
ئیتر بەهێزی خۆم نا، بەهێزی مەسیح دایکایەتی دەکەم
یەکگرتن لەگەڵ مەسیح (و منداڵانی بچووک)
وەک دایکان، زۆر جار ڕۆژەکانمان پڕن لە شتی چاوەڕواننەکراو و شێتانە.
ئێمە چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاوازمان هەیە وەک دایکێک، لەو کاتانەشدا هەوڵدەدەین پێشبینی روودانی ئەو کارەساتانە بکەین کە دەکرێ لەداهاتوودا رووبدەن و هەوڵیش بدەین کە رێگری لە روودانیان بکەین، بەڵام زۆرجار دەبینین کە ناتوانین ئەوە بکەین، چونکە پێشبینیکردن و هەوڵدان بۆ روونەدانیان لەدەرەوەی زانیاری و خۆڕاگری و هێز و توانای ئێمەدایە. هەمیشە شتانێک هەیە کە مێشکمان پێوەی سەرقاڵ بێت، بۆیە دەبینین کە لەکۆتایی رۆژەکەدا زۆر ماندوو و بێتاقەتین، کە دەشخەوین دەزانین بەیانی لە ئەمڕۆ باشتر نابێت.
لە ڕۆژانی سەرقاڵیدا زۆرجار لەبری ئەوەی ڕوو لە خودا بکەین، کەچی دەمانەوێ یارمەتی و هیوا لە شتە درووستکراو و دونیاییەکانەوە دەستبخەین، واتە لەبری ئەوەی هیوا لەسەر خودا بنیات بنێین، هانا بۆ دونیا و دەوروبەرمان دەبەین. دەمانەوێ لە شتە درووستکراو و دونیاییەکانەوە ئارامی و ئاسوودەییمان دەستبکەوێت. بۆ نموونە لەوانەیە خۆمان بە سۆشیال میدیا خەریک بکەین، یان درووستکردنی ژەمێک، یان گەڕان بەدوای یارمەتی لە ئینتەرنێتدا، یانیش تەنها کاتژمێرەکان بژمێرین و بە هیواوە چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەو رۆژەش تێبپەڕێت.
دایکی تێکۆشەر، پێوست ناکات ئاسوودەیی و ئارامی لە خۆسەرقاڵکردنی کاتیدا بدۆزیتەوە، چونکە راستەقینە نییە، یارمەتی و هیوای قوڵ و راستەقینە لێتەوە دوور نییە، تەنها بە زانینی ئەوەی کە مەسیح کێیە و چییە بۆ ئێمە و بۆ لە ئەوداین، دەتوانی خۆشی و ئارامی بدۆزینەوە.
ئێمەی دایکان وەک شاژنین
باوەڕ و فێرکاری یەکگرتن لەگەڵ مەسیح ڕاستییەکی سەرەکییە کە زۆرجار رەنگە بە سادەیی بیبنین یانیش بە تەواوی لێی تێنەگەین. ئێمە دەزانین کە ئەم یەکگرتنە راست و پێویست و گرنگە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەڕاستی ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی وەک خۆی لێی تێبگەین و ئەزموونی بکەین و لە ژیانی ڕۆژانەماندا جێبەجێی بکەین؟!
کاتێک عیسا هاتە سەر زەوی، لە جەستەی مرۆڤدا بەرجەستە بوو، وەک مرۆڤێک ئەم ژیانەی ئەزموون کرد، بۆیە لە ئازار و لاوازیمان تێدەگات. مەسیح ژیانێکی تەواو و بێ کەموکوڕی ژیا، باجی گوناهەکانی ئێمەی دا و لە پێناومان خۆی کردە قوربانی، ئێمە کە شایەنی مردن بووین، کەچی ئەو لە جیاتی ئێمە مرد بۆ ئەوەی رزگارمان بکات. لە رێگەی نیعمەتی باوەڕهێنان بە مەسیح و قوربانییەکەی یەکدەگرین لەگەڵی. وەک پۆڵس لە گەلاتیا ٢: ٢٠ دەڵێت: «من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من.». خودا ئێمە گرێدراو بە مەسیح و راستودرووستییەکەوە دەبینێت. هەموو ئەو شتانەشی کە مەسیح هەیەتی هی ئێمەشە. وەکچۆن ئێمەش هی ئەوین.
