چۆن بتوانم ڕابەرایەتی کڵێساکەم بکەم بەرەو ئەندامێتییەکی مانادار؟
١. بڵاوکردنەوەی مزگێنی.
خەڵک فێربکە دەربارەی پیرۆزی خودا، گوناهباری مرۆڤ، کەفارەتەکەی مەسیح لە پێناوی ئێمە بە قوربانیەکەی و هەستانەوەکەی، هەروەها پێویستی ئێمە بۆ تۆبەکردن لە گوناهەکانمان و متمانەکردن بەو. هەروەها ڕونی بکەرەوە بۆیان کە ئەوانەی کە لە خۆشەویستیدا پابەند نین بەیەکترییەوە نابێت وابزانن کە پابەندن بە خوداوە و ڕزگار بوونە لە گوناه (یەکەم یۆحەنا ٢٠:٤-٢١).
٢. بنەماکانی باوەڕی کڵێسا و پەیماننامەی کڵێسا بەکار بهێنە.
داوا لە ئەندامەکان بکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بنەماکانی باوەڕی کڵێسا (ئەو دۆکیۆمێنتەی کڵێسا کە بە کورتی بنەماکانی باوەڕی کڵێسا ڕوون دەکاتەوە) هەروەها پەیماننامەی کڵێسا (ئەو دۆکیۆمێنتەی کڵێسا کە باسی بەرپرسیارێتی ئەندامان دەکات). بۆ نموونەی بنەماکانی باوەڕی کڵێسا دەتوانی تەماشای بنەماکانی باوەڕی ئەم وێبسایتە بکەیت. هەرەوها کلیک لێرە بکە بۆ بینینی نموونەیەک لە پەیماننامەی کڵێسا.
٣. فێرکاریەکانی پێش ئەندامێتی.
یارمەتی ئەو کەسانە بدە کە دەیانەوێت ببن بە ئەندام بۆ ئەوەی بزانن کە پێشبینی چیان لێدەکرێت، هەروەها ئەوان دەتوانن پێشبینی چی لە کڵێسا بکەن بە بەخشینی کات بە فێرکردنیان دەربارەی ئەوەی ئەندامێتی کڵێسا مانای چییە پێش ئەوەی ببن بە ئەندامی کڵێساکە. ئەم هەلە بقۆزەرەوە بۆ فێرکردن لەڕێگەی بنەماکانی باوەڕی کڵێسا و پەیماننامەی کڵێسا و گرنگی ئەندامێتی کڵێسا. هەروەها پێیان ڕابگەیەنە چۆن کڵێسا بڕیاری داوە کە بەیەکەوە بڕیاربدەن وەک وەرگرتنی ئەندام و قەشەی نوێ.
٤. داوایان لێ بکە چاوپێکەوتن بکەن لەگەڵ قەشە یان پیرانی کڵێساکەت.
ئەگەر کەسێک ویستی ببێت بە ئەندام لە کڵێسا، داوای لێ بکە چاوپێکەوتن لەگەڵ قەشەی کڵێساکەتدا بکات. داوای لێبکە لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی مزگێنیەکە و چیرۆکی خۆی دەربارەی ئەوەی کە چۆن بووە بە باوەڕدار بکات، هەروەها باسی ئەوە بکات کە بەقوتابیبوونیان لەو کاتەوە چۆن بووە. ئەمە هەلێک بۆ قەشەکە دەڕەخسێنێت کە خەڵکی تازە بناسێت و هەروەها پرسیاریان لێبکات بۆ ئەوەی زیاتر بیانناسێت.
٥. منداڵان لە ئاوهەڵمەکێشن.
بەدڵنیایی منداڵان دەتوانن ببن بە باوەڕدار. بەڵام زۆر قورسە بۆ کڵێسا کە بزانێت کە ئایا منداڵەکە بووە بە باوەڕدار یان نا. پێویستە منداڵان هەلی ئەوەیان پێ بدرێت کە پێ بگەن و دژی فریودانەکانی جیهان بجەنگن بۆ تاقیکردنەوەی ئەوەی کە بزانن ئایا باوەڕەکەیان چەند درووستە.
٦. داوای پەسەندکردنی ئەندامە نوێیەکان لە ئەندامانی کڵێسا بکە.
