
ڕۆژی ٢٢
ئاشتی ڕاستەقینە
لۆقا ١: ٧٦-٧٩
٧٦تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش یەزدان دەکەویت، ٧٧تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت، تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت، ٧٨بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، ٧٩تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: لۆقا ٥٨:١-٨٠
تا ئێستا بیرت لە هەبوونی ئاشتی ڕاستەقینە کردووەتەوە لە ژیان؟ ئایە پێت وایە بە سیاسەت یان خەباتی چەکداری ئەکرێت ئاشتی ڕاستەقینە بەدەست بێت؟ پێت وایە شەڕکردن و خوێنڕشتن بۆ درووستکردنی ئاشتی شوێنکەووتنی کڵاوی با بردوو نییە؟
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتتر لە هەرێمی کوردستان خەڵکی تامەزرۆی هەبوونی ئاشتین. ئەم ئاشتییەی خەڵکی هەوڵی بۆ ئەدەن و دەیانەوێت هەیانبێت بۆ هەبوونی ئاسایشی خۆراک و نەبوونی شەڕی خوێناوییە.
بەگشتی هەموو مرۆڤەکان تامەزرۆی هەبوونی ئاشتین بەڵام ئاشتی ڕاستەقینە لە عیسای مەسیحدایە. لۆقا ١: ٧٦-٧٩ ئەوەمان بە ڕوونی پیشاندەدات کە بەدەستی ئێمەی مرۆڤ ناتوانرێت ئاشتی دروستبکرێت ئەگەر خودا دەستمان نەگرێت بۆ ئەو کارە و خۆی ئەوە نەکات.
لەدوای ماوەی چەند سەدەیەک بێدەنگی و نەبوونی هیچ پێغەمبەرێک بۆ گەلی ئیسرائیل، خودا ژن و مێردێک بەسەردەکاتەوە کە هەردووکیان بەساڵداچووبوون. فریشتەیەک لە کاتی پەرستش زەکەریا ئاگادار دەکاتەوە و بەڵێنێک بە ژن و مێردەکە دەدات (ئەلیسابات و زەکەریا) کە منداڵێکیان دەبێت. بۆیە کاتەکە دێت و منداڵەکەیان لەدایک دەبێت. خودا بەم شێوەیە بەزەیی خۆی پیشانی ئەو خێزانە دەدات کە منداڵێک بەشێوەی پەرجوو لەدایک دەبێت.
خودا لە ڕێگەی زەکەریاوە ناوی منداڵەکە دەنێت یەحیا، ئەمەش بە واتای “خودا میهرەبانە” دێت. بۆیە ئەمە ڕوونە کە خودا لە ڕێگەی هاتنی یەحیاوە ڕێگا ئامادە دەکات بۆ هاتنی ڕزگارکەرەکە و دروستکردنەوەی ئاشتی بۆ مرۆڤ بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان. ئایەتی ٢٩ پێمان دەڵێت یەحیا “پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا دەبات.” بەڵام چۆن؟ بە بردنی ئێمە بۆ لای عیسای مەسیح. دیارە کە بەهۆی گوناه و هەبوونی خراپەکاری هەموو ئاشتییەکمان لەگەڵ خودای باوک تێکدابوو. بەشێوەیەک کە ئەوە لە توانای ئێمەی مرۆڤ نەبوو کە شتێک بکەین تاکو ئەو شکاوی و شەرمەمان لەگەڵ باوک چاک بکەینەوە، چونکە ئارەزووە جەستەییەکانمان هەمیشە چێژی خراپەکاری دەوێت. بەڵام مەسیح بە قوربانییەکەی لەسەر خاچ شوێنکەوتووەکانی ئاشتکردەوە لەگەڵ خودا بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتاییان لەگەڵی هەبێت.
لە لۆقا ١: ٧٦-٧٩ دەبینین کە خودا چۆن لە ڕێگەی یەحیاوە ئامادەکاری بۆ هاتنی عیسای مەسیح دەکات. ئەم ئایەتە دەکرێت بانگکردنێک بێت بۆ هەر باوەڕدارێک لە جیهان و ئێمەی باوەڕداری کوردیش کە پەیامی خودا ڕابگەیەنین بۆ گەلەکەمان. ئەم پەیامە لەبارەی ئاشتی نێوان خودا و مرۆڤ لە ڕێی عیسای مەسیحەوە وەک تیشکی ڕووناکی وایە لە تاریکیدا بۆ ئێمەی کوردەکان چونکە رووبەڕووی زۆر شەڕ و خوێنڕشتن بووینتەوە بە درێژایی مێژوو.
