تیمۆساوسی ئازیز: چاوت لەسەر دڵسۆزی دابنێ
تیمۆساوسی ئازیز، با نیعمەت و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت. دواین جار کە بۆتم نووسی بەبیرم هێنایەوە کە تۆ دەبێت بە تەنیا لە مەسیحدا قایلبوون (قەناعەت) بدۆزیتەوە (یەكەم تیمۆساوس ٦ :٦- ١٠). ئەمڕۆ، من بۆت دەنووسم دەربارەی تایبەتمەندییەکی دیکەی گرنگ: دڵسۆزی.
برا ئازیزەکەم، ئەو کەسەی کە لەگەڵ عیسای مەسیح یەکیت، دەکرێ تێگەیشتنی دونیایی ڕێگەیەکی هەڵە و بێ خودایتان فێر بکات بۆ پێوانەکردنی سەرکەوتنەکانتان لە خزمەتكردنی ڕۆحیدا. دونیا، ڕەنگە زۆر مانای باشی هەبێ، بەڵام کەسانی دونیایی لە کڵێساکەتدا، پێت دەڵێن کە بۆ ئەوەی خزمەتكردنەكەت بە سەرکەوتن هەژمار بکرێت، پێویستە هەموو مانگێک کەسانێکت هەبێت کە بە بەردەوامی بێن بۆ باوەڕهێنان بە مەسیح. ئەوان پێت دەڵێن کە پێویستە هەر مانگێک ١٠ لەئاوهەڵكێشانت هەبێت و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کڵێساکەتدا ئامادە دەبن گەشە بکەن. ئەوان پێت دەڵێن کە هەر یەک لە ئەندامانی کڵێساکەتان دەبێت هەر هەفتەیەک لایەنی کەم مزگێنی بە ٥ کەس ڕابگەیەنێت. ئەوان پێت دەڵێن کە ئەگەر ئەمساڵ ٤ کڵێسای نوێ دانەمەزرێنیت، ئەوا خودا لە کڵێساکەتدا کار ناکات، ئەمەش واتە سەرکەوتوو نەبوویت. زۆر کەس هەوڵ دەدەن ئەو بیرۆکەیەتان پێ بفرۆشن کە لەلای ئەوان ئەمانە نیشانەی سەرکەوتنن لە خزمەتكردنی ڕۆحیدا. ئەوان هەوڵ دەدەن بە هۆکاری لاواز و نابەجێ باوەڕت پێ بهێنن لەبارەی ئەم پێوەرە دونیاییە بۆ سەرکەوتن لە خزمەتکردنی ڕۆحیدا. وریابە و باوەڕ بەمە مەکە.
لە کاتێکدا ئێمە بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت خەڵکێکی زۆر ببینین کە لە دایک ببنەوە و لەئاوهەڵبكێشرێن، پێویستە لەبیرتان بێت کە گۆڕین و گەشەی کڵێسا كاری خودایە نەک ئێمە. (وەبیرتان بێت کە خودا لە ڕۆژێکدا زیاتر لە ٣٠٠٠ كەسی بۆ کڵێساکەی زیاد کرد. ئەوە شکۆی خودای دەرخست. كردار ٢: ٤١). لەوانەیە ئەوانە پێوانەی ئەوە بن کە خودا دەیکات لە خزمەتكردنەكەت، بەڵام مەرجیش نییە. ئەو مامۆستا درۆزنانەت بەبیر بێتەوە کە من ئاگادارم کردیتەوە لەبارەیان، ئەوانەی کە کێشەیان بۆ کڵێسای ئەفەسۆس دروست کردووە. هەروەها ئەو مامۆستایانەتان بەبیر بێتەوە کە من لەگەڵیان بووم لە کڵێسای كۆرنسۆس ( دووەم كۆرنسۆس ١١: ٥). ڕاستە ئەوان زۆر شوێنكەوتەیان بەدەستهێنا، بەڵام بە فێرکردنی هەڵەی خۆیان زۆر خەڵکیان فریودا.
