ئایا ژنان دەتوانن وەک قەشە خزمەت بکەن؟
هەندێک کەس جارووبار پرسیارم لێ دەکەن کە ئایا دەکرێت ژنان خزمەت بکەن لە ناو کڵێسادا؟ وەڵامی من بەدڵنیاییەوە بەڵێیە. هەموو کات هەموو باوەرداران بانگهێشت کراون بۆ خزمەتکردنی یەکتری.
بەڵام وەڵامم جیاواز دەبێت ئەگەر کەسێک پرسیارم لێ بکات ئایا دەکرێت ژنان وەک قەشە لە کڵێسادا خزمەت بکەن؟ وەڵامەکەم ئەوەیە کە پەیمانی نوێ بە سادەیی پێمان دەلێت کە ژنان نابێت ببنە قەشە لە کڵێساکان. لە پەیمانی نوێدا ناونیشانی جیاواز بەکارهێنراون بۆ باسکردنی پێگەی قەشە. بۆ نموونە، لە کردار ٢٠: ١٧، وشەی پیر بەکارهێنراوە. لە یەکەم تیمۆساوس ٣: ١ وشەی چاودێر بەکارهێنراوە. لە ئەفەسۆس ٤: ١١ وشەی شوان بەکارهێنراوە. بەڵام ئەم ناونیشانە جیاوازانە (قەشە و پیر و چاودێر و شوان) باسی یەک پێگە دەکەن لە کڵێسادا. واتا تەنها سێ ناوی جیاوازن بۆ یەک پێگە. لەم وتارەمدا چەمکی شوان و پیر و چاودێر بۆ یەک مەبەست بەکار دەهێنم کە بریتییە لە پێگەی قەشە.
وشەی پیر مانای ئەوە نییە کە ڕابەری کڵێسا دەبێت بەتەمەن بێت. نەخێر. بە کورتی، پیر (واتا قەشە) پیاوێک کە ڕابەرایەتی کڵێسا دەکات بە فێرکردنی کتێبی پیرۆز و چاودێریکردنی ئەندامەکانی کڵێسا. مەرجی بوون بە پیر لە یەکەم تیمۆساوس ٣: ١ – ٧ باس کراون. بە گشتی زۆربەی مەرجەکان لەبارەی ژیانی پیرۆز و دڵسۆزانەن بۆ خودا.
قەدەغەکردنی پۆڵس لە ١ تیمۆساوس ٢: ١٢
دەقی سەرەکی کە دەڵێت ژنان نابێت وەک پیر خزمەت بکەن یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١ – ١٥.
با ئەو ئایەتانە بخوێنینەوە…
“ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت، چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.”
لە ئایەتی ١٢ دەەیخوێنینەوە (ڕێگە نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت) لەم ئایەتەدا پۆڵس ڕێگری لە ژنان دەکات بۆ ئەنجامدانی دوو چاڵاکی کە هی شوانەکانە (فێرکردن و هەبوونی دەسەڵات) لە شوێنی تر لە پەیمانی نوێ ئەمانە واتە (فێرکردن و هەبوونی دەسەڵات) دوو چاڵاکین کە شوان دەبێت بیانکات. بۆ نموونە یەکەم تیمۆساوس ٣: ٢؛ یەکەم تیمۆساوس ٥: ١٧؛ تیتۆس ١: ٩ و کردار٢٠: ١٧ – ٣٤، هەموویان ئەوە فێردەکەن کە پیر دەبێت توانای فێرکردنی هەبێت. هەروەها ١تیمۆساوس٣: ٤-٥ یەکەم تیمۆساوس ٥: ١٧ دەڵێت کە شوان دەبێت توانای ئەوەی هەبێت ڕابەرایەتی کڵێسا بکات. هەر بۆیە ئەگەر ژنان رێگریان لێ کرابێت لە فێرکردن و هەبوونی دەسەڵات مانای ئەوەیە کە نابێت ببنە پیر.
