-+=
بۆ ئەو کەسەی کە دەیەوێ ببێتە قەشە هەندێک لە گرنگترین مەرجەکان چین کە پێویستە تێیدا هەبێت؟
- کتێبی پیرۆز. سەرەکیترین شت بۆ قەشە وتاردانی ووشەی خودایە (دووەم تیمۆساوس ٤: ٢). بۆیە خوێندنی کتێبی پیرۆز گرنگترین شتە بۆ ئەو کەسە.
- پیرۆزیی. مەرجە سەرەکییەکان بۆ پیرێک بریتین لە ڕەوشت بەرزی و ڕۆحانی بوون (یەکەم تیمۆساوس ٣: ٢- ٧). قەشە دەبێت ببێت بە نموونەیەک لە شوانێتی گەلەکەیدا (یەکەم پەترۆس ٣:٥). ئیتر ئەگەر کەسێک چاوی لەوە بێت ببێتە قەشە، دەبێت بە پەرۆشی و تەواوەتییەوە تێبکۆشێت بۆ ئەوەی ژیانێکی پاک و پیرۆز بژیێت.
- بێفیزی. ئەگەر کەسێک بیەوێ شوانێتی مێگەلی خودا (گەلی خودا) بکات دەبێت شوێن نموونەی عیسا بکەوێت لەخزمەتکردندا، نەک خزمەت بکرێت (مەرقۆس ١٠: ٤٥). دەبێت بێفیزی مەرجێک بێت بۆ ئەو کەسەی کە خزمەتی کڵێسا دەکات لە ژێر دەسەڵاتی عیسای مەسیحدا.
- چۆنیەتی وتاردان. لەبەرئەوەی وتاردان ئیشی سەرەکی قەشەیە، بۆیە ئەو کەسە دەبێت لە هەموو دەرفەتێکدا وتار بدات. هەروەها دەبێت پرسیار لە قەشەی بە ئەزموون بکات بۆ رەخنە و پێشنیار و ئامۆژگاری بۆ ئەوەی وتاردانەکەی باشتر بکات.
- چۆنیەتی دروست کردنی قوتابی. بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە قەشە، دەبێت بزانێت چۆن خەڵک ڕووبەڕوو فێر بکات، ڕێنمایی بکات، هان بدات، دڵنەوایی بکات، و چۆن باوەڕداران سەرزەنشت بکات. هەروەها، پێش ئەوەی کەسێک بیربکاتەوە لەبارەی ئەوەی کە ببێتە قەشە، پێویستە ئەزموون و بەرهەمی هەبێت لە دروست کردنی قوتابیدا.
- فێرکردنی کتێبی پیرۆز لەبارەی کڵێسا چییە. دوای هاتنی پۆڵسی نێردراو بۆ کۆرنسۆس، گوتی: وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت (یەکەم کۆڕنسۆس ٣: ١٠). ئەگەر قەشەیەک بیەوێ کڵێسا بنیاد بنێت، دەبێت بزانێت کڵێسا چییە. ئیتر ئەو کەسەی کە دەیەوێ ببێتە قەشە دەبێت کتێبی پیرۆز بە ووردییەوە بخوێنێت بۆ زانینی ڕێنماییەکان و پلانی خودا لەبارەی کڵێسا. ڕێنماییەکانی کتێبی پیرۆز بەسە بۆ زانینی ئەوەی کە چۆن کڵێسا ڕێک بخات و ڕابەرایەتی بکات.
- چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەخنە، هان دان، مەراییکردن. قەشەیەک هەموو ئەمانە وەردەگرێت. ئەو دەبێت بزانێت چۆن بێفیزی و سوود و سوپاسگوزاری لە ڕەخنە وهاندانەوە وەربگرێت. هەروەها نابێت بە پێداهەڵگوتن و مەراییکردن هەڵ بخەڵەتێت.
- ئارام گرتن. بەگشتی گەنجەکان کە راهێنان دەکەن بۆ خزمەتکردنی کڵێسا زۆر ئارامگرییان نیە. ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە، چونکە خزمەتکردنی کڵێسا پێویستی بە ئارامگرتنە. ئەو کەسەی کە دەیەوێ ببێتە قەشە دەبێت نزا بۆ ئارامگرتن بکات و هەوڵ بدات بۆ ئەوەی زیاتر ئارامگر بێت. ئەو دەبێت لە قەشەی بە ئەزموون فێر ببێت کە چۆن خزمەتی هەمان خەڵک بکات رۆژ دوای رۆژ بۆ چەندەها ساڵ.