بوێرە هیوا بە خودا بخوازیت
چۆن بە باشی شین بگێڕین؟
ئێمە بە گریانەوە هەنگاو دەنێین بۆ نێو ئەم دونیایە. هەرچەندە هیچ کام لە ئێمە ئەو ساتەوەختەمان لەبیر نییە، بەڵام یەکەم دەنگ کە دوای دەرچوونمان لە سنوورە گەرم و پارێزراوەکانی سکی دایکمان دەرمانکرد ناڕەزایەتییەکی بەرز بوو. ئێمە بە گریانەوە دەچینە ناو دونیاوە. گریان کردارێکی مرۆڤانەیە.
هەرچۆنێک بێت ئێمە تاکە بەش نین لە بەدیهێنراوەکانی خودا کە خەم و پەژارە دەردەبڕین. پۆڵۆسی نێردراوی خودا دەڵێت کە هەموو بەدیهێنراوان دەناڵێنن (ڕۆما ٨: ٢٢). هاوکات لەگەڵ کەوتنی ئادەم، جیهانی بەدیهێنراو تووشی کاریگەرییە شکاوەکانی گوناه بوو. مردن دوا بیرخستنەوەیە کە پێمان دەڵێت کە جیهان شکاوە. هەرچەندە نموونەی دیکەش هەن: شێرپەنجە، ئاڵوودەبوون، هاوسەرگیرییە شکستخواردووەکان، ململانێی پەیوەندییەکان، تەنیایی و ئازاردان.
ئێمە دوای لەدایکبوون ئیتر لە گریان ڕاناوەستین. بەردەوام دەبین چونکە دونیا شکاوە. لە کاتێکدا فرمێسک و خەم بەشێکە لە ژیانی مرۆڤایەتیمان، بەڵام زمانێکی نوێژکردن لە کتێبی پیرۆزدا هەیە کە زۆرجار پشتگوێ دەخرێت لە گەشتەکەماندا بە جیهانێکی شکاودا: شین گێڕان یاخود شیوەن کردن.
شین گێڕان یاخود شیوەن کردن چییە؟
شین گێڕان هەمان شت نییە لەگەڵ گریان. شین گێڕان جیاوازە و بەشێکی ناوازەی مەسیحییەتە.
کتێبی پیرۆز پڕە لەم گۆرانی خەم و پەژارەیە. زیاتر لە یەک لەسەر سێی زبوورەکان شین گێڕانن. کتێبی شینەکانی یەرمیا بەسەر وێرانبوونی ئۆرشەلیمدا شین دەگێڕێت. عیسا لە کۆتا کاتژمێرەکانی ژیانیدا شینی گێڕا. بەڵام شین گێڕان جیاوازە لە گریان چونکە جۆرێکە لە نوێژکردن. زیاترە لە تەنها دەربڕینی خەم یان دەرپەڕاندنی هەستەکان. شیوەن کردن لەگەڵ خودا باسی ئازار دەکات. ئامانجێکی ناوازەی هەیە کە متمانەیە. شیوەن کردن بانگهێشتێکی خوداییە بۆ ڕشتنی ترس و بێزاری و خەمەکانمان بە مەبەستی یارمەتیدانمان بۆ نوێکردنەوەی متمانەمان بە خودا.
چوار بەشی شین گێڕان یاخود شیوەن کردن
هەروەک لە زبوورەکان بەشی ١٣ دەردەکەوێت، زۆربەی شینەکان چوار بەش یاخود توخمی جەوهەرییان تێدایە:
ڕوو لە خودا بکە. زۆرجار شین گێڕان بە قسەکردن یاخود ڕوکردنە خودا دەست پێدەکات: ”ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟ هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟“ (زەبوورەکان ١٣: ١). بابەتەکە ئەوەیە کە ئەو کەسەی ئازاری هەیە هەڵدەبژێرێت یاخود بڕیار دەدات کە قسە لەگەڵ خودا بکات سەبارەت بەو شتانەی کە ڕوودەدەن.
گلەییەکانت لەگەڵ خۆت بێنە. هەموو شین گێڕانێک جۆرێک لە گلەیی تێدایە ”هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟ هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟“ (زەبوورەکان ١٣: ٢). زیاتر لە دەربڕینی گوناهبارانەی توڕەییمان، شیوەن کردنی ئینجیلی بە بێ فیزی و ڕاستگۆیانە ئەو ئازار و پرسیار و بێزارییانە نیشان دەدات کە لە ڕۆحماندا هەڵچوون.
