
ڕۆژی ٥
چڵێک لە بنەداری یەسا
ئیشایا ١١: ١ – ٢
١چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت، لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت. ٢ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە، ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن، ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی، ڕۆحی زانین و لەخواترسی.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: ئیشایا ١١: ١ – ١٠
کاتێک ئێمەی کورد کوردێکی تر دەبینین، دەمانەوێ باکگراوند و عەشیرەتی بزانین؟ دەمانەوێ بزانین باوباوپیری کێیە. بە زانینی ئەو شتانە دەمانەوێ ئەو کەسە بناسین، چونکە هەر عەشیرەت و بنەماڵەیەک بە شتێک دەناسرێنەوە. دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش، پێش لە دایکبوونی مەسیح، خەڵک وەک ئێستا دەیانویست بزانن خەڵک لە چ هۆز و تیرەیەکە. خەڵک هەمان پرسیاریان لە مەسیحیش دەکرد، دەیانویست بزانن کە مەسیح کوڕی کێیە و لە چ هۆز و تیرەیەکە. ٧٠٠ ساڵ پێش لە دایکبوونی مەسیح، پێغەمبەر ئیشایا پێشبینی دەکرد لەبارەی رزگارکەرەکە واتە مەسیح، رایدەگەیاند کە مەسیح لە چ بنەماڵەیەک دێت و چۆن حەوانەوە و ئاشتی تەواو بۆ خەڵک لە هەموو نەتەوەکان دەهێنێت.
لە سەردەمی ئیشایادا، گەلی خودا لاواز و ستەملێکراو بوون و خەریک بوو لە ناوبچن. ٣٠٠ ساڵ پێش ئەو کات زۆر بەهێزبوون لەژێر فەرمانڕەوایەتی داود، بەڵام لەسەردەمی ئیشایا زۆر لاواز ببوون. شەڕی براکوژیان دەکرد و پاشاکانی گەلی خوداش دوای داود زۆر خراپ بوون و مەرجی پەیمانی خودایان شکاندبوو. لەبەرئەمە رووبەڕووی سزا و نەفرەتی خودا بوونەوە. لەبەر یاخیبوون و گوناهەکانیان خەریکبوو لەناوبچن بەدەستی ئاشورییەکان. لەم دۆخە خراپ و بێهیواییەدا، ئیشایا پێشبینی هاتنی مەسیحی رزگارکەری دەکرد.
ئیشایا دەڵێت کە مەسیح لە بنەداری یەسا دێت. یەسا باوکی داود بوو. فەرمانڕەوایەتی داود زۆر مەزن بوو. بەڵام پاشاکانی دوای داود یەزدانیان پشتگوێخست و بنەماڵەکەی یەساش لاواز ببوو. بۆیە ئیشایا باسی بنەماڵەی یەسا دەکات وەک بنەدارێک، وەک دارێکی لاواز و گچکە نەک وەک دارێکی پتەو و بڵند. لە نێوان ئەم بیهیوایی و بێ ئاشتییەدا ئیشایا هیوا بە گەلی خودا دەدات بە باسکردنی چڵێک لە بنەداری یەسا کە گەشە دەکات و رەگداکوتاو دەبێت تا هەرگیز لە رەگەوە هەڵنەکێشرێت. رۆحی یەزدان لەسەر ئەم چڵە دەنیشێتەوە و پڕ دانایی دەبێت. ئەم چڵە خراپەکاران حوکم دەدات و گەلەکەشی بە راستودرووستی و دادپەروەری رابەرایەتی دەکات پێچەوانەی پاشاکانی تری ئیسرائیل. ئەم رزگارکەرە شوێنی حەوانەوەی تەواو بۆ گەلەکەی دابین دەکات، واتە بۆ هەموو ئەوانەی کە دێنە لای و لە ژێر پاشایەتییە راستودرووستەکەی دەژین. ئەم چڵە لە بنەداری یەسایە کە مەسیحە.
