بۆچی ببم بە ئەندام لە کڵێسایەک؟
یەکێک لە کارە هەرە نامۆکان بە کولتوور کە دەتوانیت بیکەیت ئەوەیە ببیت بە ئەندامێکی پابەند لە کڵێسایەکی دڵسۆزی خۆجێیی.
لەم سەردەمی بێ باکیەماندا، نە باوەڕدارەکان و نە بێ باوەڕەکان خوازیاری ئەوە نین کە شوێنێک بدۆزنەوە بۆئەوەی ڕەگی تێدا دابوکتن و پابەندیەکی ڕاستەقینە و درێژخایەنیان لە پێناو چاکەی خەڵکانی تردا هەبێت. ئێمە بە سرووشت دەمانەوێت بژاردەکانمان بە کراوەیی بهێڵینەوە و لەسەرووی هەموو شتێکەوە ئازادی هەڵبژاردنی خۆمان بپارێزین، بەڵام لەبری ئەوەی گرنگی بە بەرژەوەندی خۆمان بدەین پێویستە پەیمانێکی درێژخایەن ببەستین و پابەندبین بە بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریەتییەکانمان لە ژیانماندا لە هەموو بەرزی و نزمییەکاندا.
بەڵام چی دەبێت ئەگەر تۆ دژی کلتوور بوەستیتەوە و ببیت بە بەشێک لە چارەسەر بۆ ئەم کێشە سەردەمییە بێ باکییە زۆرەی خەڵك؟ چی دەبێت ئەگەر پەیمانی دڵسۆزی و پابەندبوونت بدەیت بە کڵێسایەکی خۆجێیی ئینجیلی پابەند بە پەیامی مزگێنی؟
ئایا کتێبی پیرۆز ئاماژەی بە ئەندامێتی کڵێسا داوە؟
زۆربەمان پرسیارمان دەربارەی چەمکی ئەندامێتی کڵێسا کردووە. “ئەندامێتی”— لەکوێی پەیمانی نوێدا دەیبینین؟ ئایا بەشداریکردن لە کڵێسایەک گرنگە؟ ئایا ناتوانم هەموو ئەو شتانە بەدەست بهێنم کە پێویستم پێیەتی وەک باوەڕدارێک بە ڕۆیشتنم بۆ کڵێسا وەک ئامادەبوویەکی ئاسایی بەڵام پابەندی ئەوە نەبم کە ببم بە ئەندام؟
ئەوە ڕاستە کە پەیمانی نوێ ڕاستەوخۆ ناڵێت کە کڵێسا دەبێت ئەندامێتی هەبێت. هەروەها بە ئێمە ناڵێت کە چۆن ئەندامێتی بە شێوەیەکی کرداری لە کڵێسادا جێبەجێ بکەین. بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کتێبی پیرۆز بێدەنگە لەبارەی چەمکی ئەندامێتی کڵێساوە.
پەیمانی نوێ باسی ئەوە دەکات کە دەبێت هەموو باوەڕدارێکی ڕاستەقینەی مەسیح خۆی بسپێرێت بە کڵێسا و سەر بە خێزانی کڵێسا بێت. هەر باوەڕدارێک شوێنێکی تایبەتی خۆی هەیە لە کڵێسا خۆجێییەکەیدا. کاتێک لەئاو هەڵدەکێشرێیت واتە دەبێت ببیت بە بەشێک لە کڵێسایەکی خۆجێیی دیاریکراو. جۆن پایپەر دەڵێت: “لە ناو پەیمانی نوێدا دوورکەوتنەوە لە کڵێسای خۆجێیی واتە دوورکەوتنەوە لە مەسیح.”
شەش هۆکار بۆ ڕەگ داکوتین
ئەمانە شەش هۆکارن بۆ ڕەگ داکوتین و بەشداریکردن لە کڵێسایەکی خۆجێیی دیاریکراودا هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین بەشداربین لە ژیانی ئەو کڵێسایەدا.
١. دڵنیایی خۆت
قبوڵکردنت لە کڵێسایەکی ئینجیلی و خاوەن ڕابەرانی دڵسۆز بە ڕاستی دەیسەلمێنێت و ئەو متمانەیە دووپات دەکاتەوە کە باوەڕەکەت راستەقینەیە، واتە ئایینی تایبەت و دروستکراوی خۆت نییە، بەڵکو بەشێکە لە “ئەو باوەڕەی کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا” (یەهوزا ٣:١).
