
ڕۆژی ١٨
ئاشتی ڕاستەقینە
کۆلۆسی ١: ١٩ – ٢٠
١٩چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، ٢٠لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە و بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: کۆلۆسی ١٥:١-٢٣
بە بڕوای تۆ ئاشتی ڕاستەقینە چیە؟ چۆن لە ئاشتی ڕاستەقینە دەڕوانیت؟ ئایا خەڵکی لە ئاشتیدان؟ چی بکەین بۆ ئەوەی لە ئاشتی ڕاستەقینەدا بژین؟ بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین لە ئاشتی ڕاستەقینە، وەرن با پێکەوە سەرنجی ئەم چیرۆکە بدەین.
دەگێڕنەوە ڕۆژێک پاشایەک دەیویست وێنەی ئاشتی بۆ بکێشرێت، بۆیە هەموو وێنەکێشەکان و هونەرمەندەکانی مەملەکەتەکەی بانگهێشت کرد بۆ کۆشک و داوای لێ کردن هەریەکەیان وێنەی ئاشتی بۆ بکێشن و لە پێشانگایەکدا نمایشی بکەن. ڕۆژی نمایشی وێنەکان هات و دەستکرا بە هەڵبژاردنی وێنەی ڕاستەقینەی ئاشتی. پاشا لەناو هەموو وێنەکاندا دوو تابلۆی هەڵبژارد بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا لەنێوان ئەم دووانەش یەکێکیان هەڵبژێرێت. یەکێکیان دیمەنی وەرزی بەهار بوو، سەوزایی و گوڵی سوور و زەرد و ئاسمانێکی ساماڵ و تیشکی خۆر دەیدا لە ڕووبارەکان، هەموو شتێک زۆر جوان بوو. تاڤگەیەکی ناوازەش لەناو وێنەکەدا هەبوو. باڵندەکان لە ئاسمانی ساماڵدا و لە وەرزی بەهاری ڕەنگاوڕەنگدا دەفڕین. وێنەی دووەم زریان و ڕەشەبا و هەورەبروسکە بوو، تاریکی باڵی کێشابوو بەسەر وێنەکەدا، بەڵام چۆڵەکەیەک لەژێر گەڵای دارێک لە سووچی خوارەوەی وێنەکەدا لەسەر هێلانەکەی نیشتبوو کە بە هیواوە دەیڕوانیە داهاتوویەکی باشتر.
هەموو ئەوانەی لای پاشا ئامادەبوون پێیان وابوو پاشا وێنەی یەکەم هەڵدەبژێرێت. بەڵام بەپێچەوانەوە پاشا وێنەی دووهەمی هەڵبژارد و گوتی ئەمە وێنەی ئاشتی ڕاستەقینەیە! هەمووان سەرسام بوون و پرسیاریان کرد ئاخۆ پاشا بۆچی وێنەی دووەمی هەڵبژارد کە هیچ لە ئاشتی ناچێت. بەڵام پاشا گوتی ئاشتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە ناختدایە و لە تۆوە هەڵدەقوڵێت نەک ئەو ئاشتیەی کە دەورووبەر بۆمان درووست دەکەن.
لەسەرەتای پەیدابووندا، دەقەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خودا و مرۆڤ پێکەوەبوون، ئاشتی و خۆشگوزەرانی باڵی بەسەر زەویدا کێشابوو. بەڵام مرۆڤ یاسای خودای پێشێڵکرد، بۆیە ئاشتی نەما. مرۆڤ کەوتە ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامی. کاتێک گوناه هاتە ناو ژیانی مرۆڤ درز کەوتە نێوان پەیوەندی خودا و مرۆڤ. پاشان درز کەوتە نێوان خودی مرۆڤەکانیش لەگەڵ یەکتری. مرۆڤ کاتێک پەیوەندی لەگەڵ خودا هەبوو تەنها خۆشەویستی و بەخشندەیی دەزانی، بەڵام دواتر فێری ڕق و درۆ و کاری خراپە و خۆپەرستی و چاوچنۆکی…هتد بوو. هەموو ئەو سیفەتە خوداییانەی هەمان بوو گۆڕا بۆ سیفاتی مرۆڤانەی دوور لە خودا.
بەڵێ، پاشاکە راستی کرد وێنەی دووەم تابلۆی راستەقینەی ژیانمانە، چونکە راستی دوای کەوتنی مرۆڤ بۆ ناو گوناه و لە دەستدانی ئاشتییەکەی لەگەڵ خودا، ژیانی مرۆڤ سەراپا بووە تاریکی و زریان و رەشەبا و دڵتەنگی. ئەمە راستی دوای جیابوونەوەمانە لەگەڵ خودا. وەک چۆن چۆڵەکەکە لە ژێر گەڵای دارێک بە هیواوە چاوەڕێی هێوربوونەوەی ئەو دۆخەی دەکرد بۆ ئەوەی دەست بە ژیان بکاتەوە. بۆیە ئێمەی مرۆڤ بە هیواوە بووین رزگارکەرێک بێت تا لە تاریکییەوە بمانگوازێتەوە بۆ رووناکی و لە دایک ببینەوە.
ئەوا هیوایەمان هات دی لە ڕێی عیسای مەسیحەوە. بەزەیی خودا مەزنترە لە خراپەی مرۆڤ. بەخشندەیی خودا گەورەترە لە تاوانی مرۆڤ. خودا ڕزگاریی بۆ مرۆڤ فەراهەم کرد لە ڕێگای قوربانییەکەی مەسیحەوە. لەبەر مەسیح حوکمی خودامان لەسەر نەماوە. بە هاتنی عیسای مەسیح، کە لەم وەرزەدا یادی دەکەینەوە، ئاهەنگ بۆ ئەوە دەگێڕین کە باوەڕداران لەگەڵ خودا و لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ باوەڕدارانی تریش ئاشتی ڕاستەقینەیان هەیە. بە هیواوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین کە مەسیح دێتەوە و ئەم جیهانە نوێ دەکاتەوە و حوکمڕانییەکەی دادەمەزرێنێت لەسەر جیهانێکی نوێ و ئێمەش لەگەڵی بە ئاشتی ڕاستەقینە بۆ هەتاهەتایە دەژین.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
چۆن خودا ئاشتی راستەقینەی لە هەموو بوارێک هێناوەتە ژیانت؟
نوێژ
ئەی خودای ئاشتی، سوپاس و ستایشت دەکەین کە بەبێ مەرج ئێمەت خۆش دەوێت و ئاشتی ڕاستەقینەت بۆ فەراهەم کردووین. سوپاست دەکەین کە کوڕە تاقانەکەی خۆت کردە قوربانی بۆ ئاشت بوونەوەی ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ خۆت و لەگەڵ یەکتریش. سوپاست دەکەین لەبەر خاچەکەت، سوپاست دەکەین لەبەر بەزەیی و لێخۆش بوونت. ئەی خودای هەرەبەرز و بە توانا، داوات لێدەکەین ببینە ئاشتی تۆ لە ئێمەدا رەنگبداتەوە بۆ کەسانی تر. ستایشت دەکەین لەسەر ئەوەی کە تۆ خودای هەمووانی، گەورەی هەمووانی و لە ناخی هەموواندا کار دەکەیت. سوپاست دەکەین کە ئاشتی و ئارامی لە ناخی ئێمەدا دەچەسپێنیت. بە ناوی عیسای مەسیح، ئامین.



