بۆچی دەبێت کڵێساکان ئەندامێتییەکی ماناداریان هەبێت؟
ئەندامێتی کڵێسا چەمکێکە کە بە شێوەیەکی دەقاودەق و ڕاشکاوانە لەناو نوسراوە پیرۆزەکاندا باس نەکراوە. زۆربەی نامەکانی پەیمانی نوێ نوسراون بۆ کۆبوونەوە ناوخۆییەکان (کڵێسا خۆجێییەکان) لەگەڵ ئەو ڕێنماییانەی کە تایبەتە بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر لە ژیاندا (بۆ نموونە، یەکەم و دووەم کۆرنسۆس، گەلاتیا، هەروەها فیلیپی). هەرچەندە بە درێژایی مێژوو و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا ئەندامێتی کڵێسا هەبووە لە کڵێساکاندا، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ زۆربەی کڵێساکان ئەندامێتییەکی فەرمییان نییە.
ئایا ئەندامێتی کڵێسا ئینجیلییە؟ ئایا گرنگە؟ من باوەڕم وایە بەڵێ. ئەمە چوار هۆکاری سەرەکین کە بۆچی وەڵامەکە بەڵێیە.
یەکەم، هۆکاری خواناسی (لاهووتی)
بە واتایەکی تر، هەندێک ڕاستی هەن دەربارەی ئەوەی کە خودا کێیە و چی ئەنجامداوە، ئەمەش یارمەتیمان دەدات کە بزانین بیرۆکەی ئەندامێتی کڵێسا لە ئینجیلەوە هاتووە نەک لە مرۆڤەوە.
کاتێک خودا بوو بە هۆکاری ئەوەی کە تۆ جارێکی تر لەدایک ببیتەوە، واتە ئەو پەیوەندییەکی نوێی لەگەڵت دروستکردووە. من و تۆ پێشتر بەهۆی یاخیبوونمانەوە لە خودا دوور بووین، بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە بە بەزەیی (ئەفەسۆس ٤:٢)، ئێمەی زیندوو کردەوە و ئێمەی هێنا بۆ ناو خێزانەکەی خۆی “تاکو لەرێگەی عیسای مەسیحەوە بەگوێرەی خواستی خۆشحاڵانەی، وەکو منداڵی خۆی لە خۆیمان بگرێتەوە” (ئەفەسۆس ٥:١). بە نیعمەت، “خودای باوک ئەوەی لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە” (کۆڵۆسی ١٣:١). ئەوانەی پێشتر دووربوون لە خودا “بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە.” (ئەفەسۆس ١٣:٢). ڕێگایەکی تر بۆ ئەوەی بڵێین کە ئێمە بەشێکین لە شانشینەکەی مەسیح، جەستەی مەسیح، گەلی خودا، یان خێزانی خودا ئەوا دەتوانین بڵێین ئێمە بووین بە ئەندامی کڵێسا. لەبەر ئەمەیە یەکەم کۆرنسۆس ١٣:١٢ پێمان دەڵێت “هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین.”
ئەندامێتی لە کڵێسای گشتی جیهانی کاتێک درووست دەبێت کە خودای ڕۆحی پیرۆز بە رۆح یەکماندەخاتەوە بۆ جەستەی مەسیح. بەهەرحاڵ، ئەندامێتی لە کڵێسای خۆجێیی کاتێک درووست دەبێت کە ئێمە لەگەڵ باوەڕدارانی تر یەکدەگرین لە شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە. ئەمە ئەو شتەیە کە من لێرەدا جەختی لەسەر دەکەمەوە. ناتوانی ببیت بە ئەندام لە کڵێسای خۆجێیی تا پێشتر نەبیت بە ئەندام لە کڵێسای گشتی جیهانی، ئەویش لەڕێگەی گۆڕینی باوەڕەوە (تۆبەکردن و باوەڕهێنان). ئەندامێتی کڵێسا ڕەنگدانەوەی ڕاستی (حەقیقەت)ی خواناسی پەیامی مزگێنییە (ئینجیل).