تیمۆساوس، خودا بانگت ناکات بۆ ئەوەی وەک ئەو توانادار بیت، چونکە تۆ تەنها مەنجەڵێکی قوڕینی لاواز و ئاساییت کە خودا بەکارت دەهێنێت بۆ ئامانجی خۆی. خودا بانگت ناکات تاكو هەموو شت بزانیت، هیچ کەسێک هەموو شتێک نازانێت وەک خودا. لەبەرئەوە پێویست بوو کە یاقوب وەبیرمان بهێنێتەوە ئەوانە نەزانن کە بە دڵنیایی تەواوەوە پلان بۆ داهاتوویان دادەنێن بەبێ رەچاوکردن و بیرکردنەوە لەبارەی پلان و باڵادەستی خودا. خودا بانگت ناکات تاكو لەهەموو شوێنێك بیت لە یەک کاتدا، خزمەتكردنت بێ سود دەبێت ئەگەر بەدوا گەڕانەكەت لە هەموو شوێنێکدا بێت بۆ ئەوەی زۆربەی خەڵک لە خۆت رازی بکەیت. خودا بانگت ناکات بۆ ڕازی کردنی خەڵک. هەمان ئەو ئەندامانەی کڵێسا کە ئەمڕۆ ستایشت دەکەن، هەر ئەوانن کە پاڵت پێوە دەنێن بۆ جێهێشتنی کڵێسا کاتێک کارێک دەکەی کە ئەوان حەزیان لێ نییە. خوا بانگت ناکات بۆ ئەوەی ستایشی ئەوان بکەیت. تۆ دەبێت بە تەنیا خودا ڕازی بکەیت. خودا بانگت ناکات تا لە خەڵک بترسیت. تۆ دەبێت لە خودا بترسیت. ئەگەر لەخودا بترسیت و هیچ شتێکی تر و ڕقت لەگوناه بێت و هیچ شتێکی تر، ئەوا خوا بەگەورەیی خۆی خزمەتكردنەكەت بۆ شکۆی خۆی بەکار دەهێنێت.
خودا بانگت دەکات بۆ ئەوەی دڵسۆز بیت. بانگی تۆ دەکات بۆ ئەوەی دڵسۆز بیت لە چاودێریکردن و ڕابەرایەتیکردنی خەڵکەکەی، وەک شوانێک کە مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت. لەبیرت بێت، ئەو كۆمەڵە خەڵكە هی ئەوە. شانشینەکە هی ئەوە، نەک هی تۆ. بەڵام بانگکراویت بۆ ئەوەی شانشینەکەی بنیات بنێیت بە نیعمەتی ئەو، بە دڵسۆزییەوە. ئەم دڵسۆزییە لە چی دەچێت؟ دڵسۆزی بۆ خودا بەپێی ئینجیل هەرگیز بەپێوەری دنیایی ناپێوڕێت.
تۆ دەبێت پێناسەی دنیایی بۆ سەرکەوتن ڕەت بکەیتەوە و لەبیری بکەیت. خودا بانگی کردیت بۆ وەفاداری بۆ ئەوەی وشەکانی ڕابگەیەنیت و وتار لەسەر وشەکانی بدەیت. خودا بانگی کردیت لە هەموو کاتێکدا ئامادە بیت بۆ ئەوەی ڕاستیەکەی ڕابگەیەنیت. خودا بانگی کردیت بۆ ئەوەی واز لە هەموو شتەكانی تر بهێنیت و ڕاستی ئەو بە ڕۆڵەکانی ڕابگەیەنیت لە پێناوی شکۆیەکەی. نیگەران مەبە دەربارەی ئەنجامەکان یان ژمارەکان. ئەنجامەکان كاری خودان. کۆشش بکە و وەک کارکەرێک بێ شەرمەزاری خۆت بسەلمێنە بۆ خودا، بە ڕێگای ڕاست وشەی ڕاستی لێک بدەوە. ئەمە هەمیشە لە پێشینە دەبێت: چەند کاتژمێرێک لە خوێندن و نوێژدا تۆ دەچەسپێنێت لەم بەرپرسیارەتییە گرنگەدا، وتاردان بە وشەکانی ئەو. ئەو بانگی تۆی کردووە تا سپاردە چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزیت کە تێماندا نیشتەجێیە. واتە دەبێت فێرکردنی درووست بزانیت ئینجا خەڵک فێر بکەیت. ئەو بانگی تۆی کردووە کە وەفادار بیت لە بەدرۆخستنەوەی فێرکاری ناڕاست و ڕێبازی هەڵە و پاراستنی کڵێساکەت لە دژییان. لەبەرئەوە، کوڕە ئازیزەکەم، تۆ دەبێت بەڕاستی کاربکەیت بۆ ئەوەی ببیتە قەشەیەک یان خواناسێک. کە ئەمە بەشێکی گرنگی دڵسۆزییە لە خزمەتكردندا. خوێندنی وشەی خودا و فێربوونی خوداناسی کارێکی سەختە، بەڵام ئەم جۆرە کارکەرانە پاداشتی هەتاهەتاییان دەبێت چونکە بەڕاستی خودا لەحیکمەت و دانایی بێکۆتایی خۆیدا بەو جۆرەیە.
