
ڕۆژی ١٠
خۆشەویستی لە نێوان باوەڕداران
یۆحەنا ١٣: ٣٤ – ٣٥
٣٤من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. ٣٥بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: یۆحەنا ٣١:١٣-٣٥
یەکترتان خۆش بوێ. ئەم فەرمانە سادە دیارە بە تایبەتی لە نێوان باوەڕداران. بەڵام بەڕاستی مانای ئەوە چیە کە یەکترمان خۆش بوێ؟ بیر لەو کەسانە بکەوە کە لە ژیانی تۆ دان و خۆشت دەوێن. لەبەرچی خۆشت دەوێن؟ لەبەرئەوەی بە سۆز و خۆشەویستییەوە مامەڵەت لەگەڵ دەکەن؟ یانیش لەبەرئەوەی واستەت بۆ دەکەن و کارەکانت رایی دەکەن؟ هەمیشە ئەو هیوایەت هەیە کە دەتوانن زۆر شتت لە داهاتوو بۆ بکەن؟ کە خزمەتت دەکەن، زیاتر خۆشت دەوێن؟ رێک ئەمە ئەو جۆرە خۆشەویستیەیە کە لەو دونیایەدا دەیبینین.
بەڵام عیسا فەرمانەکەی ڕوون دەکاتەوە کاتێک دەڵێت: “وەک خۆشمویستن، بەوجۆرە یەکترتان خۆش بوێ.” بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە چۆن یەکترمان خۆش بوێ، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی مەسیح و ببینین کە مەسیح چۆن قوتابییەکانی خۆی خۆشدەویست.
پێش ئەوەی مەسیح ئەو فەرمانەیان پێ بدات، رۆژێک خۆشەویستی خۆی پێ نیشاندابوون، ئەویش بە کردنی شتێک کە هەمووانی سەرسام کردبوو. ئەو رۆژە مەسیح لەناکاو دەستی کرد بە شوشتنی پێی شوێنکەوتووەکانی! بیر لەوە بکەوە، ئەو پیاوەی کە بە “گەورە” و “مامۆستا” بانگ دەکرا لەلایەن ئەوان، داوای لێ نەکردن کە پێیەکانی بشۆن، بەڵکو ئەو خۆی وەک خزمەتکارێک پێیەکانی ئەوانی شووشت. گریمان سەرۆکی وڵات بێتە ماڵەکەت و ئاو بکاتە ناو مەنجەڵێک و دەست بە شووشتنی پێیەکانت بکات، چ هەستێکت دەبێت؟ شەرمەزار نابیت لەبەرئەوەی کەسێک لە بەرزترین پلە خۆی نزم بکاتەوە و پێیەکانت بشوات؟
ئەدی ئەگەر ئەو کەسە عیسای مەسیح بێت؟ ئەوەی کە بە کوڕی خودا ناودەبرێت و شایەنی هەموو خزمەتکردنێکە، کەچی بڕیاریداوە ببێتە خزمەتکاری شووێنکەوتووانی. ئەمە ئەو جۆرە خۆشەویستییە نییە کە لەم دونیایەدا دەیبینین.
شوێنکەوتووەکانی عیسا هیچیان نەبوو لەبەرامبەر ئەو خزمەت و خۆشەویستییە بیدەن بە مەسیح، یۆحەنا ١٣ بەڕوونی ئەمەمان نیشاندەدات کە سەرەڕای ئەوەی مەسیح دەیزانی کە لە رۆژانی داهاتوودا پەتڕۆس نکوڵی لێدەکات و یەهوزاش بۆ پارە مەسیح دەفرۆشێت، کەچی هەر خۆشیویستن و خزمەتی کردن.
ئێستا پرسیار لە خۆت بکە، ئەگەر زانیبام کە یەکێک لە ئەندامانی کڵێساکەم ئەمشەو نکۆڵی لە ناسینی من دەکات، هەر خۆشم دەویست؟ ئەدی ئەگەر بتزانیبا ئەمشەو ئەم کەسە خیانەتت لێ دەکات و دەتفرۆشێت بە دوژمنەکان تا بتکوژن؟ هێشتا دەتتوانی ئەو کەسەت لە دڵەوە خۆشبوێت و خزمەتی بکەیت؟
مەسیح بەم جۆرەی کە ئەو خۆشی دەویستین فەرمانمان پێ دەکات کە یەکتریمان خۆشبوێت. ئەمە خۆشەویستییەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نییە، چاوەڕێی ئەوە ناکەیت ئەو کەسە لەبەرامبەردا چیت پێ دەدات، بەڵکو تەنها بیر لە بەرژەوەندی ئەو کەسە دەکەیتەوە نەک خۆت، ئەمە بۆچی دەکەیت؟ بێگومان بۆ شکۆمەندی مەسیح.
