بەیاننامەی باوەڕی دڵسۆزی

هەبوونی بەیاننامەی باوەڕ دیارییەکە بۆ خوێنەرانمان تا بزانن ئێمە کێین و باوەڕمان بە چی هەیە. زۆر کەس هەن کە بە هەڵە کتێبی پیرۆز فێری خەڵک دەکەن. بەڵام هەمیشە ئاسان نییە بزانیت کە ئایا فێرکاری کەسانێک جێی متمانەیە یان نا چونکە لەوانەیە بە ڕوونی نەڵێن کە باوەڕیان بە چی هەیە. بەیاننامەی باوەڕ رێگەی ئێمەیە بۆ هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕوون بین لەبارەی ئەوە کە پەیام و فێرکاری سەرەکی کتێبی پیرۆز چییە. ئەمە ڕێگەیەکە کە دەتوانین بە هۆیەوە ڕاستگۆ و ڕوون بین بۆ دروستکردنی متمانە لەگەڵ کەسانی تر. هەموو ناوەڕۆک و سەرچاوەکانی وێبسایتی دڵسۆزی لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا یەکدەگرنەوە.

  1.  خودا

تەنها یەک خودای ڕاستەقینە هەیە، کە لە ئەزەلەوە لە سێ کەسی جیاواز بەڵام یەکساندا بوونی هەیە: باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز. خودا لە پیرۆزی و دادپەروەری و دانایی و خۆشەویستییەکەیدا تەواو و نەگۆڕە. ئەو دروستکەر و ڕزگارکەر و دادوەرێکی باڵادەستە کە هەموو شتێک بەپێی ویستی سەروەری خۆی بەردەوامی پێدەدات و بەڕێوەی دەبات لە پێناو شکۆمەندییەکەی. ئەو شایەنی هەموو شکۆ و متمانە و خۆشەویستییەکە.

(زەبوورەکان ٨٣: ١٨؛ ڕۆما ١: ٢٠؛ ئاشکراکردن ٤: ١١؛ مەرقۆس ١٢: ٣٠؛ لۆقا ٢٤: ٣٩؛ یۆحەنا ٤ :٢٤ ؛ دەرچوون ١٥: ١١، دواوتار ٦: ٤؛ مەرقۆس ١: ٩-١١؛ مەتا ٢٨: ١٩؛ یۆحەنا ١٠: ٣٠؛ کردار ٥: ٣-٤؛ ئەفەسۆس٢: ١٨؛ ئاشکراکردن ١: ٤-٥)

  1. کتێبی پیرۆز 

خودا لە کتێبی پیرۆزدا خۆی ئاشکرا کردووە کە تەنیا لە پەیمانی کۆن و نوێ پێکهاتووە. هەموو وشەیەک لە کتێبی پیرۆز کە لە ڕێگەی نووسەرانی مرۆڤەوە نووسراون بەبەخشینی سروش بووە پێیان لەلایەن خوداوە. بۆیە کتێبی پیرۆز کە وەک لە سەرەتادا هاتووە بە تەواوی وشەی خودایە، بێ هەڵە و جێی متمانەیە لە حەقیقەت و فێرکارییەکانیدا. خودا هەمیشە کتێبی پیرۆزی پاراستووە و دەیپارێزێت لە گۆڕین و دەستکاریکردن. کتێبی پیرۆز بە تەنیا و وەک دەسەڵاتی کۆتایی قسە دەکات و هەمیشە بەسە بۆ هەموو بابەتەکانی باوەڕ و جێبەجێکردن.

(دووەم تیمۆساوس٣: ١٦-١٧؛ دووەم پەترۆس ١: ٢١؛ پەندەکانی سلێمان ٣٠: ٥-٦؛ ڕۆما ٢: ١٢؛ یەکەم یۆحەنا ٤: ١)

  1. مرۆڤ 

خودا مرۆڤی نێر و مێی لەسەر وێنەی خۆی دروست کردووە. بەم پێیەی کە بەخششی ڕەگەز (نێر یان مێ) بەشێکە لە چاکەی دروستکراوەکانی خودا. هەموو ژنان و پیاوان، لەسەر وێنەی خودا دروست بوون، کەڕامەت و بەهای سروشتی و یەکسانیان هەیە. گەورەترین مەبەستیان گوێڕایەڵی و پەرستن و خۆشویستنی خودایە. لە ئەنجامی کەوتنی (گوناهی) دایک و باوکی یەکەممان (ئادەم و حەوا) هەموو لایەنێکی سروشتی مرۆڤ خراپ بووە و هەموو خەڵک بێ ژیانی ڕۆحیین و گوناهباری تاوانبار و دوژمنی خودان. بۆیە هەموو مرۆڤێک لە ژێر حوکمی دادپەروەرانەی خودادایە و پێویستی بە لەدایکبوونەوە و لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ خودا، بۆ ئەوەی بیناسین و لەخۆمانی رازی بکەین.