عیسا “کلیلی شانشینی ئاسمان” دەدات بە کڵێساکەی. هەروەها بەپێی مەتا ١٩:١٦، “ئەوەی تۆ لەسەر زەوی دایبخەیت، لەئاسماندا داخراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.” ئەوە شتێکی بچوک نییە بۆ کڵێسایەکی خۆجێیی پتەو کە بڵێت دانپێدانانی باوەڕەکەت ڕاستەقینەیە و شێوازی ژیان و ڕەفتارەکانت دژی دانپێدانانی باوەڕەکەت نییە، هەروەها ڕازی بن لەسەر ئەوەی ببیت بە ئەندامی کڵێسا. نیعمەتی زیاتر هەیە لەوەی کە زۆربەمان دەیزانین لە هەبوونی دڵنیایی ڕزگاربوونمان.
٢. باشی کەسانی تر
ڕەنگە ئەمە زۆرجار پشت گوێخراوترین هۆکار بێت بۆ بوون بە ئەندام لە کڵێسادا. ئێمە بە شێوەیەکی سروشتی جەخت لەسەر پێویستیەکانی خۆمان دەکەینەوە، نەک پێویستیەکانی ئەوانی تر. بەڵام با ئەوە فەرامۆش نەکەین و ببینین کە چۆن ئەندامێتی یارمەتی ئەوانی تر دەدات لە کڵێسادا.
ئەندام بوون لە شوێنێک بناغەیەک دادەمەزرێنێت کە لەڕێگەیەوە دەتوانین بەشێوەیەکی باوەڕپێکراو گرنگی بدەین بە کەسانی تر. ئەندامێتی کڵێسا دوو دیوی هەیە. یەکەم ئەوەیە کە خەڵکی یارمەتیمان دەدەن کە بەپێی وشەی خودا ڕێ بکەین. دیوی دووەم ئەوەیە کە یارمەتی ئەوانی تر بدەین بۆ ئەوەی شوێنی عیسا بکەون. ئێمە ناتوانین ئەوانی تر بە بەرپرسیار بهێڵینەوە بۆ چاکەی خۆیان بۆ پەیمانێک کە ئێمە خۆمان ملکەچی نین.
خۆشەویستی ڕاستەقینە تەنها لە هەستدا دەرناکەوێت، بەڵکو لە دڵسۆزیشدایە. ئێمە خوشک و براکانمان لە مەسیحدا خۆشناوێت ئەگەر دڵسۆز نەبین بۆیان ئەویش بە بەستنی پەیمان لەگەڵیاندا لە ژیانی کڵێسای خۆجێیدا. خۆشەویستی ناڵێت، “ئەم خەڵکەم خۆشدەوێت و نامەوێت پەیمان ببەستم لەگەڵیان.” بەڵکو دەڵێت، “هێندە ئەم خەڵکەم خۆش دەوێت کە بتوانم پەیمانیان لەگەڵ ببەستم.”
ژیان وەکو باوەڕدارێکی مەسیحی زیاترە لە تەنها هەبوونی پەیوەندی، بەڵکو پابەندبوونە بۆ ئەوەی لای یەک ئامادەبین کاتێک ژیان قورسە یان نەخۆشین یان خەمبارین.
٣. باشی خۆت
لە ڕووە پێچەوانەکەیەوە، ئەوە بۆ باشی خۆتە کە کەسانێک لەدەورت بن کە بە تەواوی پابەندن بە گرنگیدان پێت لە مەسیحدا. هەروەها ئەو خەڵکانەی بۆ ماوەیەکی درێژ بە باشترین شێوە گرنگیت پێدەدەن هەمان ئەو خەڵکانەن کە خوازیارن بە پابەندبوون بە ئەندامێتی کڵێساوە.
هەروەها بەشداریکردن لە کڵێسا بە فەرمی تۆ وەک بەشێک لەو “مێگەلە” ڕادەگەیێنێت کە پیر و قەشەکانی کڵێسا “دەیلەوەڕێنن” (یەکەم پەترۆس ٢:٥) و هەروەها پێویستە ئەوان “ئاگایان لێێان بێت” (کردار ٢٨:٢٠). ئەوە بۆ باشی خۆتە کە لە بیری ڕابەرایەتی کڵێساکەتدا بیت و گرنگیت پێبدەن.
٤. باشی ڕابەرەکانت
بەشداریکردن لە کڵێسایەک بەرچاوڕونیەک دەدات بە ڕابەرایەتی کڵێساکەت دەربارەی ئەوەی کێ لە “گرووپ”ەکەیانە، کێ “دراوەتە دەستیان” (یەکەم پەترۆس ٣:٥)، ئەوان بانگکراون کە خزمەت و شوانایەتی کێ بکەن.
