بۆ مەبەستی تاوانبارکردنی ئێمە.
بۆیە دەبێت کاردانەوەمان چۆن بێت بەرامبەر ئەو خۆشەویستیەی خودا بۆ ئێمە؟ دەبێت یەکتریمان خۆش بوێ. مەسیح ناڵێت تەنها چاکەکارەکانتان خۆش بوێت. نەخێر، دەبێت دوژمنەکانیشمان خۆشبوێت و نویژیان بۆ بکەین سەرەڕای خراپەکانیان، چونکە ئەو بەو شێوەیە خۆشیویستووین.
بەڵام ئەگەر تۆ وەک منیت، هەستدەکەیت کە خۆشویستنی ئەو کەسە خراپانە مەحاڵ دیارە، ئەوا بزانە کە خودا خۆی سەرچاوەی خۆشەویستییە، نەک خۆمان. یەکیت لەگەڵ خودا لە ڕێی عیسای مەسیحەوە. بوویتە کەسێکی نوێ. گۆڕاویت. دڵە کۆنەکەت لەگەڵ مەسیح لە خاچ درا. خودا ڕۆحە پیرۆزەکەی خۆی پێ داویت کە خۆشەویستی یەکێکە لە بەروبوومەکانی. بۆیە لەم وەرزەدا، کاتێک یادی خۆشەویستی خودا دەکەینەوە بە هاتنی عیسای مەسیح، ئەوە لەبیر مەکە کە خودا بەهێزت دەکات بۆ ئەوەی ئەوانی ترت خۆش بوێ، تەنانەت ئەگەر دوژمنیشت بن. ئەمە لەبیر مەکە کە مەسیح یەکەم جار خۆشیویستوویت و خۆشەویستیەکەشی بۆ تۆ هەرگیز ناگۆڕێت.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
چۆن خودا خۆشەویستیەکەی خۆی بۆت دەربڕیوە؟ ورد ببەوە لەسەر خۆشویستنی خودا بۆ خۆت و لە دڵەوە ستایشی بکە.
نوێژ
ئەی باوکی ئاسمانیم، سوپاست دەکەین بۆ نیعمەتەکەت و قوربانییەکەت و خۆشەویستیە بێ سنوور و بێ کۆتاییەکەت. لێت دەپاڕێینەوە فێری خۆشەویستیمان بکەیت، یارمەتیمان بدە کە یەکتریمان خۆش بوێت، تەنانەت ئەوانەش کە دوژنایەتیمان دەکەن. بە ناوی عیسای مەسیح، ئامین.