(پەیدابوون ١: ٢٦-٣٠؛ پەیدابوون٣: ٦-٢٤؛ زەبوورەکان ٥١: ٥؛ ئیشایا ٦: ٥؛ یۆحەنا ٦: ٤٤؛ ڕۆما ٥: ١٢؛ ڕۆما ١: ١٩-٣٢؛ ڕۆما ١٩:٣-٢٣؛ یاقوب ٢: ١٠؛ یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٢١-٢٢؛ ئەفەسۆس٢: ١-٣)

  1. عیسای مەسیحی پەروەردگار 

عیسای مەسیحی پەروەردگار بە تەواوی خودایە و بە تەواوی مرۆڤیشە. ئەو بە ڕۆحی پیرۆز لە مەڕیەمی پاکیزە لە دایک بوو، بە ژیانێکی بێ گوناه ژیا لە گوێڕایەڵیکردنی باوکیدا. بە دەسەڵاتەوە خەڵکی فێر دەکرد و هەموو قسەکانی ڕاستن. لەسەر خاچ لە پێناوی گوناهباران مرد، سزای خودای لەسەر گوناهەکانی خەڵک هەڵگرت، و بە خوێنی خۆی ڕزگاری کردن. لە مردن هەستایەوە و لە جەستەی زیندووبوەوەیدا وەک پەروەردگاری هەمووان بەرزکراوەتەوە بۆ ئاسمان. لەوێ لەبەردەم باوکدا داکۆکی لە گەلەکەی دەکات.

(ئەفەسۆس ٢: ٥؛ یۆحەنا ٣: ١٦؛ فیلپی ٢: ٦-٧؛ دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١؛ ئیشایا ٥٣: ٤-٥؛ گەلاتیا ٤: ٤-٧؛ ڕۆما ٨: ٣٤)

  1. ڕزگاربوون 

ڕزگاری بە تەواوی نیعمەتی خودایە و ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت، یان شتێک نییە کە شایانی بین. لەلایەن عیسای مەسیحی پەروەردگارەوە بەدەستهاتووە و پێشکەش بە هەمووان دەکرێت لە ئینجیلدا. بە مانا فراوانەکەی ڕزگاری بریتییە لە دووبارە لەدایکبوونەوە، باوەڕ و تۆبەکردن، بێتاوانکردن، پیرۆزکردن و شکۆمەندکردن. هیچ ڕزگاربوونێک بەدەست نایەت جگە لە ڕێگەی باوەڕهێنانێکی کەسیی نەبێت بە عیسای مەسیح وەک پەروەردگار.

ا. لەدایکبوونەوە 

گوناهباران دەبێت سەرلەنوێ لەدایکببنەوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان ببێت. خودا ڕێکخستنێکی پیرۆز لە مێشکماندا ئەنجام دەدات کە هێزی ڕۆحی پیرۆز بە جۆرێک کاریگەری لەسەر دەبێت کە ئێمە ناتوانین لێی تێبگەین. ئەمە پەیوەندی هەیە بە ڕاستیی خوداییەوە بۆ ئەوەی دەستەبەری گوێڕایەڵی خۆبەخشانەمان بۆ مزگێنی مەسیح بکات. بەڵگە گونجاوەکانی لەدایکبوونەوە لە بەرهەمە پیرۆزەکانی وەکو تۆبەکردن، باوەڕ، ژیانی نوێ و کاری ڕاستودروستدا دەردەکەوێت.

(یۆحەنا ٣: ٣؛ ٣: ٦-٧؛ حزقیێل ٣٦: ٢٦؛ یۆحەنا ١: ١٣؛ ئەفەسۆس ٤: ٢٠-٢٤؛ گەلاتیا ٥: ١٦-٢٣؛ مەتا ٧: ٢٠؛ ئەفەسۆس ٢: ١٠)

