بێ خۆشەویستی ناتوانین بەردەوام بین
زاڵبوون بەسەر تاوانەکان لە کڵێسا
با خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە (ڕۆما ١٢: ٢١).
کاتێک پۆڵس ئەم نامەیەی بۆ ئەندامانی کڵێسایەکی بچووک لە ڕۆما نووسی، ئەو تەنها ئامۆژگارییەکی یارمەتیدەری نەدەدا. ئەو تەنها هەوڵی نەدەدا تا ھانیان بدات بۆ ئەوەی ئامانجێکی گەورە بەدەست بھێنن. ئەم نامەیە بەرهەمی ڕشتنی خوێن و فرمێسکی پۆڵس بوو. پۆڵس بە باوەڕدارە بەنرخەکانی ئەم کڵێسایەی دەگووت کە چۆن لە جیهانێکی خراپدا بە زیندوویی بمێننەوە. چونکە ئەگەر کڵێساکان بە چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ نەبن ئەوا ڕزگاریان نابێت.
من ئەمە لە هەندێک خەم و پەژارەی کەسییەوە دەنووسم. لەم ساڵانەی دواییدا، من زۆر خەمبار بووم چونکە ناکۆکی و جیابوونەوەم بینی لە نێو کڵێساکان. مایەی دڵتەنگییە کە زۆربەی ناکۆکییەکانی نێو کڵێسایەک لەسەر شتی ناگرنگ و ناپێویست بوون. بۆ نموونە ناکۆکی ئەندامان لەبەر غەیبەت و هەستنەکردن بە خۆشەویستی و نەبوونی متمانە بە یەکتری. بەڕاستی نابێت ئەمانە ببنە هۆکاری ناکۆکی چونکە ئەم پرسانە بنەڕەتی نین لە مەسیحیەتدا. هەندێکمان بەرپرسیارێتی زیاترمان هەیە بەراورد بە ئەوانی تر. هەندێک کات تەنها چەند کەسێک لە کڵێسا دەمێننەوە دوای ئەوەی کە دەڕوخێ. ئەم چەند کەسە دەمێننەوە بۆ ئەوەی هەوڵبدەن کۆمەڵگەی ڕۆحی شکاو بنیاتبنێنەوە.
هەروەها ئەوەی کە من بە تایبەتی بە خەمناک دەیبینم ئەوەیە کە عیسا وتی: “بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت” (یۆحەنا ١٣: ٣٥). خەڵکانی تر کە ئەم جیابوونەوەیە دەبینن لەبەر ئەم ناکۆکییانە چی دەڵێن دەربارەی خۆشەویستی عیسا؟ ئەی چی دەڵێن دەربارەی قوتابیەکانی؟
ئەم جۆرە تێکشکاندنی پەیوەندیانە پێویست ناکات ڕوو بدات. بەڵام ئەوان ڕاستییەکی دڵڕفێن نیشان دەدەن: ئەگەر ئێمە یەکترمان خۆش نەویست و بە چاکە زاڵ نەبووین بەسەر خراپەدا، ئەوا خراپە بەسەرماندا زاڵ دەبێت. ڕێنماییەکانی پۆڵس لە ڕۆما ١٢ لەسەر ئەوەی کە چۆن یەکتریمان خۆش بوێت بە نیعمەتێکی مەزن گرنگن بۆ مانەوەی کڵێساکانمان. ئەگەر ئێمە لەوە تێنەگەین، ئێمە وەک شایەتحاڵی خۆشەویستی عیسای پەروەردگار کە بەسەر جیهاندا زاڵ بوو، ڕزگار نابین.
بەهێزترین هێزی جیهان
مەسیحییەکان دەزانن کە خۆشەویستی چەندە گرنگە. یەکەم کۆرنسۆس ١٣: ١٣ دەڵێت، “ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەوستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەوستیییە.” خۆشەویستی کرۆکی بوونی خودایە، یەکەم یۆحەنا ٤: ٨ دەڵێت، “خودا خۆشەویستییە.”
