بۆچی خودا دڵخۆشە بە لێخۆشبوونی گوناهباران
هەموو مەسیحیەکان باوەڕیان وایە کە خودا لە گوناهەکان خۆش دەبێت. بەڵام چەند کەس لە ئێمە هەست دەکات لەناخی دڵیەوە باوەری ھەیە کە خودا دڵخۆشە بۆ لێخۆشبوون؟
کاتێک لێخۆشبوونی خودا لەبەرچاو دەگرین، کەمێک لە ئێمە وا خەیاڵ دەکەین کە زاوا بووکەکەی بە گەوهەر دەڕازێنێتەوە و بە جوانییە تازە دۆزراوەکەی دڵخۆش بێت (ئیشایا ٦٢: ٥)، شوان گۆرانی دەڵێت کاتێک مەڕە ونبووەکەی دەدۆزێتەوە و هەڵیدەگرێت و دەیباتە ماڵەوە (لۆقا ١٥: ٣-٧)، یان باوکێک بەرەو کوڕە ونبووەکەی ڕادەکات و جلوبەرگی جوانی لەبەر دەکات و تا بەرەبەیان لە خۆشیان سەما دەکات (لۆقا ١٥: ٢٠ – ٢٤).
ئێمە لە ناخمانەوە دڵنیا نین لەوەی کە ئایا خودا بەڕاستی ئەوەندە دڵخۆشە بە لێخۆشبونمان؟ بەڕاستی لێخۆشبوونی خودا وەک ئەم نموونانە وایە کە زاوا بووکەکەی بە خشڵ دەرازێنێتەوە یاخود شوان کە بەدوای مەڕە ونبووەکەی دەگەڕێت و دەیدۆزێتەوە یاخود باوک کە بە کوڕە ونبووەکەی شاد دەبێتەوە. گومانەکانمان بە ئاسانی دڵخۆشی زاوا بە رووگرژی دەگۆڕێت، هەروەها گۆرانی شوان بە سەرزەنشتکردن و رۆبی باوکەکەش بە جلی کۆنی برا گەورەکە دەگۆڕێت.
ئەگەر ئێمە هەست بەوە بکەین و دان بەوەدا نەنێین کە خودا دڵخۆشە بە لێخۆشبوون لەو کەسانەی کە لە رێگای عیساوە دێن بۆ لای، لێرەدا پێویستمان بەوە دەبێت کە تێبگەین بۆچی ئەو لە خەڵک خۆش دەبێت.
١- لێخۆشبوون دڵی خودا دەردەخات
زۆرێک لە ئێمە پێمان وایە کە خودا توندوتیژە و دڵێکی ڕق و وشکی هەیە. ئەگەر داوامان لەم خودایە کرد شکۆی خۆیمان نیشان بدات، لەوانەیە وابیر بکەیتەوە کە ئەو دەڵێت: “یەزدان، یەزدان، خودایەکی توند و چاوچنۆکە، خێرایە لە تووڕەبوون، هەروەها پڕە لە تۆڵە سەندنەوەی یەکلاکەرەوە.” ئەگەر ئەم خودایە لێمان خۆش بێت، ئەو وەک کەسێک دەیکات کە نایەوێت بە تەواوی لێبوردەبێت بەرامبەرمان، هێشتا تووڕەیی دەمێنێت لەسەرمان بەهۆی گوناهەکانمان.
بەڵام ئەمە خودا و باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان نییە، کە دڵی وەک بەھەشتەکان فراوانە، قوڵە وەک دەریاکان، و میھرەبانە وەک خۆری بەیانی. ئەگەر بزانین دڵی خودا چەند گەورەیە، ئەوا دەزانین کە ئەو پڕە لە بەزەیی، میهرەبانی، لێبوردەیی تەواو. “ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن” (زەبوورەکان ٨٦: ٥).
بۆ دڵنیابوون، خوداش هەست بە تووڕەیی دەکات بەرامبەر ئەوانەی کە تۆبەکردن ڕەت دەکەنەوە. بەڵام خۆشەویستی و دڵڕەقی، لێبوردەیی و تۆڵەسەندنەوە، لە دڵی خودادا یەکسان نین. کاتێک خودا ناوی خۆی ڕادەگەیەنێت، بە بەزەیی و میهرەبانییەوە لەبارەی ناوەکەی خۆیەوە دەدوێت، نەک بە تووڕەیی (دەرچوون ٣٤: ٦). کاتێک بەڵا بەسەر گەلە کەللە ڕەقەکەی دەنێرێت، ئەو حوکمەکەی بە “نامۆ” ناودەبات. تەنانەت کاتێک سزادانەکەی کەسانێکیش لەناودەبات، دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە “لە دڵەوە کەس زەلیل ناکات و دڵتەنگی ناکات” (شینەکانی یەرمیا ٣: ٣٣). لە کۆتاییدا توڕەیی خودا وەک پارچە قوماشێکی رەش وایە بۆ نیشاندانی ئەڵماسەکانی خۆشەویستی و لێبوردەیی (ڕۆما: ٩: ٢٢ – ٢٣).
