
ڕۆژی ٢٣
لە دایکبوونێکی پیرۆز و بێفیزانە
لۆقا ٢: ٧
جا کوڕە نۆبەرەکەی بوو، قۆنداغی کرد و لە ئاخوڕێکدا داینا، چونکە هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: لۆقا ٢ :١-٧
ئێمە لەم سەردەمەدا لە سەرەتای مانگی ١٢ بەهیواوە چاوەڕێی ٢٥ی مانگ دەکەین بۆ ئەوەی ئاهەنگی رۆژی لە دایکبوونی مەسیح بگێڕین. یوسف و مریەم نۆ مانگ چاوەڕوانی لەدایکبوونی بوون، گەلی خوداش هەزاران ساڵ بوو چاوەڕێی لەدایکبوونی بوون. دوای ئەو چاوەڕوانیە زۆرە، منداڵەکە لە دایکبوو، لە نەوەی داود بوو، تەختی داودی وەرگرت و بوو بە پاشا. ئەو پاشایە مەسیحە بەلێنپێدراوەکەیە. هەموو کەس پێشبینی ئەوە دەکات کە کەسێکی گەورەی لەم شێوەیە لە شوێنێکی جوان و تایبەت لە دایک دەبێت. بەڵام کە ئایەتەکان دەخوێنینەوە، شۆک دەبین!
ئایەتەکە دەڵێت: “هیچ ژوورێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت.” چەند سەیرە، پاشای پاشایان و کوڕی خودا لە ئاخوڕێکدا لە شوێنی ئاژەڵان لە دایک بوو، نەک لە کۆشکێکدا. لەدایکبوونی مەسیح لە دایکبوونێکی سادە و بێفیزانە بوو… بەڵام پیرۆز بوو.
بە سەیرکردنی لۆقا ٢: ١-٧ دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە لۆقا کاتی تایبەتی ڕووداوەکان دیاری دەکات. لەمەوەش، فێر دەبین کە ئەم ڕووداوە ڕاستەقینەیە، کەسایەتیەکی مێژووییە — نەک چیرۆکێکی خەیاڵی. هەروەها یوسف و مریەم چوون بۆ گوندێکی بچووکی باشووری ئۆرشەلیم، کە ناوی بێتلەحم بوو. لەوێ منداڵەکەیان بوو. ئەو گوندە زۆر بەناوبانگ بوو چونکە گوندی داود پاشا بوو. لە پەیمانی کۆندا، پەیامبەرێک بە ناوی میخا پێشبینی کردووە کە مەسیح لەم گوندەدا لە دایک دەبێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خودا پێشبینییەکانی دەهێنێتە دی لەبارەی مەسیحی رزگارکەر، نەوەی داود. هەروەها دەبینین کە خودا دەسەڵاتی تەواوی هەیە بەسەر ڕووداوەکانی مێژوو و بڕیاری دەسەڵاتدارەکان. چۆن؟ مریەم و یوسف لە بێتلەحم نەدەژیان، بەڵام لەبەر حکوومەتی سەرکوتکەر ناچاربوون بڕۆن بۆ بێتلەحم بۆ سەرژمێری. ئەوان گوێڕایەڵی یاسا بوون. لەگەڵ ئەوەش پشتیان بە خودا بەست لە سەفەرەکەیان بۆ بێتلەحم، بە تایبەت لەو کاتەی کە خەریک بوو منداڵەکەیان ببێت. سەختی لە دایکبوونی مەسیح بۆ خودی مەسیح و مریەم وەک سەختی لەدایکبوون وایە لە کاتی کۆڕەوەکەی کوردانی باشوور لە ساڵی ١٩٩١، کاتێک هەموو کوردەکان پێکەوە لە ترسی هێرشی حکومەتی بەعس چوونە سەر سنوورەکان بۆ رزگاربوون لە هێرشی حکومەت. بیهێنە پێشچاوت، دایکێک لە کاتەدا منداڵەکەی لە دایک ببێت بەبێ هیچ چاودێرییەک، بێگومان ئەوە زۆر سەختە و هەرگیز لەبیر ناکرێت.
