06ئازار2026
  • About

In Socials

Facebook-f Youtube Instagram
Get in Touch
  • English
  • کوردی
  • بەھدینی
  • Kurmanji
  • English
  • کوردی
  • بەھدینی
  • Kurmanji
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • یادی لە دایکبوونی مەسیح
  • وتارەکان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
    • کڵێسا و خزمەتکردن
    • گەشەی ڕۆحی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • کتێبی پیرۆز
  • کتێبخانە
  • په‌یوه‌ندی
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • یادی لە دایکبوونی مەسیح
  • وتارەکان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
    • کڵێسا و خزمەتکردن
    • گەشەی ڕۆحی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • کتێبی پیرۆز
  • کتێبخانە
  • په‌یوه‌ندی
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • یادی لە دایکبوونی مەسیح
  • وتارەکان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
    • کڵێسا و خزمەتکردن
    • گەشەی ڕۆحی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • کتێبی پیرۆز
  • کتێبخانە
  • په‌یوه‌ندی
  • ماڵەوە
  • دەربارە
    • بەیاننامەی باوەڕ
  • یادی لە دایکبوونی مەسیح
  • وتارەکان
    • کەنیسە و خزمەت
    • گەشەکرنا گیانی
    • خواناسی
    • خێزان
    • گۆڕان
    • یادی لە دایکبوونی مەسیح
  • کتێبخانە
  • په‌یوه‌ندی
  • English
  • کوردی
  • بەھدینی
  • Kurmanji
Blog
Home خێزان ئایە باوەڕدار بە مەسیح دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕدا بکات؟
خێزانهاوسەرگیری
-+=

ئایە باوەڕدار بە مەسیح دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕدا بکات؟

admin حوزه‌یران 6, 2024 1 min read 0
1

“دەزانم کە هەڵەیە بەڵام چی بکەم؟ دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێک بکەم.”

بەداخەوە، زۆر باوەڕدارم ناسیوە کە ئەم جۆرە قسانەیان کردووە کاتێک نزیکبووە هاوسەرگیری بکەن لەگەڵ بێباوەڕێک. وەک زۆرێک لە خەڵکی وڵاتانی دیکە، باوەڕدارانی کوردیش ڕوبەڕووی زۆر قورسی دەبنەوە بۆ شوێنکەووتنی مەسیح. زۆر لە باوەڕداران سوکایەتییان پێکراوە و ڕەتکراونەتەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە. هەندێکیان ئیشەکانیان لەدەستداوە بەهۆی باوەڕەکەیان. زۆر شانازی بە خوشکوبرایانم دەکەم کە دڵسۆزانە لەگەڵ مەسیحدا ڕێ دەکەن سەرەڕای ڕوبەڕووبوونەوەی تاقیکردنەوە. یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی باوەڕدارانی کورد کە ڕوبەڕووی دەبنەوە هاوسەرگیرییە. باوەڕدارەکان کاتێکی قورسیان هەیە بۆ دۆزینەوەی هاوسەری باوەڕدار بە مەسیح. لەبەرئەوە، باوەڕدارەکە چاوەڕوانی باوەڕدارێکی دیکە دەکات بۆ هاوسەرگیری و ساڵ لەدوای ساڵ پیرتر دەبێت، وە بەربەرەکانێکە بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێک زیاتر گەشە دەکات.

گفتوگۆم هەبووە لەگەڵ هاوڕێی باوەڕدارم کە بە شێوازێکی وەک ئەمە بووە:

هاوڕێکەم: مام قەشە، ئەم کچە هەیە کە من قسەی لەگەڵ دەکەم، نوێژم بۆ بکە، بەهیوام بتوانین هاوسەرگیری بکەین مانگی داهاتوو.

من: ئەو کچە باوەڕدارە بە مەسیح؟

هاوڕێکەم: بەڕاستی… نەخێر، بەڵام مێشک کراوەیە. کچێکی دیندار نییە، لەبەرئەوە دژی باوەڕەکەم نابێت. لەوانەیە خودا بەکارم بهێنێت بۆئەوەی ببێتە باوەڕدار.

من: بەڵام دەزانیت وشەی خودا ڕوونە کە نابێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا بکەیت. لەبەرئەوە ناکرێت ئەوە خواستی خودا بێت چونکە دژی کتێبی پیرۆزە.

هاوڕێکەم: بەڵێ، بەڵام ئەگەر چاوەڕێ بکەم کە هاوسەرگیری لەگەڵ باوەڕدارێک بکەم لەوانەیە هەرگیز هاوسەرگیری نەکەم.

من: تکایە، متمانە بە پەروەردگار بکە. وەک ڕۆڵەی خودا دەبێت شوێنی مەسیح بکەوین. ڕێگای گوناه هەرگیز ڕاست نییە. خودا هەموو ئەوشتانەی پێویستە دابینی دەکات بۆ شوێنکەوتووەکانی خۆی.