ئایا ئەم قەدەغەکارییە هێشتا کارایە لەمڕۆدا؟
بەپێی ئەم فەرمانەی کە نابێت ژنان فێربکەن و دەسەڵاتیان هەبێت ئایا لەسەر ئێمە جێبەجێ دەکرێ لەمڕۆدا؟ زۆرکەس دەڵێن پۆڵس بۆیە ڕێگری لە ژنان دەکرد چونکە ژنان لە کاتی ئەودا نەخوێندەوار بوون. بۆیە توانای فێرکردنیان نەبوو بە باشی. هەندێکیش دەڵێن ئەم قەدەغەکارییە کە نابێت ژنان فێرکردن بدەن و دەسەڵاتیان هەبێت بە تەنها لەسەر ئەو کڵێسایەی پۆڵس شوانایەتی تێدا دەکرد جێبەجێ دەکرێ. ئەوان ئەمانە دەڵێن چونکە لە یەکەم تیمۆساوس ١: ٣ و ٦: ٣
پۆڵس ئاگاداری دەداتە تیمۆساوس دەربارەی مامۆستا هەڵخەڵەتێنەرەکان. بۆیە خەلک وا بیریان دەکردەوە دەکرێ مامۆستای هەڵخەڵەتێنەر هەبن. بەهەرحاڵ یەکەم تیمۆساوس١: ٣ و ٦: ٣ ناڵێت ئەم مامۆستا هەڵخەڵەتێنەرانە ژنەکانن بە کورتی هەندێ خەڵک وا بیردەکەنەوە کە پۆلس پاڵپشتی ئەو ژنانە دەکات کە بە تەواوی فێرکرابن و فێرکردنیان ڕاست بێت.
بەڵام ئایا ئەوە لێکدانەوەیەکی ڕاستە بۆ ئەم ئایەتانە؟ نا، بۆچی؟ بەڵکو ئەو هۆکار یا ئەو بنەمایەی کە پۆڵس بۆ قەدەغەکردنەکە دەیخاتەڕوو دەربارەی درووستکردنی ئادەم و حەوایە. پۆڵس ناڵێت(نامەوێت ژنان فێربکەن و دەسەڵاتیان هەبێت بەسەر پیاودا چونکە ئەوان نەخوێندەوارن) یان (نامەوێت ژنان فێربکەن و دەسەڵاتیان هەبێت بەسەر پیاواندا چونکە ئەوان فێرکاری هەڵە بڵاو دەکەنەوه) نا پۆڵس وا ناڵێت.
با سەیری یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٣-١٤ بکەین بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری پۆڵس چییە لە ڕێگریکردن بۆ فێرکردن و هەبوونی دەسەڵاتی ژنان بەسەر پیاواندا. لە ئایەتی ١٣ پۆڵس دەڵێت “چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا ئینجا حەوا.” پۆڵس هیچ ناڵێت دەربارەی نەبوونی فێرکاری یاخود ئەوەی کە ژنان بە فێرکردنی هەڵە کێشە درووست دەکەن لە کڵێسادا. لە جیاتی ئەوە، ڕیزبەندی بەدیهێنانی ئادەم و حەوا بەکار دەهێنێت. پۆڵس پشتگیری قەدەغەکارییەکەی خۆی دەکات بە ویستی باش و تەواوی خودا بە بەدیهێنانی ئادەم یەکەم جار ئینجا حەوا. گرنگە ئەوە ببینین کە ئاماژەکردن بە بەدیهێنان مانای ئەوەیە کە ئەو فەرمانەی کە دەڵێت نابێت ژنان فێربکەن و دەسەڵاتیان هەبێت لەسەر پیاوان لەسەروو هەموو کلتورێکەوەیە. مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم فەرمانە دەبێ جێبەجێ بکرێت لە هەموو کڵێساکان و لە هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک. هەروەها سەرنج بدەن پۆڵس ئاماژە بە پەیوەندی پچڕاوی نێوانی ئادەم و حەوا نادات کە ئەنجامی گوناهەکەیان بوو. نا، بەڵکو ئەو بنەمای ئەو قەدەغەکردنە دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی درووستکردنی جیهان پێش ئەوەی گوناه بێتە ناو جیهان.
بە کورتی هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی ژنان نابێت ببن بە شوان، لە یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٣ هاتووە کە ئەمە لەسەر شێوازی بەدیهێنانی خودایە. بۆیە ناتوانین بڵێین کە ئەم فەرمانە لەسەر کلتووری ئەو کڵێسایەیە کە تیمۆساوس شوانایەتی تێدا دەکرد.
جگە لەوە پەیمانی نوێ فەرمانی زۆری لەم شێوەیەی تێدایە کە لەسەر بنەمای خواست و کرداری خودایە لە بەدیھێنانی مرۆڤ. بۆ نموونە ڕۆما ١: ٢٦ فێرمان دەکات کە هاوڕەگەزبازی لەگەڵ خواستی خودا ناگونجێت چونکە “پێچەوانەی سرووشت”ە، واتە دژی ئەوەیە کە خودا مەبەستی بووە کاتێک مرۆڤی بە نێر و مێ درووستکردووە. بۆیە بە گوێرەی کتێبی پیرۆز هاوڕەگەزبازی هەڵەیە لە هەموو کلتوور و هەموو کاتێکدا. چونکە دژی خواستی خودایە بۆ ژن و پیاو کە بە نێر و مێ درووستی کردوون.
