
ڕۆژی ١٦
میراتی شوێنکەوتووەکانی مەسیح
گەلاتیە ٤:٤-٧
٤بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی شەریعەتی تەورات لەدایک بوو، ٥بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە بەدەستبهێنین. ٦ لەبەر ئەوەی ئێوە ڕۆڵەی خودان، خودا ڕۆحی کوڕەکەی خۆی ناردە دڵتانەوە، بە هاوارەوە دەیفەرموو: «بابە! باوکە!» ٧ کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەی ئەویت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: گەلاتیە ٢٦:٣ تا ٧:٤
ئایا دەکرێت مرۆڤێک ببێتە میراتگری خودا؟ یەکەم جار ئەم بیرۆکەیە بە خەونێکی مەحاڵ دەچێت. یەزدان ڕۆحە و هەموو جیهان هی ئەوە. چۆن دەبێت مرۆڤێک میراتی ئەو وەربگرێت؟ سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی جار میراتگرێک میراتەکەی وەرناگرێت هەتا باوکی نەمرێت. چۆن دەبێت خودا بمرێت؟ لەبەر ئەم هۆکارانە سەیرە کە پۆڵس لە گەلاتیا ٧:٤ دەنووسێت: ”کەواتە ئیتر کۆیلە نیت، بەڵکو ڕۆڵەی ئەویت، ئەگەر ڕۆڵەش بیت، ئەوا خودا تۆی کردووەتە میراتگر.“
بەڵام ئەم ڕاستییە – کە گەلی خودا رۆڵە و میراتگرەکانی ئەون – شتێکی تازە و نوێ نەبوو لە سەردەمی پۆڵسدا، بەڵکو ئەم بنەمایە لەسەر بەڵێنەکانی پەیمانی کۆن دامەزراوە. پۆڵسیش زۆر شارەزا بوو لەم بەڵێنانە. لە گەلاتیا ٢٩:٣ دەنووسێت، ”جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن“. لێرە پۆڵس ئاماژە بە چ بەڵێنێک دەکات؟ باسی ئەم بەڵێنە دەکات کە لە پەیدابوون ٧:١٢ نووسراوە: ”یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.“ کەواتە لە نێو هەموو گەل و ئیمپڕاتۆریەتەکانی زەویدا، خودا ئیبراهیم و نەوەکانی ئەوی هەڵبژارد تاکو ببنە گەلی خۆی و خاکێکی پیرۆز بە میرات وەربگرن.
دواتر کاتێک خودا نەوەکانی ئیبراهیمی ڕزگار کرد لە کۆیلایەتییان لە ژێر دەستی فیرعەونی میسر، خودا پایەی گەلی خۆی بۆ فیرعەون ڕوون کردەوە: ”نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە“ (دەرچوون ٢٢:٤). پاش ئەوەی خودا گەلی ئیسرائیلی دەرباز کرد، ئەوانی برد بۆ شاخی سینا تاکو پەیمانی خۆی نوێ بکاتەوە لەگەڵیان و ئەوانیش ڕازی بن بە ئەرکەکانی پەیمانەکە (واتە فەرمانەکانی تەورات). کە پێغەمبەرەکانی دواتر باس لەم ڕووداوانە دەکەن، بە شێوازی باوکایەتی و منداڵیەتی وەسفی دەکەن. بۆ نموونە، لە هۆشەع ١:١١ خودا دەڵێت: ”کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.“ کەواتە خودا گەلی خۆی وەک ڕۆڵەیەک خۆشدەویست.
زۆر گرنگە کە لێرە تێبینی ئەوە بکەین کە یەزدان گەلی ئیسرائیلی دەرباز کرد و ئەوانی کردە رۆڵەی خۆی پێش ئەوەی فەرمانەکانی تەوراتیان پێبدات. پابەندبوون بە یاساکانی تەورات ڕێگایەک نەبوو بۆ بوون بە بنەماڵەی خودا، بەڵکو وەڵامێکی سوپاسگوزاری بوو بۆ ئەم خودایەی کە بە خۆشەویستییەوە پێشوازی لە نەوەکانی ئیبراهیم وەک رۆڵەکانی خۆی. بەڵام بە هۆی خیانەت و گوناهی ئیسرائیلییەکان، دوورکەوتنەوە لە خودا و ئامادە نەبوون بۆ وەرگرتنی میراتی خودا. لەبەرئەوە پۆڵس فێرمان دەکات کە تەورات وەک مامۆستایەک یان سەرپەرشتیکارێک بووە بۆ گەلی ئیسرائیل تا ئەو ماوەیەی کە باوکی دیاریی کردووە.