ڕێگەدان بە کەسێک بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی کڵێسا، و هەروەها دوورخستنەوەی کەسێکیش لە ئەندامێتی کڵێسا، هەردووکی کاری ئەندامەکانە بەیەکەوە (ئەمە جێبەجێکردنی دووەم کۆرنسۆس ٦:٢)ە. وەرگرتنی کەسێک وەکو ئەندام یان دوورخستنەوەی کەسێک لە ئەندامێتی تەنها کاری قەشە نییە. ئەوە بەرپرسیارێتی هەموو کڵێسایە (واتە هەموو ئەندامەکان). بۆیە ڕابەرایەتی کڵێساکەت بکە کە ئەم بڕیارانە بە یەکگرتوویی بدەن کاتێک بەیەکەوە کۆدەبنەوە. ڕابەرایەتی کڵێساکەت بکە کە بە ڕاشکاوی بڕیاربدەن لە وەرگرتن یان دوورخستنەوەی کەسێک لە ئەندامێتی.
٧. دڵنیابەوە لەوەی کە کڵێسا ڕێگایەکی هەیە بۆ ئەوەی کە بە تەواوی بزانێت کێ ئەندامە.
ئەمە یارمەتی باوەڕداران دەدات کە بزانن وەک خوشک و برا لە مەسیحدا پەیمانیان لەگەڵ کێ بەستووە. ئەمە یارمەتی خۆشویستنی ئەندامەکان دەدات لەبەر ئەوەی ئەوان بەدیاریکراوی دەزانن کە بەرپرسن لە کێ بۆ بەقوتابیبوون و گرنگی پێدانیان. هانی ئەندامەکان بدە بۆ ئەوەی نوێژ بۆ یەکتری بکەن بە ناوهێنانی یەکتری.
٨. چاودێری ئەندامانت بکە.
هەوڵبدە کە دڵنیابیت لەوەی کە هەر ئەندامێک لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ پیرێک یان باوەڕدارێکی پێگەیشتوو لە کۆبوونەوەی کڵێسادا. دەستپێشخەری بکە لەوەی کە بزانیت چی لە ژیانی ئەندامەکاندا دەگوزەرێت.
٩. کولتووری بەقوتابیبوون گەشە پێ بدە.
هانی ئەندامە گەنجەکان بدە بۆ ئەوەی ببن بە قوتابی باوەڕدارە گەشەکردووەکان. هانی باوەڕدارە گەشەکردووەکان بدە کە هاوڕێیەتی درووست بکەن لەگەڵ ئەو باوەڕدارانەی کە کەمتر گەشەیان کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن لە گەشەکردن لەگەڵ مەسیح و فێر بن کە ژیان وەک باوەڕدارێکی دڵسۆز مانای چییە. هانی هەموو ئەندامێکی کڵێساکەت بدە بۆ ئەوەی لە چەندین پەیوەندی ڕۆحی بەسوود دابێت. کاتێک کات بەسەر دەبەیت لەگەڵ ئەندامەکانت، قسە بکە لەبارەی بابەتە ڕۆحییەکان، نەک تەنها بابەتە دونیاییەکان. پرسیاریان لێ بکە کە ئەوان لە دژی چی گوناهێک شەڕ دەکەن، پێکەوە ئایەتەکان بخوێننەوە و دوعا بکەن لەگەڵ یەکتری.
١٠. سنوردارکردنی هەندێک چاڵاکی و شێوازی خزمەت تایبەت بە ئەندامەکان.
کڵێساکان دەبێت ڕەچاوی ئەگەری سنووردارکردنی کۆبوونەوە، ڕۆڵی خزمەت، هەروەها کۆبوونەوەی گرووپی بچوکی بەقوتابیبوون (جگە لە گرووپەکانی مزگێنیدان) بکەن تایبەت بە ئەندامەکان. بۆچی؟ چونکە ناتەوێ ئەو کەسانە خزمەتی کڵێسا بکەن کە خۆیان نەسپاردووە بە کڵێسا.
١١. کارکردن بە ڕاستکردنەوەی کڵێسایی.
کاتێک کولتوورێکی ماناداری ئەندامێتی کڵێسات دامەزراند، دەستبکە بە ڕابەڕایەتی ئەندامانی کڵێساکەت بۆ دوورخستنەوەی ئەوانەی کە بەردەوامن لە گوناهکردن بە بێ تۆبەکردن. بەڵام لە بیرت بێت کە مەبەستی ئەو کارە لە بنەرەتدا بۆ هێنانەوەی گوناهبارانە لە ڕێگەی تۆبەکردن بۆ لای عیسای مەسیح و کڵێساکەی.