بەھای پەرستشی خێزانیی
دوای نزیکەی نیو سەدە لە خزمەتکردن، لە زۆربەی ووتارەکان لە زۆر شوێن، ئەمە چاودێری منە کە هەندێک لە ماڵی باوەڕدارە مەسیحییەکان مەشق لەسەر خودا پەرستی ڕۆژانەی خێزان دەکەن. تەنانەت دەتوانم بڵێم کە زۆربەی پیاوان، ئەوانەش کە لە باشترین کڵێساکانماندان رابەرایەتی خێزان و منداڵەکانیان ناکەن لە پەرستشی خێزانییدا.
هەبوونی خیزانەکەت لە کڵێسایەکی ناوخۆیی باش کە بە دڵسۆزییەوە کتێبی پیرۆز فێری ئەندامەکانی دەکات و چاوردێرییان دەکات، زۆر گرنگە بۆ ژیانی هاوسەرگیری و پەروەردەکردنی منداڵەکانت لەسەر بنەماکانی ئینجیل. بەڵام رەنگە چوونە کڵێسا بەتەنها بەس نەبێت بۆ سەرسامکردنی منداڵەکانت بە گەورەیی و شکۆمەندی خودا. بۆیە پێویستمان بە پەرستشی خێزانییە تا خواست و ویستی شوێنکەوتنی عیسای مەسیح لە منداڵاندا بە قوڵی گەشە بکات، تا کاربکاتە سەر داهاتوویان لە بەردەوام چوونە کڵێسا و شوێنکەوتنی مەسیح، کاتێک گەورە دەبن و ماڵ دەکەن و ژیانی تایبەتی خۆیان پێک دەهێنن. لەم وتارەدا دەمەوێت خاڵێکی سەرەکی بگەیەنم: خودا شایەنی ئەوەیە ڕۆژانە لە ماڵەکانماندا لەلایەن خێزانەکانمانەوە بپەرسترێت.
بەھای پەرستنی ڕۆژانە
ئینجیل بە ڕوونی دەریدەخات کە خودا شایەنی ئەوەیە کە ڕۆژانە لە ماڵەکانماندا لەلایەن خێزانەکانمانەوە بپەرسترێت. لە کتێبی پیرۆزدا کەم فەرمانی روون هەن لەبارەی پەرستشی خێزانی (بۆ نموونە دواوتار ٦: ٤-٩)، بەڵام چەندین نموونە هەن لەم بارەوە.
بۆ نموونە، ئیبراهیم بە ئاشکرا لەگەڵ خێزانەکەی خودایان دەپەرست، ئەگەر نا، ئیسحاق چۆن دەزانێت بپرسێت ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟ (پەیدابوون ٢٢ :٧). ڕابەریکردنی خێزانەکەی لە پەرستندا شتێکە کە “ئەیوب بە بەردەوامی کردی” (ئەیوب ١: ٥).
پەرستشی خێزانی یەکێکە لە باشترین و كرداریترین ڕێگاکان، کە لە رێگەیەوە مێردەکان دەتوانن تەواوی خێزان بە ئاوی وشەی خودا (واتا کتێبی پیرۆز) پاک بکەنەوە و بەڕێوە ببەن، کە ئەمە جۆرێکە لە پاککردنەوە (ئەفەسۆس ٥: ٢٥ – ٢٦). هەروەها باوکان منداڵەکانیان دەهێننە سەر “ڕێگاو ڕێنمایی یەزدان” (ئەفەسۆس ٦: ٤). کاتێک پەتڕۆس فەرمانی بە مێردەکان کرد کە ڕێز لە ژنەکانیان بگرن، “بۆ ئەوەی نوێژەکانیان کۆسپی تێنەکەوێت” (یەکەم پەترۆس ٣: ٧). رەنگە ئەو ئاماژە بە نوێژی ھەردوولا بکات، نەک تەنها نوێژی مێردەکان.
کڵێسا بچووکەکانی ئێمە
ژیانی مەسیحیە قارەمانەکانمان شایەتی ئەوە دەدەن کە خودا شایەنی ئەوەیە ڕۆژانە لە ماڵەکانماندا لە لایەن خێزانەکانمانەوە بپەرسترێت.
لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی کڵێسا دەریدەخات کە باوەڕداران هەمیشە تێگەیشتوون کە ئینجیل فێری کردوون کە دەبێت لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکانیان خودا بپەرستن. بۆ نموونە دەزانین کە نەوەی یەکەمی پەیڕەوانی مەسیح دوای پێغەمبەران بەشێک لە کتێبی پیرۆزیان خوێندەوە و نوێژیان کرد و وەکو خێزان بەیەکەوە زەبوورەکانیان گوتەوە. هەمان شت بۆ لوسەر و ناکس و پوریتانەکان ڕاست بوو. هەردوو دانپێدانانی وێستمینستەر (١٦٤٧) و دانپێدانانی دووەمی لەندەن(١٦٨٩)1، لەگەڵ کاریگەرترین دانپێدانانەکانی تری کڵێسا باپتیستییەکان، هەموویان دەستەواژەی هاوشێوەیان تێدایە: “خودا لە هەموو شوێنێک بە ڕۆح و بەڕاستی دەپەرسترێت، وەک خێزانە تایبەتەکان ڕۆژانە و بەنهێنی و یاخود هەر یەکێک لەناخی خۆیدا.”
جۆناتان ئێدواردز، چارلس سپێرگن، جۆن جی پاتۆن، و مارتین لۆید جۆنز، هەرچەندە هەموو بەرپرسیارێتییەکی قورسیان لەسەر بوو، لە پەرستنی ڕۆژانەی خودادا، ڕابەری خێزانەکانیان دەکرد. زۆربەی پاڵەوانە مەسیحیەکانمان هاوشێوەی ئێدواردس ڕایاندەگەیاند: “دەبێت هەموو خێزانە مەسیحییەکان وەک کڵێسایەکی بچووک بن” (کارەکانی جۆناتان ئێدواردس، ٢٥: ٤٨٤). هەروەها بەشێک لە ژیانی هەموو کڵێسا و هەموو مەسیحیەکان بریتییە لە پەرستن.
سێ هەنگاوی سادە
هەموو خێزانە مەسیحیەکان دەتوانن نیشانی بدەن کە خودا شایەنی ئەوەیە ڕۆژانە لە ماڵەکانماندا بپەرسترێت. کرداری پەرستشی خێزانیی سادەیە. پێویستی بە ئامادەکردن نیە. تەنھا بڕێک کاتی پێویستە بۆنموونە ١٠ خولەکێک. لە سێ بەش پێک دێت: خوێندنەوە، نوێژ، گۆرانی گوتن.
خوێندنەوە
دڵ و کڕۆکی پەرستشی خێزانی بریتییە لە گوێگرتن لە ئایەتەکانی خودا لە رێگەی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزەوە. سەرنجی چیرۆکەکانی کتێبی پیرۆز بدە ئەگەر منداڵی بچووکت هەیە. کتێب هەیە کە بە کورتی چیرۆکەکانی ئینجیل بە زمانی سادە دەگێڕنەوە کە باشن بۆ خوێندنەوە بۆ منداڵان. کاتێک منداڵان گەورەتر دەبن، ئینجیلەکانیان بۆ بخوێنەوە (مەتا، مەرقۆس، لوقا و یۆحەنا). پاشان تەوای پەیمانی نوێ بخوێنەوە. ئەگەرهەموو ئێوارەیەک بەشێکی کتێبی پیرۆز بخوێنیتەوە، ئەوا لە ماوەی کەمتر لە ٣ ساڵ و نیودا تەواوی کتێىی پیرۆز دەخوێنیتەوە. بە کورتی وشەکان، دەستەواژەکان، یان بیرۆکەکان ڕوون بکەنەوە کە ئەندامانی خێزانەکەت لێیان تێناگەن. دەتوانی پرسیار بکەیت لە کاتی خوێندنەوە یان دوای خوێندنەوە بۆ یارمەتیدانیان و گەشەپێدانیان لە تێگەیشتنی کتێبی پیرۆز. لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە من کەسێکی بەتوانا نیم لە فێرکردنی ئەندامانی خێزانەکەم لەبارەی کتێبی پیرۆزەوە، بەڵام نیگەران مەبە، خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز خۆی لە خۆیدا بە سوود و کاریگەرە.
نوێژکردن
مێرد و باوک دەتوانێت نوێژ بکات، دەتوانێت داوا لە کەسێک بکات نوێژ بکات، یان هەموو کەسێک دەتوانێت نوێژ بکات. بۆ ئەوەی لە کاتی پەرستشی خێزانییدا هەمان دوعا هەموو رۆژ دوبارە نەکەیتەوە، ئەوا پێشنیاری ڕاهێنانێکی سادەی نوێژ کردن دەکەم دەربارەی لانی کەم شتێک کە لە کتێبی پیرۆزدا گوێت لێ بووە.
