
ڕۆژی ٩
خۆشەویستی خۆنەویستانە
یۆحەنا ٣: ١٦-١٧
١٦لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، ١٧چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: یۆحەنا ١:٣-٢١
یۆحەنا ١٦:٣-١٧ بەشێکە لە گفتوگۆیەکی تایبەت، لە درەنگانێکی شەودا لە نێوان عیسا و نیقۆدیمۆس درووست بووە، وەک زانراوە کە نیقۆیدیمۆس کە مامۆستایەکی بەڕێز و پایەداری گەلی جولەکە بوو لەو سەردەمدا. نیقۆدیمۆس، وەک دوژمنێک نەهاتە لای عیسا، بەڵکو وەک کەسێکی وریا و پەرۆش بۆ زانین هاتە خزمەتی مەسیح. ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە کۆمەڵێک پرسیار لە ناخیدا هەبوون، بەڵام دەترسا لەبەردەم خەڵکیدا پرسیارەکانی لە مەسیح بکات. بۆیە لە شەوێکی تاریک و ئەنگوستەچاودا چوو بۆ لای مەسیح. عیساش دەیزانی بۆچی بەم درەنگە هاتووە، بۆیە ڕەتی نەکردەوە. ئەمە خۆنەویستی عیسامان نیشان دەدات. هەرچەندە ئەو کوڕی خودایە، بەڵام ئامادەبوو کە بە هێمنی و بە نەرمی و بە تەواوی سەرنجییەوە لەگەڵ نیقۆدیمۆسدا گفتوگۆ بکات.
بەڵام با بپرسین ئەو ڕاستییە سەرەکییە چی بوو کە عیسا بە نیقۆدیمۆسی ڕاگەیاند؟ بێگومان ئەو راستییە ئەوە بوو کە خۆشەویستی خودا هێندە قووڵ و فراوانە بۆ ئێمە کە بووە هۆی ئەوەی کوڕە تاقانەکەی بۆ ئێمە بنێرێت، کوڕەکەی نارد تا بە باوەڕهێنان پێی لە دایک ببینەوە و ژیانی هەتاهەتاییمان پێ ببەخشێت!
عیسای مەسیح نەهاتبوو بۆ حوکمدانی گوناهباران، بەڵکو بۆ ئەوە هاتبوو کە ئازدیان بکات لە کۆیلایەتی گوناه. ئەمەش جیاوازیە گەورەکەی خۆشەویستی خودایە بەراورد بە خۆشەویستی مرۆڤ. خۆشەویستی مرۆڤانە زۆرجار بە منەتەوەیە، خۆویستانەیە، یان سنوردارە. ئێمە ئەو کەسانەمان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێین، یان بە سادەیی دەڵێین تەنها ئەوانەمان خۆش دەوی کە “شایستەن.” بەڵام خودا هەموو جیهانی خۆشدەوێت، بە ناشایستەکانیشەوە.
ئەو ئێمەی خۆشدەویست لە کاتێکدا ئێمە لەناو خۆپەرستیماندا ون ببووین، لە کاتێکدا ئێمە هێشتا لە تاریکیدا بووین. ئەمە خۆشەویستییەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە. ئەمە خۆشەویستییەکی پڕ لە قوربانیدانە. ئێمە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا هێز و شەرەف و کەرامەت وەک بە نرخترین شت دەزانین. بەڵام خۆشەویستی مەسیح شتێکی تری نوێمان فێر دەکات. ئەو وەک پاشایەکی دونیایی نەهات بۆ پیشاندان و دامەزراندنی شانشینەکەی، بەڵکو وەک خزمەتکارێک هات بۆ هێنانی شانشینە ئاسمانییەکەی، نەک شانشینێکی دونیایی. هات و شێوەی بەندەی وەرگرت، وەک مرۆڤی لێهات، کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و هەتا مردن ملکەچ بوو، بەڵام چ مردنێک، مردن لەسەر خاچ.