دووەم، هۆکاری پەیمان بەستن
پەیمان بریتییە لە ڕێکەوتن یان پەیوەندییەکی بەرپرسیارانە. باوترین نموونەی پەیمان، پەیمانی هاوسەرگیرییە. ڕێکەوتنێک لەنێوان ژن و مێرددا هەیە کە پابەندن پێوەی و بەڵێنیان بە یەکتر داوە. پەیوەندی نێوانیان بە بەڵێندان بەیەکترەوە بەستراوە. کاتێک ئێمەش دەبین بە باوەڕدار، ئەوا دەبین بە بەشێک لە پەیمانی نوێ. پەیمانی نوێ وەک سوێندێکی یاسایی وایە کە خودا بە گەلەکەی خۆی داوە. بە کورتی، خودا بەڵێن دەدات کە خودای ئێمە بێت، لە گوناهمان خۆش بێت، ڕۆحی خۆیمان پێ ببەخشێت، یاساکەی لەسەر دڵەکانمان بنووسێت و بۆ هەتاهەتایە لە ناوماندا نیشتەجێ بێت. وەڵامی ئێمە بە چوونە ناو ئەم پەیمانە ئەوەیە کە بەڕاستی شوێنی بکەوین و دڵسۆز بین بۆی. بە واتایەکی تر بەکارهێنانی وشەکانی یەرمیایە: “ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان” (یەرمیا ٣٨:٣٢)
ئەمە ڕەنگە ڕوون بێت، کاتێک دەبیت بە باوەڕدار شتەکان دەگۆڕێن. تۆ پەیوەندیت لەگەڵ خودا هەیە کە بەرپرسیارێتیت دەخاتە ئەستۆ بۆ شوێنکەوتنی. بەڵام زۆرجار لەبیرمان دەچێت کە ئەم پەیوەندییە پەیمانییە لەگەڵ خودا دەمانخاتە ناو پەیوەندییەوە لەگەڵ ئەوانەی تریش، کە ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی ترە. بە واتایەکی تر، خودا تەنها بانگی نەکردووین بۆ بەستنی پەیوەندی پەیمانی تەنها لەگەڵ خۆی، بەڵکو بانگی کردووین بۆ بەستنی پەیمان لەگەڵ خەڵکانی تریشدا. لەبەر ئەمەیە ئێمە دەبێت ئەندامێتی کڵێسامان هەبێت. کاتێک ئێمە بەشداری کڵێسایەک دەکەین، واتە ئێمە ڕازی دەبین، یان بەڵێن و پەیمان دەدەین کە بەرپرسیارێتی یەکتری بگرینە ئەستۆ. ئێمە ڕازی دەبین لەسەر فێرکاری بنەماکانی باوەڕمان. ئێمە ڕازی دەبین لەسەر ئەوەی کە بە یەکەوە کار بکەین بۆ بڵاوکردنەوەی مزگێنی. ئەندامێتی کڵێسا دەربڕینی پەیوەندی پەیمانی ئێمەیە.