بۆ نموونە، دوای خوێندنەوەی یۆحەنا بەشی ٣ دەتوانی بپرسیت: “ئەوکەسە کێیە کە ئێمە دەتوانین دوعای بۆ بکەین بۆ ئەوەی وەک نیقۆدیمۆس لە دایک ببێتەوە؟ ئینجا رۆژی دواتر کاتێک یۆحەنا بەشی ٤ دەخوێنیتەوە، دەتوانی ئەو پرسیارەش لە خۆت بکەیت بۆ رێنمایی کردنی خۆت لە کاتی نوێژکردندا، “ئەو ئافرەتە کێیە کە ئێمە دەتوانین نوێژی بۆ بکەین، وەک ئەو ژنەی لە بیرەکەدا چاوی بە عیسا دەکەوێت؟” هەروەها دەتوانیت لە هەر ئەندامێکی خێزانەکەت بپرسیت: پێت باشە کە ئێمە چۆن نوێژت بۆ بکەین؟” ئەمە نەک تەنها دەبێتە ئەزموونێکی تایبەتی و کەسیی، بەڵکو دەبێتە رێگایەکیش بۆ ( دەرخستنی ) هەستە نەگوتراوەکانمان و پێداویستییەکانمان.
گۆرانی گوتن
ئەمە لەوانەیە بۆ زۆر کەس سەیر بێت. بەڵام لە لیستی کورتی چاڵاکییەکاندا کتێبی پیرۆ پێمان دەڵێت کە دەبێت لە پەرستندا ئەنجامی بدەین، گۆرانی گوتن یەکێکە لەو شتانەی کە فەرمانمان پێکراوە لە پەرستنی خودادا ئەنجامی بدەین (ئەفەسۆس ٥: ١٩). هەندێک لە چاڵاکییەکانی پەرستنی خودا کڵێسایین و ناکرێ بە تەنها ئەنجامی بدەیت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت، بەڵکو دەبێت لە کۆبوونەوەی کڵێسادا ئەنجامبدرێن وەک خوانی پەروەردەگار.بەڵام سێ چاڵاکی پەرستن هەن کە دەتوانیت بە هەر جۆرێک بتەوێ ئەنجامی بدەیت؛ جا پەرستنەکە بە کۆمەڵ بێت، تاکەکەسی بێت، یانیش خێزانیی بێت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت لە ماڵەوە کە بریتیین لە: خوێندنەوەی کتێىی پیرزۆ، نوێژ، گۆرانی رۆحی.
ئەگەر یەک گۆرانی یان چەند گۆرانییەک بڵێی، ھەر پێویستە کە گۆرانی بڵێی، بۆ ئەمەش کەسێک لە خێزانەکەتدا دەتوانێت ئامێرێک بژەنێت یانیش دەتوانیت لەگەڵ ڤیدیۆیەکی یوتیوبدا گۆرانی بڵێیت، ئەوەی تێبینیم کردووە ئەوەیە کە زۆربەی خێزانەکان بەبێ میوزیک و ڤیدیۆ گۆرانی دەڵێن. پێشنیار دەکەم کە هەریەکێک لە ئەندامانی خێزان کتێبێکی گۆرانییان هەبێت، راوێژ لە قەشەکەت یان رابەری پەرستش لە کڵێساکەت وەربگرە بۆ سەرچاوەکانی تر کە یارمەتیت دەدەن لە کاتی پەرستشی خێزانییدا.
ئەگەر کات رێگە بدات
لە دەرەوەی خوێندنەوە و نوێژکردن و گۆرانی پەرستشی خێزانیدا، لێرەدا هەندێک بیرۆکە هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەزموونەکە لە کاتێکدا خێزانەکەت پێکەوەن.
بەکارهێاننی کاتێکیزم. ئەم شێوازی پرسیار و وەڵامە بۆ فێرکردنی بنەماکانی باوەڕی مەسیحییەت لە کۆنەوە لە لایەن کڵێساکانەوە بەکارهێنراوە. ئەگەر نازانیت لەبارەی کاتێکیزم، داوا لە قەشەکەت بکە بۆ ئەوەی کاتێکیزمێکت بۆ پێشنیار بکات.