هاوڕێکەم: بەڵام ئەگەر هاوسەرگیری نەکەم، بۆ من قورس دەبێت بەرەنگاری تاقیکردنەوەی ئارەزوویی سێکس ببمەوە. پێویستە وڵات جێبهێڵم بۆ ئەوەی کە هاوسەرێک بدۆزمەوە. باشتر دەبێت ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا بکەم لەوەی کە وڵات جێبهێڵم یان لە کوردستان بمێنمەوە و بە سۆزەوە بسوتێم و هەرگیز هاوسەرگیری نەکەم.

ڕەنگە ئەو هۆکارانەت گوێ لێبووبێت یان خۆت بیر لەو بیرکردنەوانە دەکەیتەوە. ئاسانە بۆئەوەی کە خۆمان بێتاوان بکەین کە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ بێباوەڕدا زۆر خراپ نییە. بەڵام وەک باوەڕدار ئێمە بانگکراوین لەسەرووی هەمووشتێکەوە گوێ لە وشەی خودا بگرین و گوێرایەڵی بین. کتێبی پیرۆز ڕوونە کە باوەڕدار بە مەسیح ناتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا بکات.

ئەم بابەتە بۆ تۆ نووسراوە تاکو تێبگەیت کە وشەی خودا چی دەڵێت دەربارەی ئەم پرسیارە: “ئایە باوەڕدار بە مەسیح دەتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕدا بکات؟” ئەم بابەتە ئەوە پیشاندەدات کە کتێبی پیرۆز بەڕوونی دەڵێت بۆ باوەڕدار گوناهە هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕدا بکات.

هەرچۆنێک بێت، زۆرجار پێش ئەوەی دوو کەس هاوسەرگیری بکەن، پەیوەندی خۆشەویستیان هەیە و زۆر قسە لەگەڵ یەکتری دەکەن. لەبەرئەوە ئەم بابەتە وتارە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، “ئایا گونجاوە باوەڕدارێک بە مەسیح پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕدا هەبێت بەو هیوایەی کە کەسەکە باوەڕبهێنێت تا بتوانێت هاوسەرگیری لەگەڵی بکات؟” ئەم بابەتە وتارە پیشانی دەدات کە کتێبی پیرۆز فێرمان دەکات کە گوناهە بۆ باوەڕدارێک پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بێباوەڕێک هەبێت بۆ نیازێک یان دەرفەتێکی هاوسەگیری.

تەنانەت ئەگەر لەپەیوەندیدا نیت لەگەڵ کەسێک و پێت وانییە کە نزیکیت لە هاوسەرگیریکردن، ئەم بابەتە وتارە بۆ تۆشە. پێویستە ئامادەبیت بۆ بەرگریکردن لەخۆت لەدژی گوشاری هاوسەرگیریکردن لەگەڵ بێباوەڕێک. ئەگەر بەرامبەر تاقیکردنەوەی ئارەزوویی بۆ هاوسەرگیریکردن لەگەڵ بێباوەڕێک بەهێز ڕابووەستیت و نەکەویت، ئەوا دەبێت بەبڕوا بیت کە وشەی خودا لەم پرسەدا ڕوونە. ئەگەر تۆ بە قووڵی باوەڕت بەوە نییە کە وشەی خودا هاوسەرگیریکردن لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕدا قەدەغە دەکات، ئەوا دەکرێت بەئاسانی بکەویتە ژێر گوشاری پەیوەندی خۆشەویستی سۆزداری لەگەڵ بێباوەڕێک.

ئێستا با سەیری ٧ خاڵ بکەین دەربارەی فێرکردنی کتێبی پیرۆز لەسەر ئەم پرسە. هیوادارم کە بڕوات پێبهێنم کە کتێبی پیرۆز بە ڕوونی دەڵێت کە گوناهە بۆ باوەڕدارێک هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا بکات.

١) پەیدابوون ١: هاوسەرگیری لەلایەن خوداوە دروستکراوە بۆ پیشاندانی شکۆیەکەی بە گوێڕایەڵبوونی فەرمانەکانی

پەیدابوون ١: ٢٦-٢٨ دەفەرمووێت:

 “ئینجا خودا فەرمووی: “با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.” خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان. خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: “بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.”

ئەم ئایەتانە ئەوە ڕووندەکەنەوە کە چۆن خودا ئادەم و حەوای لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا بۆ شکۆی خۆی. وە مەبەست و فەرمانەکانی پێدان. دەبینیت کە خودا خۆی هاوسەرگیری دروستکردووە. هەروەها لەم ئایەتانەوە دەبینین کە خودا هاوسەرگیری دروستکرد بۆئەوەی کە ببێتە هاوشانییەک لەنێوان ئافرەت و پیاو بۆ دەسەڵاتداربوون بەسەر دروستکراوەکان لەژێر دەسەڵاتی خودا. خودا ئادەم و حەوای دروستکرد و یەکگرتووی کردن لە هاوسەرگیری. لەپێناو پێدانی شکۆ بە خودا و ژیانکردن لەژێر بەرەکەتی ئەو بە گوێڕایەڵبوونی فەرمانەکانی.

