گرنگی بەکارهێنانی “کاتێکیزم” بۆ گەشەکردن لەگەڵ مەسیح
جارێک ئەی دەبلیو تۆزەر گوتی: ئەوەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی دەربارەی خودا گرنگترین شتە لەبارەی ئێمەوە. باوەڕمان سەبارەت بە خودا ئەوە دیاری دەکات کە ئایا ژیانی هەتاهەتایی لە بەهەشتدا بەسەر دەبەین یان لە دۆزەخدا. ئەوەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی دەربارەی خودا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی تێگەیشتنمان هەیە لەبارەی جیهان و ژیانکردنمان تێیدا. ئێمە ئازادین کە تێڕوانینی خۆمان سەبارەت بە خودا لە مێشکماندا دروست بکەین، بەڵام مانای ئەوە نییە تێڕوانینەکەمان راست بێت. دەبێت خودا وەک خۆی، بەو جۆرەی کە هەیە بناسین، ونابێت تەنها باوەڕ بە بیرۆکەی دروستکراوی خۆمان بکەین سەبارەت بە خودا. کەواتە چۆن خودای ڕاستەقینە بناسین؟ دەبێت گوێ لەو شتانە بگرین کە پێی گوتووین.
خودا قسەی لەگەڵ کردووین و لە کتێبی پیرۆزدا خۆی بۆمان دەرخستووە. خودا کتێبی پیرۆزی پێداوین تا بتوانین ئەو بناسین وەک منداڵێک باوکیان دەناسێت. ئینجیل وەڵامی گەورەترین پرسیارەکانی ژیان دەداتەوە وەک: خودا کێیە؟ بۆچی من بوونم هەیە؟ عیسا کێیە و عیسا بۆچی هاتووە؟ چۆن گوناهەکانم دەبەخشرێن؟
بەڵام کتێبی پیرۆز کتێبێکی گەورەیە و دەکرێت فێربوونی پەیامی سەرەکی کتێبی پیرۆز و وەڵامەکانی بۆ ئەم پرسیارانە قورس بێت. ئەم نامیلکەیە بۆ ئەوە نووسراوە کە یارمەتی خەڵک بدات لە پەیامی سەرەکی کتێبی پیرۆز تێبگەن، کە بەرەو ژیانی هەتاهەتایی دەمانبات.
کاتێکیزم چییە؟
زۆرێک لە کڵێساکان “بەیاننامەی باوەڕ”یان هەیە کە بیروباوەڕیان دەخاتە ڕوو. لە ڕابردوودا زۆرێک لەو بەڵگەنامانە لە شێوەی پرسیار و وەڵامدا دەنووسران، و پێیان دەگوترا “کاتێکیزم” (لە یۆنانی katechein کە بە واتای “فێرکردن بە شێوەی زارەکی” دێت). “کاتێکیزم” کۆمەڵێک پرسیار و وەڵامی کورتە کە مەبەست لێی فێربوون و لەبەرکردنە لەگەڵ کەسانی دیکە بۆ ئەوەی فێری پەیامی کتێبی پیرۆزمان بکات. کاتێکیزمی هایدلبێرگ لە ساڵی ١٥٦٣ و کاتێکیزمە کورت و درێژەکانی وێستمینستەر لە ساڵی ١٦٤٨ لە باشترین و ناسراوترین کاتێکیزمەکانن و وەک ستانداردی فێرکاری زۆرێک لە کڵێساکانی ئەمڕۆی جیهاندا بەکاردەهێنرێن.
فێرکردنی خواناسی بە بەکارهێنانی پرسیار و وەڵام
فێرکردنی خواناسیی مەسیحی لە ڕێگەی پرسیار و وەڵامەوە لەمڕۆدا زۆر باو نییە. زۆربەی پرۆگرامەکانی بە قوتابیکردن جەخت لەسەر کۆمەڵێک شت دەکەنەوە، وەک خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز، نوێژ، هاوڕێیەتی و مزگێنیدان. هەندێکجار ناتوانن قووڵ بن کاتێک باس لە فێرکاری خواناسی و فێرکارییە سەرەکییەکانی کتێبی پیرۆز دەکرێت. لەبەرکردنی کاتێکیزمێک فیرکاری جوان و ئینجیلیی لە قووڵایی دڵمادا دەچێنێت.
