
ئایە ئەو کەسە باشانەی کە مزگێنییەکەیان پێ نەگەیشتووە، هەر دەچنە دۆزەخ؟
ڕەنگە پێشتر گوێبیستی ئەم پرسیارە بوو بیت، “ئەگەر پیاوێکی باش بە تەنها لە دوورگەیەکدا ژیابێت و هیچ دەرفەتێکی نەبووبێت بۆئەوەی مزگێنییەکەی پێ بگات، هەر دەچێتە دۆزەخ؟” خەڵک لە هەموو کولتوورێک بەم پرسیارەوە ململانێ دەکات و باوەڕداری کوردیش بەشێکە لەوە.
سروشتییە کە باوەڕدارانی کوردیش لەگەڵ ئەم پرسیارە ململانێ دەکەن، بەتایبەتی ئەگەر یەکەم نەوە بن کە باوەڕیان بە عیسای مەسیح هێناوە. تەنها بەشێک لە باوباپیرانیان نا، بەڵکو بە نزیکەی هەموو باوباپیرانیان کە مردوون ئێستا لە ژیانی هەتاهەتایدان بەبێ مەسیح. هەموو دایکوباوکیان، باپیریان، باپیری باپیرانیان، هەروەها هەموو کەسی شەجەرەکەیان، زۆربەی بەبێ گوێبیستیان لە پەیامی مزگێنییەکە مردوون و هیوای ڕزگاربوونیان نییە. لەبەرئەوە، ئەو باوەڕەی کە تەنها ئەوانەی باوەڕیان بە مەسیح هێناوە ڕزگاریان بووە بۆ باوەڕدارانی کورد قورسە.
بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان نامۆیە کە ئەو باوەڕدارانە زۆر ململانێ لەگەڵ ئەو پرسیارە دەکەن. چونکە لەلایەک وەک پیاوی نێو دوورگەکەن و بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراوانە، مزگێنییەکەیان پێگەیشتووە. وەک بەشێک لە کۆمەڵێک لە خەڵکی کە پێشتر مزگێنییەکەیان پێنەگەیشتووە و ڕێگەیان نەبووە. لە ڕووی کولتووری، زمانەوانی، تەنانەت لە ڕووی جوگرافییەوە لە ڕاستییەکان دابڕابوون. وە ڕۆژێک ئەوە نەما چونکە مزگێنییەکەیان پێگەیشت.
لەبیرمە کە باوەڕدارێک لە کوردستان هەمان پرسیاری بە شتێکی خەیاڵی وەک پیاوێک لە هندستان لە من کرد، کە بۆ ئەو دەکرێت وەهای هەست کردبێت کە هندستان دوورترین شوێنە لەسەر زەوی. خەندەیەکم کرد و دەمزانی کە خەڵکێکی زۆر لە ئەمریکا ڕەنگە هەمان پرسیار بکەن، بەڵام شوێنی ئەو پیاوەی کە نموونەی لەسەر هێنایەوە، ئەو شوێنە بوو کە ئێمە لێی بووین و دانیشتبووین و گفتوگۆمان هەبوو. دەمویست هاوڕێکەم بگرم و ڕایبووەشێنم و پێی بڵێم: “براکەم تۆ ئەو کەسەی کە پرسیاری لەسەر دەکەیت. وە سەیر بکە چی لەژیانت هاتووە!”
لەڕاستیدا، هەموو کەسێک بەجۆرێک ململانێ لەگەڵ ئەو حەقیقەتە دەکات کە عیسا تاکە ڕێگای ڕزگارییە، ئیتر زمان، کولتوور، عەشیرەت، یان ڕێژەی دابڕاوی گرنگ نییە. ئەوەش مانای ئەوەیە کە باوەڕدار پێویستە ئامادەبێت کە وەڵامی ئەو پرسیارە باوە بداتەوە.
ڕێگایەکی باش بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەیە کە بانگێشتیان بکەیت تاکو سەیری ئاوێنە بکەن، بۆ پشکنینی خۆیان. هەر باوەڕدارێک کە ئەوە دەپرسێت پێشتر لە بارودۆخی “بێ هیوایی و بێ خودای” بووە (ئەفەسۆس ١٢:٢). بەڵام لەبەر ئەوەی کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە عیسا مەڕی دیکەی هەیە کە لەم مەڕانە نین و ئەو مەڕانەش گوێیان لە دەنگی ئەو دەبێت، ئەو باوەڕدارە لەلایەن عیسا دۆزرایەوە و توانای ئەوەی پێدرا گوێی لە دەنگی شوانەکە بێت (یۆحەنا ١٠: ١٦). مەڕەکانی عیسا پەرتەوازە بوون بە جیهاندا و لە ڕاستی دابڕابوون، پێش ئەوەی ڕزگاریان بکات. بەڵام شوانەکە هەریەکێک لەوان و هەموویان دەدۆزێتەوە، وەک چۆن ئەو باوەڕدارەی دۆزییەوە کە پرسیارەکەی کرد.