ڕاستگۆیانە قسە بکەم، ئەو ڕاستییە کاریگەری لەسەر هەموو بڕیارێک هەیە کە هاوسەرەکان دەیدەن. بۆ نموونە، چۆن بڕیاردەدەیت کە پێویستە چی بکەیت لەهەر قۆناغێکی ژیانت؟ پێویستە ئەوە بکەیت کە پەروەردگار ڕازی دەکات، یان خۆت ڕازی دەکات یان ئەوەتا ئەوەی کە ئەوانی دیکە ڕازی دەکات؟ بۆ باوەڕداران، هەمیشە ئامانجمان ئەوەیە کە یەکەمجار خودا ڕازی بکەین. بەڵام بۆ بێباوەڕان، ئامانجی لەپێشینەیان ئەوەیە کە خۆیان و ئەوانی دیکە ڕازی بکەن. لەبەرئەوە، باوەڕدار و بێباوەڕ دوو مەبەستی جیاوازیان هەیە لە هاوسەرگیری. ئەوەش لە هاوسەرگیری ناکۆکی دروست دەکات.

٢) پەیدابوون ٢: هاوسەرگیری هاوشانییە بۆ ئەنجامدانی کاری خودا.

لە پەیدابوون ٢ بە وردەکاری زیاترەوە ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر ئادەم و حەوای بەدیهێنراوانی خودا. پەیدابوون ٢: ١٥-١٧ دەفەرمووێت:

“یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: “تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.”

خودا ئادەمی لە باخچەی عەدەن دانا بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. خودا دەسەڵاتی دایە ئادەم. بەڵام ئادەم دەبوو دەسەڵاتی بەکاربهێنێت لەژێر دەسەڵاتی خودا. ئەم پەیوەندییە لەنێوان خودا و ئادەم هێما کراوە بە دوو دار: داری ژیان کە هێمایە بۆ بەرەکەت و ژیان لەژێر دەسەڵاتی خودا؛ داری زانینی چاکە و خراپە کە هێمایە بۆ نەفرەت و مردن و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی خودا. ئایەتەکانی دیکەی پەیدابوون ٢ ڕوونی دەکەنەوە ئادەم بەتەنها لەتوانایدا نەبوو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی کە بۆی بانگکراوە. پیاوەکە پێویستی بە یاریدەدەرێکی هاوشانە بۆئەوەی ئەوە بکات. لەبەرئەوە، خودا حەوای دروستکرد تاکو ببێتە یاریدەدەری ئادەم. تا بەم شێوەیە، ئادەم و حەوا بتوانن بە یەکگرتوویی کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازەکەیان و ناوی خودا شکۆدار بکەن. بۆیە، هاوسەرگیری هاوبەشییە. وشەی خودا کە دەفەرمووێت: “باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت” ڕاستە، چونکە پیاو بۆ ئەوە دروستکراوە کە هاوشانی هەبێت.

خودا پیاوی بە شێوەیەک دروستکردووە کە لەتوانایدا نییە بانگکردنەکەی بەتەنها جێبەجێ بکات بۆ ڕەنگدانەوەی شکۆی خودا. خودا پیاو و ئافرەتی دروستکرد بۆئەوەی لە پەیوەندیدابن لەگەڵ یەکتری تاکو زیاتر ڕەنگدانەوەی شکۆی خودابن.

دەبینیت، هاوسەرگیری لە نێو باوەڕدارانی مەسیح هاوبەشییەکە لە مزگێنییەکەدا کە ژن و پیاوێک بە یەکگرتوویی کاردەکەن بۆ مەبەست و شکۆمەندی خودا. بەڵام ئەگەر باوەڕدارێک بە مەسیح هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا بکات، ئەوا هاوبەشی لەگەڵ کەسێکدا دەکات کە ئەندامی شانشینی تاریکییە. وەک کتێبی پیرۆز دەفەرمووێت: چ هاوبەشییەک لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا هەیە؟

تێبینی: ئەمە مانای ئەوە نییە کە پیاو و ئافرەتی سەڵت ناتوانن ڕەنگدانەوەی شکۆی خودا بن لە بابەتی پەیوەندییان لەگەڵ باوەڕدارانی دیکە لە کڵێسا. دەتوانن لە یەکگرتوویدا کار بکەن لەگەڵ پیاو و ئافرەتی کڵێسا بۆ پیشاندانی شکۆی مەسیح وەک خودا دەیەوێت.

٣) پەیدابوون ٣: هاوسەرگیری بەهۆی گوناهەوە زیانی پێدەگات.

پەیدابوون ٣ پیشانمان دەدات کە چۆن هاوسەرگیری بە گوناه زیانی پێدەگات. پێش ئەوەی ئادەم و حەوا گوناه بکەن، ڕووتبوون و شەرمیان نەدەکرد. بەڵام دوای ئەوەی گوناهیان کرد، شەرمیان کرد و خۆیان لە یەکتری و خودا شاردەوە.

کاتێک خودا بەهۆی گوناهەکەیانەوە نەفرەتی لێکردن، خودا ئەوەی ڕاگەیاند کە چۆن ئێستا هاوسەرگیری دەبێتە شەڕی گوناهبارێک لەگەڵ ئەوی دیکە. لە پەیدابوون ١٦:٣ خودا بە حەوا دەفەرمووێت: “ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.”

