کارکردن بۆ یەکگرتوویی
ئەگەر پرسیار لە هەر قەشەیەک بکەیت دەربارەی ئەو شتانەی کە ئەو زۆر حەزدەکات لە کڵێساکەیدا بیبینێت، یەکێک لەو شتە سەرەکییانەی کە ئەو لە بەشی سەرەوەی لیستەکەیدا دەینوسێت یەکگرتوییە. “ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە، کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!” (زەبوورەکان ١:١٣٣). ئەوە شتێکی باش و جوانە و هەروەها کڵێساکانیش جوانتر و خۆشتر دەبن کاتێک یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەنێوانیاندابێت.
لەبەرئەوە، ئەندامانی کڵێسای دڵسۆز دەبێت بەدوای یەکگرتوییدا بچن لەنێو خویاندا. کتێبی پیرۆز بانگمان دەکات بۆ “تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی” (ئەفەسۆس ٣:٤).
بەڵام لەوانەیە بە پێچەوانەوە لە هەوڵدانمان بۆ یەکگرتوویی وامانلێبێت کە بەشیوەیەکی زۆر سەرنجمان لەسەر خودی خۆمان بێت. لەوانەیە بیر لە بانگی خودا بۆ یەکگرتوویی بکەینەوە وەک ئەوەی تەنها دەربارەی پەیوەندی تاکەکەسی خۆمان لەگەڵ باوەڕدارەکانی تر بێت. “ئایا هیچ ناکۆکیم لەگەڵ ئەندامێکی تر هەیە کە پێویست بێت باسی بکەم؟” “ئایا من میهرەبان و نیاز پاکم دەربارەی بیروڕا جیاوازەکان لەسەر کێشە لاوەکییەکان؟” “ئایا من بەدڵخۆشییەوە ملکەچی ڕابەرایەتی کڵێساکەمم؟” ئەوانە پرسیاری زۆر باشن کە پێویستە لەخۆمانی بکەین بۆ ئەوەی لایەنی کەم لە جیبەجێکردنی بەرپرسیاریەتییەکانی خۆماندا لە ئاشتیدا بژین لەگەل ئەوانی تر. بەڵام بانگی نوسراوە پیرۆزەکان بۆ یەکگرتوویی قوڵتر و فراوانترە. واتە، کتێبی پیرۆز ستانداردێکی بەرزتر بۆ ئێمە دادەنێت، زیاتر لەوەی کە تەنها لەگەڵ یەکتری ناکۆک نەبین لە کڵێساکەماندا.
بۆیە من دەمەوێت چوار پێشنیاری کرداری پێشکەش بکەم کە یارمەتیدەرت دەبن بۆ کارکردن بۆ یەکگرتوویی لەناو کڵێساکەتدا. بەڵام ئاگادارتدەکەمەوە کە ئەم ٤ شتە ئاسان نین بۆ بەدەستهێنان. هەندێک لەوان پێویستی بە کارکردنی زۆرە، هەندێکی تریان لەوانەیە گفتوگۆی قورس بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەموویان بانگت دەکەن بۆ کردنی ئەو شتانەی ئاسان نین بۆ ئەنجامدان. بۆیە ئێمە پێشنیار دەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەیت بۆ یەکگرتوویی.
ئەگەر ئاسان بووبان و بە سروشتی بەدەستبهێندرابوونایە، پێویستی نەدەکرد فەرمانبکرێت بەوەی هەموو هەوڵێک بدەن بۆ یەکگرتوویی. هیچ کەسێک نابێت پێی بوترێت “هەموو هەوڵێک بدە بۆ خواردنی کەبابی زیاتر” چونکە کەباب خۆی بەتامە. ئەمە دەربارەی خواردنی ئەو خواردنانەیە کە بەتام نین وەک خوارنێکی بێتام کە پێویستی بە هەموو هەوڵێکە بۆ خواردنی.
١. ببە بە کەسێکی ئاشتیخواز.
بوون بە کەسێکی ئاشتیخواز زیاترە لەوەی کە تەنها دڵنیابیت کە لە پەیوەندیەکانتدا لەگەڵ ئەندامەکان ئاشتبوویتەتەوە. بەڵکو ئەوە بانگت دەکات بۆ هاندان و یارمەتیدان بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو ئەندامانەی کڵێساکەت کە پەیوەندیان باش نییە لەگەڵ یەکتر.
