لە بنچینەدا پڕۆسەی بەقوتابیبوون چۆنە؟
پڕۆسەی بەقوتابیبوون بەشێوەیەکی بنچینەیی کاردەکات لەڕێگەی فێرکردن و لاساییکردنەوەوە (شوێنکەوتنی نموونەکانەوە). بەقوتابیبوون لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە بە باشترین شێوە کار دەکات. کاتێک ئێمە بە خۆشەویستییەوە باوەڕدارە نوێیەکان فێری ژیانی لە خواترسانە و ژیانی خواپەرستییەوە دەکەین ئەوا ئەوان وەک مەسیح لە ڕەفتاردا گەشە دەکەن لەڕێگەی لاساییکردنەوەی ژیان و فێرکردنەکانی ئێمەوە. (یەکەم تیمۆساوس ٤: ٦)
فێرکردن: کتێبی پیرۆز قەشەکان و دایک و باوکان بانگ دەکات بۆ فێرکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لێیان (پەندەکانی سلێمان؛ گەلاتیا ٦:٦؛ ئەفەسۆس ٤:٦؛ یەکەم سالۆنیکی ٨:٤؛ یەکەم تیمۆساوس ١٨:١، ٣:٦؛ دووەم تیمۆساوس ٢٥:٢؛ ). هەروەها بانگی هەموو باوەڕداران دەکات کە یەکتری فێربکەن (ڕۆما ١٤:١٥).
لاساییکردنەوە: مەسیحییەکان پێش هەموو شتێک لاساییکەرەوەی خودا و دواتر یەکترین. ئێمە بە گوێگرتن لە فێرکاری ئینجیل و لاسایکردنەوەی باوەڕدارە پێگەیشتووەکان لە نیعمەتی خودادا گەشە دەکەین.
ڕەچاوی ئەم ئایەتانەی خوارەوە بکە:
- “لاسایی من بکەنەوە هەروەک چۆن منیش لاسایی مەسیح دەکەمەوە” (یەکەم کۆرنسۆس ١:١١)؛
- “ڕابەرەکانتان لەیادبێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆدەکەن، تەماشەی سەربوردەیان بکەن ولاسایی باوەڕیان بکەنەوە.” (عیبرانییەکان ٧:١٣)؛
- “چی لە مندا فێربوون و وەرتانگرت و بیستان و بینیتان، ئەوە جێبەجێ بکەن. خودای ئاشتیش لەگەڵتان دەبێت.” (فیلیپی ٩:٤)؛
- “بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، چەوسانەوە و ئازاری منت زانی” (دووەم تیمۆساوس ١٠:٣)؛
- “خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەرەوە بەڵکو چاکە” (سێیەم یۆحەنا ١١)
خۆشەویستی: خەڵکی لاسایی ژیانت دەکەنەوە تەنانەت ئەگەر خۆشیشت نەوێن. بەڵام ڕابەرێک کە بە خۆشەویستییەوە ڕابەرایەتی دەکات جوانترین وێنەی مەسیح نیشان دەدات. هەروەها خەڵکی بە باشترین شێوە شوێنت دەکەون کاتێک خۆشت دەوێن.
هاوڕێیەتی: دەتوانین بڵێین بەقوتابیبوون بە سادەیی واتە هاوڕێیەتی، بەڵام هاوڕێیەتیەک کە تێیدا یارمەتی یەکتر بدەین بۆ ئەوەی عیسای مەسیحمان زیاتر خۆشبوێت. هاوڕێکان چی دەکەن؟ لاسایی یەکتر دەکەنەوە. لە بەقوتابیبووندا، ئێمە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەوانی تردا دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان گەشە بکەین لەگەڵ عیسای مەسیح هەروەها یارمەتی ئەوانی تریش بدەین کە گەشە بکەن لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
چۆن ببین بە قوتابی؟
یەکەم: گوێبگرە و تەماشا بکە کە چۆن ئەو باوەڕدارانەی کە لە خۆت پێگەیشتووتر و گەورەترن کاردەکەن، پشوو وەردەگرن، خێزان بەخێودەکەن، لەگەڵ ناکۆکییەکان مامەڵە دەکەن، مزگێنی دەدەن بە نزیکەکانیان، بەردەوام دەبن لەکاتی تاقیکردنەوەدا، لە کڵێسا خزمەت دەکەن، دژی گوناه دەجەنگن.
دووەم: لاساییان بکەرەوە!