ئەوە مانای ئەوەیە هەموو هاوسەرگیرییەک قورسە، بەڵام لە هاوسەرگیری لە نێو باوەردارانی مەسیحدا، ژن و مێرد دەرفەتیان هەیە بۆ بانگکردنی یەکتری بۆ ملکەچ بوون. ئەمە چ جۆرە ملکەچ بوونێکە؟ بانگکردنی یەکترییە بۆ ئەوەی تێبکۆشن لە دژی سرووشتی گوناهبارانەیان و ملکەچبوونی بەردەوامیان بۆ خودا.. کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا دەکەیت، بەرەکەتی هەبوونی هاوسەرێک لەدەست دەدەیت کە بانگت دەکات بۆ ملکەچیت بۆ مەسیح. هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێک یارمەتیت نادات بۆ شوێنکەووتنی مەسیح. هاوسەرێکی بێباوەڕ ملکەچبوونی خواستی خۆی بۆ مەسیح بەلاوە گرنگ نییە. ئەوەش زیان بە هاوسەرگیری دەگەیەنێت.

٤) پەیمانی کۆن هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕان قەدەغە دەکات و هۆشداری دەدات کە دەبێتە هۆی ئەوەی گەلی خودا واز لە خودا بهێنن

پێش ئەوەی گەلی خودا بچنە نێو خاکی بەڵێن، خودا شەریعەتی خۆی پێدان بۆئەوەی پیشانیان بدات کە چۆن بۆ ئەو بژین. ئەو خاکەی کە خودا ئەوانی بۆ دەبرد، داگیرکراو بوو لە لایەن گەلانی دیکەوە کە خودای هەڵە و بتیان دەپەرست. لە دواوتار ٧ خودا فەرمان بە گەلەکەی دەکات کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو گەلانەی دیکە نەکەن. بۆچی؟ نەک لەبەر ئەوەی کە بە خوێن ئیسرائیلی نەبوون، بەڵام لەبەرئەوەی کە بێباوەڕبوون و خودای ڕاستیان نەدەپەرست. دواوتار ٧: ٣-٤ دەفەرمووێت:

“ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن، چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن، جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات.”

سەرنجی هۆکارەکە بدە بۆچی خودا هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕان قەدەغە دەکات. دەفەرمووێت: “چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن.” خودا هانی ئیسرائیلییەکانی نەدا بۆئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ نا جولەکە مێشک کراوەکان بکەن کە زۆر دیندار نین بەهیوای ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان بیانگۆڕن. نەخێر، خودا ئاگادار دەکاتەوە کە هاوسەرگیری کردن لەگەڵ بێباوەڕ دەبێتە هۆکارێک کە باوەڕدارەکان دووربکەونەوە لە خودا، نەک هۆکارێک کە بێباوەڕەکان ببنە باوەڕدار.

بیر لە نموونەی سلێمانی پاشا بکەرەوە، کوڕی داودی پاشا. خودا داناییەکی زۆری دابووە سلێمانی پاشا. زۆر داناتر بوو لە من و تۆ. زۆربەی پەندەکانی نووسیوە لە کتێبی پیرۆز. بەڵام تەنانەت پاشا سلێمانیش بەهۆی هاوسەری بێباوەڕەوە لەخودا دوورخرایەوە. سەیری یەکەم پاشایان ١١: ١-٦ بکە:

“سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان، لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: “ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.” لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو. حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە. ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو. ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت. سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت.”

ئەگەر سلێمانی پاشا نەیتوانیبێت خۆڕاگر بێت لە گومڕابوون بەرامبەر هاوسەرە بێباوەڕەکانی، پێویستە ئێمەش بیرنەکەینەوە کە بەهێزترین لە سلێمانی دانا. هەڵبژاردنی گوناه هەمیشە بەرەو دوورخستنەوە لە خودامان دەبات. هەرگیز ئەوە ویستی خودا نییە کە گوناه دەکەین.

لە کتێبی عەزرا، عەزرا ئەوە دەدۆزێتەوە کە ئیسرائیلییەکی زۆر هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕدا کردووە. پێت وایە کاردانەوەی عەزرا چییە؟ عەزرا ٩: ٣-٦ کاردانەوەکەی ڕووندەکاتەوە: 

“کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و گوتم:

“خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە.”

ئایە عەزرا دەڵێت: “ئەو هاوسەرانەی لە نەتەوەکانی دیکەن کێشەیەکی گەورە نین و هەرچۆنێک بێت دیندار نین، هیوابەخشانە ئیسرائیلییەکان ژنە بێباوەڕەکانیان دەگۆڕن؟” بێگومان نەخێر! عەزرا وەهای نەگووت. بۆ پیاوێکی پیرۆز کە خودای خۆشدەویست، شکاندنی فەرمانی خودا بە هاوسەرگیری کردن لەگەڵ بێباوەڕێکدا گوناهێکی زۆر زۆر قورسە و جدیە. شتێکی بچووک نەبووە و ئەمڕۆش بچووک نییە.

