کڵێسای خۆجێیی چییە؟
کڵێسای خۆجێیی پێکدێت لە گروپێک لە باوەڕداران کە لەژێر ناوی مەسیح بە شێوەیەکی بەردەوام کۆدەبنەوە، و لەگەڵ یەکتری پەیمان دەبەستن بۆ بە فەرمی پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی ئەندامێتی یەکتر لە شانشینی مەسیحدا، لەڕێگەی وتاردان بەپێی مزگێنی و ڕێوڕەسمەکانی مزگێنی (لەئاوهەڵکێشان و خوانی مەسیح). دەزانم ئەمە کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام تێبینی پێنج بەشەکەی ئەم پێناسەیە بکە:
- گرووپێک لە باوەڕداران
- کۆبونەوەی بەردەوام
- بۆ پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی ئەندامێتی یەکتر لە شانشینی مەسیحدا (ئەم بەرپرسیاریەتییە لەسەر هەموو ئەندامێکە)
- بە مەبەستی نوێنەرایەتیکردنی مەسیح و فەرمانڕەواییەکەی لەسەر زەوی – بەناوی ئەو کۆدەبنەوە
- بەکارهێنانی وتاردان و ڕێوڕەسمەکانی مزگێنی بۆ ئەم مەبەستانە
هەروەک چۆن وتاری قەشەیەک ژن و پیاوێک دەکات بە هاوسەر، کەواتە ئەم چوار خاڵەی کۆتاییش گروپێکی ئاسایی باوەڕداران کە لە پارکێکدا کۆدەبنەوە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان دەگۆڕێت بۆ کڵێسای خۆجێیی.
کۆبوونەوە لەبەر چەند هۆکارێک گرنگە. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئێمە وەک باوەڕداران بە ئاشکرا کۆدەبینەوە بۆ ڕاگەیاندنی دڵسۆزییە هەرە بەرزەکەمان بۆ باوەڕەکەمان. ئەوە وەک باڵوێزخانەیەکی شانشینی خودایە کە وێنەیەکی ئاشکرای فەرمانڕەوایی مەسیح نیشان دەدات لەم دونیایەدا. هەروەها ئەو کۆبونەوەیەیە کە ئێمە تێیدا کڕنۆش دەبەین بۆ پاشاکەمان و ناوی دەنێین پەرستنی خودا. ڕەنگە هەندێ خەڵکی جیهان لە دژمان ڕابوەستن، بەڵام خودا خەڵکەکەی خۆی لە ناو نەتەوەکان دەردەهێنێت بۆ ئەوەی بیپەرستن. ئەو کۆڕ و کۆمەڵە گەورەکەی لە گەلەکەی دادەمەزرێنێت.
هەروەها کۆبونەوەکە لەو شوێنەدا دەکرێ کە خودا یاساکانی خۆی تێدا دادەڕێژێت لەڕێگەی وتاردان، ڕێوەڕەسمەکانی مزگێنی (لەئاوهەڵکێشان و خوانی مەسیح)، و هەروەها ڕاستکردنەوەی کڵێسایی1. وتاردان بەپێی مزگێنی یاساکانی گەلەکەمان ڕوون دەکاتەوە. ناوی پاشاکەمان ڕادەگەیەنێت و ئەو قوربانییە ڕوون دەکاتەوە کە ئەو داویەتی بۆ ئەوەی ببێت بە پاشامان. هەروەها وتاردان ڕێگاکانی پاشاکەمان فێردەکات و ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لە کاتی یاخیبوونماندا. هەروەها دڵنیامان دەکاتەوە کە گەڕانەوەی ئەو نزیکە. لەڕێگەی لەئاوهەڵکێشان و خوانی مەسیحەوە، کڵێسا ئاڵا ڕادەشەکێنێت و جلوبەرگی فەرمی سەربازی گەلەکەمان دەپۆشێت. لەئاوهەڵبکێشرێین مانای ئەوەیە ناوی خۆمان لەپاڵ ناوی خودای باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز دەناسێنین، هەروەها بۆ پێناسەکردنی یەکگرتوویی خۆمان لەگەڵ عیسای مەسیح لە مردن و هەستانەوەیدا (مەتا ١٩:٢٨؛ ڕۆما ٣:٦-٥). هۆکاری وەرگرتنی خوانی مەسیح بۆ ڕاگەیاندنی مردنەکەی و ئەندامێتی ئێمەیە لە جەستەی ئەودا (یەکەم کۆڕنسۆس ٢٦:١١-٢٩؛ بەراوردبکە بە مەتا٢٦:٢٦-٢٩). خودا دەیەوێت گەلەکەی ناسراو بن و دەستنیشانکراو بن. ئەو هێڵێکی دەوێت لەنێوان کڵێسا (گەلەکەی) و جیهاندا.
کڵێسای خۆجێیی چییە؟ ئەو کۆمەڵگەیەیە کە عیسای مەسیح دایمەزراندووە و دەسەڵاتی پێداوە بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی شانشینەکە، بۆ ئەوەی دان بنێت بە باوەڕی باوەڕدارانی مزگێنی، بۆ چاودێریکردنی بەقوتابیکردنیان، هەروەها بۆ ئاشکراکردنی فێلبازەکان. هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە کە پەیوەندیکردنی ئێمە بە کڵێساوە وەک پەیوەندیکردنمان بە یانەکانەوە نییە. ئێمە ملکەچی لێپرسینەوەی کڵێسا خۆجێییەکانمان دەبین.
1لە وەرگێڕانی سۆرانی کتێبی پیرۆز وشەی “Disipline” بە “تەمبێکردن” وەرگێڕدراوە. بەڵام لەبەرئەوەی لە کولتووری کوردیدا ئەم وشەیە زیاتر مانای سزای جەستەیی هەیە، بۆیە ئێمە زاراوەی “ڕاستکردنەوەی کڵێسایی” مان بەکارهێناوە، لەبەرئەوەی ڕاستکردنەوەی کڵێسایی بۆ ئەندامێک کە تۆبە ناکات سزادانی جەستەیی نایگرێتەوە. ڕاستکردنەوەی کڵێسایی کرداری کڵێسایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوناهی ئەندامێک و ئاگادارکردنەوەیان بۆ تۆبەکردن، ئەگەر ئەندامەکە ڕەتیکردەوە تۆبە بکات، ئەوا ئەو کەسە لە ئەندامێتی کڵێسا و بەشداریکردن لە خوانی مەسیح دووردەخرێتەوە وەک راگەیاندنێک بۆ پیشاندانی ئەوەی کە کڵێسا باوەڕ بەوە ناکات کە دانپێدانانیان بە مەسیحدا ڕاستەقینەیە.