
پێشەکی
یادی لە دایکبوونی مەسیح
وەرزی لە دایکبوونی مەسیح کاتێکی زۆر تایبەتە بۆ باوەڕداران تا یادی هاتنی پەروەردگارمان بکەنەوە. ئەم کتێبەی بەردەستت بۆ ئەوە نووسراوە تا یارمەتیت بدات لەم وەرزەدا قوڵتر کۆی مەسیح ببینیت و خۆشەویستیت بۆی زیاتر بێت. هەر بابەتێکی ئەم پەرتووکە لەلایەن نووسەرێکی جیاوازەوە نووسراوە. زۆربەی بەشەکانی ئەم کتێبە لەلایەن باوەڕدارە کوردەکانەوە نووسراون، کە لە ناوچەی جیاواز و کڵێسای جیاوازەوەن. هەندێکیشیان بیانین، بەڵام ساڵانێکی زۆرە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ژیاون و کوردییەکی باش دەزانن. ئەم کتێبە لە زمانێکی ترەوە وەرنەگێڕدراوە، بەڵکو بە زمانی کوردی و بە تایبەت بۆ باوەڕدارانی کورد نووسراوە، بە لەبەرچاوگرتنی ژینگە و کولتووری کوردی. سوپاسێکی بێ پایانمان هەیە بۆ تەواوی نووسەرەکان، بە هەوڵی ئەوان نەبووایە ئەم کتێبە لە دایک نەدەبوو.
پێشنیار بۆ چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە
ئەم کتێبە ٢٥ بەشی کورتی لە خۆی گرتووە، هەر بەشێک بۆ رۆژێک، لە ١ی ١٢ تا ٢٥ی ١٢ (تا رۆژی جەژنی لە دایکبوونی مەسیح). ئەم کتێبەمان بەجۆرێک رێکخستووە کە بۆ هەر رۆژێک بەشێک بخوێنیتەوە. هەر بەشێکیش ئەم بڕگانەی خوارەوە لە خۆی دەگرێت:
- ئایەتی هەڵبژێردراو
- بەشێکی کتێبی پیرۆز کە بۆ ئەم رۆژە دەیخوێنیتەوە (کە چوارچێوە “سیاق”ی ئایەتە هەڵبژێردارەوەکەیە)
- وتارێکی کورت لەسەر ئەو بەشەی کتێبی پیرۆز کە ئەو ڕۆژە خوێندۆتەوە
- پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
- نوێژ
گرنگە کە جگە لە ئایەتی هەڵبژێردراو، ئەو بەشەش کە بۆ رۆژەکە تەرخانکراوە دەبێت بیخوێنیتەوە. واتە وتارەکان تەنها لەسەر ئایەتە هەڵبژێردراوەکان نین کە لەسەرەوەی هەر بابەتێک نووسراون، بەڵكو لەسەر ئەو بەشەشە کە بۆ ئەو رۆژە تەرخانکراوە.
هەروەها لە کۆتایی هەر بابەتێکدا پرسیارێک هەیە، کە یارمەتیت دەدات ورد ببیتەوە لەوەی کە خوێندۆتتەوە. تکایە ئەم پرسیارانە پشتگوێ مەخە، چەند خولەکێک تەرخان بکە و لەم پرسیارانە ورد ببەوە. لە کۆتاییدا، تکایە دوای وردبوونەوە لە پرسیارەکە، کات بەسەر ببە بە نوێژکردن. بۆ ئەمەش لە هەر بابەتێکدا نوێژێکی کورت هەیە تا یارمەتیت بدات لە نوێژکردن. خوێندنەوەی هەموو بڕگەی بەشی رۆژێک بە پرسیاری وردبوونەوە و نوێژکردنەوە تەنها ١٠ خولەک دەخایەنێت. بە هیواین کە ئەم کتێبە بەرەکەتدارت بکات و ببێتە هۆی ئەوەی شکۆمەندیش بە مەسیح بدەیت.