فێربوونی کاتێکیزم بە مەبەستی ئەوەیە لەگەڵ باوەڕدارانی تردا ئەنجام بدرێت. بێگومان دەتوانیت بە تەنیا کاتێکیزمێک فێر بیت و بخوێنیتەوە. بەڵام ژیانی باوەڕدارانی مەسیحی بریتییە نییە لە بەتەنها ژیان. بوون بە مەسیحییەکی پێگەیشتوو بوون پەیوەندی بەوەوە نییە کە چەندە زانیاری دەربارەی کتێبی پیرۆز دەزانیت. بەڵکو پەیوەندی بە خۆشەویستیتەوە هەیە بۆ عیسا و بۆ ئەوانی تر. بە دڵنیاییەوە فێربوون و تێگەیشتن لە فێرکارییەکانی کتێبی پیرۆز بەشێکی گرنگە لە بوون بە باوەڕدارێکی پێگەیشتوو. بەڵام فێربوونی خواناسیی بەبێ خۆشویستنی ئەوانی تر هیچ سوودێکی نییە. یەکەم یۆحەنا ٤: ٢٠ دەڵێت: “ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە.“
پراکتیزەکردنی پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، ڕاهێنەران و خوێندکاران دەهێنێتە ناو پرۆسەیەکی فێربوون کە کارلێککار و سەرنجڕاکێشە. فێرکردن لە ڕێگەی پرسیار و وەڵامەوە کەمتر تاکگەراییە و زیاتر کۆمەڵگەراییە. دایک و باوک دەتوانن بەم شێوەیە منداڵەکانیان فێر بکەن. رابەرانی کڵێسا دەتوانن بە کاتێکیزمی کورتتر و سادەتر ئەندامان فێر بکەن و رابەرانی تریش بە کاتێکیزمی فراوانتر. دەتوانرێت ئەم پرسیار و وەڵامانە لە کۆبوونەوەکانی پەرستشی کڵێساشدا بەکاربهێنرێت، کە کڵێسا وەک جەستەیەک دان بە باوەڕەکەیدا دەنێت و بە ستایش وەڵامی خودا دەداتەوە.
ئەم کاتێکیزمە چۆن بە تایبەتی یارمەتیدەرە بۆ کوردزمانان؟
زۆر دڵخۆش دەبم بە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوڕێ کوردەکانم لەباەی عیسا و پەیامی کتێبی پیرۆز. زۆرجار کاتێک بە هاوڕێ کوردەکانم دەڵێم عیسا لەسەر خاچ مرد لە پیناوی گوناهەکانتان، ئەوانیش وەڵامێکی لەم جۆرە دەدەنەوە، “عیسا نەمردووە. بۆچی خودا ڕێگە بە عیسا دەدا بمرێت؟ ئەگەر کاری باش بکەم، خودا بەبەزەیی دەبێت لەگەڵم، کەواتە بۆچی پێویستم بە کەسێکە بۆ گوناهەکانم بمرێت؟
ئەم وەڵامانە ئەوە دەردەخەن کە ئەوان لە ڕوانگەیەکی تەواو جیاواز لە ئینجیل بیر لە خودا و جیهان و ژیان دەکەنەوە. زۆربەی کوردەکان لە منداڵییەوە بە فێرکاریی کتێبی پیرۆز گەورە نەبوونە. بۆیە زۆرێک لە کوردەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو راستیەی کە لە کتێبی پیرۆزدا دەرکەوتووە، خودا و جیهان و ژیان نابینن. ئەمەش وا دەکات کە قسەکردن ڕاستەوخۆ لەسەر عیسا قورس بێت بەبێ ئەوەی سەرەتا ڕوونی بکەینەوە کە خودا کێیە و مرۆڤ کێیە و گوناه چییە و بۆچی پێویستمان بە ڕزگارکەرێکە.