ب. تۆبەکردن و باوەڕ

تۆبەکردن و باوەڕ دوو ئەرکی پیرۆزن، کە لە ڕۆحی پیرۆزەوە لە دووبارە لەدایکبوونەوەدا لە ڕۆحماندا دەهێنرێنە ئاراوە. کاتێک ئێمە بە قووڵی باوەڕمان بە تاوانباربوون و مەترسی توڕەیی خودا و بێتوانایی لە ڕزگارکردنی خۆمان هەیە، هەروەها کاتێکیش بە قووڵی باوەڕمان بە ڕێگای ڕزگاری مەسیح هەیە، ئەوا لە گوناهەوە بەرەو خودا دەگەڕێینەوە بە پەشیمانییەکی دڵسۆزانە و دانپێدانان و داواکارییەکی بێفیزانە بۆ میهرەبانی. لە هەمان کاتدا ئێمە لە دڵەوە عیسای مەسیح وەک پێغەمبەر و سەرۆکی کاهینان و پاشامان قبوڵ دەکەین و بە تەنیا و بەس پشت بە ئەو دەبەستین وەک تاکە رزگارکەر.

(کردار ١١: ١٨؛ ئەفەسۆس٢: ٨؛ کردار ٢: ٣٧-٣٨؛ زەبوورەکان ٥١؛ ڕۆما ١٠: ١٢-١٣؛ عیبرانییەکان ٤: ١٤)

چ. بێتاوانکردن

بێتاوانکردن ئەو بەرەکەتەیە کە بەهۆیەوە ئەوانەی باوەڕ بە عیسای مەسیح دەهێنن بە ڕاستودروست هەژمارد دەکرێن. ئەوە بەخشینی گوناه و بەڵێنی بەدەستهێنانی ژیانی هەتاهەتایی لەسەر بنەمای ڕاستودروستیی مەسیح لەخۆ دەگرێت. بێتاوانکردن لە لایەن یەزدانەوە بەخۆڕایی بە ئێمە بەخشراوە، ئەمەش بەهۆی کار و کردەوەی ڕاستوردروستی خۆمانەوە نییە، بەڵكو تەنها بەهۆی باوەڕمانە بە کاری تەواوی عیسای مەسیح. بێتاوانکردن ئاشتیمان پێ دەبەخشێت و دەبینە جێگەی ڕەزامەندی یەزدان و دەستەبەری هەموو جۆرە بەرەکەتێکی دیکە دەکات کە بۆ ئێستا و هەتاهەتایە پێویستە.

(یۆحەنا ١: ١٦؛ ڕۆما ٥: ٩؛ مەتا ٩: ٦؛ ڕۆما ٥: ٢١؛ ڕۆما ٣: ٢٤-٢٦؛ دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١؛ یەکەم تیمۆساوس ٤: ٨)

د. پیرۆزکردن

پیرۆزکردن ئەو پڕۆسەیەیە کە بە لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات، کە باوەڕدار بۆ ئەنجامدانی ئامانج و مەبەستەکانی خودا تەرخان دەکرێت، و توانای ئەوەی پێدەدرێت کە لە ڕێگە و هێزی ئامادەبوونی ڕۆحی پیرۆز لە ناخیدا بەرەو پێگەیشتنی ئاکاری و ڕۆحی هەنگاو دەنێت. گەشەکردن لە نیعمەتدا دەبێت بە درێژایی ژیانی باوەڕداری نوێبووەوە بەردەوام بێت. ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەردەوامی کاری ڕۆحییەوە کار دەکات، وەک خوێندنەوە و گوێگرتن لە وشەی خودا، کۆبوونەوەی باوەڕداران، چاو بە خۆدا خشاندنەوە و نوێژ و نزاکردن.

(یەکەم سالۆنیکی ٤: ٣ ؛ ٥: ٢٣ ؛ فیلیپی٢: ١٢- ١٣ ؛ ئەفەسۆس ٦: ١٨؛ دووەم کۆرنسۆس ١٣: ٥ ؛ عیبرانییەکان ١٠: ٢٤- ٢٥ ؛ عیبرانییەکان ١٢: ١٤)

ە. شکۆمەندکردن

شکۆمەنکردن لوتکەی ڕزگارییە، هەروەها دوا قۆناغی بەرەکەتداربوون و نەگۆڕ و هەمیشەیی ڕزگارکراوەکانە.