ئەو وەک پاشایەکی ئەم دونیایە نەهات کە هەمیشە لەسەر تەختەکەی بێت و تاجێکی زێڕینی لەسەر بێت. ئەو وەک خزمەتکارێک هات، هات خزمەتی ئەوانە بکات کە بەدوای رزگارکەرێکدا دەگەڕێن. لە ئاخوڕێکی ئاژەڵاندا لەدایک بوو، بە ڕێگا تۆزاوییەکاندا دەڕۆیشت و دواجاریش بە خاچێک هەڵواسرا و تاجێکی دڕکاویشی لەسەر نرا وەک سوکایەتی. چ جۆرە پاشایەک ئەمە دەکات؟ بێگومان هیچ پاشایەک ئەوە ناکات.
مەسیح چیرۆکێک باس دەکات بۆ قوتابییەکانی، وەک ئەوەی کە لە چیاکانی کوردستان روویدابێت. باس لەوە دەکات کە شوانێک یەکێک لە بچووکترین مەڕەکانی لێ ون دەبێت. هەرچەندە زۆر مەڕی تری هەبوون، بەڵام بەجێیهێشتن بۆ ئەوەی بچێت و بەدوای مەڕە ونبووەکەدا بگەڕێت لە گرد و دۆڵ و چیا بەفراوییەکاندا. کاتێک دۆزیەوە، خستییە سەر شانەکانی و گەڕاندیەوە بۆ ناو مێگەلەکە. ئەو شوانە بەدوای بەرژەوەندی و بەدەستهێنانی ستایش نەدەگەڕا. ئەو زۆر بە سادەیی مەڕەکانی خۆشدەویستن.
عیسا ئەو شوانەیە. ئەو بۆ دۆزینەوەی هەر یەکێک لە ئێمە هاتووە. بەڵام نەک بە لووتبەرزیەوە، بەڵکو بەوپەڕی خۆنەویستیەوە. نەهات تا شتێکمان لێ وەربگرێت، بەڵکو بە خۆشەویستییەوە هات تا رزگارییمان پێ ببەخشێت. لە یۆحەنا ٣: ١-٢١ دا، عیسا نیشانمان دەدات کە لەدایکبونەوەی دووبارەی ئێمە، بابەتێکی ئایینی یاخود نەریتی نییە، بەڵکو بابەتێکی رۆحییە. ژیانێکی نوێیە و بەهێز و خۆشەویستییەوە وەریدەگرین لەلایەن ئەو کەسەی کە هەموو شتێکی لە پێناو ئێمەدا بەخشی. ئەم ژیانە نوێیە بە کار و کردارەکانمان بەدەست نەهاتووە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕ بەو کەسە وەرگیراوە کە لە پێناو ئێمەدا خۆی نزم کردەوە و ڕازی بوو بە وەرگرتنی سزای مردنێک لە جیاتی ئێمە کە هەرگیز شایەنی نەبوو.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
ئەگەر عیسا بەم شێوەیە خۆی بەختکردبێت بۆ ئەوەی خۆشیبوێم و ڕزگارم بکات، چۆن دەتوانم هەمان ئەو خۆشەویستییە، بە خۆنەویستیەوە پیشانی کەسانی تر بدەم؟ تەنانەت نەک هیچم لەو کەسە دەست نەکەوێت، بەڵکو لەبەرامبەردا شتێکیش ببەخشم؟
نوێژ
ئەی باوکی پاک و پیرۆزمان، سوپاست دەکەین لە رزگاکردنمان لە لەناوچوونی هەمیشەیی. سوپاست دەکەین لەسەر ئەوەی کە وات لێکردین دووبارە لە دایکببینەوە. وامان لێ بکە گومان لەوە نەکەین کە ناتوانیت کەس و کارمان رزگار بکەیت، دەزانین توانای تۆ بێ سنوورە. وامان لێبکە خۆمان نزم بکەینەوە بۆ خۆشویستنی ئەوانی تر، وەک چۆن تۆ خۆشت ویستووین. لێت دەپاڕێینەوە کە ژمارەی کڵێسای تەندرووست لە کوردستان زیاد بکەیت، تا خەڵکی کوردستان زیاتر شکۆت ببینن. بە ناوی عیسای مەسیح، ئامین.