جا خوا بانگتان دەکات کە دڵسۆز بن لە پاراستنی ڕێبازەکە و خواناسییەکەتان. هەروەها ئەو بانگتان دەکات کە وەفادار بن و لەنزیکەوە چاودێری ژیان و ڕەفتارتان بکەن، وەک سلێمان لە پەندەکاندا دەڵێت: “لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە. (پەندەكانی سلێمان ٤: ٢٣). هەرچەندە تۆ گەنجیت، بەڵام دەبێت وەفادار بیت لە ژیان و لە خوداناسی و لەو ناز و نیعمەتەی کە لە ڕێگەی فەرمانی خوداوە بە ئێوە دراوە. ئایا گەلەکەت باوەڕ بە خوداناسی و فێرکارییەکانت دەهێنێت ئەگەر ئەو خوداناسیەی کە تۆ بانگەشەی بۆ دەکەیت کاریگەرییەکی کەمی هەبوو لەسەر ژیانت؟ چۆن دەتوانیت ستایشی ئەوانی تر بکەیت ئەگەر تۆ ئامادە نەبیت میهرەبان و ژیانێکی خواییانە بژیت؟ پیاوێکی بەخشندە دەبێت پیاوێکی میهرەبان بێت. بە واتایەکی تر، تۆ دەبێت ئەو شتانەی کە بە خەڵکەکەت دەڵێیت، خۆشت ئەنجامی بدەیت.
تۆ دەبێت دڵسۆز بیت لە داواکردن لە خودا کە ئەو سیفەتانە لە تۆدا پێک بهێنیت کە شیاون بۆ شوانێتی، واتە قەشەکان گرنگی بە ڕۆڵەکانی خودا دەدەن لە ژێر چاودێری و دەسەڵاتی خوادا. تۆ دەبێت پیاوێکی دڵسۆز بیت بۆ تەواوی خێزانەکەت، ژنەکەت خۆش بوێت، وەک ئەوەی مەسیح کڵێساکەی خۆشویست.منداڵەکانت بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن. دەبێت ڕۆژانە داوای ڕەحمەت و بەخشندەیی لە پەروەردگارمان بکەین تاکو چاوکراوە و ئێشکگر و ئارامگر بین، هەروەها ڕێزدار و میواندۆست و نەرمونیان بین. دەبێت خۆت بپارێزیت لە خۆشویستن و پەرستنی پارە. تۆ دەبێت بتوانیت ڕاستیەکان فێری خەڵک بکەیت و گفتوگۆ بکەیت لەگەڵیان بە جوانی و بە خۆشویستی و بە نەرمونیانی. ژیان بەم سیفەتانەوە و داواکردن لە خودا بۆ پێدانی زیاتر و زیاتری ئەو سیفەتانە بەشێکی گرنگن بۆ بوون بە قەشەیەک و مزگێنیدەرێکی دڵسۆز.