ئێمە لە دەقی کتێبەوە لە هێزی بەراوردنەکراوی خۆشەویستی تێدەگەین. تەورات و هەموو پێغەمبەران باسی گەورەیی خۆشەویستی دەکەن. مەتا ٢٢: ٣٧ – ٤٠ دەڵێت، “بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ. پێویستە دراوسێکەت وەک خۆت خۆشبوێ.” خۆشەویستی سەرچاوەی گەورەترین کردار بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە بریتییە لە قوربانی عیسای مەسیح. یەکەم یۆحەنا ٣: ١٦ پێمان دەڵێت کە خۆشەویستی بووە هۆکار بوو تا خودای باوک کوڕەکەی بەخت بکات لە پێناوی مرۆڤایەتی. بە هەمان شێوە خۆشەویستی بووە سەرچاوەی خۆبەختکردنی کوڕەکە لە پێناو گوناهباران بۆ شکۆی خودا (یۆحەنا ١٥: ١٣ و یۆحەنا ١٧: ٤).
ئێمە دەزانین کە ئەم کارە بەرزەی خۆشەویستی، لە رزگاری زیاتربوو بۆ کەسانی ونبوو. هەروەها بەهێزترین کرداری شەڕی ڕۆحی بوو کە تا ئێستا ئەنجام دراوە. چونکە لەو ڕێگەیەوە عیسا بەسەر جیهانی پڕ لە ڕقدا زاڵ بوو (یۆحەنا ١٦: ٣٣). بە خۆشەویستییەکەی ، واتا بە کەفارەتەکەی، کوڕی خودا بۆ ئەمە دەرکەوت، تاکو کارەکانی ئیبلیس تێکبدات. (یەکەم یۆحەنا ٣: ٨).
هیچ شتێک لە ئەزموونی مرۆڤدا لە ڕووی ئەخلاقییەوە جوانتر و بە قووڵی مانادارتر و دڵخۆشکەرتر نییە لە خۆشەویستی. تاکە هێز بۆ لەناوبردنی شانشینی تاریکی خۆشەویستییە.
ئێمە ئەمە دەزانین. بەڵام وەک عیسا فەرمووی: ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد (یۆحەنا ١٣: ١٧). زانین بەس نیە چونکە هەموو بەرەکەتی خۆشەویستی لە ئەنجامدانی خۆشەویستیدایە. بەڕاستی ئەگەر ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە کە لە خۆشەویستی بەردەوام نەبین، ئێمە هیچ نین و هیچمان دەست ناکەوێت (یەکەم کۆرنسۆس ١٣: ١ – ٣). بەڵام ئەمە هەمووی نییە: هەروەها دەتوانین زیانێکی گەورە لە کڵێساکانمان بدەین.
خۆشەویستی لەگەڵ نیعمەتێکی گەورە
پۆڵس ئەم زیانەی لە سەرەتادا بینیبوو. ئەو بۆ ئەمە نیگەران بوو. لەبەرئەوە بە پەلە و بە پەرۆشیەوە ڕێنماییەکانی بۆ کڵێسای ڕۆما نوسی. کاتێک لەمڕۆدا نامەی پۆڵس دەخوێنینەوە، دەبێت بە پەرۆشیەوە بیر لە کڵێساکانمان بکەینەوە. ڕۆحی پیرۆز دەیەوێت ئێمە یەکترمان خۆش بوێت بە نیعمەتێکی گەورە.
من ئەمە بە دوو هۆکار بە “نیعمەتی گەورە” ناودەبەم. یەکەم، ئێمە بانگ نەکراوین کە یەکترمان خۆش بوێت وەک ئەوەی شایەنی خۆشویستن بین. بەڵکو ئێمە بانگ کراوین یەکتریمان خۆش بوێ وەک چۆن مەسیح خۆشیویستین (یۆحەنا ١٥: ١٢). دووەم، ئەمە گەورەیە چونکە بە دوای گوناهباراندا دەگەڕێت بۆ خۆشویستنیان و خزمەتکردنیان لەکاتێکدا کە شایەنی ئەوە نین. ئەم جۆرە خۆشەویستییە جیاوازە لە هەر جۆرە خۆشەویستییەک کە دەتوانین لە سەر زەوی بیدۆزینەوە، تامێکی بەھەشت لەسەر زەوی.