ئەم کاتێکیزمە ڕێک ئەوە دەکات. کتێبی پیرۆز لە شیوەی پرسیار و وەڵام پوخت دەکاتەوە تا خەڵک بتوانن لێیەوە تێبگەن کە عیسا کێیە و بۆچی هاتووە ژیانی خۆی وەک قوربانییەک بۆ گوناه ببەخشێت. بۆیە ئەم کاتێکیزمە بە تایبەتی یارمەتیدەرە بۆ باوەڕدارانی کورد چونکە ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ دامەزراندنی بناغە و چوارچێوەیەکی بەهێزی فێرکارییەکانی کتێبی پیرۆز.
نووسینی کاتێکزم لە پێناوی چی؟
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر باو بوو کە کڵێساکان کاتێکیزم بنووسن لە پێناو فێرکردنی ئەندامەکانیان لەبارەی باوەڕی مەسیحی. بۆ نموونە قەشەیەک بە ناوی ڕیچارد باکستەر کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا لە ئینگلتەرا خزمەتی دەکرد، ویستی بە شێوەیەکی سیستماتیکی سەرۆکی خێزانەکان ڕابهێنێت بۆ ئەوەی گەشە بە ئەندامانی خێزانەکانیان بدەن لە باوەڕدا. بۆ ئەوەی ئەمە بکات، کاتێکیزمێکی خێزانی نووسی کە لەگەڵ تێگەیشتن و دۆخی خەڵکی ئەوکات گونجاوبوو، کە لە رێگەیەوە فێرکارییەکانی کتێبی پیرۆزی خستەڕوو بۆ زۆرێک لەو پرس و پرسیارانەی کە خەڵکەکە لەو کاتەدا ڕووبەڕووی دەبوونەوە.
کاتێکیزمەکان بەلایەنی کەمەوە بە سێ مەبەست نووسراون
١- یەکەمیان ئەوە بوو کە ڕوونکردنەوەیەکی گشتگیر لەبارەی ئینجیلەوە بخرێتەڕوو – نەک تەنها بۆ ئەوەی بە ڕوونی ڕوون بکرێتەوە کە ئینجیل چییە، بەڵکو بۆ پیشاندانی ئەو بناغەیەی کە ئینجیلی لەسەر دامەزراوە، وەک فێرکاری ئینجیلی لەبارەی خودا، سروشتی مرۆڤ، گوناه و باوەڕ.
٢- مەبەستی دووەم ئەوە بوو کە ئەم فێرکردنە بە شێوەیەک ئەنجام بدرێت کە هەڵە و باوەڕە ناڕاستەکانی ئەو سەردەم و کولتوورە چارەسەر بکرێن و بەرپەرچ بدرێنەوە.
٣- ئامانجی سێیەم کە گرنگترین ئامانجە لەلایەن قەشەکان، ئامانج بوو بۆ درووستکردنی گەلێکی پیرۆز، کۆمەڵگەیەک کە کولتوورێکی جیاوازی هەبێت لەو جیهانەی تێیدا دەژیان، هەوڵدان بۆ ژیانێک وەک ژیانی مەسیح، ئەمیش نەک تەنها لە کارەکتەری تاکەکەسیدا بەڵکو لە ژیانی کۆمەڵایەتی کڵێساشدا ڕەنگدانەوەی هەبێت.
کاتێک ئەم سێ مەبەستە پێکەوە سەیر دەکرێن، ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی دەبێت کاتێکیزمی نوێ بنووسرێت. لەگەڵ گۆڕانی کولتووردا، رووبەرووبوونەوەکانی ئینجیلی نەگۆڕیش دەگۆڕێت. ئەندامانی کڵێسا دەبێ هەمیشە ئامادە بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پرسیارانە و وەڵامدانەوەیان.