ئەو خودایەی کە ئێمە لە کتێبی پیرۆزدا دەیبینین لێبوردەیی خۆی ناوەستێنێ وەک دەوڵەمەندێک کە دەست بە پارەکەیەوە دەگرێت و نایبەخشێت. دڵی ئەو هەمیشە کراویە بۆ ئەو گوناهبارانەی کە پێویستیان بە ناز و نیعمەتی پەروەردگارە. هەمیشە لەگەڵ خودا لێخۆشبوون هەیە (زەبوورەکان ١٣٠: ٤). هیچ هێزێک نییە خودا ناچار بکات لە کەسێک خۆش ببێت، بەڵکو ئەو خۆی دەیەوێ لێبوردە و بەخشندە بێت چونکە ئەمە دڵخۆشی دەکات.
٢- لێخۆشبوون ئەرکی خودا جێبەجێ دەکات
لەوکاتەوەی ئادەم و حەوا لە عەدەن دەرچوون، خودا نەیویستووە گەلەکەی دوور بێت لە خۆی. بەڵێنی دا دووبارە و دووبارە، کە ڕۆژێک دێت کوڕی خودا شوێنەکەی لە ئاسمان بەجێدەهێڵێت و لە جیهانێکی تێکشکاو و پڕ گوناه دەژیێت بۆ هێنانەوەی گەلەکەی بۆ لای خودا.
بۆچی مەسیح هاتە جیهان و لەم جیهانە ئازاری چەشت؟ بۆ لێخۆشبوون. عیسا خەڵکەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات (مەتا ١: ٢١). کاتێک عیسا دەستی بە خزمەتە گشتیەکەی کرد، ڕووی خۆی لە گوناهکاران کرد (مەرقۆس ٢: ١٧)، تەنانەت لە خراپترینیان خۆشبوو (لۆقا ٧: ٤٧ – ٤٨). فێری کردین کە دوعا بۆ لێخۆشبوون بکەین (مەتا ٦: ١٢)، لە ساتی گەورەترین ئازاری خۆیدا، کاتێک لە خاچ دەدرا، ئەو خۆی دوعای بۆ ئێمە دەکرد: “باوکە، لێیان خۆشبە” (لۆقا ٢٣: ٣٤).
کاتێک لە مردن نزیک بووەوە، عیسا بە قوتابیەکانی گوت کە مانای جەستەی شکاوی خۆی و خوێنی ڕژاو چیە: ئەمە خوێنی منە لە پەیمانەکە کە بۆ زۆر کەس دەڕژێت بۆ لێخۆشبوون لەگوناهەکان (مەتا ٢٦: ٢٨). عیسا پشتێکی هەبوو بۆ ئەوەی خەمەکانمانی پێ ھەڵبگرێ و شانێکی ھەبوو تاکو ناخۆشیەکانمانی پێ هەڵبگرێت و دەستی هەبوو تا کون بکرێن بۆ تاوانەکانی ئێمە، جەستەیەک کە بۆ نایەکسانیەکانمان بڕوشێندرێت (ئیشایا ٥٣: ٤ – ٥). ئینجا لەسەر خاچەکە هەڵواسرا، میهرەبانی لە دڵە لێبووردەکەی دەڕژا بەهۆی ئەو برینانەی کە درووستمان کردبوون.
لە ڕێگەی لێبوردەیی، عیسا ئەرکە دێرینەکەی خودا جێبەجێ دەکات. شانشینی تاریکی دەبەزێنێت لەکاتێکدا شەیتان سەیری دەکات، بەڵام شەیتان بەستراوە (مەتا ١٢: ٢٩). بە قوربانیەکەی، مەسیح ماڵی باوکی پڕ دەکات لە چەندین ڕۆڵە. (یۆحەنا ١٤: ٢؛ عیبرانیەکان ٢: ١٠).
