-+=
چۆن گۆڕان بەپێی ئینجیل کاریگەری دەبێت لەسەرمان وەک باوەڕدارێک؟
تێگەیشتن لە گۆڕان بەپێی ئینجیل دەبێت…
- بێ فیزمان بکات چونکە دەبێت بزانین کە سروشتی گوناهمان کێشەیەکی چەندە گەورەیە. ئێمە مردبووین بەڵام خودا ئێمەی زیندوو کردووەتەوە (ئەفەسۆس ٢: ٥)! ئێمە نابینا بووین بەڵام خودا بینایی پێ داوینەوە (دووەم کۆرنسۆس ٤: ٦)! ئێمە ناتوانین بە کاری باشی خۆمان لێخۆشبوون لە گوناه بە دەست بهێنین. ئێمە هیچ توانایەکمان نیە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لە تووڕەیی خودا. چارەسەری کێشەی گوناهمان تەنها لەلایەن خوداوەیە. تێگەیشتن لە کێشەی گەورەی گوناهەکانمان و گەورەیی نیعمەتی خودا دەبێت بێفیزمان بکات لەبەرامبەر خودا و خەڵک.
- دڵخۆشمان بکات چونکە دەبینین کە ڕزگاربوونی ئێمە چەند گەورە و باوەڕپێنەکراوە. ئێمە دوژمنی خودا بووین و کۆیلەی گوناه بووین! بەڵام خودا بە بەزەییەکەی ئێمەی لەگەڵ خۆی ئاشت کردەوە و ئازادی کردین! ئەو مەسیحییانەی کە لە گۆڕانی ڕاستەقینەی ناخ تێدەگەن دەبێت دڵخۆش و شادمان بن بە گەورەیی ڕزگاربوونیان.
- گڕوتینمان پێ بدات بۆ کاری مزگێنیدان و بڵاوکردنەوەی پەیامی مەسیح بە جیهاندا (کاری نێردراوێتی) لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین کە خودا هێندە گەورەیە کە بتوانێت هەر کەسێک ڕزگار بکات. ئەگەر خودا بتوانێت کەسێکی یاخیبووی وەک من و تۆ ڕزگار بکات ئەوا دەتوانێت هەموو کەسێک ڕزگار بکات. گرنگ نییە کە ڕزگارکردنی ئەو کەسە چەندە مەحاڵ دیار بێت. ئێمە ناتوانین هیچ کەسێک ڕزگار بکەین، بەڵام خودا دەتوانێت. ئیتر با بە جیهاندا بڵاو ببینەوە و ئازایانە مزگێنی ڕابگەیێنین.
- ئارامگرتنمان پێ ببەخشێت، چونکە دەزانین گۆڕانی مرۆڤ پەیوەستە بە ویست و بڕیاردانی خودا نەک ئێمە، چونکە کات و بڕیاردان بۆ گۆڕان لە دەستی ئێمەدا نییە. تەنها خودایە کە “لە دایکبوونەوە” بە کەسێک دەبەخشێت (یۆحەنا ١: ١٢- ١٣، ٣: ٥ – ٨). بۆیە ئێمە دەبێت مزگێنی ڕابگەینین، نوێژ بۆ ئەوانە بکەین کە ونبوون، و بە ئارامییەوە چاوەڕێی خودا بکەین تاکو بیانگۆڕێت. خودا بەرەکەتدارمان دەکات تەنانەت ئەگەر لە ئێستاشدا هیچ بەرهەمێک نەبینین.