سەرەکیترین کێشە کە کتێبی پیرۆز و پەیامی مزگێنی باسی دەکەن چییە؟
ئایا پەیامی مزگێنی بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەربارەی دابینکردنی پێداویستییەکانمانە؟ جێبەجێکردنی خواست و ویستی ژیانمان؟ گۆڕینی کۆمەڵگا؟ فێرمان دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بژین؟ دڵخۆشکردن و یارمەتیدانی هەژاران؟ دەوڵەمەند و تەندروستمان دەکات؟
زۆر لەم مەبەستانە بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشن، چونکە وا دیارە کە وەڵامی کێشە ڕاستەقینەکان دەدەنەوە لە ژیانمان و لەم جیهانەدا. بەڵام ئایا پەیامی مزگێنی دەربارەی هیچ کام لەمانەیە؟ ئایا پەیامی مزگێنی هیچ کام لەمانە بە سەرەکیترین کێشە دادەنێت؟
کتێبی پیرۆز دەفەرموێت “نەخێر، هیچیان”. کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە سەرەکیترین کێشەی مرۆڤایەتی بریتییە لە گوناهەکانمان و تووڕەیی خودا بەرامبەر بە ئێمە بەهۆی گوناهەکانمانەوە.
- “کێ لەبەردەم توڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟ هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.” (ناحوم ٦:١)
- “لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن.” (ڕۆما ١٨:١)
- “کەس بەقسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون.” (کوڕەکانی یاخیبوون واتا ئەوانەی کە یاخی دەبن) (ئەفەسۆس ٦:٥)
- ” (١٥) پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشاردا. (١٦) بە چیا و بەردیان دەگوت: <<بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە! (١٧) چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟” (ئاشکراکردن ١٥:٦-١٧).
تووڕەیی خودا لە بەرامبەر گوناهەکانمان سەرەکیترین کێشەیە کە پەیامی مزگێنی باسی دەکات. عیسای مەسیح لە سەر خاچ مرد وەک کەفارەت بۆ گوناهەکانمان و وەک قوربانیەک کە تووڕەیی خودا لادەبات (ڕۆما ٢٥:٣؛ یەکەم یۆحەنا ٢:٢، ١٠:٤) بۆ ئەوەی لەڕێگەی باوەڕهێنان پێیەوە ڕزگارمان ببێت.