لەبەرکردنی ئایەتەکان. پەرستشی خێزانیی کاتێکی نموونەییە بۆ لەبەرکردنی ئایەتەکانی کتێبی پیرۆز، بۆ نموونە ئەگەر هەموو رۆژێک ئایەتێک بۆ یەک مانگ بخوێننەوە لە کاتی پەرستشی خێزانییدا ئەوا بێگومان لە مانگێکدا ئایەتێک بە ئاسانی لەبەر دەکەن. تەنانەت ئەگەر تەنها یەک ئایەت لە مانگێکدا لەبەر بکەن ئەوا دەکاتە ١٢ ئایەت لە ساڵێکدا.
گەشەسەندنی “بەڕو”ی ڕاستودروستی
ئەمرۆ ھەموو خێزانێک سەرقاڵە. کات تەرخانکردن، تەنانەت دە خولەکیش بێت، بۆ پەرستشی خێزانیی بۆ هەموو کەسێک ئەستەم و زەحمەتە. زۆربەی خێزانەکان خۆیان فریودەدەن بەوەی کە سەرقاڵن و کاتیان نییە بۆ پەرستشی خێزانیی بەیەکەوە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە هیچ بەربەستێک نییە بۆ پەرستشی خێزانی. کە لەلایەن مەسیحیەکانەوە چەندین سەدەیە ڕوبەڕوی نەبونەتەوەو زاڵ نەبووە بەسەریاندا. ئەگەر ئێوە بەڕاستی بتانەوێت خێزانەکەتان لە پەرستنی خودا دا بەڕێوەببەن، ئەوا ڕێگەیەک دروست دەکەیت بۆ ئەوەی بگەی بە ئامانجەکان، گرنگ نییە ھەر چەند بەربەست هەبێت لەسەر ڕێگات.
چاوەڕێی ئەنجامی خێرا مەکە. لە ڕاستیدا، زۆربەی شەوەکان لەوانەیە وا دەربکەوێت کە ئاژاوەی خێزانی زیاتر ڕوودەدات لە پەرستشی خێزانیدا. ئەمە ئاساییە، تەنانەت کاتێک کە تۆ بە باشی رابەرایەتی دەکەیت. ئێمە خێزانەکان بەرزدەکەینەوە بۆ ئەوەی ببنە دار “بەڕو”ی ڕاستودروستی (ئیشایا ٦١: ٣). تەنانەت لە هەلومەرجی نموونەییشدا دار بەڕو زۆر بە هێواشی و بە درێژایی بە ماوەیەکی زۆر گەشە دەکات، بەڵام زۆر بەهێزە و بە ئاسانی ناجوڵێتەوە.
دەسپێکردنی ئەمڕۆ
لەوانەیە خێزانەکەت وەک زۆر کەسی تر هێشتا دەستی بە پەرستشی رۆژانەی خێزانیی نەکردبێت. ئەگەر تۆ ژنێکیت کە ئەمە دەخوێنیتەوە، ئەوا پیشانی مێردەکەت بدە. مێردەکان، بە ژنەکانتان بڵێن، “من باوەڕم وایە کە ئینجیل فێری ئەوەم دەکات کە دەبێت لە پەرستشی خێزانییدا ڕابەرایەتیتان بکەم، دەمەوێت ئەمڕۆ دەست پێ بکەم. زۆر شت هەیە لە بارەی ئەوەوە کە دەبێ فێری ببم. بەڵام دەمەوێت ئەوەی ڕاستە بیکەم، تۆش دێیتە پاڵم؟”
بە بێ گوێدانە ئەوەی کە هەرکەسێکی تر دەیکات، با هەموو مێرد و باوکێک، بەڕاستی هەموو مەسیحیەک، بە خوێندنەوەی ئەم دێڕانە پابەند بێت بەم شێوەیە: “وەک من و ماڵەکەم، ئێمە خزمەت بە یەزدان دەکەین” لە پەرستشی خێزانییدا (یەشوع ٢٤: ١٥). ئایا ئەمە ئەو شتە نیە کە تۆ دەتەوێت بیکەیت؟
ئەمڕۆ دەبێت دەست بکەین بە خوێندنەوەی ئینجیل و دوعا کردن بەیەکەوە و گوتنەوەی گۆرانی بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی خێزانەکەت بکەیت بەرەو ژیانی هەتاهەتایی.
1ئەو دوو دانپێدانانە لەلایان سەرۆکی کڵێساکان نوسراون بۆ باسکردنی گرنگی فێرکردنی باوەڕی مەسیحییەت