باشترین لێکدانەوە بۆ نیازی کەسانی تر بکە
من گوناهەکانم نەدەبینی تا ئەو کاتەی کاریگەرییەکانیم بینی لەسەر هاوسەرەکەم. هاوسەرە شۆخ و شەنگ و سادە وەک منداڵ و درەوشاوەکەم دەستی کرد بەوەی کەمتر گاڵتە بکات و کەمتر پێبکەنێت. ئەو بێدەنگتر بوو، وزەی کەمتر بوو. گوڵە باخە جوانەکەم لەبەرچاوم هەڵوەری.
وەک هەر هاوسەرێکی تر ویستم یارمەتی بدەم. ڕۆژێک لێم پرسی کە چی هۆکاری ئەم گۆڕانەیە. زۆری نەخایاند ئەو سەرچاوەیەم دۆزییەوە کە پێشبینیم نەدەکرد و سەرچاوەکەش من بووم. گریمانە و لێکدانەوە خراپەکانی من بوو بۆ نیازی خەڵك کە زۆر بە خێرایی بڵاودەبوەوە. ئەو لێکدانەوانە تەنها لای من نەمانەوە بەڵکوو گوومانەکانی من بووبوون بە گومانی ئەویش.
گومان و لێکدانەوەی خراپ بۆ نیازی خەڵک، بە ئەزموونی خۆم دەزانم، دەخزێتە ناو مێشکمانەوە و دەمانکات بە خیانەتکار دژی خۆمان، مەترسی بۆ خێزانەکانمان، ژەهر بۆ کڵێساکانمان. گومانەکانمان ئەتوانن وامان لێبکەن کە لە ئازیزترین کەسەکانمان بدەین. ئەم گومانانە وات لێدەکەن کە خۆت پێشبینی خراپ بکەیت و خۆت پێشبینییەکە بۆ خۆت بهێنیتە دی. تا زیاتر گومان بکەین، ئەوا زیاتر هۆکار دەدۆزینەوە بۆ گومانکردن، تا زیاتر متمانە نەکەین، ئەوا هۆکاری زیاتر دەدۆزینەوە بۆ متمانەنەکردن. هەر دەنگێک لە ماڵەکەت بێت وا ئەزانی دزە.
بیرکردنەوە لە خراپترینی کەسە ئازیز و نزیکەکانمان ناڕەوایە و متمانە پێنەکراوە، و زۆر بە ئاسانی لە ژیانماندا کار دەکات بێ ئەوەی هەستی پێبکرێت. بەڵام ئێمە دەزانین کە گوناهەکانمان بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو لەلایەن خوداوە و بەهۆی مەسیحەوە بەخشراون، لەبەر ئەوە ئێمە ئازادکراوین بۆ ئەوەی گوناهە وردەکانمان، بێ متمانەیی پێشوەختەمان وەلا بنێین، هەروەها باشترین لێکدانەوە و گریمانە بۆ کەسانی تر بکەین.
خۆشەویستی لە سەردەمی گوماندا
وەک مرۆڤی کەوتوو و گوناهبار، گوناه بە سروشتی خۆی فریومان دەدات بۆ ئەوەی وەک پاشا لیر بڵێین “من کەسێکم کە گوناهم زیاتر بەرامبەر کراوە وەک لەوەی گوناهم کردبێت،” بێ ئەوەی فێرکرابین، زۆر بە ئاسانی کێشەکانمان لە دەرەوەی خۆمان دەبینین و کەسانی تر بە هۆکار دەزانین. گوناهەکانی ئەوان بەرامبەر من نەک گوناهەکانی من بەرامبەر خودای گەورە، زیاتر توشی کێشەم دەکات. کاتێک ئەوە تەرکیزی ئێمەیە، ئەوا ئێمە خێرا دەبین لە قسەکردن و خاو دەبین لە گوێگرتن، خێرا لە هەڵچوون و خاو لە بەرگەگرتن، خێرا لە گومانکردن و خاو لە لێخۆشبوون.
ئەو ڕۆحە دژی ڕۆحی خۆشەویستی، ڕۆحی مەسیح، رۆحی باوەڕدارە: “خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە. بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات. بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت. خۆشەویستی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.” (یەکەم کۆرنسۆس ٤:١٣-٧)
ڕۆحی ئەم سەردەمە خراپترین لێکدانەوە بۆ سەرنجە ئاڵۆزەکەی کەسە نزیکەکەی دەکات، بەڵام ڕۆحی کەسێکی باوەڕدار باشترین لێکدانەوەی گونجاو بۆ سەرنج و نیازی کەسە نزیکەکەی دەکات، بەو شێوەیە لێکدانەوە بۆ نیازی ئەو دەکات کە دەیەوێت لێکدانەوە بۆخۆی بکرێت.