بە بوێریەوە داوای یارمەتی بکە. داوای یارمەتیکردن لە خودا لەکاتی ئازاردا کردەوەیەکی باوەڕە: ”ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە، چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت، نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،» نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.“ (زەبوورەکان ١٣: ٣-٤). خەمێکی بێوچان دەتوانێت بێدەنگییەکی کوشندە دروست بکات کاتێک خۆمان دەدەینە دەست بێ ئومێدی دەڵێین (”هیچ هیوایەک نییە“) یان ئینکاری کردن لە هەبوونی خەم و بێتاقەتی و دەڵێین (”هەموو شتێک باشە“). بەڵام شین گێڕان بانگهێشتمان دەکات کە بوێری ئەوەمان هەبێت هیوامان بە بەڵێنەکانی خودا هەبێت لەکاتێکدا داوای یارمەتی لێدەکەین.
متمانەکردن هەڵبژێرە. ئەمە شوێنی مەبەستی شیوەن کردنمانە. هەموو ڕێگاکان بۆ ئێرە دەڕۆن: ”بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە، دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە. سروود بۆ یەزدان دەڵێم، چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.“ (زەبوورەکان ١٣: ٥-٦). زیاتر لە قۆناغەکانی خەم خواردن، ئەم زمانی نوێژکردنە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونمان بۆ متمانەکردن بە خودا لەکاتێکدا بەناو شکاوی ژیاندا دەڕۆین.
شین گێڕان زمانی نوێژکردنە بۆ گەلی خودا لە کاتێکدا لە جیهانێکدا دەژین کە بەهۆی گوناهەوە تێکچووە. شیوەن کردن ئەوەیە کە چۆن لەگەڵ خودا باسی خەمەکانمان دەکەین لەکاتێکدا هیوامان لە گرنگیپێدانی سەروەری ئەودا نوێدەکەینەوە. گریان کردارێکی مرۆڤانەیە بەڵام شیوەن کردن کردارێکی مەسیحیانەیە.
بۆچی شیوەن کردن کردارێکی مەسیحییە؟
ئەنجامدانی شیوەن کردن یەکێکە لەو کردەوانەی کە لە ڕووی ئاینزانیەوە یاخود خوداناسیەوە مرۆڤ دەتوانێت بیکات. لە کاتێکدا گریان بۆ مرۆڤایەتی بنەڕەتییە، بەڵام مەسیحییەکان شین دەگێڕن، چونکە دەزانن خودا سەروەرە و باشە. مەسیحییەکان بەڵێنەکانی ناو کتێبی پیرۆز دەزانن. ئێمە باوەڕمان بە هێزی خودا هەیە بۆ چاککردنەوەمان. ئێمە دەزانین گۆڕەکەی عیسا چۆڵە و زیندووە.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئازار و خەم و پەژارەمان ئەزموون دەکەین. شیوەن کردن زمانی ژیانکردنە لە نێوان جەمسەرەکانی ژیانێکی سەخت و متمانەکردن بە سەروەری خودا. شێوازێکی نوێژکردنە بۆ ئەو کەسانەی کە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەن کە عیسا دەگەڕێتەوە و هەموو شتێک ڕاست دەکاتەوە. مەسیحییەکان تەنها ماتەمینی ناگرن بەڵکو تامەزرۆی ئەوەن خودا کۆتایی بە ئازارەکان بهێنێت.
نوێژی شین گێڕان پێویستی بە باوەڕە. قسەکردن لەگەڵ خودا لەبری ئەوەی گوناهبارانە توڕە بیت یان ڕق لە دڵ بیت پێویستی بە درووستبوونی قەناعەتێکی ئینجیلی هەیە. دانانی ململانێ ناڕێکەکانی ڕۆحت و پاشان دووبارە و دووبارە داوا لە خودا کردن – بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات، پێویستی بە جیگیریەکی پتەوی خوداناسی هەیە. شینەکان لە خودا نزیکماندەکەنەوە لەکاتێکدا خەم و پەژارە وەسوەسەی ئەوەمان بۆ دروست دەکەن کە لێی دووربکەوینەوە.