ئەگەر باوەڕدارێک پێی وایە دەتوانێت بەردەوام بێت لە شوێنکەوتنی عیسا تەنانەت لەگەڵ هاوسەرێکی بێباوەڕدا، ئەوا لاوازی خۆیان بە کەم سەیر دەکەن. بەداخەوە، زۆر باوەڕداری کورد دەناسم کە بێگوێی وشەی خودایان کردووە و هاوسەرگیریان لەگەڵ بێباوەڕدا کردووە. ئەو کەسانە پێش هاوسەرگیریان دڵسۆزبوون بۆ کڵێسا و بە پەرۆشبوون بۆ خزمەتکردنی خودا. بەڵام بۆ زۆرینەی زۆری ئەم باوەڕدارانە دوای ئەوەی هاوسەرگیریان لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕدا کرد، هێواش هێواش لە پەروەردگار دوور کەووتنەوە. سەرقاڵبوون بە سەردانکردنی کەسوکاری ژنەکانیان و ئەوەش لە کڵێسای دوورخستنەوە. بۆ هەندێکیان هاوسەرە بێباوەڕەکەیان نەیاندەویست ئەوان وەک باوەڕدار بناسرێن چونکە پێیان وابوو کێشە بۆ خێزانەکەیان دروست دەکات، لەبەرئەوە بە هێواشی باوەڕدارەکە سارد دەبووەوە لە مەسیح و کڵێسا. بەداخەوە، مێژوو پێمان دەڵێت بۆ زۆرینەی زۆری ئەو باوەڕدارانەی کە هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕدا دەکەن، باوەڕدارەکە لە مەسیح دوور دەکەوێتەوە و بێباوەڕەکەش ناگۆڕێت.

ڕاستە هەموو ئەم ئایەتانەی لەم بەشەدا باسکراون لە پەیمانی کۆندان، بەڵام هێشتا وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئێمە کاردەکەن. بەو پێیەی لە پەیمانی کۆن خودا ئەوەندە ڕوون و جدییە لە قەدەغەکردنی هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕان، دەبێت لە پەیمانی نوێدا بە فراوانی ڕوون بێت ئەگەر خودا ڕێگەی پێدابێت. بەڵام پەیمانی نوێ وەک پەیمانی کۆن، ڕێگەی پێ نەداوە.

٥) پەیمانی نوێ قەدەغەکردنی هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕان دووپات دەکاتەوە

لە پەیمانی نوێ، هەندێک ئایەت هەیە کە ڕوونی دەکاتەوە ئەم قەدەغەکردنەی پەیمانی کۆن ئێستاش ماوە. یەکێک لە ڕوونترین ئایەتەکان یەکەم کۆرنسۆس ٣٩:٧ دەفەرمووێت:

“ژن ئەوەندە بە مێردەوە دەبەسترێتەوە هەتا مێردەکەی زیندووە. بەڵام ئەگەر مێردەکەی مرد، ئەوا ئازادە شوو بە هەر پیاوێک بکات کە دەیەوێت، بە مەرجێک باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت.”

ئەم ئایەتە ڕێنمایی دەدات بەو ژنانەی کە مێردەکانیان مردوون و پۆڵس دەڵێت بێوەژن ئازادە جارێکی تر شوو بکاتەوە، بەڵام یەک مەرج هەیە. ئەویش ئەوەیە کە پیاوەکە باوەڕی بە مەسیحی خاوەن شکۆ هەبێت. هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەی کە وەها بیربکەیتەوە ئەم فەرمانە تەنها بۆ بێوەژن و بێوەپیاوانە بەڵکو ئەم فەرمانە بۆ ئەو کەسانەشە کە یەکەمین جاریانە هاوسەرگیری دەکەن.

بەڵام بەتەنیا ئەم ئایەتە نییە لە پەیمانی نوێ دەربارەی ئەوە. سەیری دووەم کۆرنسۆس ١٤:٦ بکە:

“لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟”

ئەم ئایەتە تەنها دەربارەی هاوسەرگیری نییە، بەڵام ڕێسایەکی گشتی فێردەکات کە کڵێسا پێویستە خۆی جیاواز بپارێزێت لە ژیانی هاوبەش لەگەڵ بێباوەڕان. هەرچۆنێک بێت، ئەم ئایەتە دەکرێت بۆ هاوسەرگیری جێبەجێبکرێت، لەبەرئەوەی چی ژیانێکی هاوبەشی نزیکتر هەیە لە ژیانی هاوبەشی هاوسەرگیری؟ ئایە باوەڕدار هاوسەرگیرییەکی دەوێت کە ژیانی هاوبەش نییە؟ لەڕاستیدا، هەموو هاوسەرگیرییەک “ژیانی هاوبەش” یان “هاوشانی”یە. ئەگەر باوەڕدارێک هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا کرد، ئەوا بێگوێی ئەم ئایەتە دەکات. لەگەڵ بێباوەڕاندا دەچنە ژێر یەک نیر. ئەمەش جدیە.