بە واتایەکی تر بە فەرمی بەشداریکردنت لە کڵێسایەکدا یارمەتی قەشە و ڕابەرەکان دەدات کە کارەکەیان بکەن. چۆن شوانایەتی مێگەلەکە بکەن ئەگەر نەزانن کێ لەناو مێگەلەکەدایە و کێ لەناویدا نییە؟
ئەگەر ئەستەم نەبێت، کارێکی قورسە کە ڕێز لە ڕابەرەکانت بگریت (یەکەم سالۆنیکی ١٢:٥-١٣)، هەروەها شانازییان پێوە بکەیت (یەکەم تیمۆساوس ١٧:٥)، هەروەها گوێڕایەڵ و ملکەچیان بیت(عیبرانییەکان ١٧:١٣) بەبێ ئەوەی خۆت بە ئەوان بناسێنیت و ملکەچی پێکهاتەی ئەندامێتی بیت تاکو ڕێگەیان پێبدات بتناسن و باشترین گرنگی بدەن بە ئەندامەکانیان.
٥. باشی بێ باوەڕان
هۆکارێکی باشی تری ئەندامبوون لە کڵێسا بۆ باشی ئەو کەسانەیە کە هێشتا بەشداریان نەکردووە — تەنانەت ئەو کەسانەی کە هێشتا عیسا ناناسن. لەبەرئەوەی باشتر مەسیح نیشانی خەڵک دەدەین ودەگەین بە دەرەوە کاتێک وەک بەشێک لە کۆمەڵگەیەکی جێگر و پابەند دەبین. “بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت” (یۆحەنا ٣٥:١٣).
مەسیحییەکی سەربەخۆ و بێ کڵێسا نابێت بە باشترین شایەتی بۆ مەسیح. بەڵکو کەسێک کە پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ کڵێسا، خۆی سپاردووە بە لێپرسینەوەی کڵێسا و ئەندامەکانی خۆش دەوێ و خۆشدەویسترێت لەلایەن ئەندامەکانەوە، ئەوا ئەم باوەڕارە بەتەواوی ئامادەیە بۆ ڕاکێشانی خەڵکانی تر بۆ شانشینی خودا.
بەشداریکردن لە کؤمەڵگەیەکی کڵێسا گرنگە بۆ مزگێنیدانمان. ئەو باوەڕدارانەی کە بەڕاستی دڵسۆزی مەسیحن کەمینەن لەناو کۆمەڵگەدا. کەواتە هەبوونی باوەڕدارانی تر لەگەڵتدا و لە پشتگیریکردنت بۆ مزگێنیدان ئەوە نیشان دەدات کە تۆ تەنیا نیت لەو باوەڕەتدا کە نامۆیە بۆ کۆمەڵگە. هەروەها هەموو کڵێساکە بەیەکەوە باشترعیسای مەسیح نیشان دەدەن وەک لە باوەڕدارێک بەتەنیا.
ئەمە لە هاوڕێیەتییە لاواز و ناپابەندەکاندا بە باشی ئەنجامنادرێت، بەڵکو لەو پەیوەندییانەی کە قوڵ و پابەند و درێژ خایەن و بەیەکەوە ژیانن لەناو کۆمەڵەیەکی ڕێکخراوی سەلمێندراو بەپێی کات کە پێی دەوترێت “کڵێسای خۆجێیی،” کە دامەزراو و پارێزراو دەبێت لە ناو دانایی و دەسەڵاتی عیسای مەسیح خۆیدا.
٦. بۆ بەردەوامی خۆت
لەکۆتاییدا، پەیمان بەستن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڕێگەت نادەن لە پەیامی مزگێنییەکە دووربکەویتەوە یارمەتی بەردەوامبوونت دەدات لە باوەڕدا. ئەگەر دەستبکەیت بەوەی کە لە مەسیح دووربکەویتەوە، هاورێ ئەندامەکانی ناو کڵێساکەت هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بتگەڕێننەوە بۆلای عیسای مەسیح. ڕەنگە ڕۆژێک دابێت کە ئەمە گرنگترین شت بێت بۆ بەردەوامیت لە باوەڕ و ژیانە هەتاهەتاییەکەت لەگەڵ مەسیح. لە کۆتاییدا وەک عیسا ئەڵێت “بەڵام ئەوەی تا کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.” (مەتا١٣:٢٤).
کاتێک دەبینە ئەندامی کڵێسایەک، ئەوا ئێمە خۆمان بە بەرپرسیاریەتییەوە دەبەستینەوە. ئەگەر ڕۆژێک گوناهمان کرد و کوێر بووین لە بینینی ڕاستییەکان، کڵێسا پێمان دەڵێت کە تۆبە بکەین.
ڕاستکردنەوەی کڵێسایی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام زۆر تەندروستە. مەبەستەکە هەموو کات ئاشتبوونەوەیە، خودا زۆربەی کات دڵخۆشبووە بە بەکارهێنانی ئەم مەبەستە قورسانە بۆ ڕژاندنی نیعمەتە بێشومارەکەی.
“خوشک و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشەکرا و یەکێک گەڕاندییەوە، با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.” (یاقوب ١٩:٥-٢٠)
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.