بە هەمان شێوە مەسیح فێرمان دەکات کە جیابوونەوە باش نییە چونکە لە بەدیهێناندا خودا ژنێک و پیاوێکی درووست کرد.، مەبەست لێی ئەوەیە کە دەبێت یەک پیاو هاوسەرگیری لەگەڵ یەک ژن بکات تا ئەو رۆژەی مردن جیایان دەکاتەوە لەیەکتری (مەتا ١٩: ٣ – ١٢). بۆیە بە گوێرەی کتێبی پیرۆز خواستی خودا ئەوەیە کە ژن و مێرد لە یەک جیانەبنەوە، ئەمە لەسەر هەموو هاوسەرەکان جێبەجێ دەکرێت لە هەموو کاتێک و لە هەموو کلتوورەکان تەنانەت ئەگەر جیابوونەوە قبوڵکراویش بێت لە کلتوورێکی تایبەت.
وەک بینیمان لە یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١ – ١٥ پۆڵس دەڵێت کە بنەمای قەدەغەکردنی ئەوەی کە ئافرەتان ناتوانن فێرکردن بدەن و دەسەڵاتیان هەبێت بەسەر پیاو دەگەڕێتەوە بۆ ریزبەندی درووستکردن، بەوەی کە خودا سەرەتا ئادەمی درووستکرد ئینجا حەوا (پەیدابوون ٢: ٤ – ٢٥). چیڕۆکەکە لە پەیدابووندا بە وردی نووسراوە. لە ژێر چاودێری ڕۆحی پیرۆز پۆڵس یارمەتیمان دەدات کە ئەو ئاماژەیە بە درووستکردنی حەوا دوای ئادەم ببینین. هەندێک ناڕازین و دەڵێن ئەوە هۆکارێکی باش نییە چونکە ئاژەڵان پێش مرۆڤ درووست کراون. ئەوانەی کە ئەم رەخنەیە لە پۆڵس دەگرن لە مەبەستی پۆڵس تێناگەن، چونکە تەنها مرۆڤەکان لەسەر وێنەی خودا درووست کراون نەک ئاژەڵەکان ( پەیدابوون ١: ٢٦ – ٢٧). کاتێک رۆحی پیرۆز لە ڕێگەی نووسینەکانی پۆڵسەوە پێمان دەڵێت پیاو یەکەمجار درووستکرا ئینجا حەوا، ئەوە بیرمان دەهێنێتەوە کە خودا بەرپرسیارێتی ڕابەرایەتی داوە بە پیاوان.
پۆڵس هۆکارێکی تری هەیە بۆ ئەوەی کە ژن ناتوانێت فێرکاری لە کڵێسادا بکات و دەسەڵاتی هەبێت بەسەر پیاو، لە یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٤ دەڵێت “هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە.” لەوانەیە مەبەستی پۆڵس لێرە ئەوە نەبێت کە ژنان زیاتر لە پیاوان هەڵدەخەڵەتێن چونکە لە ئایەتەکانی تردا پۆڵس وەک مامۆستای ئافرەتان و منداڵان هانی ئافرەتان دەدات (تیتۆس ٢: ٣؛ دووەم تیمۆساوس ١: ٥؛ دووەم تیمۆساوس ٣: ١٤ – ١٥). ئەگەر پۆڵس باوەڕی وابوایە کە ئافرەتان بە سرووشت ئاسانتر لە پیاوان هەڵدەخەڵتێن، ئەوا پێشنیاری نەدەکرد کە ئافرەتان ئافرەتانی دیکە و منداڵان فێر بکەن. ڕەنگە پۆڵس دووبارە بیر لە چیڕۆکی بەدیھێنان بکاتەوە. چۆن؟ چونکە مارەکە بە تەنها هێرشی کردە سەر رۆڵ یان ڕابەرایەتی ئادەم بە هەڵخەڵەتاندنی حەوا (ئەوەی لە ژێر ڕابەرایەتی و پارێزگاری ئادەم بوو) لە جیاتی ئادەم خۆی. بە پێی پەیدابوون ٣: ٦ ئادەم لەگەڵ حەوا بوو کاتێک هەڵخەڵەتاندنەکە ڕوویدا، بۆیە ئادەم لە پاراستن و ڕابەرایەتیکردنی حەوا شکستی هێنا لەو ڕێگەیەی کە خودا داینابوو.
یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٤ ئەوەمان فێر ناکات کە ژنان نەخوێندەوار بوون. ناتوانی هەڵخەڵەتانەکەی حەوا بخەیتە پاڵ نا زیرەکی، بەڵکو بەهۆی سەرپێچی کردن بوو لە فەرمانی خودا و خواستی ئەو بۆ جیابوونەوە لە خودا. جگە لەوە، ئاماژە بە هەڵخەڵەتاندن لە ئایەتی ١٤ مانای ئەوە نییە کە ژنان لە کڵێسای تیمۆساوس رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە فێرکاری هەڵە. بەڵکو مامۆستا هەڵخەڵەتێنەرەکان کە لە ١تیمۆساوس ناوبراون، پیاوانن(بڕوانە یەکەم تیمۆساوس١: ٢٠)
ئەگەر ئایەتی ١٤ لێکبدەینەوە کە پۆڵس فێرکردن لە ژنانی ئەفەسۆس قەدەغە دەکات (ئەفەسۆس ئەو شوێنە بوو کە تیمۆساوس لەوێ شوانایەتی دەکرد.) لەبەرئەوە بوو کە لە لایەن مامۆستایانی هەڵخەڵتێنەر هەڵخەڵتێنرابوون. کەواتە دەبێت بڵێین کە پۆڵس فێرکردن لە هەموو ژنانی ئەفەسۆس قەدەغە دەکات، چونکە پۆڵس ناوی ژنێکی تایبەت نابات کە نابێت فێرکردن بکات، ئەو بە سادەیی دەڵێت “ژنان نابێت فێربکەن.” بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی کە هەموو ژنانی باوەڕدار لە شاری ئەفەسۆس بە فێرکاری هەڵە هەڵخەڵەتابن.
مەبەستی پۆلس ئەوەیە کە هەڵخەڵەتاندنی حەوا لە جیاتی ئادەم ڕابەرایەتی ئادەمی شکست پێ هێنا، سەرەڕای ئەوەی ئادەم خۆی لەوێ بوو کاتێک کە ئەوە ڕوویدا. ئادەم دەبوایە بیپاریزێت لە هەڵخەڵەتاندن و حەوا دەبوایە دوای ڕابەرایەتی ئەو بکەوتبوایە. هەرچەندە لە یەکەم گوناهدا گۆڕانی رۆڵی ڕابەرایەتی دەبینین، ئادەم دەبوایە ڕابەرایەتی حەوا بکات، بەڵام حەوا ئەوی بردە ناو گوناه و ئادەمیش دوای کەوت لە جیاتی ئەوەی رابەرایەتی بکات بۆ دوورخستنەوەی لە گوناه. بۆیە، بەرپرسیارەتی گوناە لەسەر شانی ئادەمە نەک حەوا، چونکە خودا رۆڵی ڕابەرایەتی و پارێزگاریکردن لە حەوای دا بوو بە ئادەم، هەرچەندە نەیتوانی ئەم بەرپرسیارێتیە جێبەجێ بکات. ئەمە لە پەیدابوون ٣ دیارە چونکە خودا یەکەمجار قسە لەگەڵ ئادەم دەکات دەربارەی گوناهەکەیان. ئەمە لە ڕۆما ٥: ١٢-١٩ پشت ڕاستکراوەتەوە کە گوناهی مرۆڤایەتی لەسەر شانی ئادەمە نەک حەوا.
بە کورتی یەکەم تیمۆساوس ٢: ١٢ڕێگری لە ژنان دەکات بۆ فێرکردن و هەبوونی دەسەڵات بەسەر پیاودا لە کڵێسادا. پۆڵس ئەم فەرمانە جێگیر دەکات لەسەر بنەمای ریزبەندی درووستکردنی ئادەم و حەوا، هەروەها گۆڕانی رۆڵی رابەرایەتی لە کاتی یەکەم گوناهدا. لەبەرئەوە ئەم قەدەغەکارییە لەسەر کڵێساکانی ئەمرۆش جێبەجێ دەکرێت.