هەروەها ڕەچاوی یەکەم کۆرنسۆس ٥:٩ بکە:

“ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس؟”

لەم ئایەتە دەبینین کە پۆڵس دەڵێت کە وەک نێردراوانی دیکە مافی هەیە کە هاوسەرگیری بکات. بەڵام تەنها ناڵێت مافی هەیە هاوسەرگیری بکات. نەخێر، بەڵکو دەڵێت مافمە خانمێکی باوەڕدار بکەمە هاوسەرم. ئەگەر نێردراوێک هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێکی بێباوەڕدا بکردبایە، ئەوا بێگوێی خودای دەکرد و بێبەری دەکرا لە خزمەت.

هیچ ئایەتێک نییە لە پەیمانی نوێ کە هاوسەرگیریکردنی باوەڕدار لەگەڵ بێباوەڕ پشتڕاست بکاتەوە. بەڕوونی، پەیمانی نوێ پشتگیری پەیمانی کۆن دەکات لە قەدەغەکردنی هاوسەرگیری نێوان باوەڕدار و بێباوەڕ.

٦) پەیمانی کۆن بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی باسی هاوسەرگیری نێوان باوەڕداران دەکات.

پەندەکانی سلێمان ٣١ داوا لە کوڕی گەنج دەکات تاکو بەدوای ئافرەتێکی کەسایەتی خانەداندا بگەڕێت. لوتکەی شیعرەکە و هەموو شتە خانەدانەکان دەربارەی ئافرەت لە ئایەتی ٣٠ دایە:

“شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،

بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.”

ئەوە چییە کە دەشێت زۆرترین سەرنجت ڕابکێشێت بۆ لای ئافرەتێک تا ببێتە هاوسەرت: سۆز، شۆخ و شەنگی، یان ترس لە یەزدان؟ کەسێکی بێباوەڕ ناتوانێت لە یەزدان بترسێت. بۆیە پەیمانی کۆن پێمان دەڵێت چاکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ئافرەتە بکەیت کە لە یەزدان دەترسێت.

٧) بینینێکی ئەرێنی ڕوونتر بۆ هاوسەرگیری لە پەیمانی نوێدا ئاشکرا کراوە.

پەیمانی نوێ ئاشکراکردنێکی ڕونتر دەدات لەسەر مانای هاوسەرگیری وەک لە پەیمانی کۆن. یەکگرتووی نێوان ژن و مێرد، وێنەی خۆشەویستی عیسایە بۆ کڵێسا. تەواوی مەبەستی هاوسەرگیری ئاماژەدانە بە مزگێنییەکە (ئەفەسۆس ٥: ٢١-٣٣؛ ئاشکراکردن ٢١: ٩-٢٧). جگە لەوەش پەیوەندی نێوان ژن و مێرد لە ژیانی هاوسەرگیریدا ئاماژەیە بۆ پەیوەندی نزیکی خودای باوک و خودای کوڕ (یەکەم کۆرنسۆس ٣:١١).

کتێبی پیرۆز هاوسەرەکان بانگ دەکات کە یەکتریان خۆشبوێت و ڕێز لە یەکتری بگرن. وەک پێشتر بینیمان، ئەوان پێویستە بە یەکگرتوویی بژین و چێژ لە یەکتر وەربگرن. هاوسەرگیری بەرەکەتێکی مەزنە و مایەی دڵخۆشییە. هاوسەرگیرییەکی خواپەرستانە بەرەکەتە لەگەڵ کەسێکی باوەڕدار و یەکێکیشە لە گەورەترین بەرەکەتەکانی سەر زەوی لەدوای ڕزگاریی مەسیح.

هاوسەرگیریکردن لەگەڵ بێباوەڕێک وەک ئەوە وایە کە دوو وێنەکێش هەوڵدەدەن دوو وێنەی جیاواز لەسەر هەمان لەوحە بکێشن. تۆ هەوڵدەدەیت کە وێنەی مەسیح و کڵێسا بکێشیت، بەڵام هاوسەرە بێباوەڕەکەت هەوڵدەدات کە وێنەی شتێکی تەواو جیاواز بکێشێت.

یاخود، با نموونەیەکی مۆسیقا بهێنینەوە، بە هاوبەشی دوو کەس دەیانەوێت کە گۆرانییەک بڵێن، بەڵام یەکێکیان گۆرانییەکی تەواو جیاواز دەڵێت. تۆ گۆرانی “عیسا پاشای پاشایان” دەڵێیت، لە کاتێکدا هاوسەرە بێباوەڕەکەت گۆرانی “گیانە وتت ناوم بێنە” دەڵێت.

ئامانجی ژیانی باوەڕدار چییە؟ عیسا لە یۆحەنا ٣:١٧ پێمان دەڵێت: “ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە.” باوەڕدار بۆ ئەوە دەژی کە خودا بناسێت لە ڕێگەی کوڕەکە عیسای مەسیح. زۆر باشترە کە بەبێ هاوسەر بژیت و لەگەڵ کۆمەڵەی باوەڕدارانی کڵێسا بیت، وەک لەوەی لەگەڵ کەسێک بژیت کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی ناژی.