هیوادارم کە ئەم کاتێکیزمە هانی کوردان بدات بۆ نووسینی کاتێکیزمێکی تر کە پرسیاری تایبەت لەخۆی بگرێت کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای کوردی بێت، لە پێناو یارمەتیدانی باوەڕدارانی کورد لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
پێکهاتەی کاتێکیزمی شاری نوێ
کاتێکیزمی شاری نوێ لەسەر بنەمای چەندین کاتێکیزمی تری پرۆتستانتی وەرگیراوە و نووسراوە کە لە سەدەی ١٦ و ١٧ لە سەردەمی چاکسازی پرۆتستانتیدا نووسراون. پەیامی سەرەکی مەسیحییەت کورت دەکاتەوە کە بۆ چەندین سەدە بە درێژایی مێژوو لەلایەن کڵیسای ڕاستەقینەوە بەکارهێنراون.
کاتێکیزمی شاری نوێ تەنها ٥٢ پرسیار و وەڵام لەخۆدەگرێت (زۆرێک لە کاتێکیزمەکانی تر زیاتر لە ١٠٠ پرسیار و وەڵام لەخۆدەگرن). بۆیە بۆ هەر هەفتەیەک لە ساڵێکدا تەنها یەک پرسیار و وەڵام هەیە. دابەشکراوە بەسەر سێ بەشدا بۆ ئەوەی فێربوون و تێگەیشتن ئاسانتر بێت:
بەشی یەکەم: خودا، دروستکردن و کەوتن، یاسا (بیست پرسیار)
بەشی دووەم: مەسیح، ڕزگاربوون، نیعمەت (پانزە پرسیار)
بەشی سێیەم: ڕۆح، نوێبوونەوە، گەشەکردن لە نیعمەتدا (حەڤدە پرسیار)
بۆ هەر پرسیارێک دوو جۆر وەڵام هەیە. یەکێکیان وەڵامی گەورەساڵانە، و ئەوی دیکەیان وەڵامی منداڵانە. وەڵامی منداڵان وەڵامێکی کورتکراوەیە تا ئەوان بتوانن ئاسانتر لەبەری بکەن.
هەر پرسیار و وەڵامێک ئایەتێکی کتێبی پیرۆز لەگەڵ دایە. ئەو ئایەتەی کە لەگەڵ پرسیار و وەڵامێکی تایبەت هاتووە، تاکە ئایەت نییە لە کتێبی پیرۆزدا کە باس لەو پرسیار و وەڵامە بکات. ئایەتەکە هەمیشە وەڵامی وردی پرسیارەکان ناداتەوە. بەڵکو ئەوە یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی بزانین وەڵامەکە لە کتێبی پیرۆزەوە هاتووە. هەروەها ئەمە هۆکارێکیشە تا هەمیشە سەیری فەرمانەکانی خودا بکەین بۆ ئاراستەکردنمان و سەرچاوەی ژیان و ژیریمان.
بێ گومان دەتوانرا کتێبێکی تەواو لەسەر هەر پرسیارێک بنووسرێت. بەڵام مەبەست لەم کاتێکیزمە ئەوەیە کە وەڵامی کورتی پرسیارەکان بداتەوە تا بە ئاسانی لەبەربکرێن.
چۆنێتی بەکارهێنانی کاتێکیزمی شاری نوێ
ئاسانترین ڕێگا بۆ بەکارهێنانی کاتێکیزمی شاری نوێ ئەوەیە کە لە هەر هەفتەیەکی ساڵدا یەک پرسیار و وەڵام لەبەر بکەیت. لەبەر ئەوەی مەبەست لێی دیالۆگییە، باشتر وایە بە دوو بە دوو، یان وەک ئەندامانی خێزان، یان وەک گروپی خوێندن فێری ببن، ئەمەش وا دەکات پرسیارەکان لە یەکتر بکەن و یەکتر تاقی بکەنەوە.
بۆ نموونە گروپەکان دەتوانن بڕیار بدەن پێنج بۆ دە خولەکی سەرەتای کاتی خوێندنەکەیان بەیەکەوە تەنها یەک بە یەک پرسیار و وەڵام بەسەر ببەن. بەم شێوەیە دەتوانن لە ماوەی ساڵێکدا کاتێکیزمەکە تەواو بکەن.