یەکێک لەو چیرۆکانەی کە سەرنجی من ڕادەکێشێت دەربارەی بوونی ئاشتییە لە جیهاندا، چیرۆکی ئافرەتێکی کوردی زازاکییە کاتێک لەلایەن خێڵەکانی ئەنادۆڵ هێرش دەکرێتە سەر خێڵەکەیان و ئافرەتەکە هەردوو منداڵە کوژراوەکەی لەباوەش دەگرێت و بە شینەوە لە لاوکێکدا دەڵێت “کێ گوتی لەژێر ئاسماندا ئاشتی هەیە؟”
بەڵێ، قسەی ئەم دایکە ڕاستییە کە لەژێر ئەم ئاسمانەدا ئاشتی نییە چونکە جیهان شکاوە لەبەر گوناهەکانمان. بۆیە کاتێک هەر مرۆڤێک بەدوای ئاشتی دەگەڕێت لەم دونیایەدا، هەرگیز بە تەواوی دەستی ناکەوێت تەنها بە باوەڕهێنان نەبێت بە خوێنی مەسیحەوە. ئەم ئاشتییەی کە مەسیح پێمان دەبەخشێت، ئاشتییەکە لە نێوان مرۆڤ و خودا نەک مرۆڤ و دۆخی نالەباری دونیا. بەخشینی گوناهەکان و بەزەییە بێ سنوورەکەی عیسای خوداوەند پیشاندەرێکی ڕوونە کە هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە لە تاریکایی مەرگ یان لەو ئازارانە ڕزگارمان بکات کە جیهان بە شکاوی بە دڵی هەر مرۆڤێکی داوە. مەسیح، میری ئاشتی، لەم جیهانە شکاوەدا لەدایکبوو و ڕزگار کردین.
لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەم جیهانە دەژین کە تاریکایی و مەرگی پێیە بۆ مرۆڤەکان بەڵام درەوشانەوەی ڕووناکی عیسای مەسیح لە پاشایاتییەکەی لە سەرەوە، لە تاریکایی و مەرگ، کڕینەوەی بە هەر کەسێک داوە کە باوەڕی پێ دەهێنێت. ڕووناکی مەسیح لە شوێنێکی زۆر بەرزتر لە سەفین و ئەزمەڕە، ئەو دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە رووناکی خۆی بە هەموو جیهان بگەیەنێت. هەر دڵێک خۆی بیەوێت ڕووناکی دەکاتەوە و دەیگۆڕێت. ڕووناکی ئەو دوورترین شوانەکانی بیابانێکی لاچەپی بینی و مزگێنی هاتنی ڕزگارکەر و ئاشتیسازی پێدان. عیسا پێیەکانی هەر کەسێک کە باوەڕی پێ دەهێنێت بە ئاشتیدا دەبات. “شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون” (لۆقا ١٤:٢).
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
کە باوەڕت هەیە ئاشتی ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی خوێنی عیساوەیە، کەوایە چۆن تۆ دڵگەرمانە وەک باوەڕدار بۆ ئەو ئاشتییە مزگێنی دەدەیت؟
نوێژ
ئەی باوکی ئاسمانیمان، ستایشت دەکەین کە لە ڕێگەی کوڕە تاقانەکەتەوە پیشانتداین کە ئاشتی ڕاستەقینە لە جیهانەوە بەدەست نایەت، تەنها لە ڕێگەی خوێنی کوڕەکەتەوە دێت. ستایش بۆ تۆ کە هەمیشە چاوت لەسەر دڵی ئێمەیە تاکو ئاشتی و ئارامی تێدابێت بۆ چاکەی خۆمان. لێمانخۆش بە کە زۆرجار بەهۆی گوناهەکانمان بە دڵنەرمیەوە سەیری ئەو ئاشتییە ناکەین کە تۆ لەگەڵ خۆت پێتداوین. تەنانەت هەوڵدەدەین خۆمان ئاشتی لەم جیهانەوە بەدەست بهێنین. ئەی باوکی ئاسمانی لێت دەپاڕێینەوە یارمەتیدەرمان بە بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی بۆ خێزان و خزم و هاوڕێکانمان. داوا دەکەین ڕووناکی تۆ لە دڵماندا بدرەوشێتەوە و ببێتە هاندان بۆ ئەوانی دیکەش. ئامین.