خۆشەویستی لەچی دەچێت
گوێ لە هەندێک لەو ڕێگایانە بگرە کە پۆڵس باسی ئەو خۆشەویستییە دەکات کە ئێمە بۆی بانگدەکرێین بۆ ئەوەی هەستی پێ بکەین و بیدەین بە یەکتری.
با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن. بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن (ڕۆما ١٢: ٩—١٠). زۆر ناخایەنێت پێش ئەوەی بزانین کە چیمان دەوێت بۆ بەردەوام بوون لە خۆشەویستی بەم شێوەیە. ئێمە هەموومان بە گوناهەوە لە زۆر ڕووەوە کەوتین (یاقوب ٣: ٢). ئەمە مانای ئەوەیە کە ئێمە بەبەردەوامی یەکترمان گوناھبار دەکرد. بۆ ئەوەی خۆشەویستی بهێڵیتەوە، میهرەبانییەکی لەسەرخۆی دەوێت.
ڕۆما ١٢: ١٠ پێمان دەڵێت، “بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن.” خەیاڵ بکە کە کڵێسایەکی تەندرووست هەیە کە ئەندامەکانی زیاتر لە خۆیان گرنگی بە چاک و بەرژەوەندی یەکتری دەدەن (فیلیپی ٢: ٣). ئەو کڵێسایە نوێنەری شانشینی ئاسمانە. بێفیزی پێویستە بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەم کولتورە لە کڵێسادا. ئەمە ئاسان نییە، بەڵکو هەوڵدان و کۆششێکی زۆری دەوێت.
ڕۆما ١٢: ١٥ دەڵێت، “لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن.” دڵشاد بوون لەگەڵ دڵشادان دەبێت ئاسان بێت، بەڵام زۆر جار لەبەر ئیرەیی و گوناه سەختە. بە نموونە، ئەگەر ئافرەتێک نەتوانێت منداڵی ببێت قورسە دڵشاد بێت لەگەڵ ئەو ئافرەتەی کە تازە منداڵێکی بووە. بەڵام بەهێزی خۆشەویستی مەسیح، دەتوانین دڵشاد بین لەگەڵ ئەوانەی کە ئەو بەرەکەتەیان پێدراوە کە هێشتا بە ئێمە نەدراوە. بە کاریگەری گوناهەکەمان کە لە ئێمەدا دەژی، هەموومان دەزانین کە چەند سەختە گوێڕایەڵی ئەم فەرمانە بین. بەڵام ئەگەر ئێمە ئەم جۆرە خۆشەویستییە وەربگرین، ئەوا دەزانین کە ئەم خۆشەویستییە چەندە گەورە و بەرەکەتدارە.
ڕۆما بەشی ١٢ ئایەتی ١٦ دەڵێت، “خۆتان بە دانا مەزانن.” ئەوەندەی ئێمە ئەمە بە جدیتر وەربگرین، زیاتر بە وریاییەوە گوێ لە ئەوانی تر دەگرین و وەڵام دەدەینەوە. ئەمە بە تەنیا دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە چەندین ناکۆکی پەیوەندی. بەڵام وازهێنان لە شانازیکردن بە خۆمان قورسە. بەڵام بە گشتی ئێمە دەڵێین کە داناین و پێویستمان بە ڕاوێژ نیە. بەڵام ئەمە ڕاست نییە. پێویستمان بە گوێگرتن لە ئامۆژگاری و ڕێنمایی یەکترە.