سێیەم، هۆکاری مزگێنیدان
مەبەستم ئەوەیە کە لە ڕاستیدا ئەندامێتی مانادار لە کڵێسادا بەشێک لە بەها و شێوەی مزگێنیەکە دەگەیەنێت. مەبەستم چییە؟ ئەندامێتی ڕاگەیاندنی ئەندامانی کڵێسایە بۆ یەکتری و هەروەها بۆ جیهان دەربارەی ئەوەی کە دانپێدانانی ڕاستەقینە چییە و دانپێدانەری ڕاستەقینەی مزگێنی کێیە. یەکێک لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی ئەندامانی کڵێسا هەڵسەنگاندن و پشتڕاستکردنەوەی دانپێدانانی باوەڕی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێ ببنە ئەندامی کڵێسا و پاشان بەبەردەوام هەڵسەنگاندی باوەڕ و ژیانی ئەندامان (مەتا ١٥:١٨؛ یەکەم کۆرنسۆس ١:٥-١٣؛ دووەم کۆرنسۆس ٦:٢-١١). بە واتایەکی تر ئەندامەکان بە جیهان دەڵێن “ئەمە دانپێدانانی ڕاست و دروستی مزگێنییە.” بەهۆی بەردەوامبوونی ئەندامێتییانەوە کڵێساکە دەڵێت؛ “ئێمە لەگەڵ ئەو برا و خوشکانە دەبین لەسەر ئەوەی کە چۆن نوێنەرایەتی عیسا دەکەن لە جیهاندا.”
ئەندامێتی مانادار پشتگیری شایەتیدانی مزگێنیمان دەکات. ئەندامێتی پەیامی مزگێنی و باوەڕداران دەگەیەنێت بە جیهان.
چوارەم، هۆکاری پراکتیکی (کرداری)
بۆ ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە ئێمە وەک کڵێسا پێویستە بیکەین، دەبێت ڕێگایەک هەبێت بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کە ئایا ئێمە دەربارەی چی قسە دەکەین کاتێک دەڵێین کڵێسا. من ئاماژەم بە بەرپرسیارێتی تۆ وەک باوەڕدارێک دا؛ ئایا بەرپرسیارێتیت بەرامبەر هەر مەسیحییەک کە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژی بەهەمان شێوەیە؟ نا، بەدڵنیاییەوە نا. من و تۆ ناتوانین لە هەمان کاتدا پابەندی جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی ئەو پەیمانە بین لەگەڵ ئەو خوشک و برایانەی کە لە کوردستان و عێراق دەژین. تەنانەت کڵێساکەمان ناتوانێت بە تەواوی لە بەرامبەر هەموو باوەڕدارانی شارەکەشمان بەرپرسیارێتی پەیمانی کڵێسایی جێبەجێ بکات. بەهەمان شێوە قەشەکان بانگدەکرێن بۆ ئەوەی چاودێری مێگەلەکە (ئەندامەکان) بکەن، بۆ زانینی ئەوەی کە ئەوان حیسابێک پێشکەش دەکەن (عیبرانییەکان ١٧:١٣). مێگەلی کێ؟ کام مێگەل؟ چۆن بزانین کە ئێمە حیسابەکەمان پێشکەشی کێ دەکەین؟ پەترۆس دەڵێت پێشکەشی ئەو مێگەلەی خودا کە لەنێوانتاندایە (یەکەم پەترۆس ٥). ئەندامێتی یارمەتی ڕابەرەکان و ئەندامەکان دەدات کە تێبگەن ئەوان بەرپرسن لە کام کەسانە.
هەروەها ئەمە لە چەمکی ڕاستکردنەوەی کڵێساشدا دەبینرێت. “کاتێک عیسا ئامۆژگاری شوێنکەوتوانی کرد بۆ گەڕان بەدوای ئەو برایەی کە گوناهی کردووە (مەتا ١٥:١٨-٢١)، ڕوونە کە مەسیح باسی کەسێک دەکات کە ئەندامی کڵێسای خۆجێییە و لە ژێر سەرپەرشتی کڵێساکەیدایە. کرداری سەرزەنشتیکردن و لەکۆتاییشدا دورخستنەوە دەبێت لە کڵێسا ڕووبدات، واتە لە کۆمەڵگەیەکی باوەڕدارانی ناسراو و دیاریکراودا” (دێڤەر، کتێبی کڵێساکە).
