
ڕۆژی ٣
هیوای ئێستا و داهاتوومان
دووەم ساموئێل ٧: ١٢ – ١٣
١٢کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە پشتی تۆوە دێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. ١٣ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: دووەم ساموئێل ٧
لە دووەم ساموئێل ٧: ١٢-١٣، خودا لە ڕێگەی پێغەمبەر ناتانیەوە لەگەڵ پاشا داود قسە دەکات و بەڵێنێک دەدات. داود دەیویست پەرستگایەک بۆ یەزدان دروست بکات، بەڵام خودا وەڵامی دەداتەوە و بە داود دەڵێت کە ئەوەی پەرستگایەک بۆ خودا دروست بکات، ئەو نابێت، بەڵکو نەوەیەکی دەبێت، کە خانوویەکی پیرۆز بۆ ناوی خودا دروست دەکات.
خودا دڵنیایی دەدات بە داود کە دوای مردنی، نەوەیەک لە ڕەچەڵەکی داود دادەنێت کە پاشایەتییەکەی جێگیر دەکات کە بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت. ئەم دەقە ئاماژە بە سلێمانی کوڕی داود دەکات کە پەرستگاکەی دروستکرد لە ئۆرشەلیم. بەڵام زیاتر لەوە، ئەم ئایەتانە ئاماژە بە مەسیحە بەڵێندراوەکەش دەکەن بەوەی کە مەسیح بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکات.
کاتێک ئایەتی ١٣ دەڵێت، “ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت،” ئەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە خودا ماڵ و پەرستگایەکی پیرۆز بنیاد دەنێت. لە پەیمانی کۆن لە یەکەم پاشایان ٦ دەبینین کە یەکەم پەرستگا بۆ خودا لەلایەن سلێمانی کوڕی داودەوە دروستکرا. بەڵام ئەو پەرستگایە وێران کرا.
٢٠٠٠ ساڵ لەمەو پێش مەسیح، نەوەی داود، پاشای شانشینی خودا، هاتە جیهان. بەڵام نەک بۆ بنیادنانەوەی بینایەکەی ئۆرشەلیم، بەڵکو هات بۆ درووستکردنی ماڵێکی زیندوو و ڕۆحی لە گەلی پیرۆزی خودا کە کڵێسایە. ئەو پەرستگایەی کە ئەمڕۆ خودا دروستی دەکات، کڵێساکەیەتی، واتا کۆمەڵگەی باوەرداران. ئەفەسۆس ٢: ٢٢ باسی باوەڕداران دەکات و دەڵێ “ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پێکەوە بنیادنراون، تاکو ببنە خانووێک بۆ ڕۆحی خودا.” ئەو خانووەی کە خودا ئێستا دروستی دەکات کۆمەڵگەی باوەردارانە، واتا کڵێسا. خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە مرۆڤەکان لە مردن ڕزگار دەکات و دەیانکاتە خێزانێکی باوەڕدار کە لەسەر عیسای مەسیح بنیاد نراوە.
هەروەها خودا هیاومان پێ دەبەخشێت کاتێک لە ئایەتی ١٣ دەفەرمووێت، “پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم،” بەڵام چۆن جێگیری دەکات؟ خودا پاشایەتی خۆی لە نێو هەموو نەتەوەکان بە نەتەوەی کوردیشەوە جێگیر دەکات. لە ڕۆژی دواییشدا، هەموو باوەڕدارانی دونیا بە باوەڕدارانی کوردیشەوە لە هەموو هۆزێکەوە پێکەوە عیسای مەسیح دەپەرستین. لە ئینجیلی پیرۆز بەشی ئاشکراکردن ٧: ٩ – ١٠ هاتووە و دەڵێت:
“پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت: ‘ڕزگاری هی خودامانە، کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە وهی بەرخەکەیە.'” کەواتە، خودا دڵنیامان دەکاتەوە کە وەک هەر نەتەوەیەکی تر زۆرێک لە کوردەکان ڕزگار دەکات و پاشایەتی خۆی لەناو نەتەوەی کوردیش دادەمەزرێنێت.
دووەم سامئوێل بەشی ٧ دڵنیامان دەکاتەوە کە پاشایەتیی عیسای مەسیح هەرگیز کۆتایی نایەت. هیوامان هەیە کە خودا پەرستگایەکی پیرۆز بنیاد دەنێت، ئەویش کۆمەڵگەی باوەردارانە، کە کڵێساکەیەتی. ئەم هیوایەشمان هەیە کە خودا پاشایەتی خۆی لەناو کورد دادەمەزرێنێت. هەروەها، بەو هیوا قوڵەوە دەژین کە پاشایەتی عیسای مەسیح بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت و باوەڕداران لەگەڵیدا دەبن لە بەهەشتدا. سەرکەوتنی عیسای مەسیح بەسەر مردندا بە شێوەیەکی کاتیی نەبووە. بە لە خاچدان و هەستانەوەی عیسای مەسیح بۆ هەتاهەتایە بەسەر گوناه و مردن زاڵ بوو، بۆیە خەڵکی هەموو گەلان بانگهێشت دەکات بێنە لای بۆ پێدانی ژیانی هەتاهەتایی.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
ئەم بەڵێنە، کە مەسیح پەرستگا یان خانووێکی پیرۆز و رۆحی بۆ خودا درووست دەکات، چۆن هانت دەدات بۆ ئەوەی خزمەتی کڵێساکەی بکەیت؟
نوێژ
ئای خودایە سوپاس و ستایشت دەکەین کە ئێمەت کردە ئەندامێک لە پاشایەتی هەتاهەتایی خۆت و ڕزگارت کردین لەو بێهیواییەی کە پێش ناسینی تۆ هەمانبوو. ئێمە دوعا بۆ میللەتی کورد دەکەین، کە ئەو هیوایە بزانن کە لە عیسای مەسیحدا هەیە. سوپاست دەکەین کە هەندێک کەس لە هەموو هۆزەکانی کورد ڕزگار دەکەیت. ستایشت دەکەین کە هیوای هەتاهەتاییمان هەیە چونکە تەختەکەت بۆ هەتاهەتایە جێگیر دەکەیت. سوپاست دەکەین لەسەر ئەوەی ئێمەت هێنایە ناو شانشینی خۆتەوە کە هەرگیز شایەنی نەبووین. بە ناوی عیسا مەسیح، ئامین.