لە یەکێک لە بەرهەمەکانی لوسەر سەبارەت بە ئازادی مەسیحی، ئەم یەکگرتن و یەکێتییە لەگەڵ مەسیح بە روونکردنەوەی نموونەی هاوسەرگیری پاشایەک وەسف دەکات لەگەڵ لەشفرۆشێک. بە یەکگرتنیان لە رێگەی هاوسەرگیرییانەوە، لەشفرۆشەکە دەبێتە شاژن و هەموو ئەو شتانەی کە هی پاشایە، دەبێت بە هی ئەویش. ئەو لەپڕێک دەبێت بە خێزانی پاشا، جلە پیسەکەشی دەگۆڕدرێ بە رۆبی شاژنانە. نەک هەر ئەوە، تەنانەت پاشا هەموو سەرپێچی و قەرزەکانیشی دەخاتە سەرشانی خۆی و لەسەر ئەو لایدەبات. هەروەک لوسەر نوسیویەتی:
مەسیح، وەک ئەو مێردە دەوڵەمەند و بەڕێزەیە کە لەشفرۆشێکی هەژار و بێ ئابڕوو دەکاتە هاوسەری خۆی، لە هەموو خراپەیەک رزگاری دەکات و هەموو شتێکی باشیشی بۆ دابین دەکات. ئیتر مەحاڵە گوناهەکانی لەناوی ببەن، چونکە مەسیح خستوویەتییە سەر شانی خۆی. بۆیە لەبەر بوونی لە ژێر سەرپەرشتی مێردە راستودرووستەکەی دەتوانێت بە متمانەوە بەرامبەر بە گوناه و مردن و دۆزەخ بڵێت ئەگەر گوناهیشم کردبێت، بەڵام مەسیحەکەم، ئەوەی کە باوەڕم پێیەتی، گوناهی نەکردووە، هەموو ئەو شتانەی کە هی منن هی ئەوەو ئەوەشی کە هی ئەوە هی منن.
یەکگرتنی ئێمە لەگەڵ مەسیح تەنها بیرکردنەوەیەکی خۆش یان فێرکارییەکی باش نییە، بەڵکو ئەوە راستیشە. ئێمە بە ڕاستی و بە قووڵی یەکمانگرتووە لەگەڵ رزگارکەرەکەمان. ئێمە هی ئەوین، ئەویش هی ئێمەیە.
دایکایەتی لە سەرکەوتنی کەسێکی تردا
ڕانکین ویلبۆرن یەکگرتن لەگەڵ مەسیح بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: “کاتێک ئێمە لە مەسیحداین، هەموو بەشێکی ژیانی مەسیح بۆ ئێمە گرنگی هەیە نەک تەنها مردنەکەی. ئێمە لە ژیان و گوێڕایەڵبوون بۆ ئەو و مردن و زیندووبوونەوەکەشی هاوبەشین، تەنانەت لە بەرزبوونەوەکەشی! ئێمە بەشداری لە سەرکەوتنی کەسێکی دیکەدا دەکەین” (یەکگرتن لەگەڵ مەسیح، ٤٥).