هەروەها ئەم کاتێکیزمە سەرچاوەیەکی باشە بۆ بەکارهێنان لە کۆبوونەوەکانی پەرستش لە کڵێسادا. پرسیار و وەڵامەکان گونجاون بۆ بەکارهێنانیان وەک بانگەواز و وەڵام لە کۆبوونەوەکەدا. رابەری کڵێسا دەتوانێت پرسیارەکە بخوێنێتەوە، بەشداربووانیش پێکەوە دەتوانن وەڵام بدەنەوە بە خوێندنەوەی وەڵامەکە بە دەنگی بەرز. بەم شێوەیە کڵێسا لە کاتی پەرستنی گشتیدا پێکەوە دان بە ڕاستییەکانی ئینجیلدا دەنێت.
هەروەها سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ دایکان و باوکان کە بەکاری بهێنن بۆ فێرکردنی منداڵەکانیان. بۆ نموونە لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا باوکێک یان دایکێک دەتوانێت یەکێک لە پرسیارەکان لە منداڵەکانی بکات و فێریشیان بکات کە وەڵامەکە لەبەر بکات. بە ئەزموونی من منداڵان زۆر حەز بە وەڵامدانەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکەن. هەموو شەوێک کە کاتی ئەوە هات منداڵەکانم بخەمە سەر جێگا، یەک پرسیاریان لێ دەکەم، یارمەتیان دەدەم لە وەڵامدانەوە و ئەو ئایەتە دەخوێنمەوە کە لەگەڵ وەڵامەکەدا هاتووە. پاشان گۆرانی ڕۆحی دەڵێینەوە و بە دوعایەک بۆ خودا بەپێی ئەو ئایەتە کۆتایی پێدەهێنین. کاتێکیزمەکان سەرچاوەیەکی گەورەن بۆ ئەم کاتی پەرستن لە ناو خێزاندا.
ئامۆژگاری لەبیرکردن
ڕێگەی جۆراوجۆر هەن بۆ جێگیرکردنی دەقەکان بە بیرەوەرییەوە، هەندێک تەکنیک باشتر لەگەڵ هەندێک شێوازی فێربووندا دەگونجێێن بەبەراورد بە هەندێکی تر. چەند نموونەیەک بریتین لە:
- پرسیار و وەڵامەکە بە دەنگی بەرز بخوێنەوە، و دووبارەی بکەوە، دووبارەی بکەوە، دووبارەی بکەوە.
- پرسیار و وەڵامەکە بە دەنگی بەرز بخوێنەوە، و پاشان هەوڵبدە بەبێ سەیرکردن دووبارەیان بکەیتەوە. بە هەمان شێوە چەند جارێک ئەمە دووبارە بکەوە.
- هەموو پرسیار و وەڵامەکانی بەشی یەکەم بە دەنگی خۆت تۆمار بکە، (پاشان بەشی دووەم، پاشان بەشی سێیەم) و رۆژانە گوێیان لێ بگرە کاتێک دەچیتە سەر کارەکەت، یان کاتێک لە پاڕکێک پیاسە دەکەیت، یان کاتێک کارەکانی ماڵەوە ئەنجام دەدەیت.
- پرسیار و وەڵامەکان لەسەر کارتێک یان پارچە کاغەزی بچووک بنووسە و بە تێپ لەو شوێنەی بدە کە بەردەوام دەکەوێتە بەرچاوانت، هەر جارێک کە دەیانبینیت بە دەنگی بەرز بیانخوێنەوە.
- پرسیار و وەڵامەکە بنووسە. ئەمە چەندجارێک دووبارە بکەوە. چونکە پڕۆسەی نووسین یارمەتی توانای مرۆڤ دەدات بۆ وەبیرهاتنەوەی دەقەکان.
- یەکتر تاقی بکەنەوە بە پرسیارکردن لە یەکتر.
ئەنجام
دوعا دەکەم کە بەکارهێنانی ئەم کاتێکیزمە یارمەتیمان بدات تا وشەی خودا “بە دەوڵەمەندی لە ئێمەدا نیشتەجێ بێت” (بڕوانە کۆلۆسی ٣: ١٦) داوا لە خودا دەکەم کە خۆی و ئەندامانی تری کڵێسامان خۆشبوێت وەک چۆن مەسیح خۆشی ویستووین.