چۆن ئەم بارودۆخە ڕوون بکەینەوە لە ڕێگای نموونەیەک؟ هەر وەک کە یاریزانێکی تۆپی پێ کە ئەندامی یانەیەکە بەڵام بەشداری ناکات لە یارییەکانی ئەم یانەیە. ئەم کەسە ئەندامە و ناوەکەی لە لیستی یانەکە نووسراوە، بەڵام لەڕاستیدا بارودۆخەکەی هەر وەک هاندەرەکانە، دادەنیشێت و تەماشای یارییەکان دەکات. بەم شێوەیە جولەکەکانیش وەک ناجولەکەکان بەردەوام بوون لە کۆیلایەتی بە هۆی نەناسینی یەزدانیان (گەلاتیا ١:٤-٣). بەڵام پێغەمبەرەکان هیوایەکیان هەبوو کە ڕۆژێک خوداوەند گەلی خۆی پیرۆز دەکات و پاکیان دەکاتەوە تاکو میراتی باوکیان وەربگرن (حزقیێل ٢٤:٣٦-٢٨؛ یەرمیا ٣١:٣١-٣٤).
بەڵام ئەم میراتە چییە کە گەلی ئیسرائیل لە خودا وەریدەگرن؟ بە گوێرەی بەڵێنەکانی یەزدان یەکەم میرات خاکی کەنعان بوو (پەیدابوون ٧:١٢ و ٨:١٧ ؛ دەرچوون ٤:٦). بەڵام بە هۆی ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەردەوام سەرپێچیان دەکرد و گوێڕایەڵ نەدەبوون بۆ فەرمانەکانی تەورات – هەر وەک کوڕێک کە ئابڕووی باوکی خۆی دەبات – خاکەکەیان لەدەستدا. لە ساڵی ٥٨٦ پ.ز. خاكە پیرۆزەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەکانی جیهان بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل چاوەڕێی ئەو رۆژەیان دەکرد کە خودا گەلی خۆشەویستی خۆی دادەمەزرێنێتەوە لە خاکە بەڵێنپێدراوەکە. هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکەن کە خودا هەموو جیهان وەک میراتێكی تەواو بە خەڵکی خۆی دەبەخشێت (زەبوور ٨:٢؛ دانیال ٢٧:٧). لەو رۆژەدا نەتەوەکانی جیهان باوەڕ بە یەزدان دەهێنن و ئەوانیش بەرەکەتدار دەبن لەگەڵ گەلی ئیسرائیل (میخا ١:٤-٢١).
بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پێشبینییانە پەیوەست بوو بە دەرکەوتنی مەسیح. بەم شێوەیە لە بیر و دڵی گەلی ئیسرائیلدا رۆژی لەدایکبوونی مەسیح ئەو کاتە تەواوە بوو ”کاتی تەواو“ کە یەزدان هەموو بەڵێنەکانی خۆی تێدا دەهێنێتەدی. لەبەر ئەوە پۆڵس دەنووسێت: ”بەڵام کە کاتی تەواوی خۆی هات، خودا کوڕی خۆی نارد، لە ژنێک لەدایک بوو، لە سایەی تەورات لەدایک بوو، بۆ ئەوەی ئەوانە بکڕێتەوە کە لە سایەی شەریعەتدان، تاکو وەک ڕۆڵە لەخۆگرتنەوە بەدەستبهێنین“ (گەلاتیا ٤:٤-٥). ئێستا مەبەستی پۆڵس بۆمان ڕوون بووەوە. پۆڵس زۆر دڵشاد بوو بە هۆی لەدایکبوونی عیسای مەسیح چونکە بە لە دایکبوونی ئەو خودا گەلەکەی کردە میراتگری خۆی.