بەڵام با بپرسین ئەم منداڵە کێیە؟ بە پێی کتێبی پیرۆز، ئەم منداڵە وشەی خودایە، هەموو شتێک لەرێگەی ئەوەوە درووستکراوە. ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەو یەکیگرتووە. ئەو تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی. هەموو جیهان هی خۆیەتی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە بێفیزترین شوێن لەدایک بوو لە گوندێک نەک لە کۆشکێک.
ئەم چیرۆکەیە چ وانەیەکی بۆ ئێمە تێدایە؟
١. عیسای مەسیح بە لە دۆخێکی نەشیاو لە ئاخوڕی ئاژەڵان لە کاتی سەفەر لە دایکبوو، لە ژیانیدا سەختی زۆری کێشا، پاشانیش وەک تاوانبارێک لە خاچدرا. هەر بۆیە مەسیح بە قوڵی هاوخەمی سەختییەکانی ژیانمانە. بۆیە کاتێک تووشی خەم و نارەحەتی و سەختی زۆر دێین لە ژیانماندا، ئەو بە قوڵی هەست بە خەمەکانمان دەکات و لەگەڵمان دەبێت، چونکە ئەو بە تەنگانەی زۆردا تێپەڕیوە.
٢. خودا بەردەوام کار دەکات کاتێک لە دۆخێکی خراپداین. وەک چۆن خودا دۆخی سەختی مریەمی بەکارهێنا بۆ لەدایکبوونی مەسیحی رزگارکەر لەم شوێنە نەشیاوەدا، بەهەمان شێوە دۆخی خراپی باوەڕدارانیش بۆ چاکەی خۆیان بەکاردەهێنێت. تەنگانە و خەم خواردن کاتییە نەک هەمیشەیی. باوەڕداران میراتگری شانشینێکی هەتاهەتایین. “چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە” (دووەم کۆرنسۆس ٤: ١٧).
٣. شکۆی خودا بە جوانی لە بێفیزییدا دەردەکەوێت. ئەوەی زۆرترین خزمەتی خەڵکی تر دەکات شایەنی گەورەترین شکۆمەندییە. “چونکە تەنانەت کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر” (مەرقۆس ١٠: ٤٥).
بۆیە با دڵشاد بین بە بێفیزی و ملکەچی عیسای مەسیح. با مەسیح بپەرستین لەبەر لەدایکبوون و ژیان و مردنە بێفیزەکەی و زیندووبوونەوە گەورەکەی. چونکە لەبەر ئەم بێفیزیە سەبارەت بە مەسیح نووسراوە: “لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و ئەو ناوەی دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە، تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات، لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش، هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە، بۆ شکۆی خودای باوک.” (فیلیپی ٢: ٩-١١)
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
لەم جەژنی لەدایکبوونی مەسیح دا، چ سەختی و نالەبارییەک لە ژیانتدا هەیە وەک شوێنی لە دایکبوونی مەسیح (ئاخووڕەکە) کە دەبێت بیسپێریت بە خودا و متمانەی پێ بکەیت کە ئەو بۆ شکۆی خۆی و چاکەی تۆ بەکاری دەهێنێت؟
نوێژ
ئەی باوکی ئاسمانی، ستایشت دەکەین بۆ پلانە جوانەکەت. عیسای مەسیح، ستایشت دەکەین لەسەر ملکەچی و بێفیزییەکەت. تۆ لە نزمترین شوێن لەدایک بووی، بەڵام لە کۆتاییدا بەرزبوویتەوە بۆ لای خودا، ئێستاش لە دەستەڕاستی خودا دانیشتوویت و حوکمڕانی جیهان دەکەیت. وامان لێ بکە کە دڵخۆش بین بەو شتانەی کە تۆ دڵخۆش دەکەن. وامان لێ بکە متمانە بە پلانەکەت بکەین، هەرچەندە لێشی تێنگەیەن، چونکە پلانەکانت قوڵترە لە توانای بیرکردنەوەی ئێمە. لێت دەپاڕیینەوە کە خەڵکی کوردستان زیاتر شکۆی بێفیزی تۆ ببینن و بتپەرستن. تۆ شایەنی هەموو شکۆمەندییەکیت! ئامین