لایەنی دووەم هەیە کە ئەوەیە، بەو کەسانە بگوترێت کە لەگەڵ ئەم پرسیارەدا ململانێ دەکەن بۆ ئەوەی سەیری ئاوێنە بکەن. زۆرجار، هەستی قورس کە ئەو پرسیارەی لێوە دێت لەسەر ئەو باوەڕە دامەزراوە کە کەسانێک هەن لە پرسیارکەرەکە باشترن. وەک جارێک کە کەسێک پیی گوتم: “من ئەم مامە پیرۆزەم هەیە”. بەڵام لە جیهانی ڕاستەقینەدا مامی پیرۆز نییە. کاتێک لە ئاوێنەدا سەیر دەکەین، ئەو کەسەی کە سەیری دواوە بکات ئەوە شایەنی دۆزەخە بەهۆی گوناهەکانییەوە. وە هەموو کەسانی دیکە لە جیهاندا، کاتێک لە ئاوێنەدا سەیر دەکەن و ویژدانیان ڕاستگۆیە، لە ناخی خۆیاندا هەست بە هەمان ڕاستی دەکەن کە شایەنی دۆزەخن بەهۆی گوناهەوە. بە سرووشتی هەموومان دەزانین، کە گوناهمان کردووە و لە شکۆی خودا کەوتووین (ڕۆما ١٥:٢).
هەرچۆنێک بێت، ئێمە بەئاسانی بەوە هەڵدەخەڵەتێین کە بیر بکەینەوە کە وەک خەڵکی دیکە نین، وە خەڵکی دیکە لە ئێمە باشترن و شایەنی دۆزەخ نین. وەڵامی سەرەکی بۆ پرسیاری پیاوێک لە دوورگەکە لە مێژووی کڵێساوە تا ئێستاش بەهێزە، واتە پرسیارەکە کاریگەر نییە.
هیچ کەسێکی باش نییە. تەنها گوناهباری وەک ئێمە هەیە.
هەموو کەسێکی ئەم جیهانە بە سروشتی گوناهبارن و لە خودای کامڵ و پیرۆز جیابوونەتەوە. هەروەها ناتوانن بەوەی کە بەتەواوی باش بن ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنن یان بە کاری چاکە ئەوە بکەن. ئێمە کە باوەڕمان بە مەسیح هێناوە شانبەشانی پۆڵسی نێردراوی خودا دان بەوەدا دەنێین:
“لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە.”
“دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین” (ڕۆما ٢٣:٣؛ گەلاتیا ١٦:٢).
دەبێت ئەوانە بانگ بکەین کە لەگەڵ ئەو پرسیارە ململانێ دەکەن بۆئەوەی لە ئاوێنەوە سەیری کتێبی پیرۆز بکەن. کتێبی پیرۆز بەڕوونی فەرمانی ئەوە دەکات کە مزگێنی تاکو ئەوپەڕی زەوی ببەن.
عیسا لێیان نزیک بووەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن، فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.» (مەتا ٢٨: ١٨-٢٠).
هەر لە سەرەتاوە، عیسا کڵێساکەی ڕاسپارد بە ڕاگەیاندنی هەواڵە خۆشەکە. بەبێ مزگێنییەکە، ڕزگاری مەحاڵە.
“ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە.” (یۆحەنا ١٨:٣).
باوەڕداران بانگکراون کە مزگێنی بە هەموو کەسێک ڕابگەیەنن، تەنانەت ئەوانەش کە زۆر دوورن و وەک ئەوە وایە لە دوورگەیەکن (یەکەم کۆرنسۆس ٢٢:٩). لۆژیکی کتێبی پیرۆز ڕوونە، مەگەر شوێنی مەسیح نەکەوون، کە دەفەرمووێت “منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان،” ئەگەر شوێنی ئەو نەکەون ئەوا ون بوون (یۆحەنا ٦:١٤). ئەگەر لەسەر هەرگیز گوێ بیست نەبوونی پەیامەکە، جۆرێک لە بارودۆخی تایبەت لەم یاسایەدا هەبووایە، ئەوا ئەمە بە تەواوی لەگەڵ فێرکارییەکانی عیسا و نێردراوان و ئەرکی سەرتاسەری ئەوان ناکۆک دەبوو. ئەگەر گوناهباران ڕزگاریان ببێت بەوەی کە هەرگیز گوێیان لە مزگێنییەکە نەبووە، ئەوا ئەرکە مەزنەکە مانایەک نادات و پیشاندانی خۆشەویستی ئەوە دەبێت کە پەیامی مزگێنی بەهیچ کەسێک ڕانەگەیەنیت.