بە درێژایی نامەکانی، پۆلس دەستەواژەی “لە مەسیح” بەکاردێنێت بۆ وەسفکردنی یەکگرتنەکەمان. “لە مەسیحدا” ئێمە ئازاد کراوین، بووینەتە رۆڵەی ئەو، پیرۆز و شکۆدار کراوین. (یەكەم كۆرنسۆس ١: ٣٠ ;دووەم كۆرنسۆس ٥: ١٧ ). ئێمە ئەم یەکگرتنە لە ڕێگەی ڕۆحی مەسیحەوە ئەزموون دەکەین کە لە ناوماندا دەژی. لەم ئێوارەی پێش ئەوەی کە عیسا خیانەتی لێ بکرێت، بەڵێنی بە قوتابیەكانی دا کە ڕۆحەکە دێت و لەناویاندا دەژیێت. لە ڕاستیدا، ئەو وتی باشە کە بۆ ئێستا بەجێتان دەهێڵم ، بەمشێوەیە ڕۆحەكە دێت. (یۆحەنا ١٦: ٧).
ڕۆحی پیرۆزی بەڵێنپێدراو وەک مۆرێک دەستنیشانی کردووین كە ئێمە پەیوەست و گرێدراوین بە مەسیحەوە (ئەفەسۆس ١: ١٣- ١٤). ئێمە هاوەڵی لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ڕۆحەوە ئەزموون دەکەین. ئەو ئاسودە و پارێزراومان دەکات، هانمان دەدات، تاوانبارمان دەکات، فێرمان دەکات و رامان دەسپێرێت . کەوایە ئێمە چیتر وەک دایکێکی ئاسایی ناژین و بە توانای خۆمان دایکایەتی ناکەین، بەڵکو بە رۆحی پیرۆز دەیکەین (ڕۆما ٨: ٩).
یەکێتی و یەکگرتن لەژیانی دایکایەتیدا
یەکگرتووییمان لەگەڵ مەسیح چ پەیوەندییەکی بە ژیانی دایکایەتییەوە هەیە؟ چۆن پەیوەندی بە ژیانی رۆژانمانەوە هەیە وەک دایکێک و چۆنیش هیوامان پێ دەبەخشێت لە خۆشویستنی منداڵەکانمان؟
کاتێک بیستەمین داییی منداڵەکەت دەگۆڕیت لە رۆژێکدا، هەست دەکەیت هیچ دەستکەوتێکت نەبووە، بەڵام دەتوانیت ئەوە وەبیر خۆت بهێنیتەوە کە تۆ یەکگرتووی لەگەڵ مەسیح. ئەگەر بە قوڵی دایکایەتی بکەن بۆ یەزدان، ئەوە بزانن کە خودا پاداشتتان دەداتەوە، چونکە بەوە خزمەتی مەسیح دەکەن و شکۆی خودا دەردەخەن(كۆلۆسی ٣: ٢٣- ٢٤). کاتێک کە تۆ بۆ شکۆمەندی و ستایشی مەسیح کار دەکەیت، هەرچەندە ئەگەر کارەکەت بە ڕواڵەت کەم بایەخ و دووبارەبووەوە دیار بێت، بەڵام دڵنیابە کە هەرگیز بەفیڕۆ ناچێت. بەهۆی کارە تەواوەکانی مەسیح بۆتۆ و لە جیاتی تۆ، كارەكانی تۆش لەلای خودا بە پیرۆز دادەنرێن. خودا خۆشەویستی راستەقینەیە و گرنگیدان بە منداڵەکانت دەبینێت کە بەرهەمی رۆحی پیرۆزە لە تۆدا، ئەمەش بەمەش خودا شکۆمەند دەبێت (یەكەم كۆرنسۆس ١٠: ٣١ ; ١٦: ١٤).
زۆرجار وەک دایکێک هەست بە شکست دەکەیت لەبەرئەوەی منداڵەکەت لە بازاڕێک لەسەر زەوییەکە رادەکشێت و دەگری و هەموو کەس سەیر دەکەن، رەنگە لەو کاتەدا بیر لەوە بکەیتەوە کە رەفتاری منداڵەکەت ئەو شتە نییە کە مانا و مەبەست بە ژیانت ببەخشێت. بەهای تۆ پەیوەست نییە بەوەی کە دایكێکی چەند باشی یان منداڵەکانت چەند باش رەفتار دەکەن، بەڵکو بەهای تۆ پەیوەستە بە چیەتی مەسیح لەلای تۆ و هەبوونەکەی لەناو تۆ (گەلاتیا ٢: ٢٠ ; ئەفەسۆس ١: ٤-٥ ).