بۆ سەڵتەکان/ ئەی چی لەسەر هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بێباوەڕێک؟

بەو پێیەی لە کتێبی پیرۆزەوە ڕوونە کە هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕدا گوناهە، ئەوا پەیوەندی سۆزداریش لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕدا گوناهە. ئەگەر بپرسین بۆچی؟ چونکە ئەو پەیوەندییە بەرەو گوناه دەڕوات، واتە هاوسەرگیری کردن لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕ. هەبوونی هەست و ئارەزووی قسەکردن لەگەڵ بێباوەڕێک بە مەبەستی هاوسەرگیری تاقیکردنەوەی ئارەزووییە بۆ گوناه. تاقیکردنەوەیەکی ئارەزووییە بۆ ئەوەی بە شتێک بڵێیت چاک کە خودا بە خراپ ناوی دەبات.

با ڕوون و ڕاستگۆبین، ئەگەر تۆ کاتێکی تایبەتی زۆر لەگەڵ کەسێک بەسەر ببەیت کە لە ڕەگەزی بەرامبەرە، ئەوا لەوە دەچێت کە دەست بکەیت بە هەبوونی هەستی خۆشەویستی بۆی. زۆر کەس هەبووە کە پییان وتووم: “ئەم کچە تەنها هاوڕێمە. تەنها قسە دەکەین. پلانمان نییە کە هاوسەرگیری بکەین.” بەڵام بەردەوام بوون لە کاتبەسەر بردن لەگەڵ یەکتری و بەردەوام بوون لە قسەکردن بە تەلەفۆن لەگەڵ یەکتری و دوای ماوەیەکی کورت کەوتوونەتە خۆشەویستی بۆ یەکتری. ئەوەی من دەڵێم ئەمەیە: “گێلایەتییە کاتبەسەربردنی بەتەنها یان قسەکردن و نامەناردنی چەند کاتژمێری لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ئەگەر باوەڕدار نەبێت.” هەتا ئەگەر تۆ بڵێیت: “ئێمە تەنها هاوڕێین.” ئەگەر بڵێیت بۆچی گێلایەتییە؟ لەبەرئەوەی بە ئەگەری زۆرەوە بەرەوو هەبوونی هەستی سۆزداریت دەبات.

وە ڕەنگە تۆ بڵێیت: “دەمەوێت مزگێنی پێبدەم و لەوانەیە باوەڕ بهێنێت.” هیوادارم باوەڕ بهێنێت! بەڵام باشترە کە بە باوەڕدارێکی هەمان ڕەگەزی خۆی بناسێنیت و ئەو کەسە دەتوانێت مزگێنی پێبدات. ئەگەر بەڕاستی سەرسامی مزگێنییەکە بێت، بە هەمان شێوە دڵشاد دەبێت بە بیستنی لەلایەن ئەو کەسەوە، وەک چۆن دڵشاد دەبێت بە بیستنی لەتۆوە و جیاوازی بۆی نییە. ئەگەر ئەو کەسە باوەڕی هێنا، ئەوکات دەتوانیت قسەی لەگەڵ بکەیت بە هیوای هاوسەرگیرییەوە. بەڵام پێش باوەڕهێنانی و هەبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵی گوناهە. تۆ هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر ڕزگاربوونیانەوە نییە، لەبەرئەوە پێویستە پەیوەندیت لەگەڵی نەبێت بەهیوای ئەوەی کە باوەڕ بە مەسیح بهێنێت. ئەمە گێلایەتی و نامیهرەبانییە بۆ ئەو کەسە بێباوەڕەی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ دەکەیت.

ئەگەر لە پەیوەندیدایت و خۆشەویستە کوڕەکەت یان کچەکەت بێباوەڕە، دان بەم گوناهەدا بنێ بۆ خودا و تۆبە بکە بە کۆتایی هێنان بە پەیوەندیت لەگەڵیدا. چەند زیاتر لەو پەیوەندییەدا بیت قورستر دەبێت بۆئەوەی لێی جیا ببیتەوە. داوای هێز لە خودا بکە تا یارمەتیت بدات گوێڕایەڵی بیت. هەروەها بۆ قەشەی کڵێساکەت دان بەم گوناهەدا بنێ. داوای لێبکە یارمەتیت بدات لە تۆبەکردن و وازهێنان لەو پەیوەندییە.

چەند ئامۆژگاریەکی پراکتیکی

ڕەنگە خێزانەکەت فشارت لێدەکەن بۆئەوەی کە هاوسەرگیری بکەیت لەگەڵ بێباوەڕێک. تەنانەت ئەگەر خێزانەکەشت فشارت لێبکەن دروست نییە کە هاوسەرگیری لەگەڵ بێباوەڕێکدا بکەیت، چونکە ئەوەش هەر گوناهە. خودا بانگمان دەکات کە گوێڕایەڵی ئەو بین نەک مرۆڤ. بەتەنها مەبە لەو بارودۆخانە. خودا کڵێسای پێتداوە. نوێژبکە و داوا لە قەشەکەت بکە بۆئەوەی یارمەتیت بدات لە گوێڕایەڵبوونی خودا لەو بارودۆخە.