جگە لەوەش، لۆژیکی کتێبی پیرۆز ئەوە نییە کە ئێمە سەرەتا بەهۆی ڕەتکردنەوەی مزگێنییەکەوە حوکم دراین، بەڵکو حوکمدراین بەهۆی ڕەتکردنەوەی هەر ڕووناکییەکی ڕۆحی کە هەمانە. بەپێی ڕۆما بەشی ٢ لە ئینجیل، پیاوی دوورگەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان شەریعەتی خودا لەسەر دڵی نووسراوە (ڕۆما ٢: ١١-١٦). ویژدانی هەیە. دەستی بە دروستکراوەکان گەیشتووە، کە ڕۆژانە ئەوە پیشان دەدات کە دروستکەرێک هەیە شایستەی ئەوەیە بپەرسترێت (ڕۆما ١: ١٨-٢٣). خۆی شایەتحاڵی ئەم ڕاستییەیە، وە لەسەر وێنەی خودا دروستکراوە. تەنانەت باوباپیرە بێباوەڕەکانیشی پارچەیەک لەو ڕاستییەیان بۆ بەجێهێشتووە کە لە کولتووری شکاویان ماوەتەوە (کردار ٢٣:١٧). بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هەریەکێک لەم شایەتحاڵانە، جا چ ڕووناکییەکی بچووک بێت یان گەورە، لەلایەن دڵی هەر مرۆڤێکەوە سەرکووت دەکرێت.
“لە ئاسمانەوە تووڕەیی خودا لە دژی هەموو خوانەناسی و خراپەکارییەکی خەڵک دەردەکەوێت، ئەوانەی بە خراپەکانیان ڕاستی دادەپۆشن، چونکە ئەوەی کە دەبێت لەبارەی خوداوە بزانرێت، لەلای ئەوان ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی خودا بۆی دەرخستوون. لەبەر ئەوەی سیفەتە نەبینراوەکانی خودا، توانا هەتاهەتایی و خودایەتییەکەی، لە بەدیهێنانی جیهانەوە بەهۆی دروستکراوان درکیان پێ کراوە و بە ڕوونی بینراون، بۆیە بێ بیانوون. لەگەڵ ئەوەی کە خودایان ناسی، بەڵام وەک خودا ستایشیان نەکرد و سوپاسیان نەکرد، بەڵکو لە بیرکردنەوەیان پووچەڵ بوون و دڵە گێلەکانیان تاریک بوو.” (ڕۆما ١: ١٨-٢١)
هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە بە شێوەیەکی گشتی شایەنی حوکمدانین، جا چ لە دوورگەیەکدا بە تەنیا گەورە بین یان ئەگەر لەگەڵ بەهێزترین خێزانی باوەڕداردابین. لە هەر حاڵەتێکیاندا کەسەکە شایەنی دۆزەخە. دۆزەخ ئەنجامی دادپەروەرانەی هەموو گوناهبارێکە، جگە لەوەی خودا بە شێوەیەکی پەرجووانە کار لەسەر کەسەکان دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی گوناهبار گوێی لە مزگێنییەکە بێت و ڕووناکییەکەی خۆش بوێت، نەک سەرکووتی بکات.
چی دادپەروەری و مافێکە کە دوای ٢٠٠٠ ساڵ باوباپیرانی هەندێک کەس مافی پێدانی مزگێنییەکەیان پێدراوە، لەکاتێکدا ئەوانی تر ئەمەیان پێنەدراوە؟ ئەمەش دادپەروەرانە دیار نییە. لێرەدا، پێویستە ئەو نهێنییە بزانین کە چۆن خودا بەدرێژایی کات و مێژوو مەڕە هەڵبژێردراوەکانی بڵاوکردۆتەوە. زۆر شت لەم نهێنی هەڵبژاردنەدا هەیە کە هێشتا بەتەواوی تێگەیشتنمان پێنەدراوە، بۆیە دەبێت متمانەمان بە چاکی تایبەتمەندی خودا هەبێت(ڕۆما ١١: ٣٢-٣٦).