سەیرکردنی ئایەتەکانی تر
ئەوەی ئێمە لەبارەی ڕۆڵی ژن و پیاو لە تەواوی کتێبی پیرۆزدا دەیبینین یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١-١٥ پشتڕاستی دەکاتەوە. کتێبی پەیدابوون شەش بەڵگەمان پێدەدات کە مێردەکان بەرپرسیارێتی سەرەکی رابەرایەتیکردنیان هەیە لە ژیانی هاوسەرگیریدا:
١. خودا یەکەمجار ئادەمی درووستکرد ئینجا حەوا.
٢. خودا فەرمانی نەخواردنی میوەکەی دا بە ئادەم نەک حەوا.
٣. ئادەم ناوی نا (ئافرەت) هەروەک چۆن ناوی بۆ ئاژەلەکانیش دانا، ئەمەش ئاماژەیە بە دەسەڵاتی خۆی (پەیدابوون٢: ١٩-٢٣).
٤. حەوا درووستکرا وەک “یارمەتیدەر”ی ئادەم (پەیدابوون٢: ١٨).
٥. مارەکە حەوای هەڵخەڵتاند نەک ئادەم، بەمە لە جیاتی ئادەم حەوای هەڵخەڵەتاند و بەمەش ڕابەرایەتی پیاوی تێکشکاند( پەیدابوون٣: ١-٦).
٦. خودا یەکەمجار هاتە لای ئادەم، هەرچەندە حەوا یەکەمجار گوناهی کرد (پەیدابوون٣: ٩) (ڕۆما ٥: ١٢-١٩).
چی فێر دەبین لە فێرکردنی کتێبی پیرۆز لەسەر هاوسەرگیری
خوێندنەوەی پەیدابوون ئەوەمان پشان دەدات کە لە پەیمانی نوێ دەیبینین. مێردەکان بەرپرسیارێتی سەرەکی ڕابەرایەتیان هەیە و ژنان بانگکراون بۆ ملکەچبوونی ڕابەرایەتی مێردەکانیان (ئەفەسۆس ٥: ٢٢- ٢٣؛ کۆلۆسی ٣: ١٨-١٩؛ یەکەم پەترۆس ٣: ١٧) بانگکردن بۆ ملکەچبوونی ژنان شتێکی کلتووری نییە. ژنان بانگکراون بۆ ئەوەی ملکەچی مێردەکانیان بن وەک چۆن کڵێسا بانگکراوە بۆ ئەوەی ملکەچی مەسیح بێت (ئەفەسۆس ٥ : ٢٢-٢٤). پۆڵس هاوسەرگیری وەک “نهێنییەک” باس دەکات (ئەفەسۆس ٥: ٣٢)، نهێنییەکە ئەوەیە کە هاوسەرگیری ئاوێنەی پەیوەندی مەسیحە لەگەڵ کڵێسادا. فەرمانەکە بۆ پیاوانە نەک ژنان بۆ ئەوەی وەک شوان خزمەت بکەن، پاشان لەگەڵ شێوازی ئینجیلی ڕابەرایەتی و دەسەڵاتی پیاو لە هاوسەرگیریدا دەگونجێت.
زۆر گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە ڕۆڵی جیاوازی ژنان بەو مانایە نییە کە ژنان گرنگیان کەمترە لە پیاوان. ژنان و پیاوان بە یەکسانی لەسەر وێنەی خودا درووستکراون( پەیدابوون ١: ٢٦-٢٧). هەردووکیان بە یەکسانی دەست گەیشتنیان هەیە بە ڕزگاری مەسیح ( گەلاتیا ٣: ٢٨) هەردووکیان هاومیراتی نیعمەتی رزگاریین کە لە مەسیحەوە وەرمانگرتووە. (یەکەم پەترۆس ٣: ٧) نووسەرەکانی کتێبی پیرۆز تێڕوانینێکی نزمیان نییە بۆ زیرەکی و بەها و شکۆی ئافرەتان. تەنانەت ئێمە زۆر ڕوونتر ئەمە دەبینین کاتێک بە هەمان شێوە مەسیح ملکەچی باوک بوو (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٢٨) بۆیە ژنان دەبێت ملکەچی مێردەکانیان بن. مەسیح لە هەمان ئاستی شکۆ و بەهایە لەگەڵ خودای باوک، بۆیە ملکەچبوونەکەی ناتوانێت مانای ئەوە بگەیەنێت کە بەها و شکۆیەکی کەمتری هەیە لە خودا.