یەکێک لەو شێوازانەی کە دەیگرینە بەر بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ تێگەیشتن لە مانای ئەندامێتی کڵێسا ئەوەیە کە قەشەکان خەڵک فێر دەکەن لەبارەی کۆمەلێک شتی بنەڕەتی وەک مانای بوون بە ئەندامی کڵێسا، بەرپرسیارێتی ئەندامی کڵێسا، باوەڕی کڵێسا و دەستوری کڵێسا (دەستوری کڵێسا بریتییە لە یاسا و ڕێنماییەکانی کڵێسا لەبارەی ژیانی کڵێساییەوە). هەروەها کۆبوونەوەی ئەندامێتیمان هەیە. لەو کۆبوونەوەدا دەرفەتی ئەوەمان هەیە گوێ لە شایەتی ئەو کەسانە بگرین دەربارەی گۆڕانی باوەڕیان، هەروەها پرسیاریان لێبکەین
لەبارەی ئەوەی کە ئەوان باوەڕیان بە چی هەیە و چۆن تێدەگەن لە مزگێنیەکەی مەسیح. هەروەها گفتوگۆ دەکەین دەربارەی ئەوەی کە ئەوان پێیان خۆشە چۆن و لەکوێ خزمەت بکەن. ئەم کۆبونەوەیە زۆر یارمەتیدەرە لەبەرئەوەی دڵنیامان دەکاتەوە کە ئەندامی کڵێسامان هەیە کە بەڕاستی لەدایکبوونەتەوە و دەرفەتێکیش دەدات بۆ ئەوەی بتوانین بە ڕوونی باسی بینین و دیدگای خزمەتی کڵێساکەمان بکەین بۆ ئەندامە تازەکان.
ڕەنگە هەندێک کەس ئەندامێتی فەرمیان پێ خۆش نەبێت، بەڵام جگە لە ڕوونی سوودە کردارییەکان، لە هەمانکاتدا بەڵگەی مێژوویی و ئینجیلی دەربارەی هەبوونی ئەندامێتی فەرمی هەیە.
لیستی ناوی ئەندامان لەوانەیە بە باشی لە کۆنترین کڵێساکانی مەسیحیدا بوونیان هەبێت. بەڕاستی دروستکردنی لیستی ناوەکان لە کڵێساکاندا کارێکی نامۆ نەبوو. کڵێسا سەرەتاییەکان لیستی ناوی بێوەژنەکانیان هەبوو (یەکەم تیمۆساوس ٩:٥). خودا خۆی لیستی ناوی هەموو ئەندامەکانی کڵێسای گشتی جیهانی (واتا هەموو باوەڕداران) لەناو کتێبی ژیاندا تۆمارکردووە و هەڵیگرتووە (ئاشکراکردن ١٢:٢٠). کڵێسای کۆرنسۆس دەبوو بزانێت چەند ئەندامی هەیە چونکە لە دووم کۆرنسۆس ٢: ٦ پۆڵس ڕێنمایی کردن لەبارەی زۆرینەی کڵێساوە. کڵێسای کۆرنسۆس نەیدەتوانی بزانێت زۆرینەی کڵێسا چەندە لە کاتی دەنگدان ئەگەر نەیزانیبا تەواوی ئەندامان چەندە. (دێڤەر، کتێبی کڵێساکە)
ئەندامێتی مانادار یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی بزانین ئێمە بەرپرسین لە چ کەسانێک بەهۆی پەیوەندییەکانی پەیمانە نوێیەکەمانەوە. هەروەها بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئێمە لەژێر بەرپرسیارێتی کێ داین و هەروەها بەرپرسین لە کێ بەوەی کە دەبێت چی بکەین و چۆن بیکەین.
ئەندامێتی کڵێسا دەبێت لە پێشینە (ئەولەویەت) بێت بۆ باوەڕداران لەبەرئەوەی خودا تەنها بانگمان ناکات بۆ ناو “پەیوەندی پەیمانی” لەگەڵ خۆی، بەڵکو لەگەڵ خەڵکانی تریش. ئایا ئەندامێتی کڵێسا ئینجیلییە؟ بەڵێ، باوەڕم وایە.