
ڕۆژی ١٢
هیوا بۆ ڕزگاربوون و یارمەتیدان
عیبرانیەکان٢: ١٤ – ١٨
١٤بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە شەیتان لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، ١٥ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون. ١٦بە ڕاستی ئەوە بۆ یارمەتیدانی فریشتە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی نەوەی ئیبراهیمە. ١٧لەبەر ئەوە پێویست بوو لە هەموو ڕووێکەوە لە خوشکان و برایانی بچێت تاکو ببێتە سەرۆک کاهینێکی بە بەزەیی و دڵسۆز لە خزمەتکردنی خودا، هەروەها ببێتە کەفارەت لە پێناوی گوناهەکانی خەڵک. ١٨لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.
خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز بۆ ئەمڕۆ: عیبرانییەکان ٥:٢-١٨
لەم وەرزەدا، جادە و مۆڵەکان بە داری کریسمس و گلۆپ دەڕازێنرێنەوە. زۆربەی خەڵک بیر لە بابە نۆئێل و کڕینی دیاری دەکەنەوە بۆ منداڵەکان. بەڵام ئەم وەرزە بۆ گێڕانەوەی شتێکی زۆر قوڵترە، بۆ گێڕانەوەی حەقیقەتی ڕزگارکردنی ئێمەیە لە هێزی مردن و کۆیلایەتی گوناه. ئەم ئایەتانە باسی هۆکاری هاتنی عیسای مەسیح دەکەن. بۆچی کوڕە تاقانەکەی خودا خۆی نزم کردەوە و بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتی مرۆڤەکان کرد؟ بۆ یارمەتیدانی ئێمە. بۆ لابردنی بارگرانی گوناه و مردنمان تا ترسی مردنمان نەمێنێت. ئەم ئایەتانە هیوایان لێ دەڕژێت.
هیوا ووشەیەکی زۆر تایبەتییە بۆ من، لە قۆناغی زانکۆم زۆر هۆگری فەلسەفە بووم و حەزم لە خوێندنەوە و ناسینی دیدی فەیلەسوفەکان بوو. کاتێک ئاشنای قوتابخانەی ڕەشبینی و پوچگەرایی نیچە و شۆپنهاوەر و کامۆ و ئەوانی دیکە بووم تێگەیشتم لە ڕاستیدا ژیان پارچەیەکە لە ڕەشبینی و هیچ هیوایەک بوونی نیە. بە تایبەتی تر کاتێک زانیاریم دەستکەوت دەربارەی ئەفسانەی سیزیف کە لەلایەن کامۆوە نوسراوە و سەراپایەکە لە بێهیوایی و پوچیی ئەم ژیانەی کە مرۆڤ تیایدا گیرۆدە بووە.
کورتەی ئەفسانەکە بریتیە لەوەی کە سیزیف پیاوێکە و گوناه و تاوان ئەکات. ئیتر خوداکان سزای ئەدەن بەوەی کە بەردێکی گەورە ببات بۆ سەر شاخێکی مەزن. بەڵام سیزیفی داماو ژیانێکی گیرۆدەی هەبوو بەدەست بەردەکەوە و رۆژانە بەردەکەی ئەبرد تا ناوقەدی شاخە بەرزەکە و لەنیوەی ڕێگا بەردەکەی لەدەست تلۆر ئەبوەوە. دیسانەوە سیزیف لەسەرەتاوە دەستی پێدەکردەوە و دیسان تا نزیکی لوتکەکە دەیبرد و دیسان لەدەستی بەردەبووەوە و دەکەوتەوە دامێنی چیاکە.