کاتێک وەک دایکێک گوناه دەکەیت، کاتێک بە بێ ئارامی یان تووڕەیی وەڵامی منداڵەکانت دەدەیتەوە، ئەوەت لە بیر بێت کە لە ڕێگەی یەکگرتنت لەگەڵ مەسیح، خودا مردنی خۆی قبوڵ دەکات بۆ گوناهەکەت. ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە ( یەكەم یۆحەنا ١: ٩). بەهۆی یەکگرتنەکەت لەگەڵ مەسیح، ڕۆحی ئەو لە ناختدا دەژیت و لەناوتدا کار دەکات، و پاکت دەکاتەوە لە گوناهەکانت و دەتگۆڕێت بۆ وێنە مەسیح. ئەوەی ئەو دەستی پێکرد تەواوی دەکات و تۆش بۆ ڕۆژی عیسای مەسیح ئامادە دەکات ( فیلیپی ١: ٦).
کاتێک هەست بە لاوازبوون یان بێدەسەڵاتی یان ناتەواوی دەکەیت، یەکبوونت لەگەڵ مەسیح بەبیرخۆت بێنەوە، کە لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە ( كۆلۆسی ٢: ٣) ئەو هێزی تۆیە. مەسیح بۆ تۆیە كاتێک تۆ ناتوانیت بۆ خۆت بیت. هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە ( دووەم پەترۆس ١: ٣). هاواری ئەو بکە بۆ یارمەتی و هیوا. بە دوای دانایی ئەودا بگەڕێ. ئەو بەسە.
کاتێک منداڵەکانت پێدەگەن و کەمتر پشتت پێ دەبەستن، هەست بە بێسوودی خۆت دەکەی، بەڵام هەمیشە ئەوەت لەبیر بێت کە تۆ لە مەسیحدایت و بۆ کاری باش دروست كراویت پێش ئەوەی کات دەست پێ بکات.(ئەفەسۆس ٢: ١٠). دوای پێگەیشتن و سەربەخۆبوونی منداڵەکانت، خودا لەم قۆناغە نوێیەی ژیاندا کارێکی ماناداری بۆ تۆ هەیە. لە کاتێکدا لە گەنجیدا رەنگە تەنها سەرنجت لەسەر ئەوان بووبێت، بەڵام ئێستا پلانی دیکەی بۆ تۆ هەیە. لە ڕێگەی پەیوەندی و یەکگرتووییت لەگەڵ مەسیح، ئەو بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە تۆدا و لە ڕێگەی تۆوە مەبەستە باشەکانی خۆی بەدی دەهێنێت.(یۆحەنا ١٥: ٥).
دایکان، ڕۆژەکانمان زۆرجار پڕ کێشە و ماندووکەرن و پێی تاقی دەکرێینەوە، بەڵام هەرگیز ئەوە لەبیر مەکەن کە ئێمە بە تەنیا نین. ئێمە بە باوەڕ لەگەڵ عیسادا یەکگرتوین. ئەو یەکگرتنەتان لەبیر بێت و پێیەوە بچەسپێن. هێزی لێ وەرگرن و پێی دڵخۆش بن.
کریستینا فۆکس (@christinarfox) نووسەر و وتاربێژ، خاوەنی چەند کتێبێکە وەک؛ بتەکانی دڵی دایکێک، هیوای پێویست: مێدیتەیشنی ئینجیل و نوێژکردن بۆ دایکان. دەتوانیت زیاتر بزانیت لەبارەیەوە لە رێگەی سەردانکردنی وێباسیتەکەی.
ئەم وتارە وەگیراوە لەم سەرچاوەیە.