کاتێک کڵێسای فیلیپی تووشی ناکۆکییەک بوو کە هەڕەشە بوو لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی کڵێسای فیلیپی، پۆڵس یەکەم جار قسەی بۆ خەڵکە تاوانبارەکان کرد ” لە ئەوۆدیا دەپاڕێمەوە و لە سینتخی دەپاڕێمەوە کە بە یەکبوونیان لەگەڵ مەسیح هاوبیر بن” (فیلیپی ٢:٤). بەڵام تێبینی بکە کە پۆڵس لێرەدا نەوەستا. پاشان داوای یارمەتی لە ئەندامەکانی تر دەکات: ” بەڵێ تۆش ئەی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ دەکەم یارمەتییان بدەیت، چونکە هەردوکیان لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیلدا شانبەشانی من تێکۆشاون، لەگەڵ کلیمنتۆس و هاوکارانی دیکەم کە ناویان لە پەرتووکی ژیانە.” (فیلیپی ٣:٤).
وادابنێ کە تۆ دەزانیت کە دوو ئەندام لە کڵێساکەت ناکۆکی لەنێوانیاندایە. دەتوانی لە پشتەوە بوەستیت و هیچ نەکەیت، ئەمە ئاسانترین ڕێگەیە کە پێیدا بڕۆیت. بەڵام تۆ بانگکراوی بۆ ئەوەی کە هەموو هەوڵێک بدەیت بۆ یەکگرتوویی. شێوازی ئەم هەوڵدانە پەیوەستە بە بارودۆخەکەوە. لە هەندێک بارودۆخدا لەوانەیە چاوپێکەوتنێک ڕێکبخەیت لە نێوانیاندا، لە هەندێکی تردا لەوانەیە بچیت بۆ لای کەسێک کە لەگەڵ کەسێکی تر لەئاشتیدا نییە و لەڕێگەی کتێبی پیرۆزەوە هانیان بدەیت کە ئاشتببنەوە. ئەمە پێویستی بە دانایی هەیە. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا. کارکردن بۆ یەکگرتوویی واتە بەشێوەیەکی چاڵاک ببیت بە کەسێکی ئاشتیخواز. هەروەک عیسای مەسیح دەفەرموێت “خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان.”
٢. ببە بە ئامرازی پەیوەندی لەنێوان باوەڕداراندا
لە سروشتی گوناهباری خۆماندا دەمانەوێت ئەو کەسانەی کە وەک خۆمان نین لەخۆمانیان دووربخەینەوە. لە سروشتی گوناهباری خۆماندا تەنها دەمانەوێت لەگەڵ ئەو کەسانەدا هاوڕێیەتی دروست بکەین کە سودمان پێدەبەخشن و پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا فەرامۆش بکەین. بۆ نموونە، هەندێک جار هەندێک لە باوەڕدارانی کورد بەپەرۆشن بۆ هاورێیەتیکردن لەگەڵ بیانییەکان، بەڵام بەداخەوە نایانەوێ نزیک بن لە کوردەکانی دیکە. بەڵام ئەو حەزە سروشتییانە نەگونجاون بۆ دامەزراندنی یەکگرتوویی.
کەواتە لەسەرەتاترین ئاستدا، پێویستە دڵنیا بین کە ئێمە تەنها هاوڕێیەتی و کات بەسەربردن لەگەڵ ئەو کەسانەدا دروست ناکەین کە هاوشێوەی ئێمەن و کات بەسەربردن لەگەڵیان کارێکی ئاسانە. کارکردنی ڕاستەقینە بۆ یەکگرتوویی بانگمان دەکات کە کاری زیاتر بکەین بۆ ئەوەی ئەو باوەڕدارانە کۆبکەینەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی کات بەیەکەوە بەسەر نابەن.
ئەمە بیرۆکەیەکە لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەمە ئەنجام بدەیت: جاری داهاتوو کاتێک خەڵکی بانگهێشت دەکەیت لە کڵێساوە بۆ ماڵەکەت، دوو کەس بانگهێشت بکە کە بەشێوەیەکی ئاسایی کاتەکانیان بەیەکەوە بەسەر نابەن. ڕێگە بدە ماڵەکەت ئەو شوێنە بێت کە تێیدا دەتوانن یەکتر بناسن و دەست بکەن بە درووستکردنی هاوڕێیەتییەک کە لەوانەیە هەرگیز نەیانتوانییایە بەو شێوەیە گەشەی پێبدەن. کاتێک دوو باوەڕدار کە بەپێی کەسایەتی دنیایی خۆیان هاوڕێ نین هاوڕێیەتییەکی بەهێز و پڕ لە خۆشەویستی لەنێوانیاندا هەیە، خۆشەویستی مەسیح بە ڕوونی لە هاوڕێیەتییەکەیاندا دەردەکەوێت.