چی فێر دەبین لە ئایەتەکانی تر دەربارەی ژنان لە ناو کڵێسادا
یەکەم تیمۆساوس٢: ١١-١٥ تەنها ئایەتەکان نین لە کتێبی پیرۆزدا کە فێرمان دەکەن کە جیاوازی هەیه لە نێوانی ژن و پیاو لە کڵێسادا. لە یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ٣٣-٣٦ پۆڵس پێمان دەڵێت کە ژنان نابێت قسە بکەن لە کڵێسادا.ئەم ئایەتە بە تەواوی ڕێگری لە ژنان ناکات بۆ قسە کردن لە کۆبوونەوەی کڵێسادا، چونکە هەروەها پۆڵس ژنان هاندەدات بۆ نوێژکردن و بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی خودا (یەکەم کۆرنسۆس١١: ٥). خاڵی سەرەكی لە یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ٣٣-٣٦ ئەوەیە کە نابێت ژنان بە جۆرێک قسە بکەن دژی سەرۆکایەتی یا ڕابەرایەتی پیاو بن یان دەسەڵاتی بێ پاساو بگرنە دەست لە کڵێسادا. ئەم بنەمایە هاوڕایە لەگەڵ یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١-١٥ کە ژن نابێت فێربکات و دەسەڵاتی هەبێت لەسەر پیاوان.
دەقێکی تر کە بە هەمان ئاڕاستە ئاماژەمان پێ دەدات بریتییە لە یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢-١٦. ئێمە لەم ئایەتانەدا بینیومانە کە پۆڵس رێگە بە ژنان دەدات کە نوێژ بکەن و پەیامی خودا ڕابگەیەنن لە کۆبوونەوەدا. گرنگە ببینین کە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا هەمان دیاری نییە وەک فێرکردن، دیارییەکان لە پەیمانی نوێ جیادەکرێنەوە (یەکەم کۆرنسۆس ١٢: ٢٨). ژنان وەک پەیامبەر خزمەتیان کردووە لە پەیمانی کۆندا نەک وەک قەشە. بەهەمان شێوە لە پەیمانی نوێشدا وەک پەیامبەر خزمەتیان کردووە نەک وەک پیر، بڕوانە (کردار٢: ١٧ و کردار٢١: ٩). جگەلەوەش، یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢-١٦ڕوونی دەکاتەوە کە ژنان کاتێک پەیامی خودایان ڕادەگەیاند دەبوایە جۆرێک جل بپۆشن کە ملکەچی سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی پیاو بن (یەکەم کۆرنسۆس١١: ٣). ئەمە دەگونجێت لەگەڵ ئەوەی لە یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١-١٥ بینیمان. بۆیە بە پێی کتێبی پیرۆز ژنان رابەرانی کڵێسا نەبوون، بۆیە نابێت لە ئێستاشدا وەک قەشە و رابەری کڵێسا بن.
باسی سەرەکی لە یەکەم کۆرنسۆس١١: ٢٦ شێوازی جل پۆشینی ژنان نییە. یەکەم شت، دیار نییە کە لەچک کردن باسکراوە یان نا، لە یەکەم کۆرنسۆس١١ دیارە کە سەرپۆشێکە یا داپۆشینی قژی سەرە. لەو کاتەی پۆڵسدا ئەم جۆرە سەرپۆشە هێمایەک بوو کە ژنان ملکەچی ڕابەرایەتی پیاو بوون. لەمڕۆدا دانەپۆشینی قژ لەلایەن ژنان بە مانای ئەوە نییە کە ملکەچی ڕابەرایەتی پیاو نییە. هەرچەندە ئەمڕۆش دەبێت ئەو بنەمایە جێبەجێ بکەین (نەک بە هەمان شێوە حیجاب کردنی کلتووری) بنەماکە ئەمەیە: ژن دەبێت ملکەچی ڕابەرایەتی پیاو بێت و هەروەها مانای ئەوەیە کە نابێت ببنە شوان و مامۆستای پیاوان.
دەرئەنجام
ئایەتەکە بە ڕوونی باسی ڕۆڵی بێهاوتای ژن دەکات لە کڵێسا و لە ماڵدا. ژنان یەکسانن لەگەڵ پیاوان لە شکۆ و بەهادا. بەڵام لێرە، لەم جیهانەدا ڕۆڵی جیاوازیان هەیە. خودا دیاری جیاوازی داوە بە ئافرەتان بەوەی دەتوانن خزمەتی کڵێسا و جیهان بکەن، بەڵام نابێت ببنە شوان. فەرمانەکانی خودا بۆ سزادانی ئافرەتان نییە، بۆ ئەوەیە بتوانن بە دڵخۆشی خزمەتی خودا بکەن بەپێی خواستەکەی.
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.