تۆ پێویست ناکات ئەم ڕزگارکەرە ڕازی بکەیت بۆ لێخۆشبوونت. ئەو خۆی بۆ لێبوردەیی هاتووە. لێبووردەیی ئامانجی ئەوە.
٣- لێخۆشبوون کوڕی خودا شکۆدار دەکات
هەموو لێخۆشبوونێک لە ڕێگەی مەسیحی لەخاچدراوەوە دێت. ئەوەی کە هەموو نوسراوەکانی خودای بە جێ هێنا. ھەموو قەرزەکانی ئێمەی دایەوە، و ھەموو دڵۆپەکانی تووڕەیی خودای قوتدا. هەموو گوناهکارێکی لێخۆشبوو لە پشت برینەکانی عیسای مەسیح بە پارێزراوی دەوەستێت. لەبەرئەوە، لێبوردەیی ناوی مەسیح شکۆدار دەکات (یەکەم یۆحەنا ٢: ١٢).
لێبوردەیی خودا بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر بەهاکانمان ناکاتەوە بەڵکو جەخت دەکاتە سەر هێز و خۆشەویستی گەورەی عیسای مەسیح. کاتێک خودا لە ئێمە دەبوورێت، گوناهەکانمان دەسڕێتەوە و وەک کەسێکی پاک و ڕاستودرووست لە قەڵەممان دەدات. مەسیح لە کەژاوەی سەرکەوتنی خۆیدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە (دووەم کۆرنسۆس ٢: ١٤). ئەمە وامان لێ دەکات هاوار بکەین و بڵێین: “بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت” (زەبورەکان ١١٥: ١).
لەبەرئەوەی لێبوردەیی ناوی مەسیح شکۆدار دەکات، بۆیە ئەو بە نیوەدڵی لێمان خۆش نابێت. ئەو بە ھەموو دڵ و دەروونییەوە دەبەخشێت. جۆن پایپەر دەنوسێت: “هەرکاتێک من تینو و بێهیوا دەبم بۆ یارمەتی، دەتوانم ڕۆحم هان بدەم نەک هەر بەو ڕاستییەی کە لە دڵی خودادا ھاندانێکی میهرەبانانە هەیە، بەڵکو لەگەڵ ئەو ڕاستیەشدا کە سەرچاوە و هێزی ئەو ھاندانە پەرۆشی خودایە بۆ کاری شکۆداری ناوی خۆی.”
چی وا لە خودا دەکات دڵخۆش بێت تا لێت خۆش بێت؟ بێگومان کارە باشەکانت نین، بەڵێنەکانت نین بۆ ئەو، بەڵکو بەهای ئەو بەرخەیە کە بوەتە قوربانی لە پێناوت.
دەرئەنجام
بە دڵنیاییەوە، خودا دڵخۆش نییە بە لێخۆشبوونی هەموو کەسێک. ملیۆنان لە ئەمڕۆماندا دوا وشەکانی هاینریش هاین دەڵێن— بێگومان خودا لێم خۆش دەبێت— ئەوە کاری ئەوە، لەکاتێکدا هیچ خەمێک ناخوا لە گوناهەکانی، برسیەتی نیە بۆ پیرۆزی، خۆشەویستی نیە بۆ مەسیح. خودا دڵخۆش نیە بە لێخۆشبوون لەو کەسانەی کە مافی لێخۆشبوون دەدەن بەخۆیان بەبێ تەوبەکردن.
بەڵام کاتێک داوای لێخۆشبوون دەکەین لە ژێر ئاڵای گەشاوەی عیسادا، لە دڵێکەوە کە ڕقی لە گوناهە، بە پەرۆشەوە پیرۆز ببێ بەم شێوەیەی خودا پیرۆزە، خوا زۆر دڵشاد دەبێت بۆ لێخۆشبوونمان. بە لێخۆشبوونمان، خودا شکۆی دڵی خۆیمان پیشان دەدات. کاتێک لێخۆشبوونی خودا بەدەست دەهێنین، بەمە نیشانی باوەرداران و بێباوەڕان، فریشتەکان و ڕۆحە پیسەکان دەدەین، کە عیسای مەسیح ڕزگارکەرێکی بەهێزە.
لەبەرئەوە، کاتێک دەکەویتە گوناهەوە و داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەیت، پێویست ناکات لە دارستانەکانی گوناه و سەرزەنشتکردندا بخنکێیت. دان بە گوناهەکەتدا بنێ، ڕوو لە عیسا بکە، لە ناو لێخۆشبوونی ئەودا بەدڵخۆشیەوە بژی.
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.