ڕۆما بەشی ١٢ ئایەتی ١٧ دەڵێت، “خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت.” هەموومان بەگوناه ئازاری بەیەکتر دەدەین. ئێمە دەزانین کە پێویستی بە دانبەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی بە گوناه وەڵام نەدەینەوە. کاتێک کەسێک ئازارمان دەدات، ئێمە دەبێت لەبیرمان بێت کە مەسیح چەندە ئێمەی خۆش دەویست لەو کاتەی کە ئێمە ئازارمان دەدا. مەسیح خۆی کردە قوربانی لە کاتێکدا ئێمە گوناهباربووین.
ڕۆما ١٢: ١٨ پێمان دەڵێت: “بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین.” ئەم ئایەتە پێمان دەڵێت کە ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین لەگەڵ یەکتری. بەڵام لێرەدا پرسیارێک هەیە. تا چ ئاستێک هەوڵ بدەین؟ دەکرێ ئەمە قورس بێ بۆ وەڵامدانەوە. بەڵام دەبێت هەمیشە زیاتر بێت لەو ئاستەی کە بیری لێ دەکەینەوە. خودا پشوودرێژ بوو لەگەڵ گەلی ئیسرائیل بۆ چەند سەد ساڵ، هەمیشە گرنگی و بایەخی پێ دەدان. گرنگی بە پشوودرێژی خودا بدە لە ژیانتدا. خودا پشوودرێژ بووە لەگەڵ تۆ بۆ چەندین ساڵ. پشوودرێژی خودا دەبێت سەرچاوەی پشوودرێژی تۆ بێت لەگەڵ ئەوانی تر.
بە دڵنیاییەوە، پۆڵس زۆر زیاتر دەڵێت لە ڕۆما ١٢. بەڵام ئەم ئایەتانەی باسمان کردن یارمەتیمان دەدەن بۆ بینینی نیعمەتێکی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستیێکی گرانبەها کە خودا مەسیحیەکانی بانگ کردووە بۆ جێبەجێکردنیان لە ژیاندا. ئەو خۆشەویستییەی کە لەنێوان شوێنکەوتووانی مەسیح دایە بە چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ دەبێت. لەبەر ئەم خۆشەویستییەیە کە شوێنکەوتووانی مەسیح وەک قوتابی مەسیح دەناسرێن لە جیهاندا.
بە چاکە زاڵبوون بەسەر خراپەدا
پۆڵس بەم ئایەتە کۆتایی بە ڕۆما بەشی ١٢ دەهێنێت: “با خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.” (ڕۆما ١٢: ٢١). خودا بەمە بانگی هەموو کڵێسایەک دەکات کە بە چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ بن. دەزانم کە جێبەجێکردنی ئەم بانگەوازە سەختە. مەتا ٧: ١٤ پێمان دەڵێت: “تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.” پێویستە هەریەکەمان نکۆڵی لەخۆمان بکەین و خاچی خۆمان هەڵگرین و شوێن پێی پەروەردگارمان بکەوین، ئەوەی کە زۆر خۆشی ویستین (مەتا ١٦ :٢٤ ; یۆحەنا ١٥: ١٢).
ئەگەر بە چاکە خراپە نەبەزێنین، ئەوا خراپە دەمانبەزێنێ. ئەگەر ئێمە یەکترمان خۆش نەوێت وەک ئەوەی عیسا ئێمەی خۆش دەوێ، ئێمە ناتوانین بەردەوام بین بەیەکەوە. هێزە شەیتانییەکان ئەمە دەزانن و بە تیرە ئاگرینەکانیان یەکگرتوویی کڵێسا دەکەنە ئامانج. بۆیە تێکچوونی زۆربەی کڵێساکان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان ئەندامەکان نەک چەوساندنەوەی دەرەکی.
پێویست ناکات ئەمە ڕووبدات. بەڵام مانەوەی کڵێساکانمان لەسەر بنەمای ئەوەیە کە ئایا ئێمە، ئەندامەکان، یەکترمان خۆش دەوێت بەو ناز و نیعمەتە گەورەیەی کە لە عیساوە هاتووە. ئێمە ئەم شتانە دەزانین بەڵام زانین بەس نیە. ئێمە ئەوکاتە بەختەوەر دەبین ئەگەر جێبەجێیان بکەین.
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.