هەروەها پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە ئەوەی دەزانین لە مێژووی کڵێسا تەنها بەشێکی بچووکی ئەو وێنە گەورەیە کە هەیە. بەگشتی لە مێژوودا ئەوەیە، زۆربەی زۆری تۆمارەکان لە سەرانسەری مێژووی کڵێسادا لەناوچوون، ون بوون، یان تەنانەت هەرگیز نەنووسراون و بوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دۆزراوەتەوە زۆر گشتگیرترە لە ڕووی دەرفەتەوە لەوەی کە باوەڕدارانی بە مەسیح ئاگادارن. کڵێسای دێرین مزگێنی تەنیا لە ئیمپراتۆرییەتی ڕۆما ڕانەگەیاند بەڵکو زۆر دوورتر لەوێش چوو. مەسیحییەتی سەردەمی دێرین و ناوەڕاست لە ئیرلەنداوە چوون بەرەو چین، وە ئەسیوپیا، هندستان، نیمچە دوورگەی عەرەبی، وە سەرەوە بەرەو سەندۆناڤیا. تەنانەت ڕاپۆرتی کۆنی ڕەبەنی مژدەبەری ئیرلەندی ١٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا هەیە کە بە بەلەمێکی بچووکی یەک کەسی بەرەو باکووری ئەمریکا دەچێت.
زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێی بکەین، نەتەوە و خەڵکی جیاواز مێژووی مەسیحییەتیان هەیە، یان لانیکەم قۆناغێک لە مێژوودا باوباپیرانیان مزگێنیان پێ گەیشتووە. لەبیرت بێت، چۆن زۆر خەڵک لە زۆر وڵاتی جیاواز، بە خاکی ماددەکانیشەوە، لە ئۆرشەلیم و لەکاتی ڕۆژی پەنجایەمین (پەنتاکۆست) لە ڕێگەی پەترۆسەوە گوێیان لە مزگێنی مەسیح بوو. لەڕاستیدا، بۆ زۆرێک لە خەڵکە مزگێنی پێنەگەیشتووەکان لە ئاسیا و باکووری ئەفریقا و بە کوردیشەوە، ئەم کڵێسا چێندراوانەی ئەمڕۆ نوێنەری شایەتحاڵی نوێبووەوەن، نەک یەکەم شەیەتحاڵ لەمێژوودا.
یەکێک لە مژدەبەر مەسیحییەکان لە ئۆزپاکستان سەردانی گۆڕی تەیمورلەنگی کرد، کە گەورەترین تێکدەری مەسیحییەت بوو لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مژدەبەرەکە لەسەر گۆڕی ئەو پیاوە بەهێزە گوتی: “تۆ مردیت و ئێمە گەڕاینەوە.” ئێستاش گۆڕستانی باوەڕدارە مەسیحییەکانی سەدەی ناوەڕاست لە شوێنە دوورەکانی وەک کازاخستان دەدۆزرێتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کڵێساکە بە درێژایی مێژوو ئەرکە مەزنەکە بە جددی وەرگرتووە. لە ژیانی هەتاهەتایدا چەند مێژوویەکی سەرنجڕاکێشی ئەرکی مژدەبردن فێر دەبین کە هەرگیز لێرە لەسەر زەوی پێمان نەگووتراوە. مێژووناسان دەڵێن و ڕاستە کە تەنانەت لەنێو کورددا زۆر باوەڕداری مەسیحی هەبوون لە پێشوودا، هەرچەندە لە سەدەکانی ئەم دواییەدا تاریکی ئاینە دوونیاییەکان زاڵ بوون.
لەمەشدا، هەندێک دڵنەوایی هەیە بۆ باوەڕدارانی کورد کە هەست بەوە دەکەن تاکو نەوەی ئەوان، خودا خەڵکەکەی بەجێهێشتووە بەبێ شایەتحاڵ.
مەسیح و پیاوێک لە دوورگەیەک پرسیارگەلێکن کە لەوەدەچێت هەموو باوەڕداران لە هەر پاشخانێکەوە لەگەڵیدا ململانێ بکەن. لۆژیکی سنوورداری مرۆڤ بەربەرەکانێ دەکات بۆ تێگەیشتن لە دانایی خودای سەروەر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر وەڵامی باش لە ئاوێنەدا و لە کتێبی پیرۆزدا و تەنانەت لە مێژووی کڵێساشدا هەیە کە یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی باوەڕداری بەربەرەکانێکەر فێری ڕاستییەکی پتەو بکەین. ئەمە ڕاستییەکە کە بەهێزمان دەکات، بەڵام لەوەش زیاتر، ڕاستییەکە کە وەهامان لێدەکات سەیری ئاسمان بکەین. بۆ ئەوەی بەم شێوەیە بپرسین چی پێویستە بۆ گەیشتن بەو دوورگە و گەلە دابڕاوانەی زەوی کە هێشتا ماونەتەوە و مزگێنیان پێ نەگەیشتووە.
خوشکو برایان، با شوێنی نموونەی باوەڕدارانی دڵسۆزی پێشتر بکەووین. وەک ئیرلەندییە کۆنەکان، با بەلەمە بچووکەکانمان ئامادەبکەین. وە پاشان بڕۆین و بە پیاوی دوورگەکە بگەین.