(کۆلۆسی ٣: ٤؛ یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٥١-٥٧؛ یەکەم پەترۆس ١: ٢-٢٣؛ ئاشکراکردن ٢١: ١ – ٢٢: ٥)

  1. ڕۆحی پیرۆز 

ڕۆحی پیرۆز لە ئاسمانەوە نێردراوە بۆ ئەوەی مەسیح شکۆمەند بکات و کاری ڕزگارییەکەی جێبەجێ بکات. گوناهباران مەحکوم دەکات و ژیانی ڕۆحی دەبەخشێت، هەروەها تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەمان سەبارەت بە کتێبی پیرۆز پێدەبەخشێت. ئەو لەناو هەموو باوەڕداراندا نیشتەجێیە، دڵنیایی ڕزگاری دەهێنێت و هاوشێوەی زیاتری مەسیح لە باوەڕ و کرداردا بەرهەم دەهێنێت. ئەو کڵێسا بنیات دەنێت و ئەندامەکانی بەهێز دەکات بۆ پەرستن و خزمەتکردن و جێبەجێکردنی ئەرکەکان.

(یۆحەنا ١٦: ٧-١١، ٣: ٥-٨؛ یەکەم کۆرنسۆس ١٢: ٧-١١، ١٣؛ یۆحەنا ١٤: ١٦-١٧؛ ئەفەسۆس ١: ١٣-١٤؛ ئەفەسۆس ٤: ٣٠، ٥: ١٨؛ کردار ١: ٨)

  1. نیعمەتی باڵادەست

ئەوە ئامانجی ئەزەلی یەزدان بوو کە بەخشندانە پێش بەدیهێنانی گەردوون پلانی داناوە کە هەندێک کەس هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی لەدایکببنەوە و ڕزگاریان ببێت، نەک بەپێی ئەو کارە باشانەی کە لەواندا بینیویەتی، بەڵكو تەنها لەبەر باڵادەستی ڕەزامەندی خۆی. ئەمە بەتەواوی سازگارە لەگەڵ ویستی ئازادی مرۆڤدا، ئەمەش دەرخەری شکۆمەندانەترین سەروەری و چاکەی خودا و ئازادی بێسنوور و ژیری و پیرۆزی و نەگۆڕی خودایە. لووتبەرزی لە ئێمەدا دوور دەخاتەوە و هانی بێفیزی دەدات. ئەوە بنەمای دڵنیایی باوەڕی مەسیحیەکانە.

(دووەم تیمۆساوس ١: ٨-٩؛ یۆحەنا ٦: ٤٤-٤٥، ٦٥؛ ڕۆما ٩: ١٠-١٦؛ دووەم سالۆنیکی ٢: ١٣-١٤؛ کردار ١٣: ٤٨؛ ئەفەسۆس ١: ٣-١٢؛ ئەفەسۆس ٢: ٨-٩؛ ڕۆما ٨: ٢٨-٣٠)

  1. دانبەخۆداگرتنی پیرۆزەکان

هەموو باوەڕدارانی ڕاستەقینە تا کۆتایی بەرگە دەگرن و دان بەخۆیاندا دەگرن. وابەستەیی بەردەوامیان بە مەسیحەوە نیشانەیەکی گەورەیە کە جیایان دەکاتەوە لەوانەی بە درۆ دەڵێن باوەڕیان بە مەسیح هێناوە. دەکرێ مەسیحییەکان بکەونە ناو گوناهەوە، کە ئەمەش ڕۆحیان خەمبار دەکات، نیعمەت و ئاسوودەییەکانیان تێکدەدات، لۆمە و سەرزەنشت بەسەر کڵێسادا و حوکمی کاتیش بەسەر خۆیاندا دەهێنن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە نوێ دەبنەوە بۆ تۆبەکردن، و بە هێزی خودا لە ڕێگەی باوەڕەوە دەپارێزرێن بۆ ڕزگاربوون. 

(یۆحەنا ١٠: ٢٧-٢٩؛ یەکەم یۆحەنا ٣: ٩؛ ٥: ١٨؛ یەکەم یۆحەنا ٢: ١٩؛ مەتا ١٣: ٢٠-٢١؛ فیلیپی ١: ٦؛ عیبرانییەکان ١٣: ٥؛ یەهودا ٢٤- ٢٥)