کاتێک بە هۆی گوناهەوە ڕۆحی جەستە لەلایەن ئەندامێکی کڵێساوە ستەمی لێدەکرێت، ئەوا ئەو کەسە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ توڕەیی خۆی بە زەمکردن یان ڕەخنەگرتن لە پاشملە دەردەبڕێت. ڕۆحی باوەڕدار سەرەتا بەدوای کاریتەکەی ناو چاوی خۆی دەگەڕێت (مەتا ٣:٧-٥)– هۆشیارە بەوەی کە ئەو “پیاوێکە زیاتر گوناه دەکات وەک لەوەی گوناهی بەرامبەر دەکرێت”— خۆبەخشانە حوکمدانەکانی سنوردار دەکات تا ئەو ڕادەیەی زۆر ڕوون بێت بۆی، پاشان دەیەوێت لە کەسەکە نزیکبێتەوە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەکو برایەک بۆی ڕوونبکاتەوە (مەتا ١٥:١٨).
لەبری ئیرەیی بردن بە کاریگەری و سەروەت و سامانی کەسێکی تر، لەبری ئەوەی خۆبەزلزان و بێ ڕێز بن، لەبری ئەوەی مێردەکان پێداگیری لەسەر ئەوە بکەن کە شێوازەکانی خۆیان ڕاستە یان ژنەکان توڕە و ناڕازی بن، خۆشەویستی مەسیحی بەشێوەیەک ئامادەکراوە و هێزی پێدراوە کە جیاواز بێت — لەناو خێزان و کڵێسا و جیهاندا. کاتێک گوومانکردن پێکەنین دەخنکێنێت و بێ متمانەیی هاوڕێیەتی لەناودەبات، دەبێت گەلی خودا لەم جیهانەدا کە پڕە لە گوناه و لێکدانەوەی خراپ بۆ کەسانی تر بدرەوشێنەوە— بەرگەی هەموو شتێک بگرن، هیوا بە هەموو شتێک بخوازن، باوەڕ بە هەموو شتێک بکەن (یەکەم کۆرنسۆس ٧:١٣).
ئەم کۆمەڵگەی خۆشەویستی و نیعمەت و لێبوردەییە بە هێواشی گەشە دەکات، بەڵام بە دڵنیایی گەشە دەکات. بە شێوەیەکی ناتەواو، لەگەڵ هەبوونی لادان و کۆسپ بە درێژایی ڕێگاکە، بەڵام بێ گومان گەشە دەکات. ئەمە میراتی گەلی خودایە کە ڕۆحی پیرۆزیان تیادا نیشتەجێیە، ئەوەی ئێمە دەکات بە شایەت لەبەرچاوی ئەو جیهانەدا و هەوڵدەدات بەرەو خۆی ڕامانبکێشێت “بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.” (یۆحەنا ٣٥:١٣).
ئازادی بۆ باشترین لێکدانەوە بۆ نیازی کەسانی تر
کەواتە ئەوان چی دەبینن؟ ئایا خێزانەکان پابەندی ئاسای مەسیحن بۆ خۆشەویستی و لێخۆشبوون؟ ئایا پۆستەکانی سۆشیال میدیا بە دوورن لە حوکمدانی خێرا لەسەر خەڵک؟ ئایا کۆمەڵگە ناکامڵەکان پڕن لە هیوا و میهرەبانی؟ کڵێساکان بارگرانی یەکتر هەڵدەگرن و ئازادی دەدەن بە ئەندامەکانیان بۆ گومانکردن؟ یاخود جیهان زیاتر هەمان دابەشبوون، بێمتمانەیی، ناتەبایی دەبینێت؟
چارلز سپێرجن بە خوێندکارەکانی ڕادەگەێنێت “باشترە سەد جار فریو بدرێیت لەوەی کە ژیانێک بژیت پڕ بێت لە گومان” (وانەکان بۆ خوێندکارەکانم، ٣٢٧). ئایا هەست ناکەیت کە ئەمە ڕاستە؟ باشترە کە ئەو هێرش و رەگەزپەرستی و بێ رێزی و بێهەستییەی بەرامبەرم دەکرێت لەبیری بکەم و لەسەری حیساب نەکەم، ئەگەرچی سووکایەتیکردنیشی تێدا بێت. کاتێک گوناه ئاشکرایە، ڕەنگە شتەکان جیاوازبن، بەڵام گوومانەکان وامان لێدەکەن کە ڕووبەڕووی ئەو گوناهانە ببینەوە کە ئەگەری هەیە ئەنجامدرابن بەهەمان شێوەی ئەو گوناهانەی کە بە ڕوونی ئەنجامدراون.