خوشک و برا خۆشەویستەکانم، ئێستا و ئەمڕۆ لەم جیهانەدا، زۆر جەنگ و ناکۆکی و نادادپەروەری لە نێوان خۆماندا دەبینین بە شێواز و جۆری جیاواز. زۆر دڵتەنگم و ماندووم بە بینینی نادادپەروەری و ناکۆکی لە کۆمەڵگەکەماندا. بەپەرۆشم و هاوار دەکەم بۆ پاشایەکی ڕاستودرووست کە بە ڕاستودرووستی حکومڕانی بکات. وەک چۆن خودا لە دۆخی بێهیوایی و نەبوونی ئاشتیدا مەسیحی نارد بۆ رزگاکردنی گەلەکەی، بەهەمان شێوە خودا ئێمەش لەم بێ هیوایی و نادادییەدا رزگار دەکات! بەڵام چۆن و بە چ رێگایەک؟ وەڵامەکە، عیسای مەسیحە، چڵەی بنەداری یەسا.
مەسیح پاشای ئاسمان و زەوییە. ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا هاتە خوارەوە و بووە مرۆڤ و شانشینی خودای هێنایە ئەم دونیایە. رۆژێکیش دێت کە دێتەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکە مەزنەکەی لەم دونیایەدا. بەڵام تا هاتنەوەی دووەمی مەسیح، ئەم جیهانە هێشتا پڕە لە جەنگ و ناکۆکی و نادادپەروەری. بەڵام لەم جیهانەدا ورەمان بەرنادەین چونکە دەزانین هی خوداین و جێگەی بایەخی خوداین. کاتێک مەسیح دێتەوە هەموو خراپە و نادادییەک راست دەکاتەوە و شانشینەکەی بە تەواوەتی دادەمەزرێنێت لەگەڵ گەلە پیرۆزەکەی لە جیهانی نوێبووەوەدا. لەو جیهانە نوێبووەوەدا جەنگ و ناکۆکی و گوناه نامێنێت. لەو کاتەدا گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت. مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن. زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان هەروەک چۆن ئاو دەریا دادەپۆشێت. لە رێی مەسیحەوە، ئەم جیهانە و هەموو ئەوانەی کە باوەڕی پێ دەهێنن وەک رزگارکەریان، رزگار دەبن و ئاشتی تەواوەتیان دەست دەکەوێت. بۆیە کاتێک چاوەڕێی هاتنەوەی دووەمی مەسیح دەکەین، با ورەمان بەرز بێت چونکە چڵێک لە بنەداری یەسا فەرمانڕەوایەتی دەکات کە مەسیحە.
پرسیار بۆ تێڕامان و وردبوونەوە
پێشبینی ئیشایا لەبارەی مەسیح چۆن هانت دەدات دانبەخۆتدا بگریت لەم جیهانە پڕ لە نادادییەدا؟
نوێژ
ئەی خودایە ناوت بەرز رادەگرین. شکۆی تۆ هەمیشە لەسەرمانە. بە نیعمەتی خۆت لەڕێگای عیساوە ئاشتی و ڕزگاریت پێ بەخشین. سوپاست دەکەین بۆ ئەو خۆشەویستییەی کە خستتە نێوان رۆڵەکانت. ستایشت دەکەین کە فێرتکردووین ناکۆکیمان وەلا بنێین. سوپاست دەکەین بۆ پێدانی هیوای هەتاهەتایی پێمان تا بتوانین دانبەخۆماندا بگرین لەم جیهانەدا. ئەی خوایە گیان، ستایشت دەکەین لەسەر هێنانەدی بەڵێنەکانت بۆ رەگ داکوتانی ئەو چڵەی بنەداری یەسا کە پڕت کردووە لە دانایی. ستایشت دەکەین لەسەر ئەوەی کە کوڕە تاقانەکەت پڕە لە دادپەرەوری و راستی و ئاشتی و خۆشەویستی نەگۆڕ. بە ناوی عیسای مەسیح، ئامین.