  1. کڵێسا 

کڵێسای گشتی جیهانی ئەو جەستەیەیە کە مەسیح سەرەکەیەتی بۆ هەموو ئەوانەی سەر بەو جەستەیەن و ڕزگاریان بووە. ئەمە لە کڵێسا ناوخۆییەکاندا دەردەکەوێت، کە کۆمەڵێک باوەڕداری لەئاوهەڵکێشراو پێکەوە پەیمانیان بەستووە لە باوەڕ و هاوبەشیدا بۆ پەرستنی خودا، ڕاگەیاندنی وشەی خودا، بەڕێوەبردنی لەئاوهەڵكێشان و خوانی پەروەردگار، جێبەجێکردنێکی دڵسۆزانەی لێپرسینەوە و راستکردنەوەی کڵێسایی بەسەر ئەندامەکانیدا، بۆ مزگێنیدان. ئەوان بە وشەی خودا بەڕێوەدەبرێن، کە فێرمان دەکات لە کڵێسادا دوو پێگە هەن بۆ خزمەتکردن کە پیران (قەشەکان) و خزمەتکارانن. لە خزمەتکردنی کڵێسادا، ژنان و پیاوان هاندەدرێن بۆ خزمەتکردنی مەسیح و گەشەکردنیان بە تەواوی تواناکانیان لە خزمەتە جۆراوجۆرەکانی گەلی خودادا، بەڵام پێگەی پیر تەنها تایبەتە بە پیاوان، ئەو پیاوانەی کە مەرجیان تێدایە بەپێی بنەماکانی کتێبی پیرۆز. یەکێتی جەستەی مەسیح لەناو کڵێساکان و لە نێوان کڵێساکاندا بە خۆشەویستی و خەمخۆری و هاندانی یەکتر دەردەکەوێت. هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان کڵێساکان تەنها لەو شوێنانەدا هەیە کە دڵسۆزن بۆ ئینجیل.

(یۆحەنا ١٤: ١٥؛ مەتا ١٦: ١٥-١٩؛ ١٨: ١٥-٢٠؛ یەکەم کۆرنسۆس ٥: ١٢-١٣؛ کردار ٢: ٤١-٤٢، ٤٧؛ کردار ١٤: ٢٣؛ یەکەم کۆرنسۆس ١: ٢؛ ڕۆما ١٦: ٥؛ فیلیپی ١:١؛ کردار ٦: ١-٤؛ ئەفەسۆس ٤: ١١-١٣؛ یەکەم تیمۆساوس ٢: ٩-١٤؛ یەکەم تیمۆساوس ٣؛ تیتۆس ١؛ ڕۆما ١٦: ١؛ مەتا ٢٨: ١٨-٢٠ )

  1. لەئاوهەڵکێشان و خوانی پەروەردگار

لەئاوهەڵکێشان و خوانی پەروەردگار لەلایەن مەسیحەوە وەک نیشانەیەکی دیاری ئینجیل بە کڵێساکان دراوە. لەئاوهەڵکێشان بریتییە لە نوقمبوونی باوەڕدارێک لە ئاودا وەک هێمای یەکگرتن لەگەڵ مەسیح و چوونە ناو کڵێساکەی، بەڵام ژیانی ڕۆحی نابەخشێت. لەئاوهەڵکێشان مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ وەرگرتنی مافەکانی ئەندامێتی کڵێسا و بۆ خوانی پەروەردگار. خوانی پەروەردگار یادی قوربانییەکەی مەسیحە کە یەکجار بۆ هەمیشە پێشکەش کراوە. ئەم خوانە بە خواردنی نان و خواردنەوەی جامەکە بەڕێوەدەچێت. بۆ پشتڕاستکردنەوەی باوەڕی مەسیحییەکانە، بۆ ئەوەی ببێتە پەیوەندی خۆشەویستی و بەڵێننامە و نوێکردنەوەی هاوبەشییان لەگەڵ مەسیح، و هاوبەشی کڵێساکەشیان.

(مەتا ٢٨: ١٩؛ کردار ٨: ١٢؛ ڕۆما ٦: ٤؛ یەکەم کۆرنسۆس ١١: ٢٣-٢٦؛ لۆقا ٢٢: ١٤-٢٠)

  1. داهاتووەکە 

عیسای مەسیحی پەروەردگار بە شکۆمەندییەوە دەگەڕێتەوە. مردووەکان زیندوو دەکاتەوە و بە ڕاستودروستی حوکم لەسەر جیهان دەدات. خراپەکاران دەنێردرێن بۆ سزای هەتاهەتایی و چاکەکارانیش پێشوازییان لێدەکرێت بۆ ژیانێکی خۆشی هەتاهەتایی لە هاوبەشی لەگەڵ خودادا. خودا هەموو شتەکان نوێ دەکاتەوە و بۆ هەمیشە شکۆمەند دەبێت.

(کردار ١: ١١؛ ئاشکراکردن ١: ٧؛ لۆقا ١٤: ١٤؛ یۆحەنا ٥: ٢٨-٢٩؛ مەتا ٢٥: ٣٥-٤١؛ ئاشکراکردن ٢١: ٩-٢٧؛ ٢٢)