ئەمە ژیانی سیزیف بوو کە هەرگیز نەیدەتوانی ئەم بەردە بباتە سەر لوتکەکە و ڕزگاری ببێت. جا سیزیف نموونەیەکە بۆ ژیانی مرۆڤ، واتا ژیانی هەموو مرۆڤێک ئاوایە و هیچ دەرئەنجامێکی نیە، خولانەوەیە لەناو بازنە. واتە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت خۆی لە مردن رزگار بکات، هەروەها هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت بە تواناکانی بە تەواوی خۆی لە گوناه پاک بکاتەوە. بۆیە کامۆ ئەویست ئەم پەیامە بگەیەنێت کە ژیان پوچە و ڕەشبینیە. چیرۆک و ئەفسانەکەی کامۆ ئاوا کۆتایی پێهات دەربارەی ژیانی مرۆڤ کە هیچ هیوایەک بوونی نیە. جا هەر بەڕاستیش ژیانی مرۆڤ بەو شێوەیەیە و هیچ هیوایەک بوونی نیە. منیش هەستم بە پوچێتی ژیان دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی باوەڕم بە مەسیح هێنا، مەسیح لە ترسی مردن رزگاری کردم و ژیانێکی نوێی پێبەخشیم، بە هەڵگرتنی باری گرانی من بۆ سەر شانی خۆی.
ئێمەش وەک سیزیف لەم ژیانە پڕ لە مەینەتیەوە ماندووین و بە گریان و ناڵەوە دەژین. بەڵام مەسیح دەفەرموێ “وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندوو و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە” (مەتا ١١: ٢٨). هەموومان پێویستمان بە هێزێكە لەو بارە گران و ماندووێتییە تاقەتپڕوکێنە رزگارمان بکات. لەدایکبوون و هاتنی مەسیح بووە هۆی ئەوەی هەموو ئەوانەی کە وەک سیزیف بەدوای هیوا و رزگارییدا دەگەڕێن، دەستیان بکەوێت. هاتنی مەسیح وەک ئەوە بوو بە سیزیف ئاساکان بڵێ، سەرهەڵبرە و وەرە بۆ لام، با فرمێسکەکانت بسڕم، با باری گرانت لەسەر لاببەم و لە جیاتی تۆ بەردەکە ببەمە سەر لوتکەی شاخەکە، چونکە تەنها منم کە دەتوانم هیوا ببەخشم و رزگاریی وەک دیاری بهێنم.
خوێنەرانی ئازیز، ئێمە هەموومان سیزیفین. ئێمە هەرگیز ناتوانین هیوا و ڕزگاری و ژیانی هەتاهەتایی بۆ خۆمان دابین بکەین. چونکە وەک چۆن بەردەکە لە توانای سیزیف گەورەتر بوو، ئاوا توانا و هێزی ئێمە لە هیوا و ڕزگاری و زاڵبوون بەسەر گوناه و سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەکاندا کەمترە. تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی هیوای ڕاستەقینەمان هەبێت ئەویش مەسیحە. ئەگەر ئازار دەچێژیت؟ ئەگەر لە تاقیکردنەوەدایت؟ ئەگەر نەخۆشیت؟ ئەوا مەسیح هیوای تۆیە، ئەو سەرۆک کاهین و ڕزگارکاری تۆیە، ئەو پێش تۆ بەردەکەی بردووە، توانای هەیە بەردەکەی تۆش ببات بۆ سەر لوتکەکە، ئەو سەرکەوت بەسەر مردن و شەیتان و هەموو دوژمنەکانتدا.
پرسیار بۆ ڕامان و وردبوونەوە
چۆن پشت بە مەسیح دەبەستیت لە هەڵگرتنی باری گرانت لەلایەن مەسیحەوە لە کاتی تاقیکردنەوە و مەینەتیدا؟
نوێژ
ئەی خودای ڕاستەقینە، ئەی هیوای ڕاستەقینە، ئەی ئەوەی ژیان بە مردوو دەبەخشیتەوە، ئەی بوژێنەرەوەی وێرانیەکان، ئەی مەسیحی خودا و ڕزگارکار، سوپاست ئەکەم کە بایەخ بە هەموو سیزیفەکان ئەدەیت، سوپاست ئەکەم کە هیوایت بۆ مردن و ژیانمان. ئەی خوایە گیان داوات لێ دەکەین، لەژێر سێبەری باڵەکانی تۆدا ئارام بگرین. ئەی باوکی ئاسمانی، بەناوی مەسیحی کوڕی تاقانەت، ئامین.