ئەی چی بڵێین سەبارەت بە خۆمان کە جوولەکە نین؟ ئێمەش دەبێت دڵشاد بین بە هاتنی ”کاتی تەواو“ و لەدایکبوونی مەسیحی ئیسرائیل؟ بە دڵنیایی دەبێت دڵشاد بین. بۆ چی؟ لەبەر ئەوەی ”کاتی تەواو“ تەنها بۆ جوولەکەکان نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو نەتەوەکان مزگێنیەکی خۆش و مەزن بوو. عیسا تەنها بۆ جوولەکەکان نەهات، بەڵکو وەک مرۆڤێک بۆ هەموو خەڵک هات تاکو لە کۆیلایەتییەوە بمانکاتە رۆڵەی خودا (فیلیپی ٦:٢-١١). ئایا هیچ مزگێنییەک هەیە لە هەموو مێژووی جیهاندا کە خۆشەویستی لەم مزگێنیە زیاتری تێدابێت؟ نەخێر، نایدۆزیتەوە. خوداوەند ئەوپەڕی خۆشەویستی پیشان داین بە ناردنی نۆبەری ڕاستەقینەی خۆی بۆ ڕزگارکردنی ئێمە کە دووژمنی ئەو بووین. خۆی خستە جێگای ئێمە تاکو کۆیلایەتیمان لەناو ببات.
لەبەر کاری عیسای مەسیح، پۆڵس دەتوانێت بە گەلاتیاییەکان بڵێت: ”ئێوە ڕۆڵەی خودان “(گەلاتیا ٦:٤). کەواتە جیاوازی نییە لە نێوان پایەی ناجوولەکەیەک کە شوێنکەوتووی مەسیحە لەگەڵ پایەی جوولەکەیەک کە شوێنکەوتووی مەسیحە (گەلاتیا ٢٨:٣). هەردووکیان بوونەتە ڕۆڵەی خودا و میراتگری خودا. ئەم میراتە خاکی جیهان و شانشینێکی هەتاهەتایی لەخۆدەگرێت (ئاشکراکردن ١٠:٥)، بەڵام لەوەش زیاترە. پۆڵس فێرمان دەکات هەموو کەسێک کە باوەڕ بە مەسیح دەهێنێت ڕۆحی مەسیح وەردەگرێت (گەلاتیا ٦:٤). ئەوەش کە ڕۆحی مەسیحی تێدایە پڕ بووە بە هەموو بەرهەمەکانی ڕۆحەکە: ”خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون“ (گەلاتیا ٢٢:٥-٢٣). کەواتە هەموو ئەم شتانە بوون بە میراتی ئێمە.
لە کۆتاییدا با بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری سەرەتامان: ئایا دەکرێت مرۆڤێک ببێتە میراتگری خودا؟ بە توانای خۆی هیچ مرۆڤێک نابێتە میراتگری خودا، بەڵام دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش میراتگری خودا (واتە مەسیح) بوو بە مرۆڤ و بە ژیان و مردن و هەستانەوەکەی دەتوانین ئێمەی مرۆڤیش ببینە میراتگری خودا لە رێگەی مەسیحەوە. با سوپاسی خودا بکەین کە لەو رۆژە لە شارۆچکەی بێتلەحم ”کاتی تەواو“ هات بۆ ئیسرائیل و بۆ هەموو نەتەوەیەکی تر لەم جیهانەدا تا بەباوەڕهێنان بە مەسیح میراتی خودا وەربگرن.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
هەست بە چی دەکەیت کاتێک دەزانیت کە میراتگری خودایت؟ ئەم ڕاستییە چۆن ڕوانگەی تۆ دەگۆڕێت؟
نوێژ
ئەی باوکی ئاسمانیمان، سوپاسی تۆ دەکەین کە ئێمەت کردە ڕۆڵە و میراتگری خۆت. بێگومان ئێمە شایەنی ئەم پێگەیە نەبووین، بەڵام سوپاسگوزارین کە مەسیح ڕێز و گەورەیی خۆی بە ئێمەدا. تکایە بۆمان ڕوون بکەرەوە بە چ شێوەیەک خزمەتی شانشینی تۆ بکەین وەک ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینە. داوات لێ دەکەین کە بنەماڵەکەت گەشە بکات لەناو هەموو نەتەوەکان، بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان. ڕۆحی خۆت ببەخشە بەو کەسانەی کە بە دوای تۆدا دەگەڕێن، بیانکە میراتگری شانشینێکی هەتاهەتایی. بەناوی مەسیحی خاوەن شکۆمان، ئامین.