بەڵام با بپرسین چۆن بەو جۆرەی کە مەسیح داوای دەکات ئەوانی ترمان خۆشبوێ؟ مەسیح فەرمووی ئەم فەرمانە “نوێ”یە. ئەمە یاسایەکی نوێ نەبوو بۆ ئەوان، پێشتر فەرمانیان پێکرابوو، بەڵام لە مەسیحدا هێزێکی نوێیان وەرگرت بۆ جێبەجێکردن. پێشتر یاسای خودا تەنها لەسەر بەرد دەنووسرا، بەڵام لەدوای هاتنی مەسیحەوە، یاسای خودا لەسەر دڵمان نووسراوە. دەبێت دان بەو راستیەدا بنێین کە ئێمە ناتوانین بە توانای خۆمان بەو جۆرەی مەسیح ئەوانی ترمان خۆش بوێ وەک چۆن مەسیح خۆشی ویستووین. ئەوە بەهۆی توانا و هێزی رۆحی پیرۆزە لە ناخماندا کە وادەکات بەو جۆرەی مەسیح داوای دەکات یەکتریمان خۆش بوێت.
بەڵام لێرەشدا ئەو پرسیارە درووست دەبێت، چۆن هێزی رۆحی خودا وەر بگرین تا بەو شێوە یەکتریمان خۆش بوێ؟ خوشک و براکانم، ئەمە مزگێنیەکەی وەرزی یادکردنەوەی لە دایک بوونی مەسیحە: باوکمان لە ئاسمان هێندە خۆشی ویستین کە بووە هۆی ئەوەی کوڕە تاقانەکەی خۆی بنێرێتە سەر زەوی تا بە ژیانە تەواوەکەی و مردنەکەی و هەستانەوەکەی قەرزی گوناهەکانمان بە تەواوی بداتەوە و ئاشتمان بکاتەوە لەگەڵ خودا.
ئەم خۆشەویستییە بێ سنوور و بێ بەرامبەرەی مەسیح هاندەر و سەرچاوەی خۆشەویستی نێوان باوەڕدارانە. هەتا خۆشەویستی خودا لە مەسیحدا وەرنەگرین ناتوانین بەم شێوەیە کەسانی دیکەمان خۆش بوێ. کاتێک خۆشەویستی خودا وەردەگرین کە لە مەسیحدا پێمان پیشان دراوە، ئەوا نوێ دەکرێینەوە و رۆحی خودا نیشتەجێ دەبێت لە ناخماندا تاکو بە رۆحی پیرۆزی خودا لەم جیهانەی ئێستادا بژین. بە هێزی ڕۆحی خودا کە لەناخماندایە دەتوانین ئەو جۆرە خۆشەویستیەی کە خودا بۆمانی هەیە ئەوانی تریشمان خۆشبوێ.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
چۆن دەتوانی ئەو خۆشەویستییەی کە مەسیح پێیداوی بۆ باوەڕداران و نزیکەکانت دەریبخەی؟
نوێژ
ئەی خوای گەورە، سوپاست دەکەین بۆ ئەو خۆشەویستییە زۆر و قوڵەی کە بۆ ئێمەت هەیە، کوڕە تاقانەکەت ناردە سەر زەوی تا بمرێت لە پێناو سڕینەوەی گوناهەکانمان، سەرەڕای ئەوەی کە شایەن نەبووین. سوپاست دەکەین لەسەر ئەو خۆشەویستییە باڵایەی مەسیح کە بۆ ئەوانەش هەیەتی نکوڵی لێدەکەن و خیانەتی لێ دەکەن. سوپاست دەکەین لەسەر ئەوەی کە ئێمەش دەتوانین بە هێزی ڕۆحی تۆ بەهەمان شێوە کەسانی دیکەمان خۆش بوێ. یارمەتیمان بدە بەو شێوەیە یەکتریمان خۆش بوێ تا ئەوانەی کە لە دەوروبەرماندان بزانن هی تۆین. بە ناوی مەسیح، ئامین.