٣. ببە بە کەسێکی دڵشاد و خەمبار
پۆڵس وەک جەستەی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات، “جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.” (یەکەم کۆرنسۆس ٢٠:١٢). خاڵێکی گرنگ کە پۆڵس لەم لێکچوونەوە دەیکێشێت ئەوەیە “ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.” (یەکەم کۆرنسۆس ٢٦:١٢).
هەروەها بەشێوەیەکی کرداری، ئەگەر ئێمە کار بۆ یەکگرتوویی بکەین پێویستە لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بین، بگرێین لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن (ڕۆما ١٥:١٢). واتە بەشداری کردن لە ئاهەنگەکانی لەدایکبوون و ئامادەبوون لە پرسە و ماتەمینییەکان. واتە نوسینی نامەی پیرۆزبایی و هەروەها نامەی هاوسۆزی دەربڕین. هەموو ئەم شتانە پێویستی بەوەیە کە یەکتری بە باشی بناسین و و بەتەواوی ئاگادار بین کاتێک خوشک و براکانمان دڵشادن یاخود دەگرین، کە ئەمەش دووبارە پێویستی بە هەوڵدانی چاڵاکی خۆمانە. بوون لەگەڵ ئەندامانی کڵێساکەت لە بەرزی و نزمی ژیانیاندا یارمەتی دروستکردنی یەکگرتوییەکی گەورەتر و خۆڕاگرتر دەدات.
٤. پەیامی مزگێنی(ئینجیل) بکە بە مەرکەزیەت لە ژیانتدا.
گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەگەر کار بکەیت بۆ یەکگرتوویی لە کڵێساکەتدا، پێویستە پەیامی مزگێنی بکەیت بە مەرکەزیەت لە ژیانتدا.
لەڕێگەی پەیامی مزگێنییەوە(ئینجیلەوە)، هەموو ئەندامەکانی کڵێساکەت لەگەڵ مەسیح یەکیان گرتووە. لەبەرئەوە هەموو ئەندامانی کڵێساکەت لەگەڵ یەک یەکیانگرتووە لەلایان خوداوە. تێبینی بکە کە چۆن پۆڵس بەتایبەتی ئاماژە بۆ باوەڕدارانی فیلیپی دەکات (هەموو ئەوانەی کە پێویستیان بەوەبوو هەموو هەوڵێک بدەن بۆ یەکگرتوویی) هەمویان ناویان لە کتێبی ژیاندا تۆمارکراوە (فیلیپی ٣:٤). لەبەرئەوە ئێمە هەموومان وەک هاوڵاتییەکی نیشتەجێی ئاسمان ژیانی هەتاهەتایی بەیەکەوە بەسەردەبەین و ستایشی ڕزگارکەرمان دەکەین کە عیسای مەسیحە، یەکگرتوویی لەم ژیانەدا لەسەر زەوی شتێکە شایەنی ئەوەیە کە بۆی بجەنگین!
ئێمە پێویستە مزگێنیەکەمان لەبیر بێت. لەبەرئەوەی تەنها بە هێزی مزگێنی کڵێسایەکی هەمەڕەنگی وەک کڵێساکەی تۆ (یان وەک کڵێساکەی من) دەتوانێت خۆشەویستی ڕاستەقینە و یەکگرتوویی هەبێت. باوەڕی هاوبەش لە مزگێنیەکەدا هەموو ئەندامە جیاوازەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەڕاستیدا ئەمە ئەو خۆشەویستی و یەکگرتووییەیە کە دواتر خزمەتی ئینجیلی لە کڵیسادا بەهێز دەکات “بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە” (فیلیپی ٢٧:١). هێزی پەیامی مزگێنی بۆ تێکشکاندنی گوناه لەلایەن بێباوەڕانەوە دەبینرێت کاتێک ئەندامانی کڵێسا یەکتریان خۆشدەوێت تەنانەت لەکاتە قورس و پڕ مشتومڕ و دەمەقاڵێکانیشدا.