تۆ دەبێت بەردەوام دڵسۆز بیت تەنانەت ئەگەر لە خزمەتکردندا سەختی زەحمەتیش بێتە رێت. لەبیرت بێت، تۆ سەربازێکی عیسای مەسیحیت. هەتا پەروەردگارمان نەگەڕێتەوە، ئێوە لەشەڕدا دەبن نەک لە ئاسوودەیی. کەواتە دەبێت لە پێناوی خۆت و گەلەکەتدا باش لە کێشمەکێشی باوەڕ دابیت. تۆ دەبێت بەردەوام بیت لە خۆشویستنی ئەندامانی کۆڕەکەت، تەنانەت ئەگەر ئەوان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە و دڵنەویستانە قسەی خراپیان كرد دەربارەی تۆ لەلای كەسانیتر تۆ دەبێت هێشتا ئەوانت خۆش بوێ. لەبیرت بێت کە لە کۆڕنسۆس چیم بە کڵێسا وت: خۆشەویستی بەرگەی هەموو شت دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت. تۆ دەبێت ئەوانت خۆش بوێت وەک ئەو خۆشەویستییە پاکەی عیسا هەیبوو کاتێک چوو بۆ سەر خاچ و لە پێناوماندا لە خاچدرا.
تیمۆساوس، گرنگ نییە جیهان چیت پێ دەڵێت، گرنگ نییە خەڵکی کڵێساکەت چیت پێ دەڵێن، ئەگەر هەموو ئەم شتانە بە بەردەوامی ئەنجام بدەیت، ئەوا دەبیتە کارکەرێکی نا شەرمەزار کە لەلایەن خوداوە پەسەند کراوی. بزانە کە گرنگ نییە کڵێساکەت چەند گەورەیە یان چەند لەئاوهەڵكێشانت ئەنجامت داوە، تۆ ئینجیلەکەی عیسا جوان دەکەیت. لە کۆتاییدا بە هەمان ئەو وشانەی کە بۆ هاندان بە کۆرنسۆسییەکانم گوت: “ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، ئازا و بەهێز بن. هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن” (یەكەم كۆرنسۆس ١٦: ١٣-١٤).
زۆر شتی تر هەیە کە دەتوانم بیڵێم، بەڵام نزا دەکەم ئەم هاندانە کورتانە هانی تۆ بدات و بەهێزت بكات بۆ ئەوەی بەدوای دڵسۆزیدا بڕۆیت. خودا لە کوڕەکەی بەرەکەتت پێ ببەخشێت و بە وەفات بکات تا کۆتایی، بۆ ئەوەی قسەکەی بناسرێت و رۆڵەکانی بۆ شکۆی خۆی بچەسپێنێت.
باوکت لە باوەڕدا،
پۆڵس
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.
جێف ڕۆبنسن (دکتۆرا، زانکۆی خواناسی باپتیستی باشوور) بەڕێوەبەری هەواڵ و زانیارییە لە زانکۆی خواناسی باشوور. ئەو بۆ ماوەی شەش ساڵ سەرنووسەری پایەبەرز بوو لە وێبسایتی هاوپەیمانی ئینجیلدا. خەڵکی بلەرسڤیل بوو لە ویلایەتی، جۆرجیا لە ئەمریکا. ئەو قەشەی کڵێسای هاوڕێیەتی مەسیحی باپتیستی بوو لە شاری لویسڤیل لە ویلایەتی کنتاکی ئەمریکا. وەک پرۆفیسۆری میوان بۆ وتنەوەی بابەتی مێژووی کڵێسا لە زانکۆی خواناسی باپتیستی باشوور خزمەت دەکات. پێش ئەوەی بچێتە ناو خزمەتكردنەوە، نزیکەی 20 ساڵ وەک رۆژنامەنوس لەویلایەتەکانی جۆرجیا و کارۆلینای باکور و کنتاکی كاری كردوە. هەروەها ئەو هاونووسەری شەش کتێبە. جێف و ژنەکەی، لیسا، چوار منداڵیان هەیە.