شیوەن کردن لە چاویلکەیەکی ئینجیلییەوە جیهان دەبینێت و لێکدەداتەوە. مەسیحییەکان شین دەگێڕن چونکە ئێمە چیرۆکەکەی پلانی خودا دەزانین: بەدیهێنان، کەوتنی مرۆڤ، ڕزگارکردن و کڕینەوەی مرۆڤ لە گوناه و گەڕاندنەوە. ئێمە هۆکاری هەموو شین گێڕانێک دەزانین کە گوناهە. لە کتێبی ئاشکراکردن سەبارەت بە کۆتایی هاتنی هەموو شینەکان دەخوێنینەوە:
”ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.“ (ئاشکراکردن ٢١:٤)
بۆیە مەسیحییەکان نەک هەر شین بۆ شکاوی جیهان دەگێڕن، بەڵکو تامەزرۆی ئەو ڕۆژەن کە هەموو گریانێک کۆتایی پێبێت. ئێمە دەپرسین: ”ئەی یەزدان، هەتا کەی؟“ (زەبوورەکان ١٣: ١). هەموو کەسیێک دەتوانێت بگری. بەڵام تەنها مەسیحییەکان دەتوانن بە دڵسۆزیەوە شیوەن بگێڕن.
فێری شیوەن گێڕان بە
بەو پێیەی ژیان پڕە لە خەم، و بەو پێیەی کتێبی پیرۆز ڕوونە سەبارەت بە پلانی خودا، مەسیحییەکان دەبێ شیوەن گێڕی لێهاتوو بن. پێویستە بەردەوام لەگەڵ خودا باسی خەم و کێشەکانمان بکەین. مەسیحییەکان پێویستە فێری شین گێڕان بن.
یەکێک لە ڕێگاکانی دەستپێکردن ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر زەبوورەکانی سەبارەت بە شیوەن کردن بخوێنیتەوە. لە زەبووری ١٠ و ١٣ و ٢٢ و ٧٧ دەست پێ بکە و پاشان بچۆ بۆ ئەو زیاتر لە چل شین گێڕانەی تر کە لە کتێبی زبوورەکاندا هاتووە. زەبووری شیوەن گێڕان بۆ خەم و پەژارەی کەسی و هەروەها هاوبەشی نێوان خەڵک دەبینیتەوە. شیوەن کردن بۆ ساتەکانی تەوبەکردن و هەروەها بۆ ئەو کاتەی کە تامەزرۆی دادپەروەریت بوونی هەیە. لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم زەبوورانەدا هەندێک بڕگە و دەستەواژە دەبنە ئەو دەستەواژانەی کە خۆت بەکاریاندەهێنیت. سەرت دەسوڕمێ بەوەی کە چەندە پەیوەندیدار دەبیت و دەبەسترێیتەوە بەو وشانەی دەیخوێنیتەوە. شینەکان بە خێرایی دەبنە کەسی.
ڕێگەیەکی دیکە ئەوەیە کە زەبوورێکی شیوەن کردن بخوێنیتەوە بە گەڕان بەدوای هەریەک لەو چوار توخمەی کە باسم کرد: ڕووکردنە لای خودا، هێنانی گلەییەکەت بۆی، بە بوێری داواکردن و هەڵبژاردنی متمانەکردن. کاتێک نموونەی هەر توخمێکت دۆزیەوە، بیر لە نووسینی شیوەن کردنی خۆت بکەرەوە. بزانە دەتوانیت شوێن ڕەوتی دەقەکە بکەویت کاتێک باسی کێشەکەت بۆ خودا دەکەیت. لەبیرت بێت هەر زەبوورێک لەلایەن کەسێکی ڕاستەقینەوە نووسراوە کە کێشەی ڕاستەقینەی هەبووە. نووسینی شینی خۆت بە شێوازێکی جوان، خوداناسی دەوڵەمەند لەگەڵ هەست و سۆزی ڕاستەقینە تێکەڵ دەکات.
تا عیسا دەگەڕێتەوە، جیهان پڕ دەبێت لە فرمێسک. منداڵان بەردەوام دەبن لە لەدایک بوون و یەکەم گریانیان بۆ هاتنیان بۆ ناو جیهانێکی شکاو ڕادەگەیەنن. گریان کردارێکی مرۆڤانەیە بەڵام شیوەن کردن کردارێکی مەسیحیانەیە.
مارک ڤرۆگۆپ قەشەی سەرەکی کڵێسای کۆلێج پارکە لە ویلایەتی ئیندیاناپۆلیس، هەروەها نووسەری کتێبی هەوری تاریک، میهرەبانی قووڵ: دۆزینەوەی نیعمەتی شیوەن کردن.
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.