ئەگەر ئارەزووی هاوسەرگیری دەکەیت و کەسێک ناناسیت کە بتوانێت ببێتە هاوسەرت، کۆڵمەدە لە نوێژکردن بۆ هاوسەر. ڕەنگە خودا وەڵامی نوێژەکەت بداتەوە. هەروەها، قسە لەگەڵ قەشەکەت بکە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات لە دۆزینەوەی هاوسەر. ڕەنگە بتوانن لەگەڵ باوەڕدارانی کڵێساکانی تر قسە بکەن و یارمەتیت بدەن بۆ دۆزینەوەی هاوسەرێک کە باوەڕدار بێت.

هاوسەرگیری بەرەکەتێکە لەخوداوە. بەڵام خودا بەڵێن نادات هەموو باوەڕدارێک هاوسەرگیری بکات. بەڵکو لە دووەم پەترۆس ٣:١ بەڵێنمان پێ دەدات کە: “هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی.” ئایا نیگەرانیت لەوەی کە نەتوانیت بەرەنگاری تاقیکردنەوەی ئارەزوویی ببیتەوە؟ یان خۆشی لە ژیانتدا نەبێت لەکاتێکدا چاوەڕێی هاوسەرێکی باوەڕدار دەکەیت؟ باوەڕ بە بەڵێنی پەروەردگار بکە لە دووەم پەترۆس ٣:١. خودا لە تاقیکردنەوەی ئارەزوویدا دەتپارێزێت. خودا هەموو ئەوانەی پێویستتە پێت دەدات تاکو لە ژیاندا بەخۆشییەوە بۆ ئەو بژیت.

کاتێک وا دیارە هیچ ڕێگەیەک نییە بتوانیت بەرەنگاری تاقیکردنەوەی هاوسەرگیری ببیتەوە لەگەڵ کەسێکی بێباوەڕ، یەکەم کۆرنسۆس ١٣:١٠ لەبیربێت:

“هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.”

با خودا بەهێزتان بکات و دڵشادیتان پێ ببەخشێت لەکاتێکدا گوێڕایەڵی بکەن.

ئەم بابەتە وتارە زۆربەی لەسەر بنەمای بابەتە وتاری مایک گیلبارت-سمیسەوە لە ماڵپەڕی 9marks  نووسراوە. جۆ کارۆل ئەم بابەتە وتارەی بەشێوەیەک گونجاندووە کە زیاتر پەیوەست بێت بە زەمینەی کوردییەوە.

Read this article in English (Behdini) ڤێ گۆتارێ ب کوردییا بەهدینی بخوینە
Facebook
بوێرە هیوا بە خودا بخوازیتبوێرە هیوا بە خودا بخوازیتئازار 4, 2024
توندوتیژی دژی ئافرەتان و ڕاستکردنەوەی کڵێساییشوبات 5, 2025توندوتیژی دژی ئافرەتان و ڕاستکردنەوەی کڵێسایی

Related PostsBest

پەرستشی خێزانییخێزان

بەھای پەرستشی خێزانیی

دان ویتنی كانونی یه‌كه‌م 22, 2022
خێزانژنێتی و کچێتی

ئیتر بەهێزی خۆم نا، بەهێزی مەسیح دایکایەتی دەکەم
یەکگرتن لەگەڵ مەسیح (و منداڵانی بچووک)

Christina Fox ئازار 23, 2023
پۆلەکانی بابەت
  • ئافرەتان 1
  • ئەندامیێتی کڵێسا 4
  • بەقوتابیبوون 6
  • پەرستشی خێزانیی 2
  • پیاوان 1
  • پیاوێتی 1
  • پێکەوە ژیان 5
  • تۆبەکردن 1
  • خواناسی 10
  • خوێندنی کتێبی پیرۆز 1
  • خێزان 6
  • دایکوباوکایەتی 1
  • ڕابەرایەتی 5
  • ڕاستکردنەوەی کڵێسایی 1
  • ژنێتی و کچێتی 1
  • سۆرانی 34
  • سیفەتی خودا 1
  • کاروباری ژیان 2
  • کتێب 34
  • کتێبی پیرۆز 2
  • کڵێسا و خزمەتکردن 19
  • کڵێساناسی 1
  • گەشەی ڕۆحی 12
  • گۆڕان 3
  • لەئاوهەڵکێشان 1
  • لێبووردەیی 2
  • مامۆستا درۆزنەکان 1
  • مزگێنی 2
  • مزگێنیدان 1
  • هاوسەرگیری 3
  • یادی لە دایکبوونی مەسیح 26

ئێمە هەوڵدەدەین باوەڕداران و رابەرانی کڵێسا بە سەرچاوەی ئینجیلی ئامادە بکەین بۆ یارمەتیدان لە پێناو ژیانێکی دڵسۆزانە و بنیاتنانی کڵێسای تەندروست.

بەستەر و پۆلەکان

دەربارە

بەیاننامەی باوەڕ

وتارەکان

کتێبخانە

خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز

په‌یوه‌ندی

هاوبەشەکان

Pertukekem.com

پرسیارت هەیە

    Copyright © 2026 Dlsozi by Pixosite. All Rights Reserved.