ئێمە لەلایەن مەسیحەوە بەتەواوی ئازادکراوین کە باشترین هیوا بخوازین، باشترین لێکدانەوە بۆ نیازی کەسانی تر بکەین، گوناهە شاراوەکانی خەڵکانی تر بەجێبهێڵین بۆ بەدیهێنەرەکەیان. ئەمە ئەو خۆشەویستییەیە کە چەندەها گوناه ئەنجامدراون یان بە خەیاڵماندا هاتووە دادەپۆشێت؛ هەروەها ئەمە ئەو شکۆمەندییەی باوەڕدارێکی ڕاستەقینەیە کە ئەو سوکایەتییانە لەبیردەکات کە بەرامبەری دەکرێت: “وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە، شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون” (پەندەکانی سلێمان ١١:١٩).
رۆڵەی ڕۆژ
وەک باوەڕداران، ئێمە بە نرخێک کڕدراینەوە؛ ئێمە چیتر موڵکی خۆمان نین؛ بۆ مەسیح دەژین. سپێرجن ئەم ژیانە بۆ مەسیح وەک دژە ژەهر بە خوێندکارەکانی دەناسێنێت.
برایان، خۆتان بەدوور بگرن لە خووی گومانکردن ئەویش لە ڕێگەی دەستبەرداربوون لە خۆشەویستی خودەوە. بە شێوەیەک حوکم بدەن بەوەی کە بابەتێکی بچوکە کە خەڵکی چی لەبارەی تۆوە بیردەکەنەوە یان چی دەڵێن، و تەنها گرنگی بە مامەڵەکردنیان لەگەڵ یەزدان بدە. (٣٢٨)
چۆن مامەڵەم لەگەڵ دەکرێت، چۆن هێزم پێدەدرێت، چۆن لێم تێدەگەن، چۆن دەبینرێم و چۆن دەناسرێم کاری ژیانی کەسێکی باوەڕدار نییە. چۆن ڕێزمان لێ دەگیرێت هێشتا گرنگە بەڵام هەموو شتێک نییە. چۆن لە پشتەوە باسمان دەکەن، چۆن لە ژوورە نەبینراوەکانی مێشکیاندا مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، ئێمەیان بە دڵە یان نا، یان مەبەستەکەی فڵان کەس چی گرنگییەکی هەیە بۆ کەسێکی دووبارە لە دایکبووەوە.
لە کاتێکدا خۆ بە گرنگ زانین کە وەک زیندانێکی ڕۆحییە گوڵە جوانەکانی دەورووبەر دەکووژێت، مەسیح گوڵە باخە هەڵوەریوەکان بەرزدەکاتەوە و فێرمان دەکات کە هیوامان بە هەموو شتێک هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ باوەڕدارانی تر. خۆشویستنی خودا بە هەموو دڵ و هەموو گیان و هەموو بیر و تواناوە و هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەمان وەک خۆمان تیشکی خۆر و بەرەکەت دەبەخشێت بە پەیوەندییەکانمان، نانی ڕۆژانەی ڕۆحمانە، هەروەها گوێڕایەڵی و ڕێزگرتنە لە ناوی مەسیح.
ئایا گومانت لە کەسانی تر هەیە؟ هەموومان ئەوەندە ژیاوین کە “ڕۆژەکانمان لە قین و ئیرەییدا بەسەردەبرد، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو.” (تیتۆس٣:٣). کاتێک لە سێبەری گوماندا دەژین مەسیح بانگمان دەکات کە وەک ڕۆڵەی ڕۆژ لە تیشکی خۆردا بژین، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت، باوەڕمان بە هەموو شتێک هەبێت، هیوامان بە هەموو شتێک هەبێت، بەرگەی هەموو شتێک بگرین (یەکەم کۆرنسۆس ٧:١٣). ئەمە وەک هەوای فرێشە لە ئاسمانەوە — هەوایەک کە لەم سەردەمە پیس و گوماناوییەدا تەندروست و یەکگرتوو دەمانهێڵێتەوە.
گرێگ مۆرس نووسەری ستافە بۆ ماڵپەڕی desiringGod.org و دەرچووی کۆلێژی ئاینزانی بەیتلەحمە. ئەو و هاوسەرەکەی ئابیگەیڵ لەگەڵ کوڕ و کچەکەیان لە شاری سانت پاوڵ دەژین.